پێكگرتنی ده‌ركه‌وت‌و فاكته سیاسیه‌كانی په‌یوه‌ست به كه‌شی سیاسی رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌گه‌ر وه‌ك یه‌كچوونێكی ره‌هاش نه‌خاته روو، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت كه لانی كه‌م سێ بابه‌تی وێكچووی بنه‌ره‌تی‌و هاوچه‌شنی سیاسی هاواڵ شێوه له ناو ئه‌م دوو بزاڤه نه‌ته‌وایه‌تییه‌دا بوونیان هه‌یه.
شل‌و شه‌وێقی رێكخستنێكی نه‌ته‌وه‌یی، پرش‌و بڵاوی هێزه‌كانی نه‌یاری داگیركه‌ری كوردستان‌و سه‌رئه‌نجام نه‌بوونی پلانێكی ده‌رهه‌ست‌و پرۆژه‌یه‌كی توند‌و تۆڵ بۆ رێكخستنی ئۆرگانیزاسیۆنی هزری‌و واقیعی نه‌ته‌وه‌یی تا ده‌سه‌ڵات‌و سه‌روه‌ری كوردی له سه‌ر بنیات بنرێ، سێ پارامیتری نه‌رێنی هاو چه‌شنی بزاوتی نه‌ته‌وایه‌تی كورد له رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانن.
ئه‌وه‌ی ئامانجی ئه‌م بابه‌ته‌یه شیكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی رۆژئاوای كوردستان‌و خۆوشیار كردنه‌وه‌ی هێزه سیاسیه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به تایبه‌تی دوو لایه‌نی دێمۆكراته كه له سه‌ر بنه‌مای ئه‌زموونی رۆژئاوای كوردستان پێویسته خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاوازتر له رابردوو بۆ رووداو‌و پێشهاته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بكه‌ن‌و وه‌رچه‌رخانێكی مه‌زن له سیاستكردنی نه‌ریتییان ئه‌نجام بده‌ن.
به‌ڵگه نه‌ویسته حیزبی دێمۆكرات تا به هه‌نووكه‌ش خاوه‌ن به‌ربه‌رینترین پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی له ئاستی ده‌ره‌كی‌و ناوخۆیی دایه‌و له بواری رێكخستنی راپه‌رین، شۆرش‌و بونیاتنانی خه‌وه‌ن‌و خولیاكانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، متمانه‌دارترین هێزی كوردی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه به‌و مانایه نییه نكۆڵی له لایه‌نی تری بكری چوونكه پۆتانسیل‌و هێزی پونگ خواردووی بزاوتی رزگاریخوازی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به تایبه‌تی پاش كاڵبوونه‌وه‌ی به‌رگری چه‌كداری و جێگۆركێ پێنه‌كردنی ئه‌م شێوازه بۆ قه‌واره‌یه‌كی تری خه‌بات واته خه‌باتی سڤیل‌و جه‌ماوه‌ری ئاكتیڤ، ده‌ریخست كه لایه‌نی تر له قوازتنه‌وه‌ی هه‌ڵ دا نا كارامه نیین. ئه‌م ده‌ربرینه به‌و مه‌به‌سته نییه لایه‌نی تر مافی خوێندان، خۆبه‌خشی‌و خه‌باتیان لێ زه‌وت كرابێ‌و شۆرشگێری به ته‌نها له پاوانی دێمۆكرات‌دا بێ، به‌ڵام به سرنج‌دان به‌و خاڵه هه‌ستیاره‌ی له سه‌ره‌وه وه‌ك پێگه‌دار بوونی دێمۆكرات ئاماژه‌ی پێدرا‌و كاتێك به‌رهه‌می خه‌باتی مێژوویی‌و دروشاوه‌ی حیزبی دێمۆكرات به هۆی ململانێ ناوخۆیه‌كانی هه‌ناوی حیزب ره‌ساڵه‌ته‌كه بۆ لایه‌نی تر ده‌گوازێته‌وه‌و جه‌ماوه‌ر چاوه‌رێی ئاكامی ئه‌م كێشه بنه‌ماڵه‌ییانه‌ی ناو دێمۆكرات ناهێلێته‌وه‌و به ناچاری روویان پێ له لایه‌نی تر ده‌كا، ده‌مانگه‌ینه‌یته ئه‌و ئه‌نجامه، كه غه‌درێكی مێژووییه دێمۆكرات له دیاری كردنی چاره‌نووسه ره‌نگاڵه‌كانی هه‌ناوی كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی كوردستان تاك‌و ته‌را بمێنێته‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه باشتر ئامانجی خۆی پێكابێ پێویسته سه‌رنجێكی بنه‌ماییتر بده‌ینه ناخی رووداوه‌كانی رۆژئاوای كوردستان . ئۆپۆزیسیۆنی كوردی نه‌یاری ده‌سه‌ڵاتی سووریه به هه‌ر هۆیه‌ك بێ ،له هه‌ناوی رووداوه‌كانی رۆژئاوای كوردستان خاوه‌و هه‌نووكه دوو هێزی باشوور‌و باكووری كوردستان له گۆره‌پانه‌كه‌دا خه‌ریكن چاره‌نووسی كورد دیاری ده‌كه‌ن كه به‌داخه‌وه هه‌ر له ئێستاوه سه‌رقاڵی ملانه‌یه‌كی ناتندروستن.
ئایا هێزه‌كانی باشوور‌و باكووری كوردستان ئه‌ركی خه‌باتیان له كوردستانه داگیركراوه‌كه‌ی به‌شی خۆیان به ئه‌نجام گه‌یاندووه كه به شوێن جێ پێ خۆشكردن له به‌شێكی تری كوردستانن؟
گرینگ‌ترین پرسیاریش له رێبه‌رانی دوو لایه‌نی دێمۆكراته كه ئایا ئه‌وان تا كه‌ی ئاماده‌ن به كێشه ناوخۆیه‌كانیان خۆیان سه‌رقاڵ بكه‌ن‌و له ئه‌گه‌ری هاتنه ئارای بارێكی وه‌ك رۆژئاوای كوردستان به ره‌وای ده‌زانن هێز‌و لایه‌نی تری كوردستانی چاره‌نووسی جه‌ماوه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دیاری بكه‌ن‌و ناو‌و خه‌بات‌و مێژووی دێمۆكرات به نه‌زۆكی بمێنێته‌وه؟
تێ بینی:
هاریكاریكردنی هه‌ر لایه‌نێكی كوردستانی بۆ داكۆكی له بزاوتی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی له به‌شێكی تری كوردستان بابه‌تێكی ئه‌رێنییه به مه‌رجێك ئامانجی پاریزگاری له به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وایه‌تی بێت‌و مه‌به‌ستی حیزبی‌و گرووپی له پشت نه‌بێت‌و ئه‌وه‌ی له رۆژئاوای كوردستان وه‌به‌رچاو ده‌كه‌وێ به خوێندنه‌وه‌ی خۆم جیاوازی تێدا ده‌بینم.
{jcomments off}