"an independent online kurdish website

ناجێگیر بوونی دۆخی تەندروستی سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ بەرێز جەلال تاڵبانی ، لێکدانەوە و شرۆڤەی جیا جیای بەدوای خۆیدا ھێناوە و  بە تایەبت لە ناو شارەزایانی تایەبت بە چارەنووسی یەکیەتی دوای تاڵبانی و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و ھاوپەیمانی نێوان پارتی دێموکراتی کوردستان و rebwar_karim14

یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و پرسی گۆران  کە یەک لەوان بەرێز رێبوار کەریم ولییە لە بابەتێکدا لە ژێرناوی ” پۆست تاڵبانی ” پرژاوەتە سەر ئەو باسە لە ماڵپەری رووداونێت و ئێمەش وەک خۆی لە رووداونێت وەرمان گرتووە .
بە پێی لێدوانی بەرێز رێبوار کەریم ولی  ئەو بابەتە درێژەی دەبێ، ھەوڵ ئەدەین  بابەتەکانیتریش بخەینە بەردەست خوێنەرانی بەرێزی ماڵپەری پێشمەرگەکان ..

   رێبوار کەریم وەلی

شیکردنەوە و پێشبینی بۆ قۆناغی پۆست تاڵەبانی (دوای جەلال تاڵەبانی)، شتێکی ئاسان نییە، بە تایبەتیش کە ھێشتا تاڵەبانی ھەر لە ژیاندایە. ئیلنوور چەڤیک گوتەنی”تاڵەبانییەکی نیوەزیندوو لە تەسەوری عێراقێکی بێ تاڵەبانی باشترە”، بەڵام ناکرێ نکۆڵی لەوەشبکرێت کە ئیتر تاڵەبانی گەیشتووەتە تەمەنێک  ئاستەمە گرەو لەسەر مانەوەی بکرێت و، چەند ساڵێکە شیکردنەوەو حیسابات پتر لەسەر نەمانی دەکرێ تاوەکو ژیانی.

ئەو قسەو لێدوانانەی کە چەند رۆژێکە ھەندێ لە دەوروبەر و نزیکەکانی تاڵەبانی لە رێگەی میدیای عەرەبی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فڕێی دەدەنە ناو رای گشتی، دەلیلی ئەوەیە کە حیساباتیان بۆ دوای تاڵەبانی کردووە و ھەر یەکەیان دەیەوێ ببێ بە میراتگری، ئەگەرچی لە نزا و پاڕانەوە نامەکانیاندا ھەر بڵێن “وەرەوە”، بەڵام لەوەش دەترسێن کە ئەگەر نەیێتەوە چی دەبێ و چییان لێدێت.

دەیان سیناریۆی جیاجیا لەسەر ئاستی عێراقی و کوردستانی بۆ دوای تاڵەبانی باسیان لێوە دەکرێت، بەڵام گرنگە بزانرێ کە بارودۆخی ئێستای عێراق و کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات تاوەکو لەو گۆشە نیگایەوە شیکردنەوەی لۆژیکی بۆ بکرێت.

پێش ھەموو شتێک چەند فاکتێک ھەیە کە ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایەوە سەیری ئاییندەی یەکێتی بکەین ئەوکاتە دەتوانین شیکردنەوەکان لە راستی نزیک بکەینەوە. یەکێک لە عونسورە ھەرە گرنگەکانی مانەوەی یەکێتی و چۆکدانەدانی بەرامبەر “گۆڕان” ئەگەر کەسایەتی مام جەلال بووبێت لەلایەک، ئەوا پشتگیری رەھای پارتی و پاراستنی ئەو ستاتوکۆیە بووە کە یەکێتی وەک دەسەڵات (پارە، پێشمەرگە و ئاسایش) خاوەنی بووە. ئەو شیکردنەوانەی بۆ ھەڵوێستی پارتی دەکرێت ئەوەیە کە درێژە بە ھاوپەیمانییەکەی دەدات لەگەڵ یەکێتی، ھەروەھا ھێزە ناوچەییەکانیش ھەروا زوو پشت لە یەکێتی ناکەن ، ئەوەش رێگە لەوە دەگرێت “گۆڕان” بتوانێ یەکێتی قووتبدات. ھەر کەسێک کە یەکێتی لەسەری کۆک بێت وەک جێگرەوەی(یان جێگرەوەکانی) پارتی پشتی دەگرێت وەک چۆن لەسەردەمی بەر لە جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا ھەموو کاریگەری خۆی بەسەر کەسەکانی دەوروبەری مام جەلالدا خستەگەڕ و رۆڵی گێڕا لە چارەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، ئەمجارەش ھەمان رۆڵ دەگێڕێت.

دووەم فاکتی گرنگ ئەوەیە کە دیسان پارتی وەک حیزبێکی دیکەی سەر گۆڕەپانی سیاسی درێژە بە مامەڵەی لەگەڵ یەکێتیدا نادات، بگرە یەکێتی لە پێگەی ھاوپەیمانی ستراتیژیی پارتیدا دەمێنێتەوە. ئەوە مانای ئەوەیە کە پارتی جیا لەوەی وەک شەریک مامەڵە لەگەڵ یەکێتیدا دەکات، ھاوکات چاوی نەبڕیوەتە ئەوەی کە یەکێتی ھەڵوەرێت و ھەڵوەشێت تاوەکو چەند کادیر و سەرکردەیەکی یەکێتی بچنە ناو پارتی یان نەچن. کەواتە کاتێک لەو گۆشە نیگایەوە سەیری ئاییندەی یەکێتی دەکەین دەبێ ئەو راستییەش بزانین کە مانەوەی یەکێتی و درێژەدان بە میراتی مام جەلال چەند بۆ یەکێتی گرنگە، ھێندەش بۆ پارتی گرنگە و پتر لەوەی شتێکی یەکلایەنانە بێت، بابەتێکە کە ھەردوو حیزب بەخۆیەوە خەریک دەکات. مەحاڵە یەکێتی ھەنگاوێک بھاوێت حیسابی بۆ ئەو پەیوەندییە ستراتیژییە نەکردبێ کە لەگەڵ پارتیدا ھەیەتی، چونکە ئێستا لەتەک چەند لایەنێکی دیکەی دەرەکیدا وەک باشترین و بەھێزترین ھۆکاری بەھێز مانەوەی تەماشایان دەکات.

کە لەو ھاوکێشەیە تێبگەین، ئاییندەی یەکێتی دوای مام جەلال ھێندە ناڕوون و تەماوی نییە، چونکە ئەگەر یەکێتی بیەوێ لە بەغدا جێگرەوەیەک بۆ تاڵەبانی دابنێ و شەڕی ئەو کورسییە بکات، دەبێ پێش ھەموو کەس قەناعەت بە پارتی بکات، ئەگەر بیەوێ کەسێک یان کەسانێک دابنێ کە سەرکردایەتی یەکێتی بکەن، ئەوا دەبێ ئەوانە کەس یان کەسانێک بن کە پارتی دەتوانێ کاریان لەگەڵ بکات. پارتی ئەوەی لە توانایدابێ بۆ ھێشتنەوە و مانەوەی یەکێتی دەیخاتە گەڕ، بۆیە ئەوە دیسان دەبێتە ھۆی ئەوەی”گۆڕان” لە ماوەی داھاتوودا بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەو ھەنگاوانە کار بکات و، گرەو لەسەر ئەو جیابوونەوانە بکات کە رەنگبێ لە ئەنجامی دەستتێوەردانی پارتی دروستدەبن. یەکێتی ئەگەر لە داھاتوودا لەوە زیاتر لە گۆڕان نزیک ببێتەوە، ئیتر پارچە پارچە دەبێ و ھەڵدەوەشێتەوە. بە دووری نازانم”گۆڕان” کار لەسەر ئەو لایەنە بکات، چونکە ھەڵوەشانەوەی یەکێتی یەکسانە بە باڵادەستیی تەواوی “گۆڕان” لە ناوچەی سەوز.

لە وتاری داھاتوومدا باسی “پۆست تاڵەبانی” لە عێراقدا دەکەم{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی