"an independent online kurdish website

لەم چەند ساڵەی دواییدا بازاری رووناکبیری و چالاکیی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەر دا دێ بەرەو شێواوی و شپرزەیی دەڕوات. لە لایەکەوە حیزبەکان جیا لەوەی بە هۆی بارودۆخی سیاسی ئێران و ناوچە لە بەستێنی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە، لەو ماوەی دە ساڵەی دواییشدا تووشی نەخۆشی دابڕان و لێک جیا بوونەوە هاتوون.cemil_kolahi
لە لایەکی دیکەشەوە ئەو کەسانەی کە خۆیان بە رووناکبیر دەزانن تووشی بەڵایەکی خراپتر لە حیزبەکان بوونە، ئەم بەڵایە دەتوانین نێوی باکووریزە بوون و باشووریزە بوونی لە سەر دابنین. بۆیە دەتوانین بڵین هەر دوو لایەنی سیاسی و رووناکبیریی رۆژهەڵاتی کوردستان بە توندی نەخۆشن.

ئەم شپرزییە تا رادەیەکی هەرە زۆر دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشی حیزبەکان. تاکتیکی زاڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا تاکتیکی شەڕی چەکداری بوو، بەڵام  دوای ئەوەی کە حیزبەکانی رۆژهەڵات بە هەر هۆیەک نەیانتوانی درێژە بە خەباتی چەکداری بدەن، دەبا بیریان لە تاکتیکێکی دیکە وەک ئاڵتێرناتیڤ بکردبا.

داوا کردن لە خەڵک بۆ داخستنی بازار و دووکان بە مەبەستی ئیدانە کردنی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و ئێعدامەکان رێگایەکی باش بوو بۆ دۆزینەوەی ئاڵتێرناتیڤی خەباتی چەکداری و گشتگیر کردن و سەقامگیر کردنی خەباتی مەدەنی و دەرچوون لەو دۆخەی کە تێ کەوتبوون. بەڵام بە داخەوە تەنیا بۆ ماوەی دوو یان سێ ساڵ تاقییان کردەوە، هەر چەند خەریک بوو ئەو شێوە خەباتە لە رۆژهەڵاتدا جێگیر ببێ، بەڵام هەر تەنیا لە سەر ئەو تاقە ڕیگایە واتە داخستنی دووکان و بازار مایەوە و شێوەکانی دیکە تاقی نەکرایەوە، بۆیە رژیمی زاڵ تا رادەیەکی زۆر توانیویە ئەو تاقە ریگایەش بە هەڕەشە و گوڕەشە بە تەواوی بەرتەسک بکاتەوە و پێشی پێ بگرێ.

لەو هەلومەرجەدا حیزبەکان پێویستیان بە هێزی فیکری و داهێنەر بوو کە بتوانن لە ئاستەنگەکانی کۆماری ئیسلامی دەرباز بن و خەباتی رۆژهەڵات بە زیندوویی رابگرن، بەڵام هێزی فیکری رۆژهەڵات خۆی تووشی نەخۆشینێکی دیکە بوو و کۆی ئەم دوو نەخۆشینە دۆخی خەباتی رۆژهەڵاتی گەیاندووەتە ئەم ئاقارەی ئێستا. نە کێشەی رۆشنبیران، کەم و کورتی و هەڵەی حیزبەکان پاساو دەداتەوە و نە راوەستانی حیزبەکان لە بەرپرساریەتی توێژی رۆشنبیر کەم دەکاتەوە و بگرە باری سەرەکی هەر لە سەر شانی توێژی رۆشنبیرە کە بە چرای رێگای کۆمەڵگا دەناسرێت.

 بە داخەوە وشەی رووناکبیر و ئەرکی رووناکبیر لە لای ئێمە بە شێوەیەکی چەوت مانا کراوەتەوە. لە لای ئێمە هەر کەس رقی لە فڵان سەرکردە یان حیزب بێت، وەک رووناکبیر خۆی دەناسێنێ! کەچی ئەرکی رووناکبیر گەلێک قورستر لەوەیە کە ئاوەها کەسانێک بتوانن بیریشی لێ بکەنەوە.

لە پێناسەیەکدا “رووناکبیر ویژدانی کۆمەڵگەیە، ویژدانێک کە ناعەداڵەتییەکان دەخاتە بەر رەخنە”. بەم پێیە رووناکبیر هەست بە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی مرۆڤ دەکا و بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخەی کە مرۆڤەکانی تێدایە، هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ. “رووناکبیر هیچ نێوانخۆشییەکی لە گەڵ دەوڵەت و دەسەڵات، دین و مزگەوت و کلیسا و هەر وەها خاون مڵک و سەرمایەداردا نیە. رووناکبیر عاشقی ئازادییە و هەر کەس و لایەن و ئیدئۆلۆژییەک ببێتە هۆی بەرتەسک بوونەوە یان نەهێشتنی ئازادی، بوێرانە لە بەرانبەریان رادەوەستێ و لەم بارەیەوە تیشک دەخاتە سەر راستییەکان و مافە رەوا و مرۆییەکان بە خەڵکی خۆی دەناسێنێ.

هەر بۆیە رووناکبیر ناتوانێ لە نێو قەوارەیەکدا بگۆنجێ و ئەندام و لایەنگری حیزب و ئیدئۆلۆژییەکی تایبەت بێت. واتە رووناکبیر لە باری سیاسی و بیر کردنەوە سەربەخۆیە و دڵی لە گرەوی هیچ حیزب و ئیدئۆلۆژی و دەسەڵاتێکدا نیە” “وەرگیراو لە Encyclopeadia Univesalis” کەوابوو رووناکبیر تەنیا بە بەختەوەری و ئازادی مرۆڤەکان بیر دەکاتەوە،  ژان پاول سارتر لە کتێبی “بەرگری لە رووناکبیران”دا دەڵێ: “هەر رووناکبیرێک زانستی خۆی بەرتەسک بکاتەوە بۆ خزمەت کردنی گرووپێکی تایبەت وەک دەسەڵاتدار، سەرمایەدار، حیزب و… لە بازنەی رووناکبیریدا نامێنێ” بەم پێیە رووناکبیر لە نێو هیچ قەوارەیەکدا ناگۆنجێ و کەسایەتییەکی جیهانییە.

سارتر لە درێژەدا دەڵێ: “ئەرکی رووناکبیر بە ئاگا هێنانەوەی خەڵکە، ئیشی ئەو دیتن و خستنە روویە، ئیشێکی دیکەی رەخنە گرتن لە دۆخی هەنووکەییە.” هەروەها دەڵێ : “رووناکبیر بەرپرسیارە…  بە پێی پێویست هەنگاو هەڵدەگرێ … بە پێی هەلومەرج و بارو دۆخ هەنگاوی تایبەت هەڵدەگرێ”

لە روانگەی ژان پاول سارترەوە دوژمنی سەرەکی رووناکبیر کەسێکە کە ئەو پێی دەڵێ “رووناکبیری ساختە”. سارتر دەڵێ رووناکبیری ساختە هیچکات وەک رووناکبیری راستەقینە  ناڵێ “نە”، بەڵکو “نە، بەڵام…” و “دەزانم، بەڵام…” لە نێو کۆمەڵگەدا برەو پێ دەدا. هەر بۆیە دەڵێ: “رووناکبیر خاونی رای خۆیەتی و ئەوەندە باوەڕی قووڵە کە هیچ شتێ ناتوانێ بە لاڕێیدا ببات”

بە پێی ئەو تایبەتمەندییانە کە ئاماژەم پێ کردن ئیشی رووناکبیر جیا لە بەرهەم هێنانی زانست و هزر، رەخنەیە. کەوابوو هەموو رووناکبیرێک رەخنەگرە، بەڵام ناتوانین بڵین کە هەموو رەخنەگرێک رووناکبیرە. چونکە ئەو تایبەتمەندییانە کە بۆ رووناکبیرم هێنایەوە، هەموو رەخنەگرێک پێویستیان بە هەبوونیان نیە و دەتوانن بە بێ ئەوەی رووناکبیر بن، رەخنەگر بن. (رەخنەش ئەڵبەتە مانا و تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئەوە باسێکی جیاوازە)

بە لەبەرچاو گرتنی ئەم تایبەتمەندیانە، کاتێک چاو لە  باروودۆخی رەخنە و رۆشنبیری لە کوردستانی رۆژهەڵات دەکەین ، بەداخەوە دیمەنێکی جوانمان ناکەوێتە بەرچاو!

گرینگرین بۆشاییەک کە لە یەکەم روانیندا دەبیندرێ نەبوونی هەستی بەرپرساریەتییە کە لە باسی رووناکبیریدا باسێکی گرینگە، رووناکبیری ئێمە (رەنگە لە ژێر کاریگەری ئەو پاش مۆدیرنیسمەی کە پێش لە مۆدێرنیسم هاتووەتە ئێران و کوردستان!) هیچ ئەرکێک و بەرپرسارییەتێک بۆ خۆی نابینێت و هەربۆیە کارەکانی زیاتر لەوەی رەنگی رەخنە و روونکردنەوە و وشیار کردنەوەی خەڵکیان پێوە دیار بێت، تا رادەی بۆڵە بۆڵ بە زمانێکی قورس کە خەڵک بە باشی لێی تێ نەگات دابەزیوە.  رووناکبیری راستەقینە لە کاریدا بەردەوامە و ئەگەرچی بەدواداچوونی رووداوەکان دەکات، بەڵام رووداوەکان مێشکی رێنوێنی ناکەن . کەچی رووناکبیری لای ئێمە لە کاتێکدا واز لە بۆڵە بۆڵ دێنێ کە شتێک روودەدات و لەو شتەشدا کاری خۆی بە دوو بانگەشە کۆتایی پێدێنێت و وا دەزانێ ئەرکی خۆی بە باشی جێبەجێ کردووە و پێی وایە پاڵ دانەوە و بانگهێشتی خەڵكێک بۆ شەڕ کردن مانای دابین کردنی خۆراکی هزریە و بەرێوە بردنی بەرپرساریەتی رۆشنبیرانە!

ئەم رووناکبیرانە بەداخەوە زیاتر لەوەی کە بە ئەرکەکانیان بیر بکەنەوە بە ئەو وشەگەلە بیر دەکەنەوە کە لە فەزای رۆشنبیریدا باون، چ چەمک و وشەیەک لە لای لایەنگرانی مەکتەبی فرانکفۆرت یان فۆرمالیستەکان و دیاردەناسەکان و کەسانی وەکوو فۆکۆ و دریدا و چامسکی و هایدگرو… باو بێت ئەوە دەکەنە بنێشتی سەرزاریان و بە حەق و ناحەق بۆ دامرکاندنی هەستی رووناکبیرانەی خۆیان! بە کاری دەهێنن.

 یەکێک لە باوترین چەمک و وشە خۆشەکان بە لای رووناکبیری ئێمەوە وشە و چەمکی دەسەڵاتە. کە نە تەنیا وەکوو وشەیەکی رەش و بێز هێنەر و خراپ دەیناسێنن بەڵکوو بێزاری خۆیانیشی لێ دەردەبڕن و حاشا لە هەر چەشنە ئاواتێک بۆ دەسەڵات دەکەن، بە لای ئەوانەوە مرۆڤی سیاسی واتە دەسەڵاتخواز، حیزبی سیاسی واتە دەسەڵاتی ئەهریمەنی چەوسێنەر! و هەر چەشنە چالاکی لەو چوارچێوەیەدا واتە کاری پیسی بڕێ مرۆڤی بەرژەوەندیخواز کە ئەڵبەتە هیچ زانیاری و ئاگاهییەکیان نیە و یان ئەگەر هەیانە زۆر رووماڵ و لاوەکییە! چون ئەگەر وا نەبوایەن نەدەبوون بە سیاسی و وەکوو ئەوان رووناکبیر بوون!

بەڵام هەر ئەم بەڕێزانە لە کردەوەدا شتێکی دیکە دەنوێنن، بانگەشەی سەربەخۆیی دەکەن و بێزارن لە حیزب و سیاسەت و دەسەڵات، بەڵام ئەو بێزارییە بۆ هەموو حیزب و هەموو سیاسەتڤانێک نیە بەڵکو بەشێک لەو حیزب و کەسایەتییانە لە دەرەوەی بازنەی پیس بوونی چەمکی دەسەڵاتن و پیرۆزییان پێ دەبەخشرێ، لێرەدایە کە پارادۆکسە دەروونییەکانی رووناکبیری رۆژهەڵات دەردەکەوێت و دەکەوینە بیر هەمان رۆشنبیری ساختە کە ساتر باسی دەکات، رۆشنبیرێک کە حیزبی سیاسی رەت دەکاتەوە “بەڵام” حزبی ئیکس بەلایەوە جیاوازە، لە سیاسەت بێزارە “بەڵام” سیاسەتی هێندێ کەس جیاوازە، سیاسەتڤان هەموو دەسەڵات خوازن”بەڵام” فڵانە سیاسەتڤان جیاوازەو …هتد.

زۆرن ئەو کەسانە کە خۆیان بە رووناکبیر و سەربەخۆ دەناسێنن، بەڵام کاتێک وتار و ئاخاوتن و شێعرەکان و هەڵسوکەوتیان دەبینین، بۆمان دەردەکەوێ کە لە هەموان زیاتر حیزبین و عاشقی دەسەڵاتن! (دیارە دەسەڵات و دەسەڵاتخوازی لە خۆیاندا هیچ خراپ نییەو ئاکامی هەر  کردەوەیەکی  سیاسی پێوەندی راستەوخۆی بە دەسەڵاتەوە هەیە و ئامانجی تێکدانی هاوسەنگی هەنووکەیی دەسەڵاتە، ئەوەی کە کێشە خولقێنە ناڕوون بوونی هەڵوێستی رووناکبیرانی رۆژهەڵاتە)  زۆر بوون ئەو رووناکبیرانە کە رەخنەگری پارتی و یەکیەتی بوون بەڵام کاتێ کاشی هاتە عەمەڵ بوون بە بەشێک لە دەسەڵاتی ئەو دوو پارتە!

رووناکبیری ئێمە زۆر حەز دەکات سەربەخۆ بێت و خۆی لە سیاسەت و خەبات و لایەنگری لە سیاسەتڤانەکان بپارێزێت بەڵام بۆی ناکرێت!

ئەمە دیارە هەمووی خەتای ئەوانیش نییە، هەڵەی ئەوان لەم نێوانەدا ئەوەیە کە لە باروودۆخی خۆیان و وڵاتەکەیان ورد نابنەوە، ئەو شتانەی فێر بوون شی ناکەنەوە و بێژنگی ناکەن تا بە شتێکی رەسەن بگەن بەڵکوو بە پاڵپشتی رووناکبیرانی ئۆرووپایی بیر دەکەنەوە. کێشەی بادانەوەی نائاگا (یان بە ئاگای) رۆشنبیران بەرەوە حیزب و دەسەڵات و هەموو ئەو شتانەی بێزاری لێ دەردەبڕن، باروودۆخی وڵاتەکەیانە .

لە وڵاتێکی لە حاڵی شۆڕشدا ئەرک و ئیشی رووناکبیر و خەباتکار زۆر لە یەک نزیکن و تەنانەت دەتوانم بڵێم تێکەڵی یەکترن. خەباتکار (بە تاک و حیزبەوە) وەئاگا هێنانەوەی خەڵک (کە ئیشی رۆشنبیرە)بە ئەرکی خۆی دەزانێت و لە بەرانبەردا رووناکبیریش دژکردەوە بەرانبەر بە داگیرکەر(کە ئەرکی خەباتکارە) بە ئیشی خۆی و ئەرکی خۆی دەزانێت.

لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەر هەموو ئەو کەسانەی کە خۆیان وەک رووناکبیر دەناسێنن، رۆژنامەوانان، چالاکانی بواری ژنان و منداڵان و کرێکارانن کە بەشێک لە هێزی خوازیاری گۆڕانی دەسەڵاتن و هەر هەموویان تێکڕای حیزبەکان و خەباتکارە سیاسییەکان لە لایەن رژیمەوە وەک هەڕەشە و دۆژمن چاویان لێ دەکرێ. واتە هەموویان لە بەرەیەکدان و ئۆپۆزسیونن .

کەوابوو رووناکبیری لای ئێمە ناتوانێت لە دەرەوەی سیاسەت و حیزبایەتی و خەبات و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دەسەڵات بوەستێت و چ پێخۆش بێت و چ نا بەشێکە لەو داستانەی کە خۆی لێی بێزارە، هەر وەک باسم کرد هێندێ جاریش بە کردەوە ئەوە دەنوێنێت و بەرگری راستەوخۆ و بەگوڕ و تین لە لایەنێک دەردەبڕێت و وەکوو سیاسەتڤانێکی تەواو دێتە مەیدان و دەبێتە ئاڵاهەڵگری شەڕی چەکداری و لە قەوارەی راگەیاندنی حیزبی سیاسیدا خۆ دەردەخات، زۆر روونە کە  کاتێکیش بۆ پەنابەری روو لە هەندەران دەکات خۆی وەکوو خەباتکاری سیاسی و تەنانەت سەر بە هەمان حزبە پیسە و دەسەڵاتخوازەکان دەناسێنێت!

بەڵام باسی ئێستا زیاتر لەوەی کە بپرژێتە سەرئەو پارادۆکسە دەروونییانە، هەوڵ دەدات سەرچاوەی تێگەییشتنە سەقەتەکان کە رووناکبیران خۆیان وەکوو یەکەم قوربانی ئەو تێگەییشتنانە دێنە ئەژمار بخاتە روو. بۆیە دەگەڕێمەوە بۆ رووناکبیر و کێشەی دەسەڵات و ئەو رقەی کە لە حیزب و دەسەڵات هەیانە بۆ ئەوەی بزانین رووناکبیر چۆن بەو ئاکامە گەییشتووە کە حیزب واتە دەسەڵات و دەسەڵاتیش واتە سەرچاوەی نەکبەتی.

 لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دۆخێک زاڵە کە هیچ حیزبێکی کوردی ئەزموونی دەسەڵاتداریی نیە، ئەو کەسانەش کە دەڵن رووناکبیرین ئەزموونی ژیان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو حیزبە کوردییانەیان نیە، واتە رژیمی زاڵ هەمووی خستۆتە بەرەیەکەوە و هەمووی کردۆتە ئۆپۆزسیون. نە حیزبەکان ئەزموونی دەسەڵاتیان هەیە تا رووناکبیرەکان لە بەرانبەر دەسەڵاتە زاڵمانەکەیانەوە بەرگری لە خەڵک بکەن، نە رووناکبیرەکان ئەزموونی بوون لە ئاوەها کۆمەڵگەیەکیان هەیە تا بزانین چەندە خۆ ڕاگر و خاون رای خۆیانن؟ چەندە دەتوانن پشت لە دەسەڵات بن و روو لە خەڵک؟!

لە وەها دۆخێکدا حیزبەکان دەڵێن ئێمە بۆ دەستەبەر کردنی مافە رەواکانی کورد خەبات دەکەین (دیارە نرخی ئەوەشیان هەرکام و بە شێوەیەک داوە) بەڵام رووناکبیر ئەوەی پێ قبووڵ ناکرێت و بە هەڵسەنگاندنی باشوور لە گەڵ رۆژهەڵات دۆخێکی هاوچەشن لە مێشکی خۆیدا دەنەخشێنێت و دەست دەکات بە شەڕ کردن بە دژی ئەو وێنایە کە خۆی خولقاندوویەتی و لە دنیای واقعدا بوونی نیە. بۆ ئەو مەبەستش هەموو شتەکان بە پێی دۆخی باشور دەبینێت و هەر بۆیە دەست دەکاتە سزادانی پێش لە تاوان! و هەڵدەکوتێتە سەر ئەوانەی کە بە ڕای ئەو لە داهاتوودا قەرارە خەڵک بچەوسێننەوە!

لە لایەکی دیکەوە بە چاو کردن لە دۆخی باکوور کە نوێنەری پارلەمانیان هەیەو خۆپیشاندانیان هەیە و زۆر کردەوەی ئازادانەی دیکەیان هەیە، کەچی وڵاتی خۆی ئەوانەی نیە بە لای خۆیەوە دەڵێ هەبێ و نەبێ هەمووی خەتای ئەو حیزبانەیە کە نازانن خەبات بکەن. (لە پێشەوە ئاماژەم بەوەدا کە هەڵەی رووناکبیران هیچ لە ئەرکی حیزبەکان کەم ناکاتەوە و هەڵەکانی ئەوان پاساو ناداتەوە)

هزری رووناکبیرانی ئێمە باکووریزە و باشووریزە بۆتەوە، بێ ئاگا لەوەی کە ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەم دۆخەمان نیە، واتە دەسەڵاتی کوردیمان وەک باشووری کوردستان نیە، وەک باکووری کوردستان حیزبێکمان نیە کە بەشێک بێت لە پارلەمان و نوێنەری راستەقینە خەڵک بێ. چونکە وڵاتی ئێمە لە لایەن رژیمێکەوە داگیر کراوە و نە تەنیا دەسەڵاتێکی کوردی لەوێدا بوونی نیە کە رووناکبیر رەخنەی لێ بگرێ، بەڵکو وەک باکووریش سیستمە زاڵەکە ئەوەندە کراوە نیە کە حیزبێکمان هەبێ و لە پارلەمانی وڵاتی داگیرکەردا نوێنەرایەتی راستەقینەی نەتەوەکەمان بکات و شارەوان و بەرپرسەکان لەو حیزبە بن و ئازادانە هەڵسوکەوت بکەن و لە پرسەی شەهید بوونی گەریلاکاندا کە دژی دەوڵتی تورک شەڕ دەکەن بەشدار بن و دژی رژیم ئاخاوتن بکەن.

رووناکبیران! و بەشێکی هەرە زۆر لە رەخنەگرانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەر وەک باسم کرد لە رووناکبیری تەنیا بۆڵە بۆڵ دەزانن بەردەوام حیزبەکان بەوە تاوانبار دەکەن کە یەک ناگرن، کاتێکیش یەک دەگرن، بە بێ ئاماژە بە هیچ بەڵگەیەک دەڵێن خەونی وەک حیزبەکانی باشوور بە رۆژهەڵاتەوە دەبینن، بۆیە رێککەوتوون!

کەوا بوو هەموو رێگاکان و دەرگاکانی پێوەندی خۆیان و سیاسەتڤانەکانیان لە پێشەوە بەستووە، بێ ئەوەی کە بزانن مەرجی سەرکەوتن هاوسازی و هاوفکری رۆشنبیر و سیاسەتکارە. هەر چۆن شۆڤنیزمی فارس بێ ئەوەی شتێک رووی دابێت و بێئەوەی کۆماری ئیسلامی رووخابێت ، کورد، بە پێی بۆچوونەکانی خۆی تاوانبار دەکات و سزاشی دەدات، ئەمانیش پاڵ دەدەنە بەر بۆچوونەکانی خۆیان و سزای پێش لە تاوان دیاری دەکەن.

بەداخەوە  هەموو ئەو کەسانە  بەو شێوە بە دەم پرسی کورد لە رۆژهەڵاتەوە دەچن، خۆیان (واتە رووناکبیران و بەشێک لە رەخنەگرانیش) خەریکن لە نێو باشووریزە بوون و باکووریزە بووندا نۆقم دەبن.

ئەوە دوور لە عەقڵییەتی رووناکبیرییە کە بە پێوەری باکوو ر و باشوور رەخنە لە حیزبی رۆژهەڵاتی بگیردرێت. هەر وەک پێشتر باسم کرد سەرچاوەی کێشەکە لەوەدایە کە رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی ئەوەی کە لە حاڵی شۆڕش دایە ناتوانێت روناکبیری هەبێت و  هەموو ئەم گرفتانەش لە  خولیای رووناکبیرییەوە دێت.

 رووناکبیر بەرهەمی سەقامگیری سیاسییە.  بۆیە دەتوانین بڵێین لەو دۆخەدا رووناکبیرمان نیە، مەگەر ئەوەیکە ئەو کەسانە کە وا دەڵێن رووناکبیرین دەسەڵاتی داگیرکەر وەک دەسەڵاتی کوردی بێننە ئەژمار! لە دۆخێکی وەک رۆژهەڵاتدا هەلوومەرجی زاڵ، رووناکبیر دەگۆڕێت بە خەباتکار، کەوا بوو  خەباتکارمان هەیە نەک رووناکبیر.

ئەو کەسانەی کە لە رۆژهەڵاتدا خۆیان بە رووناکبیر دەزانن بۆ مانا بەخشین بە بوونی خۆیان، لە نێو دنیای خەیاڵیی خۆیاندا دەسەڵاتێکی چەوسێنەریان بەو حیزبانە داوە. لەو دنیا خەیاڵییەدا رێبەرانی حیزبەکان وەک سەرکۆمارێک دێننە ئەژمار کە بەردەوام خەریکی سەرکوت و چەوساندنەوەی خەڵکن و ئەوانیش وەک رووناکبیر لە بەرانبەریاندا راوەستاون! واتە ئەوان رووناکبیر و رەخنەگری دنیای خەیاڵی و چێ کراوی زەینی خۆیانن، دەنا لە دنیای راستەقینەدا وەها دەسەڵاتێک بوونی نیە تا ئەوان وەک رووناکبیر، خەڵک دژی حیزبە سەرەڕۆ و دەسەڵاتدارەکان روون بکەنەوە.

لەم ناوەدا ئەوان بە بێ ئەوەی لە خۆیان ئاگایان بێ ئۆپۆزێسیونێکیان لە نێو ئۆپۆزێسیون چێ کردووە، واتە ئۆپۆزسیونێکیان لە دژی ئۆپۆزسیونی کۆماری ئیسلامی پێکهێناوە، دەنا هەر وەک گۆترا هیچکام لەو حیزبانە دەسەڵاتدار نین و هەر هەمووی بە حیزبی و ناحیزبییەوە ئۆپۆزێسیونی کۆماری ئیسلامییە. جیا لەوە خەڵک هیچ ئەزموونێکی لە دەسەڵاتدارییەتی حیزبەکان نیە تا گوێڕایەڵی وتەی رووناکبیران بێت.

بەو فاکتانەوە کە هێنامەوە باوەڕم بەوە نیە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا رووناکبیرێک بوونی هەبێ، چونکە ئەوەی کە هەیە لەو بەشەی کوردستان هەمووی لە یەک بەرەدایە و دوژمنی دەسەڵاتە، کەسیان دەسەڵاتیان نیە تا ئەویان ببێتە رووناکبیرو دژە دەسەڵات. ئەو شتەش کە ئەو هاورێیانە بە ناوی کورسی و دەسەڵات ناوی دەبەن ساختەی مێشکی خۆیانە نە دنیای واقێع، چونکوو لە دنیای واقێعدا حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵات تەنانەت بستێ خاکی خۆیان بە دەستەوە نییە تاکوو بگات بە دەسەڵات!

ئەو بە ناو رووناکبیرەی رۆژهەڵات ئەگەر بیتوانیبا بە لێکدانەوەی باروودۆخی وڵاتی خۆی و شیکردنەوەی ئەو تیئۆرییانە کە خوێندوویە و خۆ دوور خستنەوە لە لەبەر کردنی بۆچوونی بیرمەندانی دیکە، ببێتە خاوەن بیری خۆی، رەنگە رۆڵی سەرەکی و جیددی لە  گۆڕانی دۆخی سیاسی کوردستانی رۆژهەڵات بگێرایە و حیزبەکانیشی ناچار بکردایەت کە بۆ بیر و داهێنانی ئەو سەردابنوێنن و هەنگاوێکی جیددیان پێکەوە بۆ رزگاری هەڵگرتبایە. 

بەڵام ئەوە بەستراوی داهێنان و بەرهەمهێنانی هزری و زانستی و بیرێکی باڵغ و سەربەخۆیە کە بەداخەوە لە زۆربەی نوێنەرانی رۆشنبیریی رۆژهەڵاتدا بە دی ناکرێت و ئەوەی هەیە مرۆڤێکی سەرلێشێواو لە نێوان سیاسەت و هونەر و فەلسەفە و زۆر شتی دەکەیە کە تایبەتمەندی بەرچاوی بۆڵەبۆڵی تێکەڵ بە خەمۆکی و نەخۆشینە. دیارە لەو تایبەتمەندیانەش هێز و ئیرادە و توانای گۆڕانکاری ناوەشێتەوە.{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی