"an independent online kurdish website

دروست کردنی قەیران بەشێکی گرینگە لە زانستە سیاسییەکان کە، بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو کەڵکی لێ وەردەگیرێ.rahim_mohammadi15
  ئەحزابی سیاسی لە ناوخۆی وڵاتێکدا بۆ بەدەست هێنانی ئیمتیازی زۆرتر، سەرکەوتن بەرەو دەسەڵات و گەیشتن بە ئامانجەکانیان کەڵکی لێ وەردەگرن. وڵاتەکان بۆ کۆسپ دروست کردن لە پێش ئامانجەکانی یەکتر لە رادەی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا دژ بە یەک بەکاری دێنن. تەنانەت تاکە کەسەکانیش بەشێوەیەک کە رەنگە دووریش بێ لە سیاسەت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەم دیارەدەیە کەڵک وەردەگرن.

لە بواری زانستی سیاسیدا دروست کردنی قەیران بۆ بەربەست کردن و پێشچوونی پرۆسەیەک، لادان و پاشگەز بوونەوە لە بڕیاراتێ کە بە قازانجی لایەنێک نییە، هەروەها درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵات و شێواندن و بە لارێدابردنی بیروڕای خەڵک لەسەر کێشە بنەڕەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و… دەخولقێنرێن.

لە ناوخۆی وڵاتێکدا ئەو ئەحزابانەی کە مەیلیان بە لای دەسەلاتی تاک حیزبی و رەهادایە، ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی کە مەیلییان بە لای دەسەڵاتی دیکتاتوریدایە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، لاواز کردن، پەراوێزخستن و لە کۆتاییدا سەرکوتی دژبەرانیان کەڵکی لێ وەردەگرن. واتە قەیران کەرەستەیەکە بۆ گەیشتن بە ئامانج و درێژکردنەوەی دەسەلاتی دیکتاتورەکان.

لە رادەی جیهانی و هەرێمیدا وڵاتەکان بۆ بەرفراوان کردنی دەسەلاتی ژئوپولتیکی خۆیان، داسەپاندنی نفووز و دەسەڵات و، پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دژ بە یەک بەکاری دێنن. لەم پرۆسەیەدا هەر لایەنێک بۆ دۆست و هاوپەیمانی دیکە دەگەڕێ تا بەربەستی نفووز و دەسەڵاتی ئەوی تر بکا. هێزە لاوازەکانی ناوچەکەش بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆیان بێ ئەوەی بیانەوێ ناچارن بەشداری ململانێکان بکەن و، خۆیان بدەنە پاڵ لایەنێکی بەهێز کە بتوانێ بیان پارێزێ. هێندێک جاریش ناچار دەبن کە دوو لایەنە رۆڵ بگێڕن و، لەگەڵ لایەنە دژ بە یەکەکاندا  هاوکاری بکەن.

ئەو کەسەی کە نەختێ لە سیاسەت تێگەیشتبێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لەو پرێنسپانەی سەرەوە کەڵک وەردەگرێ و، شتە ناڕاستەکان لە شوێنی کێشە راستەکان دادەنێت. ئەگەر سەیری قەیرانەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەندی بکەین دەبینین عەرەبەکان لە خولقاندنی قەیران دژ بە بەرژەوەندییەکانی کورد سەرکەوتووتر بوونە، بەتایبەتی بەرەی شیعە توانیویە بە بەڵێنی سەرزارەکی کوردەکان بخافڵێنێ و، عەرەبە سوننییەکان پەراوێز بخات. گوێ بە ناڕەزایەتی و داخوازەکانیان، تەنانەت ئەوەش لەسەری رێککەوتوون و واژۆیان کردووە نەدات. هاوکات هیچ هەلێکی لەدەست نەداوە و لە هەر شوێنێکدا بۆی لوا بێ، لەسەر بۆچوونە هابەشەکانیان لەگەڵ عەرەبی سوننەدا لە بەرژەوەندییەکانی کوردیان داوە و، کۆسپیان بۆ دروست کردووە و پاشەکشەیان پێ کردووە.

 لەحالێکدا کە کورد دەبوو خەریکی رێکخستنی ماڵی خۆی بێ و مافەکانی وەرگرێتەوە، لە لایەکەوە خۆی بە رێکخستنەوە و بەهێزی کردنی ماڵی عەرەبی بە شیعە و سونییەوە سەرقاڵ کردبوو و، بەرژەوەندی و کێشەکانی خۆی لەگەڵ حکوومەتی ناوندیدا لەبیر چووبووەوە. لە لایەکی دیکەوە کێشە ناوخۆییییەکانیان لەگەڵ یەکتردا بەردەوام بوو، عەرەبەکانیش لەو یەک دەنگ نەبوونەی کوردەکان کەڵکیان وەردەگرت و، وەڵامی داخوازەکانیان بەگوێرەی پێویست نەدەدایەوە.

لێرەدا دەمەوێ بەکورتی ئامانجەکانی دەوڵەتی مالکی لە خولقاندنی قەیران لە عێراق بەگشتی و لە کوردستاندا بەتایبەتی باس بکەم. هەڵبەتە دەبێ ئەوەش بزانین کە ئەو قۆناخ بە قۆناخ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هەنگاوی ناوە و سەرکەوتنیشی بە دەست هێناوە. بێگومان لەو سەرکەوتنانەدا مامۆسیایەکی بەئەزموونی وەکوو ئێرانی لە پشتەوە بووە کە، پلەیەی ئایەتوڵڵاییان نە تەنیا لە فقهی شێعەدا هەیە، بەڵکوو لە فقهی قەیران خولقاندینشدا هەیانە.

ئەگەرچی پاش ٢٠٠٣ی زایینی نیازی حکوومەتێکی زۆرینەی شیعە لە عێراقدا هەبووە و، تارادەیەکیش رێککەوتنێکی  لەسەر کرابوو و، دەسەڵاتی جێبەجێکاری بۆ خۆی مسۆگەر کردبوو، بەڵام بەرەی شیعە و دەوڵەتی قانوونی نووری مالیکی هەوڵی داسەپاندنی دەسەڵاتێکی بەربڵاو و رەهای شیعەی، بەتایبەتی دەوڵەتی قانوونی لە عێراقدا داوە. تەنانەت هەرکاتێ پێویست بووبێ، لە شیعەکانیش هاوپەیمانی خۆیشی داوە،  وەکوو رەوتی سەدر و، پەراوێز خستنی مەجلیسی باڵای ئیسلامی عێراق و….

یەکێ لە ئامانجە سەرکییەکانی ئەم قەیرانانە پێکهێنانی هاوپەیمانییەتی شیعە لەگەڵ ئێران و، مسۆگەرکردنی نفووزی ئەو ولاتە لە عێراقدایە. هیچ لایەنێکی شیعە بەبێ وەرگرتنی شەرعییەت لەلایەن کاربەدەستە پایە بەرزەکان و رێبەرانی ئایینی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەیان توانیوە و ناتوانن بە دەسەڵات بگەن. وەکوو ئەوەی دوێنێ بینیمان و ئەمرۆش بەردەوامە، بەبێ رەزامەندی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هیچ پرۆسەیەک لە عێراقدا ناگاتە ئەنجام.

دوورخستنەوە و لاواز کردن و پەراوێز خستنی هێزە سونییەکان وەکوو هێزێکی بڕیاردەر لە مەیدانی سیاسی عێراقدا. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی لە هاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکاندا کەڵکی وەرگرتووە. ئێستا کە ئەو ئامانجەی بەدی هاتووە نۆرەی لێدان و لە مەیدان دەرکردنی کوردە هاوپەیمانەکانییە.

ئەمانەی سەرەوە سێ ئامانجی گەورەی بەرەی شیعە بەتایبەتی دەوڵەتی قانوون بوونە کە بە خولقاندنی قەیران پێیان گەیشتووە و، کوردەکانیش بە پشتیوانی کردن لە مالکی راستەوخۆ بەشداری ئەم هەنگاوانەیان کردووە.

با بگەڕێێنەوە سەر هەرێمی کوردستان و ئوپراسیونی دیجلە. بۆ ئەوەی بتوانین ریشەی کێشەکان دەست نیشان بکەین، پێویستە نەختێ بگەڕێینە دواوە. گرینگتر لە هەموو شتێ ئەوەیە کە عەرەبی عێراق بە شیعە و سونییەوە باوەڕیان بە قانوونی بنەڕەتی ئێستای عێراق و فیدرالیزم نییە و، ئەمەشیان بە کردەوە لە چەندین قۆناخی جیاوازدا نیشان داوە. واتە کەسێ کە باوەڕی بە قانوون نەبێ، باوەڕیشی بە دێموکراسی و مافی گەلان نییە. ئەو مافەی کە کوردەکان لە کاتی بشێوی و لاوازی دەسەلات لە عەرەبەکانیان وەرگرتووە و، ناچار بوونە بێدەنگ بن، ئەمڕۆ کە خۆیان بەهێز دەبینن وردە وردە لە بەڵێن و پەیمانەکانیان پاشەکشە دەکەن و پاشگەز دەبنەوە. بۆیە لێرە دەگەینە ئەو ئاکامەی کە:

عەرەبەکان ناتوانن ئەو دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان قەبووڵ بکەن و هەوڵی بەرتەسک کردنەوەی دەدەن. کوردەکان لە پێوەندییەکانی دەرەوە و لە بواری ئابووریدا هێندە گوێڕایەڵی عەرەبەکان ناکەن و وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵە دەکەن و ئەمەش ئەوانی تووڕە کردووە.

قەیرانی سووریە، لەم قەیرانەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی  ناوەندیدا رۆڵی بەرچاوی هەیە. حکوومەتی ناوەندی عێراق کە لەژێر نفووزی ئێراندایە و، لەم ماوەی چەند ساڵەدا لە بواری ژئوپولیتیکەوە پردێک لە نێوانی وڵاتە شیعەنشینەکان کە بە هیلالی شیعی ناودەبڕێ و لە ئێران، عێراق، سووریە و لبنان پێک دێ و، راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل رووبەڕو دەبنەوە پێک هاتووە کە، بووەتە خاڵێکی بەهێز بۆ یاریکردنی ئێران لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ کە دەیانەوێ بە لابردنی دەسەڵاتی شیعە لە سووریە ئەو پردی پێوەندییە بڕووخێنن، ئێران و دەوڵەتەکەی نووری مالکیش بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانن کە یارمەتی مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەسەر حکوم بکەن.

بەگوێرەی هێندێک سەرچاوەی هەواڵ، ئێران زۆر هەوڵی داوە کە لە کوردستان وەکوو رێگەیەک بۆ یارمەتی گەیاندن بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کەڵک وەربگرێ، بەڵام کاربەدەستانی هەرێم بەو کارە رازی نەبوونە. ئەمەش بیانوویەک دەبێ کە ئێران لەڕێگەی دەوڵەتی ناوەندی عێراقەوە فشار بخاتە سەر لایەنی کوردی.

نزیک بوونەوەی زیاد لە رادەی هەرێمی کوردستان لە تورکیە و، دەست بە سەراگرتنی بازاڕی کوردستان لە لایەن ئەو ولاتەوە، کوردستانی کردووەتە نیمچە کولونییەکی تورکییە. لێرەدا دوو فاکتوری سەرەکی هەیە کە بەرژەوەندی ئێران دەخەنە مەترسییەوە و، دەبێ دژکردەوەی خێرا نیشان بدات.{jcomments off}

 یەکەم بەرفراوانی دەسەلاتی تورکییە لە هەرێم و داگیرکردنی بازاڕی ئابووری و، هەروەها نفووزی سیاسی ئەو وڵاتەیە کە بۆ ئێران وەکوو رکەبەرێکی سەرەکی و مێژوویی قەبووڵ ناکرێ. دووەم دژایەتی راستەوخۆی تورکیە لەگەڵ رێژیمی سووریە و پشتیوانی راستەوخۆی لە ئوپوزسیونی سووریە بۆ رووخانی رێژیمی بەشار ئەسەد. ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە نزیکایەتی بەرزانی لە تورکیە بە دوژمنایەتی بزانن و، فشار بخەنە سەری بۆ ئەوەی لە تورکیە دووری بخەنەوە و، ئیمتیازاتی سیاسی و ئابووریشی لێ وەربگرن. وەکوو لە راگەیاندنەکاندا بینیمان، لە ماوەی پێشوودا هەیئەتی پلەبەرزی هەردوو لا هاتوچۆی تاران و هەولێریان کرد و، سمیناری ئابوورییان لە هەوڵیر بەست.

یەکێ دیکە لە ئامانجەکانی مالکی مانۆڕی توانای سیاسی خۆیە بۆ بە دەستهێنانی دەنگی زیاتر و داگیرکردنی کورسی پارلمانی پارێزگاکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. بەم هەنگاوەشی دەیەوێ دەسەڵاتی خۆی و حیزبەکەی بەرفراوانتر بکاتەوە، تا بۆ دامەزراندنی حکوومەتی زۆرینە لە دەوری داهاتوودا رێگەخۆش بکات.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی