"an independent online kurdish website

ئه‌م وته‌یه‌ی سه‌رۆک عه‌بدولکه‌ریم قاسم، چه‌ند جوانه‌، کاتێک که‌ خاوه‌نی نانه‌واخانه‌یه‌کی بینی، وێنه‌که‌ی گه‌وره‌تر کردبۆوه‌ و له‌ نانه‌واخانه‌که‌یدا هه‌ڵیواسی بوو، به‌ڵام قه‌واره‌ی نانه‌کانی بچووکتر کردبۆوه‌ و به‌ خه‌ڵکی ده‌فرۆشتن.reza_shuwan_0

ئه‌م وته‌ بۆهاتووه‌ی سه‌رۆک عه‌بدولکه‌ریم قاسم که‌ به‌ خاوه‌نی نانه‌واخانه‌که‌ی وت وته‌یه‌کی جوانه‌ و له‌ جێی خۆیدایه‌.. که‌ وێنه‌که‌ی له‌ جاران گه‌وره‌تر کردبۆوه‌، که‌چی ئه‌ونانانه‌ی که‌ به‌ خه‌ڵکی ده‌فرۆشتن له‌ جاران بچووکتری کردبوونه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر بزانین و به‌راوردێک له‌ نێوان ئه‌م وته‌یه‌ و، ئه‌و خزمه‌ته‌تگوزارییانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ پێشکه‌شی به‌ خه‌ڵکی ده‌که‌ن زۆر که‌متر و بچووکترن.. له‌ چاو وێنه‌ گه‌وره‌ و زۆر و زه‌به‌نده‌ هه‌ڵواسراوه‌کانی خۆکاندیدکراوه‌کانی هه‌ڵبژارده‌کان.. که‌ له‌ رێگا و بانه‌کان و له‌سه‌ر پرده‌کان و دیواره‌کانی باڵه‌خانه‌کان و، له‌ هه‌موو شه‌قامه‌کان و گه‌ڕه‌ک و کوچه‌ و کۆڵانه‌کاندا، شوێنێک نه‌ ماوه‌ته‌وه‌ که‌ وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی کاندیدکراوه‌کانیان لێ هه‌ڵنه‌واسرابێ.

چه‌ند جوانه‌ ده‌بێ ئه‌گه‌ر به‌ قه‌ی وێنه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانیان خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش بکه‌ن.. چه‌ند نایابه‌ ئه‌و شوێنانه‌ به‌سه‌ربکه‌نه‌وه‌ که‌ وێنه‌کانیان لێیان هه‌ڵواسیون.

ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خ به‌ خۆیان ده‌ده‌ن و خۆیان ده‌ڕازێننه‌وه‌ و تاسولووس ده‌ده‌ن تا له‌ وێنه‌کانیاندا قیت و جوان ده‌ربچن، خۆزگه‌ ئه‌وه‌نده‌ش بایه‌خیان به‌ پێویستییه‌کان و داواکانی خه‌ڵکی ده‌دا.. چه‌ند عێراق و عێراقییه‌کان شاد و به‌خته‌وه‌ر ده‌بوون، ئه‌گه‌ر به‌رپرسه‌کان وه‌کو خۆیان ده‌یانه‌وێ جلوبه‌رگه‌کانیان شایسته‌ی پۆسته‌کانیان بێت و، مارکه‌یه‌کی نایابی دروستکراوی وڵاتێکی ناسراو ده‌کڕن و له‌به‌رده‌که‌ن .. خۆزگه‌ ئه‌وه‌نده‌ش به‌ ته‌نگی عێراقییه‌کانه‌وه‌ ده‌هاتن و له‌ وڵاتانی ناسراوه‌وه‌ ، خۆراک و که‌لوپه‌لی باش و شایسته‌یان بۆ ده‌هاوردن.. ‏رێیان به‌ هاوردنی شتی خراپ و به‌سه‌رچوو، بۆ عێراق نه‌دایه‌.

ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ هه‌موو شته‌کان به‌راوردبکه‌ین.. زۆرن و نایه‌نه‌ هه‌ژماردن تا بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێک.. به‌ڵام له‌ ته‌نها ئه‌نجامێکدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بن، که‌ ئه‌ویش که‌موکوڕی و که‌مته‌رخه‌مییه‌.

باروودۆخه‌که‌ له‌به‌ر چاومانه‌ و ده‌بینین.. که‌ چۆن حیزبه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کان بایه‌خ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌ده‌ن و، به‌ رووخۆشی و زمانلووسی و مامه‌حه‌مه‌یی خۆیان له‌ ده‌نگده‌ران نزیک ده‌که‌نه‌وه‌ و،  ده‌یانه‌وی خۆیان شیرین بکه‌ن و بچنه‌ دڵ و هۆشی ده‌نگده‌رانه‌وه‌.. له‌ کاتی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا چ دروشمێکی جوان و بریقه‌دار و چ پرۆگرامێکی سه‌رتاسه‌ری پڕ له‌ خزمه‌تگوزاری و کار بۆ خه‌ڵکی ده‌ڕازێننه‌وه‌.. چه‌ند به‌ڵێن ده‌ده‌ن و، سوێند به‌ شه‌ره‌ف و نیشتمان ده‌خۆن.. یا ئه‌م سمێڵه‌م ده‌تاشم ئه‌گه‌ر داواکانتان بۆ جێبه‌جێ نه‌که‌م.. هه‌ر به‌ڵێنه‌ و پاڵ به‌ به‌ڵێنه‌وه‌ ده‌نێ .. خوا هه‌ڵناگرێ له‌و کاته‌دا نه‌فسی خۆیان ده‌مرێنن و له‌ نێوان گه‌دا و هه‌بوودا جیاوازی ناکه‌ن و، ئه‌گه‌ر پێویست بکات هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگه‌کانی ده‌نگده‌رکان به‌ده‌ست بهێنن.. شه‌رم ناکه‌ن و به‌ نه‌نگی و سووکایه‌تیشی نازانن و ئاساییه‌ به‌لایانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر گوێ به‌ ره‌وشت و به‌هاکان نه‌ده‌ن.. یا وه‌کو ده‌ڵێن : ” ئامانج پاکانه‌ بۆ هۆ ده‌کات “

( وه‌رگێڕ : له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی فاشستیدا له‌ عێراق ، مامۆستایه‌یه‌کی قوتابخانه‌یه‌کی ئاماده‌یی کوردمان ناوی ناهێنم ، من بزانم حه‌به‌ سه‌وزه‌که‌شی قووت دابوو ــ ببوو به‌ به‌عسی ــ  له‌و بڕوایه‌دام که‌ زۆربه‌ی کورد له‌ که‌رکوکدا ده‌زانێت که‌ ئه‌و مامۆستایه‌ کێیه‌ و ناوی چییه‌، له‌ که‌رکوکدا خۆێ بۆ په‌ڕله‌مانی عێراق کاندید کرد.. شوێن نه‌ما له‌ که‌رکوکدا نه‌ گه‌ڕێ و بانگه‌شه‌ بۆ خۆی نه‌کا و مێژوویه‌کی پڕ له‌ خه‌بات و قوربانیدان و شانازی بۆ خۆی نه‌هۆنێته‌وه‌.. به‌ سه‌دان به‌ڵێنی جێبه‌جێ کردنی دا.. گوایه‌ شاری که‌رکوکی کاولبوومانی ده‌کرد به‌ فیردۆسی به‌هه‌شت.. بۆ پێکه‌نین بۆتانی ده‌گێڕمه‌وه‌، ئه‌م خۆکاندیدکراوه‌ کورده‌مان که‌ چووه‌ گه‌ڕه‌کی شۆریجه‌ که‌ له‌ سه‌دا سه‌د گه‌ڕه‌کێکی کوردنیشێنه‌ و له‌ چینی بێ نازی چه‌وساوه‌ی ره‌نجده‌رانن ، ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عس، ئه‌م گه‌ڕه‌که‌ تێکۆشه‌ره‌ کورد و کوردستان په‌روه‌ره‌مانیان به‌ ” سه‌ری ماره‌که‌ ” ناو ده‌برد.. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی  که‌ تا سه‌ر ئێسقان کوردپه‌روه‌رن، په‌راوێز کرابوون، به‌ ئه‌نقه‌ستیش له‌ ساده‌ترین پێویستی و خزمه‌تگوزارییه‌کان بێ به‌شیان کردبوون.

مامۆستای کاندیدکراوی کوردمان داوای له‌ خه‌ڵکی شۆڕیجه‌ کرد .. که‌ ده‌نگی بۆ بده‌ن.. خه‌ڵکی شۆڕيجه‌ قاره‌مانیش پێیان وت : ” مامۆستا ئه‌گه‌ر ده‌نگمان بۆ دای و ده‌رچووی چیمان بۆ ده‌که‌ی..؟ مامۆستا : ” شه‌رم مه‌که‌ن من ده‌بم به‌ ده‌نگی کورد له‌ که‌رکوکدا‌.. داوای چی ده‌که‌ن تا من بۆتانی بکه‌م..؟ “

ئافره‌تێکی کوردمان وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت : ” جا مامۆستا چیمان بۆ کراوه‌..؟ له‌ ساده‌ترین مافی ژیان بێ به‌شین.. تا ته‌نه‌که‌یه‌ک ئاوی خواردنه‌وه‌مان ده‌ست ده‌که‌وێ، ده‌بێت شه‌ش کۆڵان بگه‌ڕێین و سه‌ر به‌ په‌نجا ماڵدا بکه‌ین.. ئاومان ده‌وێ ئاو.. ئاوی خواردنه‌وه‌ “

مامۆستا به‌ زه‌ردخه‌نه‌یه‌که‌وه‌ : ” هه‌ر ئێوه‌ و ئاو.. له‌ جێبه‌جێ کرنی ئه‌م داوایه‌ ئاسانتر نییه‌.. ئێوه‌ ده‌نگم بۆ بده‌ن.. ئه‌گه‌ر ده‌ربچم ده‌بێت کارێکی ئه‌وتۆتان بۆ بکه‌م و.. هێنده‌ ئاوتان بۆ بهێنم، که‌ به‌له‌م به‌ ناو شۆریجه‌دا بڕوات.. “

مامۆستا به‌ ده‌نگی کورد ده‌رچوو.. بوو به‌ ته‌نها  و به‌ یه‌که‌مین و به‌ دوایه‌مین په‌ڕله‌مانتاری کورد له‌ سه‌رده‌می به‌عس له‌ که‌رکوکدا.. سۆپه‌ری وه‌رگرت و کرا به‌ سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی له‌ په‌روه‌رده‌ی که‌رکوکدا.. به‌ڵام نه‌ قومێ ئاوی بۆ گه‌ڕه‌کی شۆریجه‌ هێنا و، نه‌ جارێکی تر سه‌ردانی شۆڕێجه‌ی کرد.. سه‌ریشی به‌ هیچ قوتابخانه‌یه‌کی کوردی له‌ که‌رکوکدا نه‌کرد.. له‌ خۆیی بایی بوو.. پشتی له‌و که‌سانه‌ش ده‌کرد که‌ ده‌نگیان بۆ دابوو.. له‌ ئه‌مانه‌ش ناشیرنتر له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی په‌ڕله‌ماندا که‌ سه‌دام ئاماده‌ی بوو.. مامۆستای به‌ ناوه‌ کورد و، نوێنه‌ری که‌رکوک پڕ به‌ده‌م و پڕ به‌ هۆڵه‌که‌، سێ جار به‌ کوردی هاواری کرد.. بژی سه‌دام حوسێن)  

بۆ ئه‌وه‌ی درێژترین ماوه‌ له‌ سه‌ر کورسییه‌کانادا بمێننه‌وه‌.. ئه‌گه‌رچی ماوه‌ی مانه‌وه‌یان چه‌ند درێژیش بێت.. رۆژێک دێت که‌ کورسییه‌کانیان نامێنێت.

ئه‌و کورسییه‌ی خزمه‌تگوزاری به‌ خه‌ڵکی نه‌به‌خشێ و به‌ ئازار و نه‌هامه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی پێ بکه‌نێ و، له‌ ئاستی خه‌مه‌کانیاندا بزه‌خه‌نه‌ بکا و.. له‌سه‌ر جه‌سته‌ی هه‌ژاران وه‌ستابێ.. خاوه‌ن کورسییه‌که‌ش به‌ له‌ چاو کردنی چاوێلکه‌یه‌کی ره‌ش و به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکی بڕوانێ.. کاتێکیش ئه‌و ره‌شوڕووتانه‌ی که‌ ده‌نگیان داوه‌تێ ، له‌ ده‌ست بێ خزمه‌تگوزاری و رۆتین و گه‌نده‌ڵی له‌ تاو بێ ئاوی بێ کاره‌بایی و  بێ کاری و هه‌ژاری هاواریانه‌.. خاوه‌ن کورسی به‌بێ شه‌رم پێیان و ده‌ڵێ : ” خۆ من دارێکی ئه‌فسووناویم پێ نییه‌.. تا ره‌فتار و بارودۆخی حیزبه‌کان و رۆتین بگۆڕم.. که‌م خزمه‌تگوزاری و کۆسپه‌کان به‌ ئێمه‌ نا گۆڕێن..”

به‌ڵام ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌سته‌که‌، خۆی شتێکی بوێت.. ده‌بینین له‌ هیچ په‌کی ناکه‌وێ و خزمه‌تگوزاری بۆ خۆی و ده‌ور و به‌ره‌که‌ی زۆرن.. رۆتینه‌کانیش خێراتر له‌ بروسکه‌ ده‌گۆڕێن.

به‌ خودای من به‌ چاوی خۆم بینیومه‌ و ده‌بینم.. کاتێک که‌ ته‌نکه‌ری نه‌وتفرۆشتن و لۆری گازفرۆشتن دێن.. له به‌رده‌م شه‌قام و نزیکی ماڵی به‌رپرسه‌کاندا،رایان ده‌گرن.. خۆ خزمه‌تگوزاری شاره‌وانییه‌کانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ شه‌قامی ماڵه‌ هه‌ژاره‌کان پشتگوێ ده‌خه‌ن و، بایه‌خ به‌ شه‌قام و کۆڵانی به‌رپرسه‌کان ده‌ده‌ن.‌

ئێمه‌ داوا له‌م به‌رپرسانه ده‌که‌ین، که‌ ده‌ست له‌ ‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کانی خۆیان هه‌ڵبگرن و هه‌ڵویستیان هه‌بێ و هه‌ست به‌ به‌رپرسێتی ئه‌ستۆیان بکه‌ن.. یان له‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان که‌متر و بچووکتر بکه‌نه‌وه‌ و.. خزمه‌ت و خزمه‌تگوزارییه‌کانیشیان بۆ خه‌ڵکی زۆرتر و گه‌وره‌تر بکه‌ن‌.

هه‌روه‌ها ژماره‌ی پاسه‌وانه‌ تایبه‌تییه‌کانیان و که‌ژاوه‌ی ئۆتۆمبیله‌کانیان ومووچه‌ی مانگانه‌کانیشیان که‌متر بکه‌نه‌وه‌.. زیاتریش بێ هه‌وا و ساده‌ و خاکی بن.. ‏‏هه‌موو توێژ و چینه‌کانی خه‌ڵکی بسه‌ربکه‌نه‌وه‌ و.. له‌ نزیکیشه‌وه‌ گوێ له‌ پێویستی و له‌ داواکاری بگرن و.. ده‌نگ و داواکانیان بگه‌ینن به‌ په‌ڕله‌مان و به‌ به‌رپرسانی باڵای ده‌سه‌ڵات.. ده‌بێ باش ئه‌وه‌ بزانن که‌ مێژوو شه‌رم له‌که‌س ناکات و چاکه ‌و خراپه‌ی که‌س ناپۆشێ و.. هه‌ر وه‌کو له‌سه‌ر که‌سانی تری نووسیوه‌.. ئاوهاش له‌سه‌ر ئێوه‌ هه‌موو شتێک تۆمارده‌کات.. دوانه‌ی هه‌میشه‌ی مێژوو، یا بڵێین دووتای ته‌رازووی مێژوو، خێر و شه‌ڕه‌، له‌ خۆبایی و بێ هه‌واییه‌، و…هتد.

تا پێتان ده‌کرێ، له‌گه‌ڵ خێرخوازان و چاکه‌خوازندا بن.. له‌گه‌ڵ داماو و هه‌ژاران و بێ نه‌وایاندا بن.. له‌گه‌ڵ دادپه‌روه‌ری و ره‌وا و راستییه‌کاندا.. ئه‌مه‌یه‌ باجی پله‌ و پایه‌تان.. ئه‌مه‌یه‌ پێوه‌ری دلسۆزیتان بۆ گه‌ل و نیشتمانه‌که‌تان.

(*) ‏ئه‌م وتاره‌ له‌ نووسینی نووسه‌ری عه‌ره‌بی عێراقی ( عادل مزهر الجابري)یه‌.. که‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌ ماڵپه‌ڕی” کتابات” دا به‌ زمانی عه‌ره‌بی بڵاوی کردۆته‌وه‌. به‌ ده‌ستکارییه‌وه‌ گۆڕیومه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردیمان.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی