گەلی مافخوازی میسر كە ماوەی دەیان ساڵ بوو لە ژێر دەسەڵاتی سیستەمی داخراو و دیكتاتۆری بنەماڵەی خۆویستی حوسنی موبارەك و بەكرێگیراوەكانیدا، وەكوو بەشێك لە گەلانی زوڵملێكراوی ناوچەكە، لە ژێر زۆڵم و زۆر و خەفەقاندا و بەوپەری ترس و دڵەڕاوكێوە
، ژیانیان لە سەرەتاییترین مافە مرۆڤییەكانی خۆیان بێبەش بوون و وەك كۆیلەی چاخەكانی كۆن دەبووا بەندە و پێرەوی فەرمانی فەرمانڕەوا بووبان. ئەو گەلە زوڵملێكراوە لە دەستپێكی سەرهەڵدانەكانی بەهاری عەرەبیدا، لە هەڵویستێكی بوێرانە و مافخوازانەدا، مەیدانی تەحریری قاهیرەیان كردە گۆرەپانی بەرخودان و بەربەرەكانێ لەگەڵ حوكمی دیكتاتۆرانەی بنەماڵەی موبارەك و لە پێناو وەدەستهێنانی ئازادی و كەرامەتی مرۆڤانەی خۆیاندا و رزگاربوون لە ژێر زوڵم و زۆریدا، خۆپێشاندانی میلیۆنییان وەڕێخست و سەرەنجام توانیان رێژیمی موبارەك لەسەر كار لاببەن.
بەداخەوە لە پێڤاژۆی شۆڕشی ئازادیخوازانەی گەلانی میسردا، ئیخوان الموسلمین كە تا ئەوكات و لە ماڵی خۆیاندا بۆسەیان دانابوو، بە بێ بەشداریكردن و نرخدان لە رەوتی رووداوەكانی میسردا و لە دواساتەكانی بەئاكام گەیشتنی شۆڕش و لەسەركارلابردنی حوكمی دەیان ساڵەی بنەماڵەی موبارەك لە لایەن خەڵكی مافخواز و ئازادیخوازی ئەو وڵاتەوە، هاتنە مەیدان و بە ئۆرگانیزەكردنی هێزەكانی خۆیان و دانی دروشمی رەواڵەتی و هەڵخەڵتێنانە، لە هەڵبژاردنی سەركۆماریدا، بە سەرخستنی بەربژێری خویان واتە محەمەد مۆرسی، رێڕەوی پێڤاژۆی دێمۆكراسیخوازانەی ئەو وڵاتەیان بە لاڕێدا برد و ئێرادەی دواكەوتووانە و ئازادیكوژانەی خۆیان بە سەر گەلانی میسردا سەپاند.
سەركەوتنێك كە كۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای پشتگیریكردنی، بە درێژەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هۆشیاری ئیسلامی لە ناوچەكە بە گشتی و لەو وڵاتە بە تایبەتیدا لە قەڵەمدا و پروپاگەندەی زۆری بۆ كرد. محەمەد مۆرسی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئیخوان كە بەڵینی بووژانەوەی سەرلە نوێی ئابووریی ئەو وڵاتە و هینانەدی سەرجەم خواستەكانی خەڵكی میسر لە سەر بنەمای پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ لە ماوەی سەد رۆژدا بە خەڵكی ئەو وڵاتە دابوو، نە تەنیا لە بەڵێنەكانی پاشەكشەی كرد، بەڵكوو وڵاتی میسری تووشی گەورەترین قەیرانی دوای دەسەڵاتەكەی موبارەك كرد.
ناوبراو هەر زۆر زوو روخساری واقیعی و هەڵخەڵەتێنەرانەی خۆی بۆ جیهان بە گشتی و خەڵكی میسر بە تایبەتی دەرخست و بە زیادكردنی سنووری دەسەڵاتی پاوانخوازانەی خۆی لە یاسای بنەڕەتی وڵات و داڕشتنەوەی یاسای وڵات لە سەر بنەمای ئاینی ئیسلام و هێندێك یاسا و رێسای نادێموكراتیك و دروستكراوی چاخەكانی كۆن و كۆمەڵێك هەڵسوكەوت و دانی دەیان بڕیاری یاساشكێن، دەیەوێت هاوشێوەی حوكمی خومەینی و ئەزموونی سیستمی دیكتاتۆرانەی كۆماری ئیسلامی لەو وڵاتەدا تاقی بكاتەوە و بە راشكاوی بە سەپاندنی ئەو یاسایە هەر جۆرە ئازادییەكی مرۆیی و خواستی خەڵكی تینووی ئازادی لەو وڵاتەدا كە بە فیداكاری و نرخی ژیانی خۆیان كە بە تازەیی لە ژێر حوكمی دیكتاتۆری بنەماڵەی موبارەك رزگاریان ببوو، فیدای ئەقڵییەتی چەقبەستوو و دواكەوتوو و پاوانخوازی خۆیان بكەن.
بەڵام ئەوەیكە لێرەدا جێگای هەڵوێستە لەسەر كردنە ئەوەیە كە، خەڵكی ڕۆشنبیر و هۆشیاری میسر، جارێكی دیكە وێڕای دژایەتی لەگەڵ بیرۆكەی پاوانخوازانە و دواكەوتووانەی مۆرسی و هێزەكانییەتی، هاتنە سەر شەقام و جارێكی تر مەیدانی تەحریریان كردە مەكۆی بەرخودان و ململانێ لەگەڵ هەرجۆرە بڕیار و یاسایەكی دواكەوتوو و دژی مرۆیی، ئەمە سەرەڕایی پێداگری و هەڕەشەكانی مۆرسی و هێزەكانی ئیخوان، ئەم خەڵكە لە پێناو پاراستنی ئازادی و مافە مرۆییەكانی خۆیان و جێگیركردنی بنەماكانی دێمۆكراسی لە یاسای وڵاتدا، لەسەر خواستی مافویستانەی خۆیان پێداگر بوون و بە وەڕێخستنی خۆپێشاندانی میلیۆنی، پاشەكشەیان بە محەمەد مۆرسی كرد و ناوبڕاو بە ناچاری تەسلیمی ئێرادەی هۆشیار و دێمۆكراسیخوازی خەڵكی میسر بوو و راگەیاند كە ئەو یاسایە كاتییە و ئەو ئامادەیە كە هێندێك لە دەسەڵاتی پاوانخوازانەی خۆی كەم بكاتەوە.
بێگومان ئەم پاشەكشەی مۆرسی وەك شكستێك لە بەرامبەر شەپۆلی دێمۆكراسیخوازانەی خەڵكی میسردا، سەلمێنەری ئەو راستییە كە گەلانی رۆشنبیر و هوشیاری میسر بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین كە قەدەر و ژیانی ئێستا و داهاتووی نەوەكانی خۆیان فیدای ئەقڵییەتی چەقبەستوو و دواكەوتووی مۆرسی و دەست و پێوەندەكانی بكەن و لە ژێر حوكمی یاسا و رێسای ئەهریمەنی و سەدەكانی نێوەڕاست و هاوشێوەی كۆماری دیكتاتۆر و سێدارە لە ئێراندا ئەزموون بكەن.
لە هەمانكاتدا بە پێچەوانەی بانگەشەی كۆماری ئیسلامی كە ئاكامی شۆڕشی میسر و وڵاتانی دیكە بە هوشیاری ئیسلامی ناو دەبرد، سەلماندی كە گەلانی هۆشیاری میسر خوازیاری حكوومەت و كۆمەڵگایەكی مۆدێرن بە واتای پێرەویكردن لە یاسا و رێسا پەسەندكراوەكانی جیهانی پێشكەوتنخوازن كە تێیدا رێز لە كەرامەتی مرۆڤەكان بگیرێت، نەك ببن بە كۆیلە و بەندەی ئەقڵییەت و یاسای چاخەكانی كۆن. تەنانەت ئەگەر رێفراندۆمی یاسا لە میسر نەتوانێ هەمو داخوازەكانی خەڵكی میسر دەستەبەر بكا دیسانیش رێژەی دژبەرانی بۆچوونی مورسی ئومێدی ئەوە دەدا كە داهاتووی میسر رووناك و رەوتی ئازادیخوازی روو لە گەشەیە.{jcomments off}