"an independent online kurdish website

قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن و کورد دەبێ دەرفەتەکان چۆن بقۆزێتەوە؟naji_feqepur

ئەو وەزعە نالەبارە کە لە دونیای پێشکەوتووی ئەمڕۆدا هاتۆتە پێش، حکومەتە زڵهێزەکانی جیهانی نیگەران کردوە، بەتایبەت روسیا و چین. ئەو پرسەش زۆرتر لەبەر ئەوەیە کە هاوپەیمانەکانی ئەوە دوو وڵاتە لە بەرانبەر ئیرادەی بەهێزی گەلدا توشی مەترسی روخان بوون و درەنگ یان زوو دەرۆخێن و بەشێکیشیان رووخاون. ئەو حکومەتانە لە بەر قازانج و بەرژەوەندییە ئابووریەکانی خۆیان، نەتەنیا هیچ بایخێک نادەن بە مافی مرۆڤ و تا دوایین کات و ساتەکان دفاع لە رێژیمە سەرکورتکەرەکان دەکەن، بەڵکو لە قەڵاچۆ کردنی خەڵکی وڵاتەکانی خۆیاندا یارمەتیان دەدەن و زۆر نابەرپرسیارانە لە کۆڕو کۆمەڵە ناونەتەوەییەکانیشدا پشتگیریان دەکەن.

ئێستا پێشبینی دەکرێ رۆژ هەڵاتی نێوەراست ئال و گۆرێکی بنەڕەتی بەسەردا بێ و ئەو رێژیمانەی دەیان سال حوکمی دیکتاتۆرانەیان کردوە تێک برۆخێن و دیکتاتۆرەکانیش لە بەر دادگای عەدالەت حوکم بدرێن.

پێشترئاماژەم پێکرد، ئەو هەلومەرجە نیگەرانییەکی زۆری بۆ چین و روسیا دروست کردوە. لە لایەکی دیکەشەوە بەرەی رۆژ ئاواش نیگەرانی هاتنە سەرکاری رێژیمێکی ئیسلامی توندرە و بەهێز بوونی گروپە ترۆریستەکان و تێک چونی ئاسیشی ناوچە.

ئێستا کە نێزیکەی سال و نیوێکە خەلکی سوریە دژی رێژیمی بشار ئەسەد راپەریوە داوای روخاندنی ئەم ڕێژێمە دەکەن و رۆژانە سەدان کەس لە خەلکی بێ دفاع لەو ولاتە دا دەکوژدرێ و کۆمەڵگای نێونەتەوەییش خۆی لێ بێدەنگ کردوە.

ئەو چارەنووسە نادیارە وڵاتانی ناوچەکەشی زۆر نیگەران کردوە و لە پەلەقاژەدان، بەتایبەت تورکیە و ئێران و عێراق، ئەوان لەوە نیگەرانن لە رۆژئاوای کوردستان هەرێمێکی دیکەی کوردی دروست بێت و کورد بە مافی ڕەوای خۆی شادبێت.

ئێستا ئەو سێ ولاتە و هێندێک وڵاتانی تریش وەک عەرەبستانی سعودی لە پلانگێران دان چۆن رێگری لە کورد بکەن. ئێڕاق بە هاوفکری ئێران، بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕێگری لە بە قەولی خۆی هەر چەشنە ئالۆزییەک دەیهەوێ بە درێژایی ٢٥ کیلۆمیتر لە سنووری هەرێمی کوردستان کە لەژێر چاوەدێری هێزی پێشمەرگەی کوردستاندانە هێزی ئێڕاقی لێ دامەزرێنێ. بەڵام هەروەک لای هەموو کەس ئاشکرایە، لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردۆوە تەنیا ناوچەیەکی ئارام لە ئێڕاقدا هەرێمی کوردستانە و تەنانەت ئێستاشی دەگەڵ بێ هەزاران بنەماڵەی شارەکانی دیکەی ئێراق لە پێناو دەستەبەر کردنی ژیانێکی دوور لە مەترسی تیرۆر و ڕەشەکوژی پەنایان هێناوە بۆ کوردستان و لە کوردستان دەژین. ئەوانە هەمووی ئەو ڕاستییەمان پێ دەسەلمێنن کە مەبەستی سەرەکی لەو کارە ترسی ئەو ولاتانەیە لە دروست بوونی هەرێمێکی هێمن و شارستانیانەیە لە کوردستانی ڕۆژئا.  

لە لایەکی تریش ترکیە هەول دەدا بەبەهانەی پەکەکە بچێ بۆ نێو خاکی کوردستانی رۆژئاوا. بەڵام بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک شەرعییەت بدا بەوکارەی خۆی دەیهەوێ چرا سەوزێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان وەربگرێ.

بەگشتی ئێستا هەل و مەرجێکی لە بار پێک هاتووە بۆ کورد هەر لە بەر ئەوەیە دوژمنانی کورد بۆ یەکەمجارە ئاوا لە پەلەقاژەدان. لەو بوارە دا بۆ ئەوەی کورد بتوانێ مافی خۆی بە دەست بێنێ پێوستە زۆر بە هێمنی و وشیارانە مامڵە لە گەڵ ئەم بارودۆخەدابکا، چونکە دوژمنانی کورد لە هەموو لایەکەوە لە هەول دان بۆ کەمڕەنگ کردنی رۆلی کورد و نەگەیشتن بە مافی چارە نوسی خۆی.

کورد دەبێ لەو بارە دا زۆر وریا بێ، چونکە کورد لە رۆژئای کوردستان تا ئێستا هیچ کەس ئیعتراف پێ نەکردوە و تەنانەت ئوپۆزیسیونی سوریەش دانی بە بوونی کورد لەو وڵاتەدا نەهێناوە و پێم وایە کوردەکان دەبێ ئەم خالانەی خوارەوە بەر چاو بگرن.

1-      کورد بەگشتی دەبێ رێزەکانی خۆی رێک بخات و یەک دەنگ و یەک هەلوێست بێت.

2-      کورد لە رۆژئای کوردستان دەبێ سنوری خەباتی خۆی بگوێزێتوە ئاستی جیهانی و وەک نەتەوەیەکی بێبەش لە هەموو ماف و ئازادییەکی نەتەوەی هاواری خۆی بگەیەنێتە کۆمەڵکای نێونەتەوەیی.

3-      پێویستە هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا بە زووترین کات پڵاتفۆرمێکی هاوبەش لەمەڕ داخوازەکانی خۆیان ڕابگەیەنن.

4-      حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا نابێ بەرژەوەندی نەتەوەی فیدای بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی بکەن.

5- کورد دەبێ بۆ ئیدارە کردنی کوردستانی ئازاد کراو سەرکردایەتێکی هاوبەش پێک بێنێ.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی