"an independent online kurdish website

لە هەموو دونیا و لە یاساکانی هەر دەسەڵات و دەوڵەتێکدا کە بیهەوێت ژیانی هاوڵاتیانی خۆی دابین بکات و خەون و ئاواتەکانیان بەدی بێنێت، خوێندنەوەی تایبەت بۆ داخوازی هەر چین و توێژێک لە کۆمەڵگە دەکرێتaref_hexahmadi

و بە پێوەری سەردەمیانە خواست و ویستەکانیان وڵام دەدرێتەوە و بە پێوانەی باشترین ستاندارد و کۆالێتی ژیانیان بۆ دابین دەکرێت.

لێرەدا، ئێمە باسی سیستەمێک کە هەموو دەنگێکی ئازاد و هەر خواستێکی سرووشتی مرۆڤ لە دوو توێی یاسا دەستکردە ئایینی و لە بازنەی حوکمرانیەتی مرۆڤە خرەفاوەکاندا کە لە بەرەی شەڕی نێوان نوور و تاریکیدا خۆیان دەبینەو دەکەین، ڕێبەرانی وەها سیستەمێک هەموو هەڵسووکەوت و ویست و ئاواتێکی تاکەکان بە سڕینەوەی حەزی دەروون و خەوشدارکردنی کەڕامەتی هاوڵاتییان کۆتایی پێ دێنن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و حوکمڕانیەتی ویلایەتی فەقێ کە خۆی بە تاکە نوێنەری خودا لە سەر زەوی دەزانێت، بە توندترین یاسا و ڕێساکانی دەستکردی خۆی و بە ڕەنگ و بۆی ئاسمانی بوونەوە، مافی سرووشتی و ئینسانی هەموان پشت گوێ دەخات و تا ڕادەیەکی زۆریش پێشێلی دەکات.

وڵاتی ئێران، وێڕای هەبوونی زۆر سەرچاوەی داهات و سەروەت و سامانی سرووشتی و ئابووری، بە هۆی بوونی دەسەڵاتداری دیکتاتۆر و سەرەڕۆی ویلایەتی فەقێ، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تووشی داڕمان و داڕووخانی ئابووری دەبێتەوە و ئەم ڕێژمەش لە سەر حیسابی هاوڵاتیان و بڕین و کەمکردنەوەی بژیو و داهاتی تاکەکان و هاوکات بە هۆکاری پەیڕەوکردنی گەڵاڵەگەلی خراپ و کردەوەی دژە مرۆڤانە و بوون بە یەکێک لە جەمسەرەکانی تیرۆریسم و ترساندن و توقاندن لە جیهاندا، هیچ پێگەیەکی سیاسی و ئابوری بۆ خۆی نەهێشتۆتەوە.

باجی هەموو ئەم هەوڵە نگریسانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە ئەستۆی خەڵک و بەو پێیەی ئێران وڵاتێکە کە پێکهاتەی حەشیمەتەکەی تا ڕادەیەکی زۆر لە لاوان پێکدێت، تووشی دەیان قەیرانی تایبەت بەم توێژە بۆتەوە و خەون و ئاواتەکانی لاوان بە هیچ شێوەیەک لەم سیستەمە دواکەوتوەدا وەدی نایەت.

ڕۆژانە ئامار و ئەرقامی بەڕێوەبەرایەتیەکانی ڕێژیم وێڕای هەڵسەنگاندنی کاروباری خۆیان، باس لە دەیان کارەسات و نەخۆشی و گرفتی کۆمەڵایەتی دەکەن کە زیاتر لە هەموان هەڕەشە لە ژیانی توێژی گەنج و لاوانی ئەم وڵاتە دەکات.

ڕێژیمێک کە ئەگەر گوێبیستی خواست و ویستی هاوڵاتیانی خۆی بوایە و دانی بە ڕاستییەکاندا بنایە، سەرخان و ژێرخانی ئابووری وڵاتی بەرەو داڕمان نەدەبرد و ئەم دۆخە قەیراناوییەی کە لەمەڕ هەڵوێستی نامرۆڤانەی بەرانبەر بە مافەکانی مرۆڤ و درێژەدان بە پڕۆگرامی پیتاندنی یۆرانیۆم و دەیان کردەوەی چەپەڵی دیەکە، ڕووبەڕووی ئێران بۆتەوە نەدەخوڵقاند.

کەوابوو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک نیشتیمانێکی داگیرکراو لە کاردانەوەی ئەم کێشە و بارودۆخەی کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا درووستیان کردووە بێبەش نیە و ڕێژیم ڕاستەوخۆ هۆکاری دەیان کارەسات و مەینەتە بۆ نەتەوەی کورد و نیشتیمانە داگیرکراوەکەی.

بە گوێرەی ئامارەکانی خودی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، لە سەدا ٢٤ی لاوانی خاوەن بڕوانامەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێکارن و ڕۆژانە بۆ بژیوی خۆیان حازرن ناخۆشترین گوشاری ڕۆحی تەحەمول بکەن و لە هەلوومەرجێکی نادیاردا حەز و ئاواتەکانیان دەفەوتێت.

ڕێژیم نەتەنیا بۆ چارەسەری قەیرانی بێکاری لاوان هیچ هەولێک نادات، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەشدا بەر بە کاروکاسپی وەک دەستفرۆشی و کاسپی سەرسنوورەکان دگرێت و ڕۆژانە گیانی کۆڵبەران دەخاتە مەترسییەوەو بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانیان لێ دەستێنێت.

لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەوەها هەلوومەرجێکی ناخۆشدا گیریان خواردووەو و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتووی ژیانی خۆیان بەدی ناکەن، بە ناچار ڕوودەکەنە باشووری کوردستان و حازرن هەرچۆنێک بێت سەرچاوەیەکی داهات بۆ خۆیان بدۆزنەوە.

باشووری کوردستان لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی ڕێژیمی بەعس و بووژانەوەی ئابووری بەرچاو لە شارەکانی ئەم هەرێمە، بووەتە شوێنیێکی تایبەت بۆ دیتنەوەی دەرفەتی کار و کاسپی و هەربۆیەش هەلی کار بۆ ژومارەیەک لەم گەنجانە دەرخسێت و زۆربەشیان بە دوای شاری خەونەکانی خۆیاندا دەگەڕێن کە بتوانن وێڕای دابینکردنی بژیوی ڕۆژانە، درێژە بە خوێندن و کار و چالاکی دیکەی خۆیان بدەن.

ئەگەرچی ژومارەیەکی بەرچاو لە لاوان ناچارن سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببەزێنن و بۆ دیتنەوەی کار ڕوو لە باشووری کوردستان بکەن، بەڵام ئەمەش بەم مانایە نیە کە لاوانی ناوخۆی وڵات لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا هەوڵدان بۆ دیتنەوە و وەدەستهێنانی داهات و ژیان و گوزەرانی بنەماڵەکانیان پەک خستبێت، لاوانی ناوخۆی وڵاتیش بە بەربەرەکانێی ڕۆژانە لە باروودۆخی ئابووری داڕماوی ئێستای ئێراندا، سەربەرزی خۆیان دەپارێزن و بە هیچ شێوەیەک لە بەرانبەر وەزعیەتی نالەباری ئێستادا کۆڵنادەن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە کۆنتڕۆل و سانسۆڕکردنی ئینترنێت و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و داخستنی سەرچاوە سەربەخۆکانی راگەیاندن و ڕۆژانەش بانگهێشت و دەستگیرکردنی چالاکانی کرێکاری و نەتەوەیی، ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەک گوندێکی دابڕاو لە دونیای ئازادی لێکردووە.

ڕێژیم هەموو مکانیزمێکی سەرکوت و کوشت و بڕ بە کار دێنێت بۆ لەناوچوونی شیڕازەی بنەماڵەکان و لەناوبردنی هەستی نەتەوەیی و هاوکات تێدەکۆشێت خۆڕاگری لاوان لە بەرانبەر سیاسەتە دوژمنکارانەکانی خۆی بڕوخێنێت و ئاستی بیرکردنەوەی ئازدایخوازنەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و توێژی لاوان بە تایبەت دابەزێنیت و لاوازی بکات.

کۆماری ئیسلامی بێکاری و هاوکات گوشار و سەرکوت، وەک دوو ئامرازی سیاسی بە کار دێنێت بۆ کزکردنی هەستی نەتەوەیی و هەڵخراندنی لاوان بۆ ئەوەی بۆ دابینکردنی ژیان، ڕوو لە ناوەندەکانی سیخوڕی و دژیگەلی بکەن و لەگەڵ ئەوەی ئابووری ڕێژیم بە هۆکاری گەمارۆی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی و گەندەڵی ناوخۆیی لاواز بووە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بوودجەی تایبەت پەسەند دەکات کە لەوەها هەلوومەرجێکدا بە پەیڕەوکردنی پیلانەکانی خۆی لە دژی نەتەوەی کورد و لاوانی ئەم نەتەوەیە، ڕۆیشتن بەرەو شاری خەونەکان بە مانەوەی لاوان لە گوندی ویلایەتدا بقۆزێتەوە.{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی