"an independent online kurdish website

خەریکە دەگەینە سەرپێچێکی تازەی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی میللەتەکەمان. من دڵنیام کە ئەو قۆناخەش بە لێوەشاوەییەوە تێپەڕدەکەین و ئەو فەسڵەش لە مێژووی حیزب و میللەتەکەمان پڕ دەبێ لە لاپەڕەی زێڕین.braym_lajani
ئاخر هەمیشە ئەوە ئینسانەکانن بە کار و چالاکی و خەبات و تێکۆشانی پڕ بەرهەمیان، مێژوو دەخوڵقێنن. من لەوە دڵنیام ڕیزەکانی حیزبی خۆمان و ڕیزەکانی حیزب و رێکخراوە کوردستانیەکانی دیکەی سەر گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستانی ئێران، پڕن لە ئینسانی خەباتگێڕ، تێکۆشەر، دڵسۆز، فیداکار و لێوەشاوە و بە ئەزموون کە هەرکامیان بە نۆرەی خۆیان دەریایەکن لە هێزوتوانای ئینسانی. هێزوتوانایەک کە هەرچی لەسەر ئەوزەویە دەیبینین، بەرهەمی ئەوە. کەواتە حەقمە خۆشبین بم.

بەڵام دەبێ لە بیرمان بێت کە تەنیا کاتێک ئەو هێزانە دەبنە ئینێرژی موسبەت و فاکتۆرێک بۆ چوونە پێش و سەرکەوتن کە مەیدانی بەشداری و موشارەکەت و خۆ دەکارکردنیان بۆ بخوڵقێ. کەواتە دەبێ و پێویستە فەزایەک لە نێو بزووتنەوەدا درووستکەین کە خەلاقیەت وئیبتیکارو شوروشەوق بەکار لە نێوماندا پەرەپێبدا. ئەوەش بەوە دەکرێ کە هەموو تێکۆشەرانی نێو ڕیزەکانی حیزب و بزووتنەوە لە داڕشتن و بردنەپێشی سیاسەت و تاکتیکەکانی بزووتنەوەکەماندا هاوبڕیاربن.

هونەری حیزب ئەوەیە ئەو هێزانە کۆکاتەوە و وەگەڕیانبخا و دەکاریان بکا. ئاخر حیزبی ئێمە ڕاست بۆ ئەوە درووستبوە کە هێزوتواناکانی نێو کۆمەڵگای کوردستانی ئێران کۆکاتەوە و بۆ خەبات و بەرخۆدان لە پێناو ئازادیدا، رێکیانبخا. پێشەوا بۆ مەبەستێکی لەو چەشنە حیزبی دێموکراتی دامەزراند.

حیزبی ئێمە هەرگیز نابێت لەو ئەرکەی خۆی غافڵ بێت. لە هیچ هەلومەرجێکدا نابێ ئەو ڕیسالەتەی خۆمان لەبیرکەین.

 

ئەوە ئەرکی هەرەسەرەکی ئێمە. هیچ هەلومەرجێکی سەخت و دژوار نابێ وامان لێ بکا ئەو ئەرکە ئەسڵیە بەکەم بگرین یا بیخەینە ڕیزی دواوەی کارەکانمان. فڕۆکەوان لە هەر هەلومەجێکدا، تەنانەت لە گەردەلول و تۆفان و گێژەڵوکەو هەوروباران و تەم و مژیشدا، دەبێ لە هیدایەتی فڕۆکەکەی غافڵ نە بێت. نابێ لە گیروگرفت و کەندوکۆسپ و تەمومژ و باوبۆران بترسین. دەبێ لە گیروگرفت و کەندوکۆسپەکان بچینە پێش و بیانناسین و چارەسەریان کەین.

ئاخر حیزب ڕاست بۆ ئەوە درووستبووە. دەبێ فێربین گیروگرفتەکان چارەسەرکەین. نەک هەر پێویستە کاری درووست بکەین، پێویستە بەشێوەی درووستیش و لە کات و شوێنی خۆشیاندا کارەکان بکەین. زۆر گرنگە ئەو ڕووحیە یا بەواتایەکی تر ئەو مێنتالیتەیە لە حیزب و خۆماندا درووستکەین کە دەڵێ بەڵێ ئێمە دەتوانین ئەرکەکانمان ڕاپەڕێنین. ‌هێمن گوتەنی دەبێ لە شانو باهۆی خۆمان ڕابینین کە هەڵگرین ئاڵای ئازادی.

وەختێک ئینسان دەکەوێتە تونێڵێکی تاریک بەدوای تروسکای و ڕووناکیدادەگەڕێ. ئەمن پێم وایە ئەوە کە بتوانی شەمعێک داگیرسێنی، هەزار جار باشترە لەوەی کە جوێن بە تاریکی بدەی.

دەبێ گیروگرفتەکان بدۆزینەوە و دەستنیشانیان کەین و بۆ چارەسەرکردنیان تێکۆشین و هەنگاو هەڵگرین. پێویستە ڕوومان لە داهاتووبێت. پێویستە کاڵایەکی سیاسی ئەوتۆ بەرهەم بێنین کە لە بازاڕی سیاسەتی کوردستانی ئێراندا موشتەری هەبن و خەڵک خوازیاریبن. دەبێ بە هەزار چاو و گوێ موڕاقیبی ئەو دەرفەت و شانسانەبین کە هەلومەجی پڕ لە ئاڵوگۆڕی ناوچە و ئێران و کوردستان و تەنانەت دونیاش بۆمان دەخوڵقێنن و کەڵکیان لێوەرگرین.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە داهاتووی خۆمان و خەباتەکەمان و میللەتەکەمان بەستراوەتەوە بەوەی کە ئێستا چدەکەین و چۆن یاری دەکەین؟ ئەگەر پێکەوەبین و یەکگرتووبین و هاوئاهەنگی و هاوڕایمان پێکەوە هەبێت، هیچ هێزێک ناتوانێ بمانشکێنیێ و ڕێگای چوونەپێش بەرەو ئامانجەکانمان لێ بەربەستبکا.

ئەرکی ئێمە ئەوەیە هەموو هێزەکانی نێو بزووتنەوە بخەینە سەریەک . ئاخر دەبێ بزانین کە کادرەکانی حیزب، تێکۆشەرانی نێو سەنگەرە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوە، گەورەترین سەرمایەی خەباتەکەمانن. بۆیە دەبێ ئەوان ببنە ئاکتۆری سەرمەیدانەکە. کۆڕوکۆبوونەوە و سیمنار و کۆنگرەو کۆنفڕانسەکانمان پێویستە ببنە مەیدانی باس و دیالۆگی پڕنێوەرۆک سەبارەت بە سیاسەت و ئامانج و تاکتیک و ستڕاتیژیەکانمان. هەموو تێکۆشەرانی حیزب دەبێ شانس و مەیدان و دەرفەتی ئەوەیان هەبێ لە شكڵپێدانی حیزب و بزووتنەوە و سیاسەت و تاکتیکەکانی حیزبدا، نەخشی خۆیان بگێڕن.

دیالۆگ و باس و مشتومڕی بەکەڵک، فەزایەکی پڕ لە هاوکاری درووستدەکا و ئاستیی موشارەکەت دەباتە سەر. لەو بارەوە هەندێک ئەسڵ هەن کە دەبێ وەبەرچاویان بگرین. گرنگترینی ئەوان ئەوەیە کە تێبگەین هەموو ڕوانگەکان، هەموو جۆرە نەزەر و بۆ چوونەکان بە ئەندازەی یەک بایەخیان هەیە. جارێکی دیکەش دەیڵیمەوە بۆناپارتزم لە حیزبێکی دێموکرات و میللی وەک حیزبی دێموکراتدا جێی نیە و نابێ رێگای هەناسەدان و سەربڵندکردنی پێبدرێت.  هەموو تێکۆشەرانی حیزب دەبێ بە هێند بگیرێن و سرنجیان بدرێتێ و گوێیان بۆ شلبکرێ.  لێرەدایە کە ڕێبەریی ئەرکێکی گەورەی دەکەوێتە سەرشان . ئەرکی خوڵقاندنی فەزای موشارەکەت بۆ بەدەنە و تێکۆشەرانی حیزب و بزووتنەوە.

ئێمە لە سەردەمی فوتباڵدا دەژین. ڕەنگە بەکارهێنانی فوتباڵ وەک تەمسیل، کۆمەك بە ڕوونبوونەوەی مەبەستەکەمان بکا. لە فوتباڵدا زۆرگرنگە کە هەموو تیمەکە بەشداربن و پێکەوە یاری بکەن. ڕاستە هەرکام لە یاریزانەکانی تیپەکە ئەرک و مەوقعیەتی خۆیان هەیە، بەڵام پێکەوە یاری دەکەن و چ ببەنەوە و چ بیدۆڕێنین، هەموویان تێیدا بەشدارن. ناکرێ ئەو کەسە کە شوت لێدەداو و تۆپ دە دەروازەی تیپی ڕەقیب دەکا، میداڵی ئیفتیخار و قارەمانی بداتە خۆی و یاریزانەکانی دیکەش بە دەردی شوانەکەی حەقنادیاری نێو فۆلکلۆرمان بەرێت.

بۆیە زۆر گرنگە هەموومان هەستی ئەوەمان تیدا درووستبێ کە بۆ یەکتر شتین. بۆ یەکتر پشت و پەناین، لە لای یەکتر خاوەن ڕێز و مەوقعیەتین. زۆر درووستە هەموومان لە نێو هاوڕێانی خۆماندا هەست بەوەبکەین کە هەین. هەموو حەقمان هەیە لە پەنا یەکتر گوڵبکەین. هەموو حەقمان هەیە ببینە ئاوێنەی یەکتر و یەکتر بە یەکتر نیشان دەین. زۆر بە جێ یە یەکتر هاندەین و یەکتر تەشویقکەین.

کەسانی بە هێز و بڕوا بەخۆ دەتوانن هێز بدەنە کەسانی دیکە. ئەگەر پێغەمەرێک بڕوای بە خۆی و پەیام و پێغەمبەربوونی خۆی نەبێت، چۆن دەتوانێت خەڵک بۆ قبووڵکردنی پەیامەکەی هاندا؟ کەسێک کە لە هاڕمۆنی دایە لە گەڵخۆی و حیزب و تەشکیلات و هاوڕێکانی دەتوانێ ئینێرژی موسبەتیش بە سەر دەوروبەری دا ببارێنێ. ڕیبەرایەتی هیچ شتێک نیە بێجگە لە پەرەپێدانیی ئینسانەکان و وەگەڕخستنی تواناکانیان. ئەرکی ڕێبەرایەتی ئێمەش هەر ئەوەیە.

کاری ئێمە ئەوەیە خێری گشتیمان بوێ. حیزبی دێموکڕات بۆ دەستنیشانکردن و بردنە پێشی خێری گشتی درووستبووە. ئەرکی هەرە گرینگی ئێمە لەو قۆناخەدا ئەوەیە کە ئەو کارە بکەین. یانی حیزبی دێموکرات دەبێ یەخچاڵێک بێ ، بە پێچەوانەوە کار بکات. یەخچاڵ یا سەلاجە، گەرمی بۆ دەرێ دەنێرێ و ساردی بۆ ژوورێ بەرهەم دینێ. تەشکیلاتی حیزبی ئێمە دەبێ گەرمی بۆ نێو ڕێزەکانی خۆی بەرهەم بێنی و ساردیش بۆ دەرەوە.

لە ئاستی کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان ئێرانیش دا حیزبی دێموکرات دەبی گەرمی بۆ نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی کورستان بەرهەم بێنێ و ساردیش بۆ درەوەی بزووتنەوە درووسکات. کۆنگرەی ١٥ ی حیزب دەبێ رێبەری  حیزب بەجۆرێک ئاڕاستەکات کەڕۆلێ   ماتۆڕێکی پێچەوانەی ماتۆڕێ یەخچاڵ لە تەشکیلاتی حیزب و لە نێوبزووتنەوەدا بگێڕێت. تەنها لەو حاڵەدایە کە حیزبی ئێمە لە نێو بزووتنەوەی میللی دێموکڕاتی کوردستانی ئیراندا نەخشی کلیدی دەبێت. یانی ئەو نەخشەی کە لێی چاوەڕوان دەکرێ. ئەگەر بە ڕۆڵێکی کەمتر لەوە رازیبین، نابینە حیزبی دێموکڕات ودادەبەزینە ئاستی هەر هێزو لایەنێکی دیکەی نێو گۆڕەپانەکە کە هێندەش کەم نین.

ئەزموونەکان   ئەوە دەردەخەن  کە خەڵک و جەماوەری حیزب و بەدەنەی حیزب  ڕۆڵێکی لەو چەشنەی بۆ حیزبی  دێموکڕات پێ قبووڵ ناکرێ و لە کەسیش قبووڵ ناکا کە  بیهەوێ رۆڵی  حیزبی دێموکرات بێنێتە ئاستێکی ئەوتۆ و بیکاتە فیرقەیەکی جیا لە کۆمەڵانی هەراوی خەڵک.  ئەگەر نەتوانین  خۆمان لەتەونی جاڵجاڵووکەی ئەو نهیلیزمی ئنشعاباتەی بەدەستیەوە گیرۆدەین ڕزگارکەین ، ئەگەر نەتوانین داسووی نالێکی و ئنشعاب لە گەرووی  تەشکیلاتی حیزب دەرێنین، حیزب ناتوانێ لە ئێستاو داهاتوودا ڕۆلێ کلیدی بگێڕێ.

مەبەست لە ڕۆڵی کلیدی ئەوەنیە کە تێکۆشین هژمۆنی سیاسی و فەرهەنگی خۆمان بەسەر خەڵک و حیزب و رێکخراوەکانی نێو بززوتنەوە و کۆڕوکۆمەڵ و کەسایەتیەکانی نێو  ژینگەی سیاسی و مەدەنی کوردستاندا بسەپێنین. ئەوە نە مومکینەو نە لەگەڵ پرینسیپەکانی حیزبی ئێمە دێتەوە. مەبەست لە رۆڵی کلیدی ئەوەیە  رۆڵی خۆرمان لە مەنزومەی شەمسی یا کۆمەڵەی خۆردا هەبێت.  لەجیاتی تێکۆشین لەسەرەوەبین ، دەبێ لە نێوەراستی سیستەمەکەدابین. لە سیستەمی مەنزوومەی شەمسیدا، خۆر دەکەوێتە نێوەڕاستی هەموو هەسارە یا سەیارەکانی دیکە و هێمن وتەنی تین و وزەو ڕووناکیان پێ دەبەخشێ. بەم جۆرە ڕۆڵی خۆر هێندە کلیدیە هەسارەکانی دیکە بەبێ ئەو ئەوەنابن کە هەن و بۆیەش بەدەوریدا دەسوڕێنەوە.

حیزبی دێموکرات نەخشکێ ئاوای لێ چاوەڕوان دەکرێ و هەر لە سەرەتاشەوە بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی ئاوا پێکهاتووە.

 کەواتە هەرچی حیزبی دێموکڕات بەهێز و گەورەدەکا و ڕۆڵی کلیدی دەداتێ دەبێ ئەوەبکەین.  ئەوە ئەرکی ئێمە تێکۆشەرانی حیزب بە گشتی و ئەندامانی کۆنگرەی ١٥ی حیزبە. تەنیا  ئەودەمە بەشداری ئێمە لە کۆنگرەدا شانازیەکی میللی یە کە تێکۆشەرانی نێو ساڵۆنی کۆنگرە ، لە ئاستی ئەو مەسئولیەتە مێژووییە دابین و هەر زوو لە سەعات و ڕۆژەکانی سەرەتای دەستپێکردنی کۆنگرەدا، لە پەنجەرەی ساڵۆنەکانی کۆنگرەڕا،  لە گەڵ شنەبا پەیامی ئەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بنێرین کەحیزبی  ئێمە  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لێبڕاوە  لە ئێستاو داهاتوودا هەروەک  سەرتاسەری تەمەنی خۆی رۆڵی کلیدی بگێرێ.  {jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی