"an independent online kurdish website

چەند دێرێک لەبابەت کاریگەریی حیزبی توودە لەسەر حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کوردی ڕۆژهەڵات، لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی توودەی ئێران (بە زمانێکی خۆماڵی).surkew_zeki

حیزبی توودەی ئێران لە ساڵی ١٣٢٠ هەتاوی لە ئێران دامەزرا و لە سەردەمێکدا کە بزووتنەوەی چەپی مارکسیسیتی و خەباتی دژی سیستەمی سەرمایەداری و بەرگریی لە چینی هەژار و کرێکار و سەرکەوتنی شۆڕشی سوور، واتە شۆڕشی ١٩١٧ی لێنین بەسەر ئیمپراتۆڕی تێزاری ڕووسیە دا، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەنێو گەلانی ژێردەستدا پێکهێنابوو، کورت و کوردمانجی لە سەردەمانێکدا کە ئاغا و فێئۆداڵەکان گێرەی دڕوانیان بە خەڵکی چەوساوە و ڕەعیەت دەکرد و ڕۆژ ڕۆژی درووشمی دژی بورژوا بوو، حیزبی توودە توانی بە کەڵوەرگرتن لە هەلومەرجی گونجاو و بە هەڵگرتنی درووشمی گونجاوی ئەو سەردەمە، سەرنجی خەڵکانی ئێران ڕابکێشێ و خەڵکێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. لەمبابەتەوە د. یاسین سەردەشتی لە بەشێک لە پەرتووکە مێژووییەکەیدا لەمەڕ چۆنییەتی و زەمینەی دامەزرانی حیزبی توودەوە دەڵێ ” پەرەگرتنی جووڵانەوەی دێموکراتی گەلانی ئێران لەلایەک و پاشەکشەی فاشیزم و سەرکەوتنی یەکێتی شووڕەوی و بوونی سوپای سوور لە ناوچەکە لەلایەکیترەوە، زەمینە خۆشکەری ئەم هەڵقوڵینەی حیزبی توودە بوون، ئەو حیزبەی کە لەسەرەتادا لەلایەن سلێمان ئەسکەندەری و پاش مردنی ئەویش لە ساڵی ١٩٤٢وە ئیرەج ئەسکەندەری ڕێبەرایەتییەکەی گرتە ئەستۆ”. (تێبینی: لەنێوان ئەو رێبەرایەتییانە و شوێن و کەسایەتییەکان کە ڕێبەرایەتیی حیزبی توودەیان کردوە لە نووسراوەکەی د. سەردەشتی هەندێ جیاوازی دەبیندرێ کە بابەتی ئەم باسە نییە).

لەبابەت زەربەکانی حیزبی توودە لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا ئاماژە بەوە دەکەم کە حیزبی توودە لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستاندا، توانی کاریگەریی لەسەر بەشێک لە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات هەبێ و بە دەستخستنە ناو ئەو حیزبە، توانی دووبەرەکیەکی کەموێنە بخاتە ناو جووڵانەوەی ئەوکاتی ڕۆژهەڵات و ئەم دووبەرەکییە تا شوێنێک پەرەی ستاند کە لە کۆنگری ٢ی حیزبی دێموکراتدا، لایەنی ئەحمەد تۆفیق کە بەرەی دژی توودەکانی ئەو حیزبە بوون، د. قاسملوو لە حیزب دەربکەن و پاشان بە کردەوە ئەو حیزبە بەسەر دوو بەشی دژ بە یەک، کە لایەنەک ئەویتری بە کومۆنیست، توودەیی و دژی نەتەوە تاوانبار دەکرد و ئەویتریان لایەنی ئەحمەدی تۆفیقی بە ناسیۆنالیست، ڕەگەزپەرست، فاشیست و نەتەوەپەرست و هەروەها بەهۆی بەشدارییان لە شۆڕشی ئەیلوول و پێوەندییال لەگەڵ پارتی دێموکرات کە ئەوکات ڕێبەرایەتیی بەرەی شەڕی باشووری کوردستانی دەکرد، بە خزمەتکار و نۆکەری بنەماڵەی بارزانی تاوانبار دەکردن.

ئەم دووبەرەکییە پاش چەندین هەوڵی ئاشبوونەوە بەتایبەتی لە کۆنفرانسی دووی حیزبی دێموکرات دا کە ئەمیری قازی، عەوڵای مەلاعوسمان و مەلا ڕەسوولی پێشنەماز و گەلێک کەسایەتیتر دەستێکی باڵایان لەو نزیکبوونەوەیدا هەبوو، بەڵام بەهۆی بەربەرەکانی دوو ڕەوتی نەتەوەیی و چەپی توودەیی هەر بەسەرەنجام نەگەیشت و ماوەیەک دواتر، پاش دوورخرانەوەی ئەحمەد تۆفیق و تەحویلدرانەوەی سولەیمانی موعینی لەلایەن شۆڕشی باشوورەوە بە ئێران، د. قاسملوو بە هاوکاریی ئەو لایەنەی کە لەلایەن باڵی ئەحمەد تۆفیقەوە بە باڵی توودەی نێو حیزبی دێموکرات دەناسران، لە ئوورووپاوە دەگەڕێتەوە بەغدا و لە کۆبوونەوەیکدا کە ئەحمەد تۆفیقی تێدا نابێت و تەنیا دووکەس لە لایەنی ئەحمەد تۆفیق تێیدا بەشدار دەبن (کە پاشان ئەوانیش کۆبوونەوەک بەجێدێڵن)، دەکرێت بە سکرتێری حیزبی دێموکرات و دواتر ناوی ئێرانیش وەک پاشگری حیزبی دێموکراتی کوردستان زیاد دەکرێت. لایەنی ئەحمەد تۆفیق کە نەیاری حزووری د. قاسملوو لە حیزبدا دەبن و بە توودەیی دەزانن، ئەم بڕیارانەیان بەبێ گیرانی کۆنگرە لا پەسند نابێت، دژایەتیی خۆیان دەگەڵ ئەم بڕیارانە دەردەبڕن و بەفەرمیی ناناسن.

د. یاسین سەردەشتی لەبابەت ئەو سەردەمەی حیزبی توودە و دەستتێوەردان لە حیزبی دێموکراتدا لەو باوەڕەدایە کە توندوتیژبوونی ڕووداوەکانی کوردستان عێراق و شۆڕشی چەکدارانەی گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستاندا لە لایەک، و پەرەسەندنی ڕەوتی چەپی نوێ و بیرۆکەی خەباتی چەکدارانەی شۆڕشگێڕانە … هەلومەرجەکەیان بەرەو ئاقاری هەڵگیرساندنی ڕاپەڕینێکی چەکدارانە بە دژی شای ئێران برد، بەتایبەتی پاش ئەوەی بەشێکی ئەو لاوە کوردە مارکسیستانە بە چاولێکەری مەهدی خانبابا تێهرانی، بیژەن حیکمەت و … لە ساڵی ١٩٦٦ دا، ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانی حیزبی توودەیان پێکهێنا و لەگەڵ بەشێکی کادرەکانی حیزبی دێموکراتدا سازمانی ئینقلابی حیزبی دێموکراتیان پێکهێنا و لە بەهاری ١٩٦٧ دا دەستیان بە خەباتی چەکداری لە کوردستانی ئێران کرد کە پاشان بەهۆی توندوتیژییەکی کەموێنە لەلایەن ڕژیمی شاوە دامرکێنرا…

د. سەردەشتی پاشان دەڵێ ” لەڕاستیدا هەرچەندە حیزبی توودە لەم قۆناغە، مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئێران دا بە خانەی فەرامۆشی سپاردبوو و بایەخێکی ئەوتۆشی بە کێشەی پەرەگرتووی کورد نەدەدا، بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی سازمانی ئینقلابی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەستن و پتەوبوونی پەیوەندییەکانی و نزیکبوونەوەی ڕێبەرایەتییەکەی لە سازمانی ئینقلابی حیزبی توودە… حیزبی توودە لەگەڵ ئەوەی بڕوایەکی بە خەباتی چەکداری شۆڕشگێڕانە نەبوو، کەچی هەلپەرستانە کەوتەخۆ و د. ڕادمەنشی سکرتێری و چەند ئەندامێکی کوردی توودەیی، بە هەڵەداوان خۆیان گەیاندە بەغدای پایتەختی عێراق و لە ٩ی شوباتی ١٩٦٨ دا لەگەڵ چەند ئەندامێکی ڕێبەرایەتی سازمانی ئینقلابی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا کۆبوونەوە و پاش گفتوگۆ، ڕێکەوتننامەیەکیان بەست و بەیانیەکیان بە فارسی دەرکرد کە هەروەک لە ڕێکەوتننامەکەشدا دەردەکەوت ئامانجی حیزبی توودە بریتی بوو لە :

١. پەراوێزکردنی کێشەی نەتەوایەتی کورد لە ئێران و لەقەڵەمدانی جووڵانەوەی چەکداریی کوردستان وەک بەشێک لە خەباتی خەڵکی ئێران و نیشاندانی وەک جووڵانەوەیەکی چینایەتی دژی کۆنەپەرستی شاهەنشاهی و ئیمپڕیالیزم.

٢. قسەکردن لە بەلشۆڤیک کردنی ئێران وەک تاکە چارەسەریی کێشەی نەتەوایەتی ئەو وڵاتە بە کوردیشەوە… کە تێگەیشتنێکی هەڵە بوو لە واقیعی شۆڕەوی و ئێران و زیاتر بە زیان بۆ کێشەی نەتەوایەتی و چارەسەرکردنێکی زانستیانە…

٣. هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناو و کارەکتەری سەربەخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەفیرقەکردنی، تا لە ئایندەیەکی نزیکدا لە نێو حیزبی توودەی دایک و پێشڕەودا بتوێتەوە…” (لاپەڕەی ٣٠، د. یاسین سەردەشتی)

د. سەردەشتی لە شوێنێکیتردا دەڵێ: ئەوەی جێی تێڕامانە یەکێکە لەو ڕاپۆرتانەی کە لە ٢٥ی شوباتی ١٩٦٨ و لەژێر ناونیشانی “دژایەتی حیزبی توودەی هەڵوەشاوە لەگەڵ ڕاپەڕینی چەکداریی خەڵکی کوردستانی ئێران”دا گەیشتۆتە ساواک و باس لەوە کراوە کە “دەوڵەتی شۆڕەوی مەسەلەی جووڵانەوەیەکی چەکدارانە لە کوردستانی ئێراندا بە فیکی ماوییەکان دەداتە قەڵەم و ئێستاکە بە بوونی چەکدارە کوردەکان لە ئێراندا خۆشحاڵ نییە، هەر بۆیە د. ڕادمەنێش، رەحمان قاسملوو و کەریم حیسامی چوونەتە بەغدا تا پێوەندی بە نوێنەری چەکدارە شۆڕشگێرەکانەوە بکەن و تێیان بگەیەنن کە ئێستا کاتی شۆڕش نییە و جارێ لەو مەسەلەیە خۆ بپارێزن و هەوڵ بدەن لە بەغدا بمێننەوە.” (لاپەڕەی ٣١، د. یاسین سەردەشتی).

ئامانج لەم نموونە و ئاماژانە بە کورتی و بە کوردی تەنیا بۆ هێنانەوەی دۆکیۆمێنت یان فاکت بۆ بوونی دەستی حیزبی توودە لە کێشەکانی نێو جووڵانەوەی کورد و بەتایبەتییش حیزبی دێموکراتە کە هیوادارم هیچ کەس بە هەڵە لە بابەتەکە تێنەگات و لێرەدا دەگەڕێمەوە سەر کێشەکانی ئەو سەردەمەی نێوان باڵەکانی حیزبی دێموکرات کە نووسراوە و فاکتە مێژووییەکان دەیسەلمێنن کە حیزبی توودە چ دەستێکی باڵای تێدا هەبووە.

پاش گەڕانەوەی د. قاسملوو و هەڵبژاردنی وەک سکرتێری حیزب لە بەغدا و دەستبەسەرکرانی ئەحمەد تۆفیق لە ئەبووغرێب لەلایەن ڕژیمی بەعسەوە، بە پیلانی ڕێکەوتننامەی ئەلجەزاییر شۆڕشی ئەیلوول دەڕووخێ وحیزبی دێموکرات، لایەنی ئەحمەد تۆفیق، کە پێشتر لە شۆڕشی ئەیلوول لە دژی حکوومەتی ئێڕاق بەشدار ببوون، دەکەونە هەلومەرجێکی نالەبار و بۆ پارێزگاریی لە خۆیان، داوا لە حکوومەتی ئێڕاق دەکەن کە مافی پەنابەرییان پێ بدا کە پاش پەسندکرانی ئەو داوایە، ئەندامانی ئەم لایەنە دێنە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێڕاق لە باشووری کوردستان، بەڵام پاش چەند ڕۆژ، نزیک بە ٦٠ کەسیان دەگرێن و بەشێوەیەکی گوماناوی لە سنووری خوسرەوییەوە تەحویلی ڕژێمی ئێران دەدرێنەوە. ئەوانیتریش بڵاو دەبن و بەشێکیشیان لەم هەلومەرجەدا دەچنەوە ناو لایەنەکەیتری حیزبی دێموکرات بە ڕێبەریی د. قاسملوو. هەر لەم سەروبەندەدا ئەحمەد تۆفیق کە لە بەغدا لەلایەن حیزبی بەعسەوە زیندانی کرابوو، پاش شکەنجەیەکی زۆر لە ئەبوو غرێب گیانی بەخت دەکات. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لەم هەلومەرجەدا لایەنی براوەی ئەم کێبەرکێ دوور و درێژە ی نێو حیزب دەبێت و لە باشوور بەبێ ڕکابەر دەمێننەوە و بەکورتی پاش مێژوویەک بەربەرەکانیی ناوخۆیی حیزبی، بەمشێوەیە دەبێتە خاوەنی تەشکیلاتی دەرەوەی حیزبی دێموکرات کە پاشان کۆنگرەی سێ دەگرن و لەم کۆنگرەشدا د. قاسملوو وەک سکرتێری حیزب هەڵدەبژێرنەوە. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە هەموو ئەندامانی بەشداربووی ئەم لایەنەی حیزب، هاوباوەڕ وهاوهەڵوێستی هەموو بڕیارەکانی ئەم بەشەی حیزب بوونە کە لە کۆنگرەکانی دوواییشدا جیابوونەوەی چەندین کەسایەتیی و کادر و پێشمەرگەی حیزب، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە ئەم کورتەباسە، لەلایەک ئاماژە بە ڕەوت و کاریگەریی حیزبی توودەیە لە کوردستان و هەروەها بەهۆی درێژ بوونەوە و بڤە بوونی باسەکەوە، لێرەدا زۆرتر ناچمە ناو وردەکارییەکانی ئەم مێژووە.

پاش تەحویلدرانەوەی زۆرینەی ڕێبەرایەتی و کادر و ئەندامە بەرچاوەکانی لایەنی ئەحمەد تۆفیق بە ڕژیمی شا و پاش شکەنجە و ئازارێکی زۆری ئەم کەسانە لە زیندانەکانی شادا، زۆرینەیان حوکمی ئێعدام و ئەبەدیان بەسەردا دەسەپێت، بەڵام پاشان بەهۆی هەلومەرجی ناسکی ڕژیمی شا و بەرەو ڕووخانچوونی ئەو ڕژیمە، زۆرینەی ئەو کەسانە بەر لە ڕووخانی ڕژیم لە زیندان ئازاد دەبن و پاش چەند کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ژێرناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەست بە خەباتی نهێنی دەکەنەوە. پاش ڕووخانی ڕژیمی شا و گەڕانەوەی لایەنیتری حیزبی دێموکرات، واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئیمکاناتێکی زۆرەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لایەنی ناوخۆیی حیزب کە زۆرینەی رێبەرەکانیان ئەوانەبوون کە لە زیندان ئازاد ببوون و بێجگەلە ئیمکاناتی ماڵی شەخسیی خۆیان، شتێکیتریان نابێت و هاوکات لە نەمانی ئەحمەد تۆفیق ئاگادرا ببوون، لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وەک حیزبی دێموکرات بە فەرمی ناناسرێن و ئەوانیش بۆ ئەوەی تووشی شەڕی ناوخۆیی و براکوژی نەبن، واز لەناوی حیزبی دێموکرات دێنن و لە کۆبوونەوەیکی بەریندا لە بەهاری ١٣٥٨ی هەتاوی (بەهاری ١٩٧٩ی زایینی) لە شاری سەقز، حیزبێکیتر بەناوی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان دادەمەزرێنن.

دیارە لەگەڵ ئەویداکە پاشان پێوەندیی ئەو حیزبە، واتە کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان لەگەڵ لایەنی براوەی حیزبی دێموکرات لەم دووبەرەکییە درێژەدا، پێوەندییەکی سارد دەبێت، بەڵام شەڕی ناوخۆیی نایەتە ئاراوەو تەنانەت لە شەڕەکانی بەرگریی و لەکاتی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، پێکەوە بەشداریی لە شەڕی بەرگریی لە کوردستان دەکەن. شایانی باسە کە زۆرینەی ڕیبەرانی کۆمەڵەی یەکسانی (مامۆستا سەید ڕەشید حوسێینی، عەوڵای مەلا عوسمان ناسراو بە مامۆستا قەندیل، سالاری حەیدەری ناسراو بە سالار هەورامی، مامۆستا عەبدوڵڵای بێخەو، حەسەن ئیقباڵی و مەستوورەی شاسەواری …) لەماوەی شەڕی دوو سێ ساڵی دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی و لەبەرەکانی شەڕدا گیانیان بەخت کرد و ئەمەش گورزێکی سەنگین بوو لە کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان کە ئەم باسە لەم بابەتە جیاوازە و بۆ ئەوەی زۆر دوور نەکەوینەوە لە ئامانجی باسەکە کە هێنانەوەبیری کاریگەریی حیزبی توودە بەسەر حیزبی دێمەکرات و جووڵانەوەی دەیەکانی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لێرەدا…

ئەوەندی پێوەندی بە مێژووی چالاکیی بەشی ئێرانی حیزبی توودەوە هەبێت، بەکورتی دەبێ بڵێم کە پاش تێکچوونی کۆماری کوردستان و حکومەتی میللی ئازەربایجان و هەروەها لێکهەڵوەشانی ئەوە بەرە گەورەیەی کە لە چەندین حیزب و لایەنی ئێرانی پێکهاتبوو و لە مەجلیسی ئێراندا نوێنەریان هەبوو و پاشان کودتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ لە دژی حکوومەتی د. موسەددیق و گیران و زیندانیکرانی چەندین کەس لە ڕێبەرانی حیزبی توودە، بەشێک لە ڕێبەرانی ئەو حیزبە تەسلیمی ڕژیمی شا بوون و تۆبەنامەیان واژۆ کرد و بەشیکیان بوون بە گۆپاڵی سەرکوتی خەڵکی ئێران و بەشێکی تریشیان هەڵاتن بۆ شۆڕەوی و ئاڵمانی ڕۆژئاوای ئەوکات، ڕۆژ بەڕۆژ لێکهەڵوەشان و کزبوون لەناو حیزبی توودەدا پەرەی ستاند کە باسێکی دوورو درێژە…( لەمناوەدا ساڵانێک دواتر ئەو کۆمۆنیستانەی لەناوخۆی ئێران بەشێک لە ڕێبەریی حیزبی توودەیان بە خائین دەزانی و خۆیان پێ کۆمۆنیستی ڕاستەقینە بوو، حیزبێکیتریان بەنێوی چریکەکانی فیدایی خەڵکی ئێران دامەزراند کە مێژووەکەی دەگەڵ حیزبی توودە هەندێ جیاوازە. دیارە ئەوانیش پاش ساڵانێک خەبات، بەسەر چریکەکانی زۆریینە و کەمیینە دا دابەش بوون کە لایەنی زۆریینە یان ئەکسەریەت بەپێی بەڵگەنامەکان، بەداخەوە لەشێوەی حزبی توودە و موجاهیدینی خەڵق، لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانی ١٣٥٧ی هەتاویی و ماوەیەکی دواتریش بەبیانووی بەرەی بەربەرەکانی دەگەڵ ئیمپریالیزم و هەروەها بەرگری لە تەواویەتی خاکی ئێران “دفاع از تمامیت ارضی”، پشتی کۆماری ئیسلامییان گرت و کەوتنە بەرەی دژی جووڵانەوەی کورد کە نووسراوەکانیان لە ڕۆژنامەکانی ئەوکاتی ئێراندا لەبەر دەستدان و هەڵوێستەکانی ئەوکاتیان لەمبابەتەوە حاشا هەڵنەگرن…)، بەڵام توودەییەکان کاتێک ئەو هەڵە مێژووییەیان بۆ دەرکەوت کە وەک د. یاسین سەردەشتی دەڵێ “پاش ئەوەی لە ناوەڕاستی ١٩٨٢ دا ڤلادیمیر کۆزێکچین، دیپڵۆماتی شۆڕەوی و ئەفسەری کا گێ بێ ی باڵوێزخانەی شووڕەوی لە تاران، لەڕێگای تورکیاوە پەنای بردە بەریتانیا و لیستێکی ناوی سیخوڕەکانی یەکیێتی شۆڕەوی لە ئێراندا پێشکەش بە دەزگای هەواڵبەری ئینتلجێن سیرڤایسی بەریتانیا کرد و کاربەدەستانی بەریتانیاش ئەو زانیاریانەیان لەڕێگەی پاکستانەو خستە بەر دەستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە ئەویش لە شوباتی ١٩٨٣ دا، کتوپڕ گورزێکی گورچکبڕی لە حیزبی توودە سرەواند و تا نیسانی ئەو ساڵە، تەواوی ئەندام و ڕێبەرەکانی قۆڵبەست کردن و مەرگی دووبارە و هەتاهەتایی ئەو حیزبەی ڕاگەیاند”. (د. یاسین سەردەشتی).

دیارە مێژووی هەرکام لەم حیزبانە (توودە، فیدایی و موجاهیدین) لەپاش وازهێنانیان لە کۆماری ئیسلامی شتێکیترە و وێڕای ئەوەیکە مێژووەکەیان زۆر قسەی لەسەرە و خەڵکانێکی زۆر لەسەریان نووسیوە و بەداخەوە منیش ئێستا کاتی پێویستم نییە کە بەقووڵی بچمە ناو باسەکەوە بەڵام ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کردەوەکانی حیزبی توودە لەمەڕ پرسی گەلانی چەوساوە دەگەڵ درووشمەکانی هەرگیز یەک نەبوون و بەتایبەت لەمەڕ کوردی ڕۆژهەڵات کە زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکێکی زەحمەتکێش و چەوساوە بوو، ، بەڵکو مێژوو سەلماندی کە ئامانجی سەرەکییان، لەباربردنی پرسی نەتەوەیی و دووبەرەکی نانەوە بوو و لە هەلومەرجێکی ناسکی وەک دەورەی دوای کۆماری کوردستان و سێ دەیەی دوای ئەم سەردەمەش، زۆر بە خەستیی دەستیان خستە ناو جووڵانەوەی کورد کە کاریگەریی ئەم دەستێوەردانە بەسەر جەستەی بریندای جووڵانەوەی دوای کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئێستاش ئەوەندە قووڵ و سەنگینە، کە دەبێ لەمێژوودا ببێتە پەند و پشتاوپشت بگێڕدرێتەوە.

دیارە ئەمن لەگەڵ ئەوەیدا کە لە بوواری نووسینەوە باوەڕم بە لەبەرچاوگرتنی بێلایەنیی و کەڵکوەرگرتن لە مێتۆدی زانستی هەیە، ئەو باسەم هەروەک پێشتر وتم بە زمانێکی خۆماڵیی نووسیوە و پێم وایە بابەتەکە لە زۆر بووارەوە پێویستیی بە وردەکاریی زۆرترە، بەڵام بەخۆم نەوەستام لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی توودەدا شتێک لەمبارەوە نەنووسم. بێگومان جێی خۆیەتی کە ئەو کەسانەی قەڵەمی سەربەخۆیان هەیە و هاوکات ئاگاداریی باشیان لەسەر ئەم بابەتەوە هەیە، لەوەها ساڵڕۆژێکدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی شیشە و سووتانی کەبابی هەندێ کەس، تۆزێک زانستییانە بەمێژوودا بچنەوە و کۆمەڵێک لەو ڕاستییانە بورووژێنن و بیکەن بە دیارییەک بۆ ئەزموون وەرگرتنی لایەنەکان و خەڵکی کورد.

هاوکات دەبێ بڵێم ئامانجی ئەم کورتە بابەتە، بۆ سووک کردن و بریندارکردنی هیچ کەس و لایەنێک نییە و تەنیا مەبەستم ورووژاندنی باسی بەشێک لە مێژووی حیزبی توودە بوو کە کاریگەریی هەبووە لەسەر بەشێک لە مێژووی کوردی ڕۆژهەڵات و بەداخەوە لە زۆر شوێن یان بە پێچەوانە، یان تەنیا لە یەک ڕووانگەوە باس کراوە. لەکۆتاییدا سەرنج و تێبینییەکانتان لەسەر چاومە، هەرچەند باسی ئەم ڕاستییانەش زۆر کەس دەڕەنجێنێ کە ڕووداوەکانیان بەشێوەیەکتر یان تەنیا لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی حیزبییەوە بیستووە. بەڵام پێویستە ئێمەی کورد هەندێ لە دەروێشبوون بێینە دەر و هەوڵبدەین ڕاستییەکانی مێژوو، چ لەبوواری ئایینییەوە و چ لەبواری سیاسییەوە، بەشێوەی لێکۆڵینەوە و لە ڕووانگەی جیاوازەوە ببیستین و پاشان قەزاوەت بکەیین.

سولەیمان زەکی (سوورکێو)، ٢٦/٠٩/٢٠١٢، سوید{jcomments off}

سەرچاوەکان: بەشێکی زانیارییەکان، خوێندنەوە و بۆچوونی گشتیی خۆمە کە پاش لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی کتێبە جۆراوجۆرەکانی مێژووی کورد، و هەروەها چەندین وتووێژیش کە بۆخۆم دەگەڵ کەسایەتیەکانی کورد کردوومە… لەمناوەدا کتێبی “چریکهای فدائی خلق و بختک حزب توده خائن” نووسینی ئەشرەف دێهقانی، لەگەڵ ئەوەیدا کە کتێبێکی بێلایەن و ئاکادێمیک نایەتە بەرچاو، بەڵام زانیاری باشی تێدایە کە لە ڕاستیی نزیکن و سەرچاوەی بەشێک لە زانیاریەکانن لەسەر حیزبی توودەی ئێران. هاوکات  بابەتی ” هەڵوێستی حیزبی توودە لەئاست کێشەی نەتەوایەتیی گەلی کورد”ی د. یاسین سەردەشتی یەکێکیتر لە سەرچاوەکانن کە لینکەکەی لە خوارەوە هاتووە.

http://www.kurdipedia.org/books/18628.PDF

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی