"an independent online kurdish website
mejid_palani_001

لە مێژووی دوور و نزیکدا، بەتایبەت لە وڵات و دەڤەرە لە دواکەوتووی ڕاگیراوەکاندا، بە بەشێکی زۆر لە کوردستانی خۆشمانەوە، پیاوسالاری باو بووە و هەیە.

  ئەوە بووتە هۆی ئەوەی کە پیاو خۆی بە خاوەن دەسەڵاتی گشتی چ لە ماڵەوە و چ لە دەرەوە بزانێ. ئەمە تەنیا بەوەشەوە  نەوەستاوە و ژنەکەی بە نامووسی خۆی چاو لێ بکا، واتا، لەوەشدا ژنەکەی بە بێدەسەڵات و خاوەنی خۆی دانانێ. ئەمە وای لە پیاوان کردووە کە هەردەم لە دیار و نادیاردا، لە دەرەوە و ماڵەوەدا هەموو بیر و بیرکردنەوەیەکی لای ژنەکەیەوە بێ، نەکا کەسێک یان کەسانێک بەچاوێکی بەگومانەوە چاوی لێبکەن، یان دەسدرێژی بکەنە سەر.

بە واتایەکی دیکە، هێندە دەسەڵاتی ژن بە لاواز و بێهێز دادەنرێ بگرە  لەکاتێکدا کە هەڕەشەیەک ڕوو بە ڕووی دەبێتەوە نەتوانێ پارێزگاری لە خۆی بکا. باشە، بۆدەبێ هەرکەسە و هی خۆی نەبێ؟! هەر مرۆڤە بە ژن و پیاوەوە خۆی بە بەرپرسیار لە بەرامبەر پاراستنی شەرەف و کەرامەتی  خۆی نەبێ؟ کە دەبێ وا بێ . ئایا ئەمە نەخۆشییەکی دەروونی نییە بۆ پیاوان کە تەواوی کاتی خۆیان بەو بیرە نەرێنییەوە خەریک بکەن؟

ئایا ئەگەر مرۆڤێک خۆی نەتوانێ، یان نەیەوێ خۆی لە بێ ئەخلاقی بەدوور بگرێ، یان خۆی بپارێزی، هیچ کەسێک تەتوانێ بیپارێزێ؟ ئایا چەندە دەتوانرێ ئەم چاوی کامێرای شاراوە لەسەر یەکتر دابنرێ و پاشان ڕاپۆرتەکەی بداتەوە؟

با بێینە سەر ئەو باوەڕە درووستە کە هیچ کەسێکمان لە ژن و پیاو خاوەنی ئەویترمان نین، بەڵکوو هەرکاممان خاوەنی خۆمانین، لە بەرامبەر ئاکار و هەڵسوکەوتەکانی خۆمان، خۆمان بەرپرسیارین.

بێگومان هەموو خوێنەرای ئەم کورتە نووسراوەیە دەزانن و بیستویانە و دیتوویانە کە، بەداخەوە بە سەدان و بگرە هەزاران ژن، خوشک و دایکەکان بە ناوی پارێزگاری لە نامووس، ژنەکان، خوشکەکان و بگرە دایکیان کوشتووە. زۆر دوور نییە، ئەوەی کە جنسی پیاوەکان بەو ناوەوە، یان بەو تۆمەتەوە ژنەکانیان کوشتووە، لە سەدا، ٩٩ ی تەنیا تۆمەتی هەڵبەستراو بووبێ و لەگەڵ ڕاستی یەکی نەگرتبێتەوە.

ئەم بۆچوونە نەرێنییە لە وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا حەل بووە. هەرکام لە ژن و پیاوەکان خاوەنی خۆیانن، نەک پێچەوانەکەی، بۆیە دەبینین هیچ ژنێک بەو ناوەوە ناکوژرێ.

ئەگەر لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە کچەکان چەندە لە هەڵبژاردنی هاوسەری ژیان، خاوەن دەسەڵاتن،  بە خواستی خۆیان هاوسەر هەڵدەبژێرن، ئەوە باسێکی دیکەیە . ئەم هەویرە ئاوی زۆرتری دەوێ و لە توانای ئەم کورتە نووسراوەیەدا نییە.

  لە کۆتایی ئەم کورتە باسەدا کە لە ڕاستیدا دڵۆپێکە لە دەریایەک، دەبێ داوا  لە کۆمەڵانی کوردەواری خۆمان بکەین کە، واز لەوە بێنن کە هیچکام لە ژن و پیاوەکان خۆیان بە خاوەنی شەرەف و نامووسی ئەویتریان بزانێ، بەڵکوو با هەرکامە و هی خۆی بێ، تا باشتر خۆی لە بەرامبەر ئاکار و کردارەکانیدا  بە بەرپرس بزانێ.

ئەگەر وەک موسڵمانێکیش بیر بکەیەوە، ئەوە نییە کە خوا لە قورئانی موسڵمانەکاندا لە زۆر جێگەدا دەڵێ: (هیچ کەسێک لە بەرامبەر تاوانکردنی کەسێکی دیکەدا بەرپرسیار نییە)

بۆ نموونە تاماشای ئەم ئایەتانە بکەن.

سورەی ئەنعام، ئایەتی ١٦٣

سورەی ئەسرا ئایەتی ١٥

سورەی فاتیر ئایەتی ١٨

زومەر ئایەتی ٧

سورەی نەجم ئایەتی ٣٨

سورەی نەحل ئایەتی ٢٥

سورەی تاها ئایەتی ١٠٠ و … هتد.

ئەمانە مشتێک بوون لە خەروار، ئیتر چیت بۆ ماوە بە ناوییەوە جینایەتی مرۆڤ کوژی بخوڵقێنی؟!١١

{jcomments off}مەجید پاڵانی، نۆروێژ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی