"an independent online kurdish website

١- ئیسلام ئابادی رۆژئاوا یان شائاوای رۆژئاواali_qenberi1
 

لە ڕوی ژمارەی دانیشتوانەوە دووهەم شارستانی پارێزگای کرماشانە. ژمارەی دانیشتوانی ساڵی ١٣٨٥ هەتاوی ١٥٢٥٠٠ و ئێستە دەبێ نزیک بە ١٨٠ هەزار کەس بێت. خەڵکی ئەم ناوچەیە بە کوردی  کرماشانی دەپەیڤن و بە زۆری سەر بە هۆزی کەڵهوڕن، بێجگە لە هۆزی کەڵهوڕ، هۆزەکانی قەڵخانی و گۆرانیش کە  لە باری ئایینیەوە سەر بە ئایینی یارین لە ئەم ناوچەیە دەژین. هەر وەها خەڵکانی سەر بە هۆزەکانی سنجاوی و زەنگنەش لە شاری شائاباد دەژین. هۆزی کەڵهوڕ و هۆزی زەنگەنە دوو هۆزی یەکجار گەورەی پارێزگای کرماشانن کە سەر بە ئایینی ئیسلام و مەزهەبی شیعەن. ئەو عەشرەت و تایفانەی کە سەر بە هۆزی کەڵهوڕن و لە ئەم شارستانە ئەژین بریتین لە تایفەی مەسیوری کە دەچنەوە سەر بنەماڵەی خان مەسویری (مەنسور) کەڵهوڕ. هەر وەها مۆمەیی، قۆچمەیی، چاڵاوبکەر، باسکەڵەیی، زەینەڵخانی و….هتد. ئەمانە لە ئەو تایفانەی دیکەی هۆزی کەڵهوڕی هەیوان ڕۆژئاوان کە بە زۆری لە بەشی حەوت ماڵەی بانسیرین. زۆرینەی هۆزی سنجاویش سەر بە ئایینی یارین.

 شائاوا کەوتوەتە باشووری کرماشان و هاو سنوورە لە گەڵ  پارێزگای ئیلام کە ئەویش پارێزگایەکی کوردنشینە لە باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان. خەڵکی ئەم ناوچەیە لە ڕێگای کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، ڕەز و باخداری، بەرهەمهێنانی هەنگوین، کار و کەسابات بژێوی ژیان بە دەست دێنن. شائاوا کەوتوەتە سەر ڕێگای نێودەولەتی تاران- بەغدا. ئەم ڕێگایە لە شاری ئەسەدئاوای تەقریبەن کوردنشینی پارێزگای هەمەدانەوە دێتە شاری کرماشان، پاشەن شائاوا- کرند- سەرپێڵی زەهاو- قەسری شیرین و دواتر سنوری دەستکردی خوسرەوی- مەنزەریە دەبڕیت بەرەو بەغداد. هەر هەمان ڕێگا لە شائاواوە دەچێتە ئیلام و لە ئەوێنەوە دیسان دەچێتە وەڵاتی عێراق.          گرنگی ئەم ڕێگایە بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە ئەوەیە کە ساڵانە دەیان هەزار کەس لە خەڵکانی زیارەتکەری ئیران، پاکستان و ئەفقانستان لە ئەم ڕێگایەوە دەڕۆن بۆ عێراق بۆ تەوافی گلکۆی” ئیمام حوسەین و ئیمام عەلی” لە کەربەلا و نەجەف. ئەمە دەتوانێ سەرچاوەیەکی باش بێت بۆ ئابووری ناوچەکە.

شائاباد لە باری مێژووییەوە:
بە پێی سەرچاوە کۆنەکانی وەک ئەستەخری، لە مسالک الممالک و حەمدواللە مستوفی، نێوی کۆنی ئیسلام ئاوا تا کۆتایی دەسڵاتی ساسانییەکان مەنەلی (مەندەلی) بووە. دواتر کە وڵاتی ئێران کەوتووتە ژێر داگیرکاری ئیسلامەوە (سەدەی حەوتەم)، ئەم نێوە گۆڕدراوە بۆ هاروون ئاوا. ئەم نێوە  بۆ دەسڵاتداری هاروون الڕەشید عەباسی (١٤٨- ١٩٣ کۆچی مانگی) دەگەڕێتەوە.  هاروون ئاوا لە  ساڵی ١٣٠٩ هەتاوی لە لایەن حکوومەتی ڕەزا شاوە گۆڕدراوە بۆ شاباد (شاه آباد). لە ئەو کاتەدا ژمارەی دانیشتوانی ئیسلام ئاوا ٤٨٠ کەس بووە. بۆچوونێکی تر هەیە کە دەڵی لە ئەساسدا هاروون ئاوا ناوێکی هەڵە بووە و پێوەندی بە ئەم شارەوە نییە. هەر لە ئەم بارەوە ئەو بۆجوونە پێێ وایە کە ئەم شارە لە دێر زەمانەوە نێوی ئاروین ئاوا بووە. بە پێێ نووسینەکانی بە ڕێز عیمادەدین دەوڵەتشاهی کە خاوەنی ئەو بۆچوونەیە، باسی سەردارێک ئەکات کە لە زەمانی زۆر کۆنەوە لە ئەم ناوچە زیندانی بووە. ئەم سەردارە کە نێوی سوولوسوونۆ و شۆرەتی (لەقەبی) ئاروین ئاوا بووە دوای ڕزگار بوونی لە زیندان ئەم ناوچەیە ئاوەدان دەکاتەوە و دواتر خەڵکی ناوچەکە بۆ ڕێز لێنان لە زەحمەت و فیداکاری ئەو کەسە، نێوی ئاروین ئاوا لە سەر شارەکە دادەنێن. گوایە تا ئیستەش ئەم نێوە لە نێو خەڵکانی بە ساڵاچوودا هەر لە بیر ماوە و باسی دەکەن.
 لە ناوەندی شاری شائاباد دا تەپۆڵکەیەک هەیە بە ناوی چغا گاوانە کە کۆنترین بەشی ئەم شارەیە. ساڵی ١٣٤٩ هەتاوی بەڕێز مەحموود کوردوانی لە سەر مێژووی ئەم شارە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی کردووە و بە ئەو ئاکامە گەیشتووە کە ئەم شارە لە ڕابردووی زۆر کۆندا، ناوچەیەکی زۆر گرنگ و هەڵکەوتوو بووە لە سەر ڕێگای خۆراسانی گەورە. ئەو ڕێگایە لە زەمانی زۆر کۆنەوە تا بە ئیمڕۆش ئالقەی پێوەندی (مسیر ارتباطی) دەشتەکانی مۆسوبۆتانیا (بین النهرین) و خوزستان بووە لە گەڵ زەنجیرە کێوەکانی زاگرۆس و فەلاتی ئێران. هەر وەها ڕێگای پێوەندی و هاتووچۆی ناوچەکانی ئاناتۆلی و ئازەربایجان بۆ لوڕستان و ناوچەکانی فارس نشین هەر لە شائابادەوە  تێپەڕ بووە. هەر ئەمانە بوونەتە هۆکارێک کە ئەم شارە  لە ڕابردودا لە بوارەکانی فەرهەنگی و کولتووری و زۆر بواری دیکە پێشکەوتنی باشی بە خۆوە ببنی بێت. لێکۆڵنیەوە مێژووییەکان زۆر ئاسەواری گرنگی پێوەندیدار بە ژیانی مرۆڤەوە هەر لە دوور زەمانەوە  لە ئەم شارەدا ئاشکرا و کەشف کردووە. لە ئەوانە دۆزینەوەی بەرد و ئاسەوارگەلێکی دیکەی وەک گۆزە نەخشدارەکان کە پیشان ئەدەن کە پتر لە دەهەزار ساڵ پێش لە ئەم شارەدا ژیان هەبووە. دانیشتوانی ئیسلام ئاباد هاوکات لە گەڵ باقی دانیشتوانی زاگرۆس هەر لە سەردەمی ژیانی یەک جێ نشینیدا، لە بە خێو کردنی مەڕ و ماڵات و کشتوکاڵ بەشدارییان کردووە. لە زەمانی مەفرەق و ئاسندا، واتە نزیک لە ٥٠٠٠ تا ٢٥٠٠ ساڵ پێش لە زایین، ئیسلام ئاباد یەکێک لە ناوچە گرنگە سیاسییەکانی زاگرۆس بووە. ئەمە بە ڕاشکاوی لە سەرچاوە نووسراوەکانی بەین ئەلنەهرین باسی لێ کراوە.

بە لە بەرجاو گرتنی کەشف و دۆزینەوەی چەند لەوحەیەکی نووسراو بە خەتی بابڵی کۆن لە لێکۆڵینەوەکانی بەڕێز کوردوانی و باز خوێندنەوەی (تەئکید کردنەوەی) دوکتور کامیار عەبدی مامۆستای زانکۆ لە شیکاگۆی ئامریکا، لە نێوان ساڵەکانی ١٣٧٩ تا ١٣٨٢ هەتاوی، دەرئەکەوێت کە  ئەم شارە ٣٥٠٠ ساڵ پێش لە زایین، ناوەندێکی زۆر گرنگی بازەرگانی بووە. لە سەر ئەو لەوحانە باس لە  مووچە و ئەرکی کۆیلەکان و کاڵا بازەرگانییەکان وەک گەنم، جۆ و ڕۆن و… کراوە.  ئەو ڕەسید و بەڵگانە ناوی شارێک دەبەن بە نێوی پالووم کە پێ دەچێت هەر هەمان ئیسڵام ئاوای ئیمڕٶ بێت.

کەریم خانی زەند کە وەک کوردێک (لە بەشی لەکەکانی پارێزگای هەمەدان و لە دایکبووی گوندێکی سەر بە شارستانی مەلایەر و لە هۆزی زەند) لە مێژووی ئێراندا توانی لە نێوی سەدەی هەژدەدا دەسلاتی زەند دابمەزرێنی و شاری شیراز بکاتە پێتەختی خۆی، بۆ سەردانێک دێتە شائاباد و لە لایەن عەلی خانی هەیوانی (هەیوان یان ئەیوان نێوی شارێکە لە پارێزگای ئیلام و هاوسنوورە لە گەڵ شائاوا و خەڵکەکەی بە گشتی سەر بە هۆزی کەڵهوڕن)، کە ئەو کات سەرۆکی هۆزی کەڵهور بووە، پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکرێت. هەر لە ئەم سەفەرەدا کەریم خان  بۆ گرنگی دان بە ناوچەکە و خەڵکەکەی کە بە زۆری سەر بە هۆزه کەڵهوڕ بوون لە کچی عەلی خان بە ناوی قەدەم خێر کە دواتر نازناوی شاپەسەنی لێ ئەنرێت خوازمێنی ئەکات و بەم جۆرە دەبێتە زاوای عەلی خان و هۆزی کەڵهوڕ و شائابادییەکان.   هێشتا کانییەک لە ناوچەکە هەیە بە ناوی کانی شاپەسەن. لە وانەیە ئەو شاژنە هەم زەماوەندەکەی و هەم زۆربەی ژیانی لە نزیک ئەو کانییە بە سەر بردبێت، هەر بۆیە بە زاراوەی شیرینی کەڵهوڕی، ئیستەش پێێ دەڵێن کێنی شاپەسەن.

شار و گوندەکانی سەر بە شائاوا:

ئەم شارستانە بە سەر چەند بەخش و دێهستاندا دابەش بووە کە بریتین لە: ١- بەخشی ناوەندی (مرکزی) کە ناوەندەکەی شاری شابادە لە گەڵ ئەم دیهستانانەدا:

 ١- حەسەن ئاوا کە لە ٢٢گوند،  لای باشوور (حومەء جنوبی) لە ٤٥ گوند، لای باکوور (حومەء شمالی) لە ٢٠ گوند و دێهستانی شیان لە ١٥ گوند پێکهاتوون.

 ٢- بەخشی حەمیل: ناوەندی شارۆچکەی حەمیلە کە لە دیهستانەکانی مەنسووری، هەرسم و حەمیل پێکهاتووە.            دێهستانی مەسیوری (مەنسووری) لە ٢٥ ئاوایی، دێهستانی هەرسم لە ٢٠ ئاوایی و دێهستانی حەمیل لە ١٠ گوند پێکهاتوون.                                                                                                                          

ئاسەوارە مێژوویی و ئایینیەکانی ناوچەکە:

ئەم شوێنانە لە شارستانی شائاوا جێگەی سرنجی خەڵکی ناوچەکە و گەشتیارانێکە کە ڕوو لە  ئەو دەڤەرە ئەکەن، وەک تەپۆڵکەی چقاگاوانە لە ناوەڕاستی شاری شائاوادا، ئاتەشگەی شیان، سەراو شیان، ئاتەشگەی میل میلگە، بینای ساسانی فیروزئاوا، سەراوی شەرەف ئاوا، سەراو هەرسم، شار قیل مەسیوری، “ئیمامزادە حەسەن، ئیمامزادە عەلی ئەکبەر، ئیمامزادە قازی”.

کشتو کاڵ و کار پیشەی خەڵکی ناوچەکە:

هەر وەک لە سەرەوە باس کرا ئەم دەڤەرە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری زۆر ناوچەیەکی گرنگە و خەڵکەکەی بە زۆری لە ئەو بوارانەدا چالاکن. هەر وەها کاری مەوج ڕستن، فەرش رستن، چیخ ڕستن، موزاییک کاری، کڵاش دروست کردن و چەندها شتی دیکە لە ئەو کار و پیشانەیە کە لە ئەو ناوچەیە دێنە بەرهەمهێنان. کارخانەی قەندی شائاوا لە ڕابردوودا یەکێک لە بە ناوبانگترین کارخانەکانی قەند بووە لە هەموو ئێراندا. هەر وەک باقی شوێنەکانی دیکەی پارێزگای کرماشان، خەڵکی ئەم ناوچەیەش بێجگە لە ئەو بوارانە کە لە سەرەوە باس کران، بە کەسابات و کار لە ئیدارەکاندا مەشغوڵن. دیارە ڕادەی هەژاری و بێکاری لە ئەم شارستانەش هەر وەک هەموو ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی ئێران، بە داخەوە شتێكی سروشتییە.

ئاسەواری شەڕی ئێران – عێراق لە سەر ناوچەکە:

بە هۆی نزیکی ناوچەکە لە بەرەی شەڕی ئێران – عێراقەوە و گرنگی پشتی بەرە بوونی ئەو ناوچەیە، چەندها جار ئەم دەڤەرە و بە تایبەت شاری شائاوا دەکەوێتە بەر مووشەک باران و بومبارانی فڕۆکە عێراقییەکان و خەسارەتێکی زۆری گیانی و ماڵی لە خەڵکی ناوچەکە دەکەوێت.

لە سەر و بەری کۆتایی شەڕی ئێران – عێراق ساڵی ١٩٨٨ ڕێکخراوی موجاهدینی گەلی ئێران کە هێزی سەبازییان لە وڵاتی عێراق بوو، بە تۆپ و تانکێکی یەکجار زۆر و بە نزیک بە ١٠ هەزار کەسەوە هێرش دەکەنە سەر ئێران و تا ناوچەی حەسەن ئاوای سەر بە شارستانی شائاوا پێشڕەوی ئەکەن، بەڵام لە حەسەن ئاوا لە گەڵ هیزی کۆماری ئیسلامی دەکەونە شەڕەوە و تێکدەشکێن و خەسارەتێکی زۆر لە هەر دوو لایان دەکەوێت. لە ئاکامی ئەو هێرشەشدا خەڵکی ئەو ناوچانە تووشی خەسارەت و تەنانەت ئاوارەییش دەبن.

بێشک لە سەر ئەم ناوچەیەش زۆر لە ئەوە زیاتر شت هەیە کە باس بکرێت، بەڵام بە داخەوە من لە ئەوە زیاتر نەمتوانی لە سەر ئەم شارستانە زانیاری کۆ بکەمەوە، هیوادارم کە بە ئەو حاڵەشەوە توانی بێتم خزمەتێکی بچووکم بە ئیوەی خوێنەر کەردبێت.      عەلی قەنبەری  ٢٧-٩-٢٠١٢ زایینی. بەشی نۆهەم لە سەر شارستانی داڵاهۆیە. چاوەروان بن!

تێبینی: لە زۆر شوێن ئیسلام ئاباد، ئیسلام ئاوا، شائاباد یان شائاوام نووسیوە. مەبەست هەر هەمان شتە، واتە هەمان شار یان شارستان.

سەرچاوەکان:
١- پایگاه اینترنتی مرکز آمار ایران ٢- درگاە ملی آمار، فرمانداری اسلام آباد غرب ٣- سعید بختیاری، اطلس گیتی شناسی استانهای ایران، چاپ یکم ٤- ا. م. دیاکونوف، ترجمە کریم کشاورز، تایخ ماد، چاپ ششم ٥- دانشنامە آزاد ویکیپێدیا ٦- نقشە ایران، چاپ ١٣٨٥ شمسی.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی