"an independent online kurdish website

کام وصفت خەیاڵ کام شێوەت یاد کەم

پەی کام خصلتت داد و فەریاد کەمshehid_hisam1

٣٠ی خەزەڵوەی ئەمسال ٣٠ ساڵ بە سەر شەهید بوونی شەهید حیسام ئەسعەدی تێدەپەرێ. شەهید حیسام له ساڵی ١٣٣٩ هەتاوی بەرامبەر به ١٩٦٠ زایینی له گوندی کەسنەزان سەر بە سەرشیوی سەقز له دایک بوو و له ٣٠ خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦١ بەرامبەر بە نوامبری ١٩٨٢ زایینی له سەر بەرزاییەکانی کێوی رەجاڵگا له نێوان ئاواییەکانی هۆیه و بێساران پاش شەرێکی قارەمانانه به دەستی مرۆڤکوژانی کۆماری ئیسلامی ئیران شەهید کرا. له کاتی شەهید بوونیدا کە تەنیا ٢٢ ساڵ لە تەمەنی تێدەپەری  فەرماندەی هێزی زرێواری مەریوان بوو.

بۆ رێزنان له یادی ئەو شەهیده نەمره، لەگەڵ چەند کەس له هاورێیانی حیسام پێوەندیم گرت و داوام لێکردن که بەم بۆنەوە بیرەوەری یان بیرەوەییەکانی خۆیانم بۆ بەرێ کەن تا لە نامیلکەیەکی کورتدا له چەند بەشدا پێشکەش به هەموو هاورێیانی حیسام، بنەماڵەکەی و ئەویندارانی رێگای دیمۆکراسی و ئازادی بکەم.

پر به دڵ سپاسی ئەو خۆشەویستانه دەکەم که یارمەتی منیان دا که ئەم ئەرکە به جێ بگەێنم. سپاسی تایبەتی هاورێی ئازیز کاک ئایەت روحانی دەکەم که ماندوو نەناسانه هاوکاری کردم بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ هاورێیان له کوردستان و به ئەستوو گرتنی زەحمەتی نووسین و بەرێ کردن بیرەوەرییەکانی چەند هاوسەنگەری من و حیسام. پێشەکی زۆر بە کورتی بیرەوەری خۆم لە چۆنیەتی ئاگاداربوون لە هەواڵی شەهید بوونی حیسام

باس دەکەم و پاشان هەوڵ دەدەم کە لە چەند بەشدا بیرەوەری كۆمەڵێک لە هاورێیانی حیسام بخەمە بەردەستی خۆێنەرانی بەرێز.

رۆژی ٣٠ی مانگی خەزەڵوەری سالی ١٣٦٠ی هەتاویه. نانی نیوەرۆمان دەخوارد که پیشمەرگەیەک هات و گوتی کاک حیسام رژیم هێرشی کردووە. شەهید حیسام به پەلە هەستا و خۆی ساز کرد. پێم گوت ئاگات له خۆت بێت پێ کەنی و گوتی ئەوه چییه دەڵێی ئەوڵ جاره بۆ شەر دەچم. لەگەڵی رویشتم تا بەر مەقەر. لەگەڵ کاک ئیقبال …. بەرەو بێساران وەری کەوتن.

زۆری پی نەچوو پێشمەرگەیەک هات و گوتی داده شکۆفه تەها شەهید بووه. زۆر نارەحەت بووم. شەهید تەها کورێکی لاو و سەرپەلی یەکێک له پەلەکانی هێزی زرێوار بوو که حیسام زۆری  خۆش دەویست، وەکوو هەموو ئەو لاوانەی دیکه که له هێزی زرێوار بوون. تەها زۆر قارەمان بوو و لە مەرگ نەدەترسا. له خەمی خێزانیدا بووم که تازه زەماوەندیان کردبوو. ٢ ساعەتی پێ چوو له ماڵی شەهید عەبدولا بەهرامی که ئەو کات بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە ناوچەی مەریوان بوو دانیشتبووم که کاک عەبدوللا هات و گوتی شەرەکە گەرمە، خۆتان ساز کەن لەگەڵ شەهناز و ماکوان و خێزانی شەهید تەها برۆن بۆ ئەویهەنگ.

چوومه مالەوه و ئەوەی که گرنگ بوو له کۆڵه پشتیکەم دانا و هەوا تاریک ببوو که له سەرهۆیه رێ کەوتین. دەنگی تەقە دەهات. هێشتا نەگەیشتبووینه هۆیه که دێم چرایەک له رێگای نێوان بێساران و سەرهۆیه دیاره. له پێشمەرگەکە که لەگەڵم بوو پرسیم ئەوه چییه؟ گوتی داده شکۆفە ئێمه له ئاوایی بووین که هاتن دار تەرمەکەی مزگەوتیان برد. پێشمەرگەیەک شەهید بووه. چونکه هەموو پیشمەرگەکانم دەناسی و هەموویان هات و چووی ماڵی ئێمەیان دەکرد زۆر به داخ بووم و زۆر نیگران.

پرسیم نازانی کێ بوو وڵامی دا که نە و ئەم هەواڵە بۆ من خەمێکی دیکه بوو بۆ له دەستدانی هاورێ و رەفێقێکی دێکه. به دڵی پر خەمەوه گەیشتینه ئەویهەنگ. فریا نەکەوتین پیاڵەیەک چای بخۆین که پێشمەرگەیەک هات و گوتی داده شکۆفە کاک حیسام یەکێکی ناردووه که تۆ هەر چی زووتر بگەرێتەوە بۆ سەرهۆیه. هەستام و هاتینه بەر مەقەر. هەموو ناراحەت بوون و زۆر ئاسایی بوو چونکه هاورێیەکمان شەهید ببوو و خەبەری شەهید بوونی تەهایشم زانیبوو.

هەزاران فیکر هات به مێشکمدا. حیسام بریندار بووه (چونکه چەندین جاری دیکه بریندار ببوو و بیرەوەری ناخۆشم لەم چەشنه زۆر بوو) و شایەدیش شەهید بووه. بە خۆم دەگوت نە، نه، بیری وا مەکە. تا گەیشتینه سەرهۆیه له بێدەنگیەکی تەواو دەتگوت زەمان راوستاوه و ناروا. هەر دەچین و ناگەینه بەرەو. بەو هەموو بیر و پرسیاره و هەزاران فیکری ناخۆش و به هیوای ئەوه که ئەوه راست نەبێت گەیشتینه سەرهۆیه. یەکسەر چووم بۆ مەقەر. کاک ئیبراهیم ناسراو به دوکتور ئیبراهیم لەوێ بوو تەنیا له مەقەر بوو به دەنگێک زۆر کز گوتی شکۆفه گیان برۆ بۆ مزگەوت لەوێ کۆبۆنەوەیه.

له مەقەر دەر کەوتم.  هەموو خەڵکی ئاوایی به ژن و پیاو و منداڵ له دەرەوە بوون و سەر بانی ماڵەکان پر بوو له خەڵک. که لامان دا بۆ مزگەوت و چووینە نێو خەڵکەکە، بیدەنگیەکی یەکجار قورس تێکەڵی دەنگی کوڵەی گریانێکی بە دڵ که ئینسان خۆ دەگرێ که دەنگ بەرز نەکات دەهاته گۆیم. له بەر مزگەوت ئاگرەکە هێشتا رۆشن بوو و هەڵمی گەرم له تیانەکە هەڵدەستا. دیار بوو که تەرمی پێشمەرگەیەک شۆراوه. قورسی ئەو جەوه و ئەو شەره که من له مێشکم دا بوو که ئایا حیسام شەهید بووه یان نه، که نه ناتوانێ راست بێت بیری خراپ مەکە تێکەڵی قورسایی خەمی خەڵکی سەرهۆیەم له سەر شانی خۆم ئیحساس دەکرد.

چوومه نێو مزگەوت هەموو کەس سەری داخست و لەوێشدا بیدەنگییەکی مەرگبار زاڵ بوو. له بیرم نییه پێم وایه له کاک عەبدوڵام پرسی کوا حیسام و هەر لەو کاتەدا خەڵکەکە لە یەک جیا بوونەوه و وەکوو رێگایەک بکرێتەوه خەڵکەکە هەر کام بەرەو لایەک رۆیشتن و له سەرەوەی مزگەوت تەرمێک دانرابوو. ئیتر زانیم که خەونەکە و مەتەرسییەکە هەموو راسته. به هاوار گەیشتمه سەر تەرمەکە و که به هەوش هاتم هەوا رۆشن ببوو. گوتم دەمەوێ بیبینم. مەلای مزگەوته گوتی حەرامه. من هاوارم کرد که دەمەوی بیبینم و کاک عەبدوڵا گوتی مامۆستا لێگره شکۆفه لەو حاڵەدا نییه که بکرێ به قسەی نەکەی. ئێستاشی لەگەل بێت له بیرم نییه که حیسامم بۆ جاری ئاخر بینی یان نه.

له بەر هیرشی رژیم و پاراستنی گیانی خەڵکی ئاوایی سەرهۆیه هاورێیانی کۆمیته بریاریان دابوو که هەر بەو شەوه تەرمی حیسام بنێژن بەڵام خەڵکی ئاوایی سەرهۆیه قەبووڵیان نەکردبوو و گوتیان ئەگەر هەمووشمان تێدا چوو بین بە رۆشنایی ئەسپەردی خاکی دەکەین.

پاش تێپەربوونی ٣٠ ساڵ پێم خۆشه پر بە دڵ سپاسی هەستی ئازایانە و ئەمەگناسی خەڵکی  ئەو ناوچه به تایبەت خەڵکی ئاوایی سەرهۆیه بکەم که چ له کاتی ژیانمان لەوێ و چ له کاتی شەهید بوونی حیسام به هەموو هێز و توانیان لەگەڵ من بوو و ئیستاش هەر مێوانداری له حیسام دەکەن که قەولی دابوو هەتا زیندووە ئەو ناوچەیه به جێ نەهێڵێ و له  ئەوان دیفاع بکات و بە قەولەکەشی وەفای کرد.

شکۆفه قوبادی

shehid_hisam2

ساڵی ١٣٥٥ واتە ٢ ساڵ پێش ڕووخانی شا لە دانیشسەرا لە گەڵ سازمانی چریکە فەداییەکانی خەڵکی ئێران ئاشنا بووم. ساڵی ١٣٥٩  ئینشیعاب کەوتە ناو ئەم سازمانە و بە داخەوە زۆربەی سازمان کەوتە داوی حیزبی توودە و بە ئاشکرا بوون بە پاشکۆی کۆماری ئیسلامی. دوو ڕێگام هەبوو یان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی هاوکاری بکەم، یان وەدوای بیر و بڕواکەم کە دژی ئەم رێژیمە بوو بکەوم و رێگای بەربەرەکانێ و دیفاع لە گەلەکەم هەڵبژێرم. هەر بۆیە هاوینی ساڵی ١٣٥٩ بووم بە پێشمەرگەی سازمانی چریکەکان(ئەقەلیەت) لە ناوچەی مەریوان.

لە هەموو ئەو سازمانە گەورەیە تەنیا ٨ نەفەر بووین بە ئەقەلیەت. لەو ساڵەدا زۆر چالاکی و عەمەلیاتمان هەبوو بە تایبەت لە گەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکرات هاوکاری و هاوخەباتی باشمان هەبوو. ئەوکاتە چالاکی پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەی کامیاران زۆر سەرنج ڕاکێش بوو. ناوی حیسام سەقزی ببوە وێردی زۆربەی خەڵکی ناوچە. زۆر تامەزرۆ بووم کە حیسام لە نزیکەوە ببینم بەلام ئەمە ماوەیەک درێژەی کێشا. ساڵی ١٣٦١ مەقەڕمان لە تەوریوەر یەكێک لە گوندەکانی ژاورۆی سنە بوو. جەولەیەکمان بۆ ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان کرد. زۆربەی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات هاوڕێ و ناسیاومان بوون. چووینە گوندی بۆڕ‌یەر.

کاک سەدیق فەروخیان کە دوایە شەهید بوو، بەرپرسی کۆمیتەی مەریوان بوو. پەلێک لە پێشمەرگەکانی مەریوان(هێزی زرێوار) لە سەر چیای کاڵی‌سەر واتە دەروازەی ناوچەئازاد کراوەکان بوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئەم چیایە زۆر سارد و بێ ئاو بوو، پێشمەرگەکانی حیزب بەو پەڕی کەم خەوی و بی ئاوی و ساردی‌دا دەژیان. کاک سەدیق داوای لێ کردین کە یارمەتی‌یان بدەین و بۆ ماوەی چەند ڕۆژ پێشمەرگەکانی حیزب بگۆڕین و ئەو ئەرکە بخەینە ئەستۆی خۆمان بۆ ئەوەی ئەو نوختە ستراتیژییە نەکەوێتە دەست ڕێژیم. نزیک بە حەوتوویەک چووینە کاڵی‌سەر و پاڕێزگاری ئەوێمان خستە سەر شانی خۆمان. شەهید مەنسوور فەتاحی ناسراوو بە مەنسوور ڕەشە هەورامی فەرماندەی نیزامی ئێمە بوو. شەهید مەنسوور قارەمانێکی کەم وێنە بوو. زۆربەی خەڵکی ناوچە دەیان ناسی و ئەوپەڕی ڕێزیان ڵی دەگرت.

پاش چەند ڕۆژ پێشمەرگەکانی حیزب هاتنە سەر و ئێمەش دەستمان کردەوە بە جەولەکەمان. چووینە ئاوایی ئەوێهەنگ کە هەم مەقەڕی حیزبی لێ بوو هەم مەقەڕی کۆمەڵە. هێشتا نەچووبوینە ناو دێ کە چەند لایەنگری کۆمەڵە هاتنە سەر ڕێگامان و دەستیان کرد بە تانە و تەشەر و ناوی جاشی دیموکرات و بەنیسەدریان لە سەر داناین. ئەمەش تەنیا لە بەر ئەوەی کە ئێمە هاوکاری حیزبمان کردبوو بۆ پاراستنی دەروازەی ناوچە ئازاد کراوەکان کە چارەنووسی هەموومانی بە دەستەوە بوو. کوڕێکی گەنجیان کە ناوی ستار بوو زۆر بێ حورمەتی پێکردین، بەڵام هاوڕێیەکی کۆمەڵە بە ناوی ئەنوەر هات بۆ لامان و زۆر بەسەر ئەم ستارە دا هات و دڵخۆشی ئێمەی دایەوە و شتەکە تەواو بوو.

بۆ ڕۆژی دوایی چووینە ئاوای بێساران کە گوندێکی گەورەی ژاوەرۆیە و راست لە ناوەڕاستی ناوچە ئازاد کراوەکاندا بوو و لەوێش بەرپرسێکی کۆمەڵە هات و زۆر بێ ئیحترامی پێ کردین و ئەویش ناوی جاشی دیموکرات وجاشی بەنی سەدری بەسەردا بڕین و بە تایبەت زۆر بێ ئیحرامی بە کاک مەنسوور ڕەشەهەرامی کرد. کێشەکە گەورە بووەوە و کار کەوتە سەنگەر گرتن لە یەکتر. بەڵام خەڵکی ئاوایی و مامۆستای ئایینی کێشەکەیان دامرکاند و چووینەوە بۆ تەوریوەر بۆ مەقەڕی خۆمان. لە مەقەڕ کۆبوونەوە گیرا و بەرپرسی سازمان کە کابرایەکی فارس بوو ئێمەی تاوانبار کرد و گوتی نەدەبوایە بچن بۆ یارمەتی دیموکراتەکان.

کاک مەنسووریش زۆر بە شەهامەتەوە لێی وەجواب هات وپێی گوت: ئێمە کارێکی زۆر باشمان کردوە و ئەگەر ئەم شاخە بگیرێ تۆ ناتوانی بە ژێردەرپێ‌وە لێرە بخەوی. لە گەڵ بەرپرس لێمان بوو بە کێشە وکاک مەنسوور هەر ئەو ڕۆژە چوو بۆ لای حیزب لە ناوچەی مەریوان. چەن ڕۆژ دواتر من و تەیموور مستەفا سوڵتانی(ئامۆزای شەهید فوادی مستەفا سوڵتانی) کە ئەویش چریک بوو، چووین بۆ دڵدانەوە و گێڕانەوەی کاک مەنسوور بۆ نێو چریکەکان. ملی ڕێگامان گرت و چووینە ئاوایی سەرهۆیە. مەقەڕی حیزب لەم ئاواییە بوو و هێزی زرێواری مەریوان لەوێ جێگر بوو. لێرە بوو کە بۆ یەکەم جار چاوم بە شەهید حیسام کەوت. ئینسانێکی ڕووخۆش، جوان چاک، سەمیمی و خاکی بوو.

بۆ نەهار چووینە ماڵی شەهید حیسام و لەوێش بۆ یەکەم جار هاوسەرەکەیم بینی. ژوورێکی بیچکۆلە و ماڵێکی پڕ لە سەفا. حیسام زۆر چوست وچالاک هاوکاریی هاوسەرەکەی دەکرد. خوشکە شکۆفە قوبادی (هاوسەرەی کاک حیسام) زۆر بە ڕێز و حورمەت و میواندار و هەر لەو حاڵەش دا زۆر زانا و بە ورە و بێ تەعارووف بوو. دوای نەهار لە گەڵ کاک مەنسوور قسەمان کرد و داوامان لێ کرد کە بێتەوە بۆ لای سازمان. کاک مەنسوو گوتی ئێمە رەفێق و براین پێکەوە بۆیە زۆر شانازی دەکەم کە هاتوومە نێو حیزبی دیموکرات و پێم وایە هەر کوردێک کە بیهەوێت لە شۆڕش دا بەشدار بێت دەبێ لەم حیزبە دا خزمەت بکات.

بە چاوی خۆمان دەبینین کە ئەم حیزبە چەندە لە خزمەت میللەتەکەی دایە وبافتی پێشمەگەکان و لایەنگرەکانی ئەم حیزبەش دەزانین و بۆمان دەرکەوتوە کە کێ ئەهلی کارە و کێش تەنیا دروشم و هات و هاواری بێ بنەما دەدات. لەم کاتەدا حیسام لە درێژەی قسەکانی کاک مەنسووردا گوتی خۆزگە ئێوەش وەک من ئەم حیزبەتان دەناسی و دەتان زانی کە تەنیا ئەم حیزبەیە کە خزمەتی کورد دەکات. گوتی ئێمە میللەتێکی بەشخوراوین و وەرن با پێکەوە کیانێکی کوردی بۆ میللەتەکەمان دروست بکەین جا کە بووین بە خاوەنی چارەنووسی خۆمان، ئەوکاتە هەر کەس دەتوانێ وەدوای ئیدئۆلۆژی خۆی بکەوێ.

ئێمە ناتوانین لە گەڵ میللەتێک کە بە درێژایی مێژوو سەرکوتی کردووین و هەوڵی سڕینەوەی میژوومان دەدات یەک بین چونکە ئەوان قەت حازر نین ددان بە مەوجوودییەتی ئێمەدا بنێن. ئێمە هاوسەنگ نین، ئەوان لە ئاسمان و ئێمە لە زەوین. هەر کات تای تەرازووەکان هاوسەنگ بوون، ئێمەش دەتوانین هاوسەنگ بین. گوتی پێتان وا نەبێت لە حیزبدا مارکسیست و سۆسیالیستمان نیە، هەموو بیر و ڕا و بۆچوونێک لە حیزب دا ئازادە بەلام وەرن با میللەتەکەمان بگەیەنینە ئاستێک کە خاوەنی چارەنووسی خۆمان بین. زۆر قسەمان کرد، حیسام زۆر تیگەیشتوو و پڕ بوو. ئەو قسانەی کە دەیکرد لە ناخی دڵیەوە هەڵ دەقوڵین وئیمانی پێ بوون. ئەو شەوە لە سەرهۆیە ماینەوە.

هەموو پێشمەرگەکان حیسامیان لە دڵەوە خۆش دەویست. حیسام فەرماندەری هێز بوو بەڵام ئەوەندە خۆمانە و دڵپاک بوو کە پێشمەرگەکان ئەویان بە برای خۆیان دەزانی. حیسام خاکی، بێ غەل وغەش، ڕووخۆش، ڕاستگۆ، هەر لەو کاتەشدا بە ورە، قارەمان، چوست و چالاک و نەترس بوو. کوردێکی کەم وێنە بوو و دڵی پڕ بوو لە خەفەتی میللەتەکەی. بۆ یەکەم جار ئەم دروشمە جوانەم لەو بیست: کوردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم، دینەکەم ئایینەکەم خیزانەکەم باوانەکەم. هەر کەسەو بە شێوەیەک باسی قارەمانەتی و ئازایەتی حیسامی دەکرد. حیسام ببوە بە یەکێک لە پاڵەوانە ئەفسانەیی‌کانی میللەتەکەی.

هەر چەند تەنیا چەند سەعاتێک پێکەوە بووین بەڵام هەستم دەکرد دەیان سالە دەیناسم. لە ڕێگەی گەرانەوەمان بۆ تەوریوەر نوقمی بیر کردنەوە لە وشە جوانەکانی حیسام بووم. حیسام زۆری کار تێکردم. کە چووینەوە پاش ١،٢ مانگ دیسان چریکی ئەقەلییەت تووشی کێشە لە سەر بیر و بۆچوون و شتی ورد و بێ‌کەڵک بوو. هەر ئەو کات ویستم بۆ یەکجاری مالاوایی لێ بکەم. تەیموور کە هاوڕێیەکی زۆر خۆشەویستم بوو پێی گوتم: زاهید وەرە با ئەم تەکانەشی لێ دەین و نەهێڵین سازمان تووشی نوشەست بێت. چەن مانگی‌تر دیسان بۆ سەردانی کاک مەنسوور چووینەوە. خوشکی کاک مەنسوور کە بە داخەوە لەم چەن سالەی دوایی دا بە هۆی ڕووداوی هات و چۆ گیانی لە دەس دا، بۆ سەردانی کاک مەنسوور چووبووە ئاوایی ئەوێهەنگ. ئێمەش چووین بۆ لایان. بۆ رۆژی دووهەم تێک‌هەڵچوون لە نێوان کۆمەڵە و دیموکرات ڕووی دا، بوو بە تەقە و سەنگەر گرتن دژ بە یەک.

کاک مەنسوور ئەو کات ببوو بە جێگری کاک حیسام. لە سەر هیچ شەر دەستی پێ کرد و کاک مەنسوور چووە دەر و سەنگەری گرت. وەزعەکە زۆر ناخۆش بوو و کاک حیسامیان ئاگادار کرد. زۆری نەکێشا کاک حیسام بە سواری ئەسپێک هات و بە بێ ئەوەی تفەنگەکەی لە شانی بکاتەوە چوە ناوەڕاستی هەر دووک لا و بە دەنگێکی بەرز هاواری لە پێشمەرگەکانی حیزب کرد تەقە نەکەن. دوایەش لە بەرانبەر کۆمەڵەکان ڕاوەستا و گوتی هاوڕێیان ئێمە زۆر خاڵی هاوبەشمان هەیە، هەموومان کوردین وەرن با نەهێڵین دوژمنمان پێ خۆش بێت. هەموومان کوردین حەیفە کوڕی کورد بە دەستی کورد بکوژرێت. میللەتێک چاوی لە ئێمەیە وەرن با لە بەرامبەر میللەتەکەمان رووسوور بین. ئەم قسانەی کاک حیسام هەردووک لای ئەهوەن کردەوە و تەقە ڕاوەستا و دوایەش پێکەوە کۆبوونەوەیان کرد و دەرکەوت کە دەتوانن لە جیاتی شەڕ دۆستایەتی بخولقێنن. ئیستا دوای ٣٠ ساڵ حیزب و کۆمەلە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە حیسام ٣٠ ساڵ لەوەی پێش بە دڵ پاکی پێی گەیشتبوو.

ئەمە دواجار بوو کە حیسامم دیت. پاشان کە شەرەکە توند بوو، چریکەکانیش داوایان لێ کردین بچین بۆ ناوچەی بۆکان کە مەقەرێکمان لەوێ بوو و هەر بۆیە بە جێمان هێشتن. مەنسوور و حیسام ببوونە دوو برا، دوو ڕەفێق، دوو یاری وەفادار. پاییزی ساڵی ٦١ خەبەری شەهید بوونی حیسامم بیست. بە بیستنی هەواڵەکە تاسام، کاس و وڕ بووم. بۆ ماوەیەکی زۆر پەرێشان و تاساو بووم. بەهاری ساڵی ١٣٦٢ ماڵاواییم لە چریکەکان کرد و بە دوای ئەو ڕیگایە کەوتم کە دەبوا هەر لە بنەڕەت‌دا وە دوای کەوتبام.

مەقەڕێکی هێزی زرێوار لە ناوچەی سەرشیوی سەقز لە ئاوایی کانەعمەت بوو کە مەنسوور لەوێ بوو و جێگاکەی حیسامی پێ سپێردرابوو. لەوێ بوو کە دیسان لە گەڵ مەنسوور یەکمان گرتەوە. شکۆفە واتە هاوسەرە شێرەژنەکەی حیسام لەوێ بوو. پەرێشانی مەرگی حیسام و دەردەداری جیایی لە حیسام شکۆفەی بە تەواوی تاساندبوو. لە مانگی دووهەمی بەهاردا منداڵە چاوگەشەکەی حیسام و شکووفە هاتە دنیا، بەڵام بێ ئەوەی چاوی بە حیسامی باوکی بکەوێ.

یادگارەکەی حیسام ناوی هیوا لە سەری دانرا. حیسام دوو هیوای بردە ژێر گڵ، بردیە ژێر خاکی ئەو وڵاتە خۆشەویستەی کە حیسام بە دین و ئیمان و خیزانی خۆی دادەنا. بەڵێ حیسام لە دوو هیوا بێ بەش بوو، هیوای دیتنی کوردستانەکەی بە سەربەستی و هیوای دیتنی هیوای کوری

لە یاد کردنەوەی ٣٠ ساڵەی شەهید بوونی حیسام سەقزی ،هەزاران هەزار سلاو لە بارەگای پیرۆزی و لە ڕووحی پاک و بێ گەردی بەو هیوایەی کە هیوای کوڕی لە داوێنی شێرەژنی کورد، نەسرەوتووی ڕیگای حیسام واتە شکۆفەی شێرەژن هیواکانی حیسام بێنێتە دی و بەو هیوایەش هیوای باوک نەدیو ببێتە مایەی شانازیی باوک و دایکی هەڵکەوتوویان.

زاهید کەریمی

پێش ڕاپەڕینی ساڵی ۱۳۵۷ کاک حیسام هاوکه‌لاسی یه‌کێک له هاوگەڕەکەکانم بوو به ناوی حەمه ساڵه‌ح – ئا. له‌و سەردەمه و به هۆی هات‌وچووی بۆ مەریوان دەمناسی. گەنجێکی خوێن‌شیرین، هێمن و له سەرخۆ بوو و پیکەنینی تەنیا بزه‌یەک له سەر لێوان، جارجارێک دەمبینی و زۆر زوو جیگای خۆی له دڵما کردەوه .

پاش ڕاپه‌ڕین جارێک له ناوچه ی کامیاران چاوم پێ کەوتەوه و دواتر کاتێک که بوو به فەرماندەی هێزی زرێباری مەریوان، ماوەیەکی زۆر له نێزیکەوه پێکەوه بووین. جارێک ماوەی سێ ڕۆژ له بێساران تێر و تەسەل باسمان له هەموو بابەتێکەوه بوو که لای خۆم دەمێنێتەوه. هەر ئەوەنده بڵیم بێجگه له ئەرکی سەر شانی بیری له هیچی دیکه نەدەکردەوه و لە ئاست بیرورادا زۆر له هاوماڵانی خۆی لە پێشتر بوو.

حیسام ڕۆڵه‌یەکی کارزان و کارامه و  له سه‌رخۆ و له خۆبردوو بوو. بیرەوەری زۆرم لێی هەیه، بەڵام  ئەوەی که قەت له بیرم ناچێتەوه ئەوەیە کە زۆر به ئاواتی به دونیا هاتنی منداڵەکەی بوو. له خۆی نارازی بوو که فریا ناکەوێت سەردانی  شکۆفه‌ی هاوژینی بکات. دەرفەتێک هاته پێش و پێکەوه دەهاتینەوه بۆ ئاوایی سەرهوویه که شکۆفه له‌وێ بوو. له باخێک بەینی بێساران و سەرهوویه دانیشتین، وتم : ماندوو دیاری؟ جوابی دایەوە: راستییەکه‌ی زۆر هەوراز و نشێوی ئەم کوردستانەم بڕیوه ، بەڵام ئەم تۆزه ڕێگایەم زۆر بەلاوە ناخۆشه .

چه ند ڕۆژ دواتر کاتێک له ئه‌وێهه‌نگ ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ سه‌رهوویه، شه‌ڕ و ته‌قه له به‌رزایی به‌ینی بێساران و سه‌رهوویه  ده‌ستی  پێکردبوو ،  کاک حیسام که له گه‌ڵ برای پێشمه‌رگه‌یه‌کی گیانبه‌ختکردو له‌و رێگایه ده‌ڕۆن تووشی هێزێکی زۆر و دامه‌زراو ده‌بن و پاش شه‌ڕێکی قورس و نابه‌رابه‌ر گیانی به‌خت کرد و چووە ناو کاروانی گیانبەختکردوانی کوردستانەوە و به م چه‌شنه دڵی پڕ هیوای له لێدان که‌وت .

یادی به‌رز و به‌ڕێزه‌

مه نسوور سدقی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی