ئەو توركی ئازەرییەو 34 ساڵە پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانەو دامەزرێنەری یەكەم رادیۆی شۆڕشی كوردی لەكوردستانی ئێرانە، رادیۆیەك كە خاوەن مێژوویەكی تایبەت بەخۆیەتی لەخەباتی كوردی ئێران و حدكا بەتایبەت.
موهەندس خەیاتی، هاوڕێیەكی نزیكی رێبەرانی رابردوو و ئێستای حیزبی دیموكرات بووەو بەوتەی خۆی دەیان كەسی بۆ بەڕێوەبردنی رادیۆكەی پەروەردە كردووە، كە هەندێكیان تا پلەی رێبەریی حیزب گەشەیان كردووە.
موهەندس لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا دەرەجەداری سوپا بووە. ئەو كە بۆ شەش مانگ هاتووەتە نێو حیزب، بەڵام بۆ زیاتر لەسێ دەیە لەحیزبدا دەمێنێتەوەو باجێكی قورسیش، كە لەدەستچوونی هاوسەرەكەی لەزیندان تەنیا یەك لەوانە، لەم پێناوەدا دەدات. كۆنگرەی 15ی حدكا كە ماوەیەك پێش ئێستا بەسترا لەلایەن ئەوەوە كرایەوە.
موهەندس خەیاتی كێیە؟
هەموو كەس بەموهەندسی دەناسن. بەڵام ناوی تەواوی “رەزا خەیاتی”یەو مانگی نۆڤەمبەری 1934 لەشاری “خۆی” كوردستانی ئێران لەدایك بووە. دوای ئەوەی شەشی ئامادەیی تەواو دەكات لەئەرتەشی ئێران لەشكری 4ی ورمێ دا وەردەگیرێ و لەبەشی “موخابرات و ئەلكترۆنیك”دا دادەمەزرێ و لەم بوارەدا پسپۆڕی بەدەست دەهێنێ.
موهەندس پێش ناسیاویی لەگەڵ دكتۆر قاسملوو چالاكییەكی ئەوتۆی سیاسی نەبووە. تەنیا جارێك بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ حیزبی توودە دەگیرێ و لەلایەن ساواكەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێ، بەڵام هیچی لەسەر ناسەلمێت و ئازاد دەكرێ. بەڵام بەوتەی خۆی ئەندامی نهێنیی حیزبی توودە بووە.
ساڵی 1960 ئەرتەش ئەركی پێ دەسپێرێ، كە لەمەهاباد درێژە بەخزمەت بدات، كە دواتر هەر لەم شارە لەگەڵ دكتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو، رێبەری پێشووی حدكا، ئاشنا دەبێت.
موهەندس دەڵێ: بەهۆی منەوە منداڵەكانم كە یەكیان ئەندازیار و یەكیشیان دكتۆر بوو لەفەرمانگە و دامودەزگا حكوومەتییەكاندا ناتوانن دامەزرێن و هاوسەرەكەشم لەلایەن ئیتلاعاتەوە گیرا و بۆ ئەوەی من بە چۆكدا بێنن ئەویان زیندانی كرد. بەوتەی خۆی هاوسەرەكەی ساڵی 2004 لەزیندان گیانی لەدەست دەدات، بەڵام تەسلیمی ویستەكانی حكوومەت نابێت.
چۆنیەتیی ئاشنایی لەگەڵ قاسملوو
موهەندس بۆ خۆی دەڵێت: دۆستێكم بەناوی عەبدولخالق سەعدی هەبوو، كە بەشێوەی نهێنی چالاكی بۆ حیزب ئەنجام دەدا. ئەو بەهۆی ئەم چالاكییانەوە وێڕای ژمارەیەكی دیكەی وەك “غەنی بلووریان” لەلایەن حكوومەتەوە گیران. ناوبراو سێ ساڵ لەزیندان دەبێت و پاش ئەوەی ئازاد دەبێت ساڵی 1975 یا 76 رۆژێك موهەندس داوەت دەكات. عەبدولخالق میوانێكی دیكەشی دەبێت، كە موهەندس نایناسێت.
موهەندس بە (سڤیل) دەڵێ “ئەو میوانە لەئاستێكی زۆر بەرزدا قسەی دەكرد، من لەئەرتەشدا زۆر شت فێرببووم، بەڵام ئەو زۆر لەمن ئاگاتر بوو”. عەبدولخالق ئەو كابرایە بە “كوێخا شەریف” دەناسێنێ. موهەندس دەڵێ “گوتم كوێخایەك ئەم هەموو زانیارییەی نییە، پێم دەڵێن ئەمە كێیە یا نە؟”، عەبدولخالقیش بەمەرجی ئەوەی كە ئەم نهێنییە لەلای موهەندس بمێنێتەوە، پێی دەڵێ ئەم كەسە دكتۆر قاسملووە.
بەوتەی خۆی بەر لەشۆڕشی گەلانی ئێران چەند جارێك دكتۆر قاسملوو دەبینێ. خۆی دەڵێ پاش شۆڕشی 1979 ئەفسەرەكانی دیكە هەڵاتبوون، بەڵام چونكە ئەم نێوانی لەگەڵ كوردەكان باش بووە هەر لەمەهاباد دەمێنێتەوە. كاتێك پادگانی مەهاباد دەكەوێتە دەست هێزی پێشمەرگە، قاسملوو بەشوێنیدا دەنێرێ. پاش ئەوەی یەكتر ماچ دەكەن، قاسملوو پێی دەڵێ: پادگانی مەهاباد لەدەستی ئێمە دایەو دەبێت كەرەستە و ئامرازە ئەلكترۆنییەكان بپشكنی، بۆ ئەوەی هەر شتێك بەكار دێ جیای بكاتەوە.
بەوتەی موهەندس، مەهاباد رادیۆیەكی هەبوو، بەڵام دوو كەس لەبەڕێوەبەرانی بۆ ئەوەی خزمەتیان بەحكوومەت كردبێت، پارچە گرینگەكانی رادیۆكەیان بردبوو و رادیۆ لەكار كەوتبوو. بۆیە رۆژێك قاسملوو بانگی موهەندس دەكات و پێی دەڵێ: بۆ ئەوەی ورەی پێشمەرگە لەنێو سەنگەردا دانەبەزێ، دەبێت كارێك بكەین. ئیدی ئەویش رادیۆ كۆنەیەك پەیدا دەكات و چاكی دەكاتەوەو لەیەكێك لەدوایین رۆژەكانی زستانی ساڵی 1979 وەگەڕی دەخات.
موهەندس باس دەكات، كە لەئەنجامی هێرشی حكوومەتی ئێران بۆ سەر كوردستان مەهاباد بەجێ دێڵن و دەچنە گوندی خدراوێی سەر بەپیرانشار، لەوێ قاسملوو داوای لێدەكات سیستەمێكی بێسیمیان بۆ دامەزرێنێ تا بتوانن ئاسانتر پەیوەندیی بگرن. ئەویش سیستەمێكی بێسیم دادەمەزرێنێ كە هەموو كوردستانی ئێران پێكەوە دەبەستێ و یەكەم كەسیش كە لەسەر ئەم سیستەمە ئیش دەكات حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری ئێستای حدكایە.
دامەزراندنی یەكەم رادیۆی شۆڕش
پاش ئەوە قاسملوو داوایەكی قورستری لێی هەیە كە دەبێت رادیۆیەك چاك بكات. ئەویش بەو كەرەستە و ئامرازانەی كە لەپادگانی مەهاباد لەگەڵ خۆیان هێناویانە رادیۆیەك چاك دەكات، كە بەوتەی خۆی تا ئێستاش لەئەرشیڤی حیزبدا ماوە. ئەم رادیۆیە 16 ژوئەنی 1980 بەوتاری قاسملوو لەگوندی “باگردان”ی مەهاباد دەست بەكاردەبێت. یەكەم بێژەری ئەم رادیۆیە كە ناوی “رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران”ی لەسەر دادەنرێ، مستەفا هیجری، سكرتێری ئێستای حدكا، دەبێت.
رادیۆیەك كە موهەندس چاكی كرد تەنیا حدكا كەڵكی لێوەرنەدەگرت، بەڵكو بەوتەی خۆی “رێكخراوی موجاهدینی خەڵق، حیزبی رێگای كرێكار، چریكە فیداییەكان” و. بەرنامەیان لەڕێی ئەو دەزگایانەوە كە موهەندس چاكی كردبوون بڵاو دەكردەوە. تەنیا حیزبێكی دژبەری كۆماری ئیسلامی كە ئەو سەردەمانە رادیۆی هەبووە حدكا بووە، كە ئەویش موهەندس دایمەزراندووە.
موهەندس دەڵێ: 18 جار شوێنی رادیۆمان گۆڕی و بۆ هەر كوێ دەڕۆیشتین حكوومەت بۆمبارانی ئەو شوێنەی دەكرد. لەهەموو ئەو ساڵانەدا 295 كەسی بۆ بەشی تەكنیكی رادیۆ پەروەردە كردووە.
موهەندس خەیاتی دەڵێ: رادیۆی ئێمە هێندە بەهێز بوو كە كۆماری ئیسلامی گوتبووی ئەوە كاری ئیسرائیلەو ئەوانن یارمەتیان دەكەن. بەڵام موهەندس ئەوە رەت دەكاتەوەو دەڵێ ئیسرائیلێك لەئارادا نەبوو، بەڵكو تەنیا خۆم و بەبێ یارمەتی هیچ دەوڵەتێكی دەرەكی ئەو هەموو كارەم كرد.
ئەم رادیۆیە داناخرێ تا ئەوەی كە ساڵی 1994 لەكۆیە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانی كوردستانەوە دادەخرێ و دواتر بۆ كەركوك رادەگوێزرێ. لەكەركووك لەنێو شار جێگیری دەكەن و یەكەم رۆژ كە بەرنامەكان بڵاو دەكەنەوە كاتی بانگدانی عەسر دەبێت، كە دەنگی رادیۆ دەكەوێتە سەر بڵندگۆی مزگەوت و سروودی ئەی رەقیب لەنێو شاری كەركووك بڵاو دەبێتەوە. موهەندس دەڵێ خەڵك پێیان وابوو كەركووك كەوتووەتە دەستی پێشمەرگە.
دەوڵەتی ئێران هەوڵی تیرۆری دەدات
موهەندس خەیاتی دەڵێ: لەلایەك بەهۆی ئەو زوڵم و زۆرەی لە هەموو نەتەوەكانی ئێران دەكرێ و لەلایەكی دیكەش رۆشنبیری و خەباتی كورد لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی و گەیشتن بەدیموكراسی وایكرد تا ئێستا درێژە بەخەبات بدەم.
موهەندس باس لەوە دەكات كە حكوومەتی ئێران سێ جار هەوڵی داوە تیرۆری بكات. یەكەمجار ساڵی 1984 بووە كە بەوتەی خۆی ویستوویانە لەڕێی ژارخواردكردنەوە تیرۆری بكەن، بەڵام رێكخراوی پزیشكانی بێسنوور كە ئەو كات لەكوردستان چالاك بوون، لەمەرگ رزگاریان كردووە. بەڵام بۆخۆی پێی خۆش نەبوو باسی جارەكانی دیكە كە هەوڵی تیرۆركردنی دراوە، بكات.
موهەندس نەتەنیا لەڕابردووی خۆی پەشیمان نییە، بەڵكو ئاوات دەخوازێ كە خۆزگە ئێستا لاو بووایەو زۆر باشتر لەو خەباتەی كردوویەتی خەباتی كردبایە.
ئەو لەكۆتاییدا دەڵێ: دوایین بڕیارم ئەوەیە كە تا سەر لەگەڵ نەتەوەی كورددا بمێنمەوەو تا دوایین دڵۆپی خوێنم درێژە بەخەبات بدەم و تەنیا شتێك لەم نەتەوەیە دەمەوێ خۆشەویستی ئەم نەتەوەیەیە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی سڤیل
{jcomments off}