"an independent online kurdish website

لە کەس شاراوە نیە کە بە درێژایی مێژووی سیاسی  نەتەوەی کورد لە سەدەی هاوچەرەخدا و بگرە لە پێکهاتنی یەکەم شۆڕشەکانی ئەم نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە چوارچێوەی ئێراندا،aref_shex13

بەشێکی بەرچاو لە پێکهاتەی ڕێبەرایەتی شۆڕش و هەڵسووڕێنەرانی ڕاپەڕینی خەڵکی کورد لە دژی دەسەڵاتداری ناوەندی ئێران، بە هەبوونی سیاسەتی بامێک و دوو هەوا ناسراون و زۆر جاران شۆڕشیان هەرزان فرۆش کردووە و ئاشبەتاڵیان بەو فەرمانڕەوایە بەرتەسکە ناوچەیی و خۆجێیە کردووە کە تا ڕادەیەک خواست و ویستەکانی خەڵکی دابین کردووە.

بەشێکی مێژوویی لەم  چینە کە من لێرەدا بە بەگلەرەکان ناویان دەهێنم و بە پێوانەی جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەوان لە چینی ئاغا و دەرەبەگەکان خۆیان دەبینەوە، هەوڵیان داوە بە داڕشتنی پلان و پیلانی جۆراوجۆر هەموو دەرفەتێکی سیاسی و نەتەوەیی بۆ پڕکردنی گیرفان و هاوکاتیش سەروەری سیاسی خۆیان بقۆزنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا لە مێژوویی سیاسی نەتەوەی کورد لەم پارچەیە لە نیشتیمان وەک ڕێکخەر و هەڵگیرسێنەری شۆڕشی کوردی ناویان بێتە ناوان و پشت بە پشتیش لەم پڕۆسەیەدا سوودی ماددی و مەعنەویان گیر دەکەوێت، هەڵبەت ئەمەش بەو مانایە نیە کە تەواوی چینی ئاغا و دەرەبەگی کورد وەها هزر و بیرۆکەیەکیان لە شۆڕشە نەتەوەیی و هەوڵە نیشتیمانیەکانیان هەبووبێت.

بەشێکی دیکە لە هەلپەرسەتان بریتی بوون لەو سەرمایەدار و بازرگانانەی کە ئیرادەی نەتەوەی کورد و داخوازییەکانی ئەم گەلەیان بە قازانجی ماددی و پلە و پایەی دەوڵەتی و گەیشتن بە مەقامی دەسەڵات و بوون بە مۆرەی داگیرکەران لە کوردستان گۆڕیوەتەوەو لە نیزامی پاشایەتی و دواتر کۆماری ئیسلامیدا ژمارەیان زۆر بەرچاو دەکەوێت.

لە زۆربەی سەرهەڵدانەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ کە کێ دەیکات و کێ دەیخوات؟ یان خود کێ وەک قاڕەمانی نەتەوەیی ناوبانگ دەردەکات و کێ وەک بەزیوی کایە سیاسیەکانی کورد دەردەکەوێت و دەیان پرسیاری دیکە لەم بابەتە.

مەڕحوومی حەسەن بەگی جاف و سالار خەلیل خانی فەیزوڵڵابەگی و هەمزە ئاغای مەنگوڕ و دەیان کەسی دیکە لەو کەسایەتیانە بوون کە لەگەڵ ئەوەی خۆیان لە چینی بەگ و بەگزادە و لە ناودارانی نەتەوەی کوردن، هەستی پاک و حەولی خۆیان لە پێناو سەرخستنی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کورد خستووەتە گڕ و گیانی خۆیان بەختکردووە و لە مەیدانی بەربەرەکانێ لەگەڵ داگیرکەراندا دەیان حەماسەت و قارەمانیەتیان ئافراندووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم ڕاستییە حاشا هەڵنەگرانە، لە جوانمەرگ بوونی کۆماری کوردستان و شەهیدکرانی پێشەوای نەمر قازی موحەممەدا چەند بەگ و ئاغای ناپاک، بە هەبوونی سیاسەتی ژێر و ژوور لەگەڵ دەسەڵاتی پاشایەتی ئێران بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆیان لە ڕیزی نەتەوە فرۆشاندا تۆمار کردووە و هەرگیز ناکرێت هیچ پاساوێک بۆ ئەمانە بهێنینەوەو بەو هەموو کردارە چەپەڵەوە بهێڵین لە مێژوودا لێبوردنیان بۆ دەربچێت، هاوکات لەگەڵ ئەمانەش چەند کەسایەتی و بەگزادەی عەشرەتی گەورک و فەیزوڵڵابەگی تا بوونی کۆمار بەرگری لە پێشەوا و لە دوای کۆماریش پەتی سێدارەیان بە نەسیب بوو.

داوبەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن سیستەمی ویلایەتی فەقێ، کەم نەبوون ئەو کەسانەی بەپیری وتەکانی خومەینیەوە دەچوون و ماڵ و سەرمایەی خۆیان دەخستە خزمەت ئاخوندەکانی قوم و چەپڵەیان بۆ نیزامی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی لێدەدا و داوتریش لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەک دەستخۆشی لە مامەڵە نەوتیی و پێترۆشیمییەکاندا خەڵات دەکران و ڕاستەوخۆ لە پۆستە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێراندا جێگایان بۆ دیاری دەکرا و وەک نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم و دەیان پلە و مەقامی دیکە ناویان هاتووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم ڕۆڵەی سەرمایەدارانی کورد لە خزمەت کردن بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەر بەردەوام دەکات.

ئەگەر تەنیا چاوێک بە پترۆشیمی ماروون لە پارێزگای خووزستان و سەلەفچەگان لە نزیک شاری قوم و پاڵاوگەی گازی پارێزگای ئیلامدا بخشێنین، ناوی ئەو سەرمایەدارە کوردانەمان بۆ دەردەکەوێت کە بە بنەماڵە وەک یاریدەدەری کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری دەور دەگێڕن و هاوکاتیش ناڕاستەوخۆ بەشێکن لە ڕێبەرایەتی حێزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاسەی خۆیان لە هەموو لایەکەوە دەئاخنن و لێشمان دەبنە فێدرالیست تەڵەب و سەربەخۆیی خواز!!!

هەموان دەزانن کە لە فازەکانی ناوەندی گازیی “پارس جنوبی” لە باشووری ئێران، کام بنەماڵەو سەرگەورەی ئێستای کورد دەور دەگێڕن و چلۆن بۆ گیرفان پڕ کردن، خۆیان دەخەنە پێستی مەڕەوە و لێشدەدەن و هاواریش دەکەن.

کۆماری ئیسلامی بە بەشداریی پێکردنی سەرمایەداری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا ئێستا توانیویەتی لە ڕۆڵی ئەوان وەک ڕێکخەر و ڕێگە خۆشکەری سیاسەتەکانی لە کوردستان کەڵک وەرگرێت و سەرنجی بەشێک لە نەتەوەی کورد بۆ لای خۆی ڕابکێشێت کە گۆیا دەسەڵاتی ئێران بڕیاردەری کوردیشی تێدایە و دەبێت خەڵکی کورد بە شتێکی ئەرێنی وەرگرن و حاشای لێ نەکەن.

لە لایەکی دیکەوە پاشماوەی ئەو بەگلەرانەی کە لە جوانمەرگکردنی کۆماری کوردستاندا ژێراوژێر پێوەندییان بە سیستەمی پاشایەتیەوە گرت، خۆیان لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاخی کوردان کردووەتە خانەخوێ و بەردەوام شۆڕشگێڕبوونمان پێدەفرۆشنەوە.

کەوابوو ڕۆڵی دوولایەنەی سەرمایەدارنی کورد بە هەر دوو پێکهاتەکەیەوە واتە بەگلەرەکان و سەرمایەدارە تازە بە دەسەڵات گەیشتووەکان لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک یاریدەدەری ئەم ڕێژیمە و پوتانسیەلی ئێستای ئەم سیستەمە لە کوردستان و لە لایەکی دیکەشەوە وەک توندترین بەرهەڵستکار و لە ڕێزی شۆڕشگێڕانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دوو مەیداندا ڕۆڵی کاریگەریان هەیە و حاشای لێ ناکرێت، هەقیقەتی هەنگاوە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەم چینەیە دەرحەق بە نەتەوەی کورد و داهاتووی سیاسی ئەم نەتەەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی