یه‌كبوونه‌وه‌ی رێزه‌كانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
((( قطره دریاست اگر با دریاست*****ورنه او قطره و دریا دریاست))).
له19ی به‌فرانباری 1375دا حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران شاهیدی یه‌كێك له گرنگترین رووداوه‌كانی مێژووی ته‌مه‌نی خۆی بوو.
له‌م رۆژه‌دا پاش نزیكه‌ی نۆ ساڵ جیایی و ته‌فره‌قه له ریزه‌كانی حیزب‌دا، بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران به ره‌سمی كه‌وته‌وه سه‌ریه‌ك. ئه‌م هه‌نگاوه مێژوویی و به‌رپرسانه، له‌گه‌ڵ خۆشحاڵی و پێشوازی رۆڵه‌كانی گه‌لی كورد و تێكڕای دڵسۆزان و ئوگرانی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران به‌ره‌وروو بوو.
وتاری سكرتێری گشتی حیزب هاوڕێ تێكۆشه‌ر((عبدالله حسن زاده))
خوشك و برا به‌رێزه‌كان!
هاورێ یانی خۆشه‌ویست! ئه‌م كاته تان باش و به‌خێر بێن.
له ده‌وری یه‌ك كۆبووینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سكه‌وتێكی به نرخی حیزبه خۆشه‌ویسته‌كه‌مان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ینه جێژن، ده‌سكه‌وتی وه‌سه‌ریه‌ك كه‌وتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ڵشته كه بۆ ماوه‌ی نۆ ساڵ كه‌وتبوو ریزه‌كانی ئه‌و حیزبه‌وه. ئه‌م ده‌سكه‌وته كه به حه‌ق ده‌كرێ به سه‌ركه‌وتنێك بۆ هه‌موو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی وڵاته‌كه‌شمان دابنرێ، به ئاسانی و به نرخێكی هه‌رزان به ده‌ست نه‌هاتووه، به‌ڵكوو ئاكامی چه‌ندساڵ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای دڵسۆزانه و دۆستانی حیزبی دێمۆكرات و ئوگرانی بزووتنه‌وه‌ی میللی – دێمۆكراتیی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران و له‌وه‌ش زیاتر به‌رهه‌می هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی و گوزه‌شتی تێكۆشه‌رانی حیزبه خۆشه‌ویسته‌كه‌مانه. به‌م بۆنه‌وه له لایه‌ن ده‌فته‌ری سیاسییه‌ووه پڕبه‌دڵ پیرۆزبایی له ئێوه و له هه‌موو تێكۆشه‌رانی حیزب و تێكرای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م و سه‌ركه‌تنی هه‌موو لایه‌ك له چه‌سپاندنی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه سیاسیه‌دا به ئاوات ده‌خوازم.
ماوه‌ی نۆ ساڵ جیایی له رێزه‌كانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران دا ئه‌گه‌ر رووداوی ناخۆشی لێكه‌وتوه و بیره‌وه‌ری تاڵی بو به جێ هێشتووین” ئه‌زموونی به نرخیشی داوینه ده‌ست. رووداوه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه ریزی دۆستان و خێرخوازانی حیزبه‌كه‌مان یان به باشترین شێوه له ریزی دوژمنان و به‌دخوازانی ئه‌م حیزبه جیا كرده‌وه. له كاتێك دا دۆستانی حیزب و لایه‌نگرانی وه‌دی هاتنی ماف و ئازادی یه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانی هه‌موو رێگایه‌كیان تاقی ده‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كۆمه‌گێك به یه‌كگرتنه‌وه‌ی تێكۆشه‌رانی دێمۆكرات بكه‌ن، دوژمنی له مێژینه‌ی گه‌لی كورد” یانی كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌موو توانای خۆی به‌كار هێنا بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ندی بكرێ دووبه‌ره‌كی له نێوان رێبوارانی رێگای دێمۆكراسی و خودمختاری دا قووڵتر بكا‌و نه‌هێڵێ ریزه‌كانیان بۆ به‌ربه‌ره‌كانی دژی ده‌سه‌ڵاتی جه‌هه‌ننه‌میی ئه‌م رێژیمه یه‌ك بخه‌نه‌وه. بۆ هه‌مووانیش روونه ئێستا كه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له خۆشیی یه‌كگرتنه‌وه‌ی تێكۆشه‌رانی حیزبه‌كه‌مان شایی یان له دڵ دا ده‌گه‌رێ، كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی باری ماته‌میان له لێو نیشتوه و له فكری ئه‌وه‌دان كه هه‌ر چۆنێك بووه ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ی بزووتنه‌وه‌ی حه‌قخوازانه‌ی گه له‌كه‌مان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه.
كه‌وایه ده‌بی زۆر وشیار بین.ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ به‌ده‌ستمان هێناوه، به هه‌موو توانامانه‌وه بی پارێزین و به هیچ جۆر رێگا نه‌ده‌ین ریزی یه‌كگرتوومان كه‌ڵێنی تێكه‌وێته‌وه و دوژمن پێمان خۆش بێته‌وه. ئه‌و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانه‌مان كه ماوه‌یه‌ك بوو له ژێ{ر ناوێكی دیكه‌دا تێ ده‌كۆشان، ئه‌مرۆ ئه‌وان وه‌ك هه‌موو هاورێ یانی دیكه، تێكۆشه‌ری نێو حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و رێبواری رێگای خه‌بات بۆ وه‌دی هاتنی درووشمی له مێژینه‌ی حیزبه‌كه‌مان(( دێمۆكراسی بۆ ئێران و خودمختاری بۆ كوردستان))ن. ئه‌وان له ریزه‌كانی حیزب دا هه‌موو ئه‌و ئه‌ركانه‌یان له‌سه‌ر شانه كه ده‌كه‌ونه سه‌رشانی هاوسه‌نگه‌رانی دیكه‌یان و ته‌واوی ئه‌و مافانه‌شیان هه‌یه كه بۆ هاوڕێیانی دیكه‌یان هه‌ن. نه زیاتر و نه كه‌متر. جێگای هه‌موو ئێمه له یه‌ك سه‌نگه‌ر دایه‌و بوونمان له دوو سه‌نگه‌ری جیازازدا دیارده‌یه‌كی ناسروشتی بوو كه به هیمه‌تی دڵسۆزان بۆ هه‌تاهه‌تایه كۆتایی پێ هاتوه.
ئه‌وه كه رێژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌میشه له یه‌كیه‌تیی ریزه‌كانی حیزبی دێمۆكرات و تێكڕای رێبوارانی رێگای رزگاری ئێران ترساوه‌و هه‌موو كاتێك بۆ دروستكردنی دووبه‌ره‌كی له نێو لایه‌نه‌كاتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دا هه‌وڵی داوه، شتێكی سرووشتی یه و بێگومان له داهاتووش دا هه‌رچی له‌و پێوه‌ندی یه‌دا بۆی بكرێ، ده‌یكا. به‌ڵام زۆر نامۆ و جێگای سه‌رسووڕمان ده‌بێ ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته له نێو ریزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن دا ئی واهه‌بن كه به یه‌كیه‌تیی تێكۆشه‌رانی دێمۆكرات و پته‌وبوونی ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازنه‌ی گه‌لی كورده‌وه قه‌ڵس بن. زۆر سه‌یر ده‌بێ كه‌سانێك له‌نێو ریزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی كۆماری ئیسلامی دا له به‌هێز بوونی یه‌كێك له چالاكترین لایه‌نه‌كانی ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه هه‌ست به مه‌ترسی و نیكه‌رانی بكه‌ن. ئێمه له‌م تریبوونه‌وه راده‌گه‌یه‌نین كه به‌هێزبوونی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی به زیانی هیچ هێزێكی دیكه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران نیه‌و به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ر چه‌ندی حیزبی دێمۆكرات به‌هیزتر بێ، باشتر ده‌توانێ ئه‌ركی مێژوویی خۆی له خه‌بات بۆ رزگاری وڵاته‌كه‌مان دا به جێبگه‌یه‌نێ و پتر ده‌بێته پاڵپشتی هه‌ر هێزیكی سیاسی كه به‌دڵه‌وه بۆ سه‌قامگیربوونی ئازادی و دێمۆكراسی له ئێران‌دا تێبكۆشێ. ئێمه ئاواتمانه هێزه سیاسی یه نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانی ئێران بۆ هه‌میشه كۆتایی به ره‌وتی له‌ت له‌ت بوون و دووبه‌ره‌كی بێنن و ره‌وتێكی پێچه‌وانه له پێناوی تێكه‌ڵ كردنه‌وه‌نی هه‌موو تواناكان له خه‌بات بۆ رزگاریی وڵاته‌كه‌ماندا بگرنه پێش.
خوشكانی خۆشه‌ویست! برایانی به‌رێز! له ماوه‌ی چه‌ند ساڵ دووده‌سته‌یی له‌نێو ریزه‌كانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران دا زۆر شه‌خسییه‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی و فه‌رهه‌نگی و نوێنه‌رانی زۆر حیزب و رێكخراوی سیاسیی ئێرانی و كوردستانی و خاریجی بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی ریزه‌كانی حیزبی ئێمه هه‌وڵیان داوه. هه‌ر وه‌ك له پێشه‌وه كوتمان ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ ده‌ی بینین، به‌شێكی ئاكامی هه‌وڵ و ته‌قه‌لای دڵسۆزانه‌ی ئه‌وانه. زۆرمان پێ خۆش‌بوو له‌م رۆژه مێژوویی یه‌دا هه‌موو ئه‌و به‌رێزانه له‌نێومان بان، له نیزیكه‌وه هاوبه‌شی جێژن و شادمانی مان بایه‌ن و سوپاس و ئه‌مه‌گناسییان لێ بیستباین.به‌ڵام ئێستا كه به هۆی باری نائاسایی ناوچه‌كه‌وه ئه‌و شانازییه‌مان پێ نه‌براوه، رێگام بده‌ن به ناوی ئێوه و هه‌موو تێكۆشه‌رانی دێمۆكراته‌وه سوپاسیان بكه‌م و سه‌ركه‌وتنیان له هه‌ر هه‌وڵێكی دڵسۆزانه‌ی له‌م بابه‌ته‌دا به ئاوات بخوازم. هه‌ر لێره‌دا پیویسته سوپاسی هاوڕێیانی حیزبیش بكه‌م كه به سه‌بر و حه‌وسه‌له‌و هه‌ستی مه‌سئوولییه‌ته‌وه چه‌ندین سه‌عات پێكه‌وه كۆبوونه‌وه تا هه‌موو كه‌ندو كۆسپه‌كانی سه‌ر رێگای به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه ته‌خت كرد.
هاوڕێیانی تێكۆشه‌ر! زۆر جار له موناسبه‌تی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆدا باسی ئه‌وه ده‌كرێ كه پێویسته رق و كینه‌كان له بیر به‌رینه‌وه و ده‌ستی برایه‌تی و ته‌بایی و هاوكاری بده‌ینه ده‌ستی یه‌كتر، هه‌روا ده‌ڵێم . دڵنیاشم كه هه‌موومان بڕیارمان داوه په‌رده‌یه‌كی ئه‌ستوور له نێوان ئێستا و چه‌ندساڵی رابردوو دابده‌ینه‌وه‌و لاپه‌ره‌یه‌كی تازه له هاوكاری و یه‌كدڵی بكه‌ینه‌وه.(( حافظ)) مامۆستای غه‌زه‌لی فارسی ده‌ڵێ: (( درخت دوستی بنشان كه كام دل ببار آرد**** نهال دشمنى بركن كة رنج بي‌شمار آرد)). به‌ڵام ئه‌من پێم خۆشه له بارێكی دیكه‌شه‌وه بۆ مه‌سه‌له‌كه بچم و داوا له هه‌موو خه‌باتگێرانی حیزب بكه‌م كه هه‌رگیز رووداوه تاڵه‌كانی چه‌ند ساڵ لێك دابڕان و لێك دووری له بیر نه‌به‌نه‌وه.
((((با هه‌میشه له‌به‌رچاومان بێ له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندمان دوژمن به خۆمان خۆش كرد و چه‌نده په‌ژاره‌مان خسته نێو دڵی دۆستانه‌وه))). با له بیرمان بێ چه‌نده‌مان هێز و توانا و ئینێرژی به فیرۆدا.رێگام بده‌ن راشكاوانه‌تر بدوێم و بڵێم با له بیرمان نه‌چێ له ناكۆكی و ناخۆشی یه‌كانی نێو خۆی حیزبی دێمۆكرات یان تێكرای بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كورددا چه‌نده خوێنی تێكۆشه‌ری كورد به ده‌ستی تێكۆشه‌ری كورد رژاوه و چه‌ند جار سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگاری دژی دوژمنانی ئازادی به قازانجی سه‌نگه‌ری شه‌ری براكوژی چۆڵ كاروه.
ئه‌مانه‌مان هه‌میشه ده‌بێ له بیر و له به‌رچاو بێ، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ت جارێكی دیكه رێگای دووپات بوونه‌وه‌ه‌یان نه‌ده‌ین.
زۆرجار ده‌بینین و ده‌بیسین كه هێندی له دۆستانی حیزبه‌كه‌مان ده‌پرسن تێكۆشه‌رانی دێمۆكرات ناكۆكی یه‌كانیان چۆن چاره‌سه‌ر كردوه، له سه‌ر چی رێك كه‌وتوون و كام لا بۆ كام لای شكاندوه. بۆ وه‌ڵامی هه‌موو پرسیارێكی له‌و بابه‌ته رێگام بده‌ن بڵێم: ئه‌گه‌ر ناكۆكی و دوو به‌ره‌كی یه‌كانی رابردوودا هیچ لایه‌ك سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و ته‌نیا لایه‌ن كه قازانجی كرد” دوژمنانی ماف و ئازادی یه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بوون، لێره‌دا راست به پێچه‌وانه‌یه. هه‌موو لایه‌نه‌كان سه‌ركه‌وتوون و ئه‌وه‌ی لێره‌دا زیانی پیگه‌یشتوه و زه‌بری وێ كه‌وتوه، ئه‌وانن كه خێری گه‌لی كورد و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانیان ناوێ. له‌م رێككه‌وتنه‌دا كه‌س بۆ كه‌سی دانه‌شكاندووه. به‌ڵكه هه‌موو لایه‌ك له خۆیان به قازانجی حیزبێك كه حیزبی هه‌موویانه، مایه داناوه. هه‌موو لا تێگه‌یشتوون كه هێزی هه‌مووان له له هێزیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران دایه. به تێكرا باوه‌ریان به‌وه هێناوه كه وه‌رگرتنی ((((( مه‌ركه‌زێكی بچووك له حیزبێكی گه‌وره‌دا زۆر زیاتر خزمه‌ت به ئامانجه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كا تاوه‌رگرتنی مه‌ركه‌زێكی گرنگتر له حیزبێكه بچووكتردا)))))). سه‌رئه‌نجام هه‌موو لا قبووڵیان كردوه كه به قه‌ولی شاعیری شۆرشگێر(( ابولقاسم لاهوتی)): ((( قطره دریاست اگر با دریاست*****ورنه او قطره و دریا دریاست))).
(((((((((هه‌موومان له‌م حه‌ره‌كه‌ته‌دا قازانجمان كردوه و له‌م هه‌نگاوه‌دا سه‌ركه‌وتووین. قازانج له‌وه زیاتر كه دوژمنانی حیزب و گه‌لمان ناهومێد كردوه؟ له‌وه زیاتر كه ریزه‌كانی حیزبی دێمۆكراتمان یه‌ك خستۆته‌وه؟ له‌وه زیاتر كه به سه‌ر هه‌ستی خۆ ویستی دا زاڵ بووین و قازانجی گشتیمان وه‌پێش قازانجی تاكه كه‌سی خستوه؟ له‌وه زیاتر كه نیشانمان داوه، ئه‌وه‌ی به چه‌ند ساڵ شه‌ر و ناخۆشی به ده‌ست نایه، ده‌كرێ به چه‌ند دانیشتنی دۆستانه به ده‌ستی بێنین؟ سه‌رئه‌نجام قازانج له‌وه زیاتر كه ره‌زامه‌ندیی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان‌مان به ده‌ست هێناوه؟ ئاخر، ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ به هه‌وڵ و تێكۆشانی هه‌موو دڵسۆزان وه‌دی هاتووه، نۆ ساڵه داوای زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كۆمه‌ڵانی خه‌لكی كوردستان و به گشتی دۆستانی بزووتنه‌وه‌ی میللی – دێمۆكراتیی گه‌لی كورده.))))))))
ئێمه به سه‌ربه‌رزی و شانازی یه‌وه ئه‌م هه‌نگاوه پیرۆزه ده‌كه‌ینه دیاری و پێشكه‌شی باره‌گای نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كه‌ین. هه‌ر له‌و كاته‌دا له هه‌موو دڵسۆزان ده‌خوازین بۆ سه‌رخستن و چه‌سپاندنی ئه‌م ده‌سكه‌وته نیشتمانی یه یارمه‌تیمان بده‌ن. ئێمه له رابردوودا زۆر ده‌رسی به نرخ له ئه‌زموونی هێزه سیاسی یه‌كانی كوردستان و ئێران فێربووین و هیوادارم له‌مه‌و دواش كه‌ڵكی باش له تاقیكردنه‌وه‌كانی رێبوارانی رێی ئازادی وه‌ربگرین. به‌ڵام له‌و په‌ری ته‌وازوع دا حه‌ق به خۆمان ده‌ده‌ین بڵێن هه‌نگاوێك كه ئێمه بۆ چاره‌سه‌ری گیروگرفته نێوخۆییه‌كانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان هه‌ڵمان هێناوه‌ته‌وه، بۆ چاو لێ‌كردن و ئه‌زموون لێوه‌رگرتن ده‌بێ. زئاره‌زوومانه له نێو ریزه‌كانی بزووتنه‌وه كورد و هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری ئێران‌دا هه‌ر رۆژه نموونه‌یه‌كی دیكه له لێك نزیك بوونه‌وه و چاره‌سه‌ری گیر و گرفته‌كانی به رێگای وتووێژی راسته‌وخۆ و دۆستانه و به‌رپرسانه‌دا ببینین.
به خۆشی یه‌وه ئێستا كه به شادمانیی یه‌كگرتنه‌وه‌ی ریزه‌كانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لێك كۆبووینه‌وه، حیزبه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی كوردستانی و ئێرانی ناكۆكی و پێوه‌ندیی ئاڵۆزی نیه، تا بڵێین ئاماده‌ین چاره‌سه‌ری بكه‌ین. به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م له لایه‌ن هه‌مووتانه‌وه ئاماده‌یی حیزبه‌كه‌مان بۆ پته‌وكردنی پێوه‌ندی هاوكاری له‌گه‌ڵ تێكرای هێزه نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانی كورد و ئێرانی رابگه‌ینم. به‌و ئاواته كه دردۆنگی و لێك دووری و هه‌ستی خۆ به زل زانی و پاوانخوازی له نێو لایه‌نه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ریی ئێران دا كۆتایی بێ و جموجۆڵێكی چالاك بۆ یه‌كخستنی ریزه‌كان له پێناوی رزگاریی وڵاته‌كه‌مان دا ده‌ست پێ بكا.
خۆشه‌ویستان ! بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ره‌تان بۆ به‌رنامه‌ی شاد و موسیقا و هه‌ڵپه‌ركی بمێنیته‌وه، شانازی به حیزبه‌كه‌تانه‌وه بكه‌ن و به دوارۆژێكی رووناك هیواداربن، چوونكه دوارۆژ ئی ئێوه و هه‌موو ئازادیخوازانه.
پیرۆزبێ یه‌كیه‌تیی ریزه‌كانی حیزبی دیمۆكراتی كۆردستانی ئێران.
یه‌كگرتوویی خه‌باتی خه‌ڵكی ئێران بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی و دێمۆكراسی.
نه‌فرین له دووبه‌ره‌كی و ناكۆكی و شه‌ری نێوحۆییز
بژی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی قاضی و قاسملو و شه‌ره‌فكندی.
19/10/1375سه‌رچاوه‌نامیلكه‌ی یه‌كبوونه‌وه‌ی ریزه‌كانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
كۆمیسیۆنی چاپه‌مه‌نی
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئیران
بانه‌مه‌ری1376
….
ئارشیڤ و وەک خۆی ناردن : ئومید مسته‌فاپوور
{jcomments off}