"an independent online kurdish website

ژیان زۆر جوانە بۆ زیندەوەر بە تایبەت مرۆڤ، کە خاوەن بیر و هزرە، بەڵام تەمەن بەرە و سەر لوتکەی ژیان پاڵی پێوە دەنێت، تا دەگاتە لوتکە، ووردە ووردە دەبێتە تەم و مژ بەرەو ئاسمانی نادیار بڵاو دەبێتەوە.qumri_saleh_zade

کاتێك دەبینیت وون دەبیت لە بەر چاوان دەبێتە هەور و باران بە زەویدا دادەچۆڕێت تا دەگاتە ناخی زەوی و  دەچێتە دنیای بیر چوونەوە، مەگەر لەو کاتانەدا بێتەوە خەیاڵ کە ئەوکات و زەمەنی دوبارە بووەوە ڕۆژەکەت بێنێتەوە یاد، بەڵام ژیان هیچ ناگۆڕێت ئەوەی کە گۆڕانی بە سەردا دێت مرۆڤە ئەویش نەسڵێك دێت و نەسڵێکی دیکە وەک تەم و مژ دەچنە نێو ئاسمان و بیر دەچنەوە.

بابە گیان دیسان مەلی خەیاڵ باڵی گرت بە ئاسمانی تەنهایمدا بەرەو دنیایەک کە تۆی تێدایت، بەڵام نات دۆزمەوە لە کام شوێندا خۆت حەشار داوە، بۆیە ناچار لە شوێنی خۆم وەستام، تا یادەکانم لە ڕۆژێکی سارد و سڕی زستان وەك لاشەی رۆح دەرچووی بێ جوڵە و بێ هەست بێمە ناو یادەگاریەکانی تۆوە و بۆ ساتە کورتێکیش بووبێت ئەو یادە تاڵە لە بیر خۆم ببمەوە ئەویش بە یادەگاریە خۆشەکانت دڵی پڕ لە نائومێدی خۆمی پێ ئەهوەن بکەم.

بابە گیان وا یادەکانت ووردە ووردە نزیک دەبنەوە بەو ڕۆژانەی کە هەناسە و جوانی تۆ تێکەڵ بە هەوری رەشی تەم ومژی زستان بوو، هەر چەندە هێشتا تەمەنت نەگەشتبووە لوتکە، بەڵام ئەو مەرگە نەگریسە بواری پێ نەدایت کە بتوانیت هەناسەیەکی ئازادانە و پڕ لە خۆشەویستی هەلمژیت و بۆیە تۆ منت بە جێ هێشت و دامتە دەست رۆژگاری قەزا و قەدەر لە غوربەتێک کە نەمدەزانی لەوە زیاتر غوربەت بەر بینم دەگرێت و جارێکی دیکە مەرگی نەگریس بەر بینی خۆشەویستێکی دیکەم دەگرێت، ئەم جارەیان لە کوێ؟؟؟؟ چۆن؟؟؟؟؟

هەر چەندە دەکەومە یادی ئەو رۆژانە کە تۆی تێدا نقومی خوێن بوویت، دیسان ئەو بیرە نەگریسە بەر بینم دەگرێت و مەلی باڵم دەفڕێت بۆ لای تۆ چونکە دڵم تاسەی تۆ دەکات، چاوەکانم چاوەڕوانی بینی چاوەکانت دەکات بویە هەر ئەوەندە دەڵێم بابە گیان یادی کاتە زیندووەکانت بە خێر و هانی من دەدات بۆ بەردەوام بوونم لە ژیان، بەڵام ئاخ بۆ ئەو رۆژەی کە تەنانەت نەتتوانی ماڵ ئاوای بکەیت و بە برینی سەختت خستیانیتە نێو ژووری تەنگ و تار، بۆیە قەت قەت لە یادت ناکەم بابە گیان، تۆ هەمیشە لە بیر و هۆشمدایت بە یادە خۆشەکانتەوە دەژیم. بابە گیان و دایە گیان بە هیچ سەبوری ئەو دڵە نامۆیەم نایەت مەگەر تەنها پێنوس بکەمە هاوڕیم و بتوانم دڵی پڕ لە برینی ناسۆرمی پێ ساڕێژ بکەم.

٢٢/١٢/٢٠١٢ ڕۆژی شەممە

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی