گۆشارەكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی و پێڤاژۆی گەمارۆكان بە شێوەیەكی بەرفراوان و پەراوێزخستن و مەحكوومییەتی رێژیم لە ئاستی ناوچە و جیهانیدا، هەروا بەردەوامە.
لە نوێترین گەمارۆكانی چەند رۆژی رابردوودا بۆ سەر ئەو وڵاتە، ئامریكا و یەكیەتیی ئورووپا لە پێوەندی لەگەڵ پرۆگرامی ناوكیی و مووشەكیی ئەو وڵاتەدا، كۆمەڵێك لە كۆمپانی و كاربەدەستی ئەو وڵاتە بە تایبەتی كۆمپانی هێنان و هەناردەی «ساد» لە تاران، واتە سازمانی سەنایعی دەریايی، وەزارەتی دیفاعی ئێران، كۆمپانی نێودەوڵەتی دۆستان و گرووپی سەنایعی كیمیايی و پەرەپێدانی خۆراك، سەر بە رێكخراوی سەنایعی دیفاعی لە لایەن ئامریكاوە گەمارۆ دران.
هەروەها یەكیەتیی ئورووپاش 18 كۆمپانی و چەند كاربەدەستی دیكەی ئێرانی بە هۆی هاوكاری لەگەڵ پرۆگرامی ناوكیی ئێران بە لیستەی گەمارۆكان زیاد كرد. واتە بە پێی دوایین ئامارەكان زیاتر لە 490 كۆمپانی و دەزگای جوراوجۆر و 105 كاربەدەستی پایەبەرزی ئەو وڵاتە لە لایەن یەكیەتیی ئورووپاوە گەمارۆيان خراوەتە سەر. گەمارۆ نوێیەكانی ئورووپا زیاتر بە مەبەستی سەقەتكردنی سیستمی بانكی، كەشتیڕانی و هەناردەی گازی ئێران بەڕێوە دەچن.
هاودەنگی و گەمارۆكانی كۆمەڵگای نێونەتەوەيی بە دژی پرۆگرامە ناوكییەكانی ئێران و سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و كردەوە تیرۆریستییەكانی حكوومەتی ئیسلامی ئێران رۆژ لەدوای رۆژ لە پەرەسەندندایە و قوربانیی سەرەكی ئەو سیاسەتە چەوتەی رێژیمیش تەنیا خەڵكی بێ تاوانی ئەو وڵاتەن.
گۆشار و گەمارۆكانی سەر ئەو وڵاتە لە ئاكامی سیاسەتی چەوت و پاوانخوازی عەقڵییەتی چەقبەستوو و دواكەوتووی كاربەدەستانی ئەو رێژیمە لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدایە، بەتایبەتی گوێنەدان بە ویست و خواستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و یاسا و رێسا پەسەندكراوە جیهانییەكان، هەوڵدان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەكی ناوكی كە بۆتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر تەناهی جیهانی و نیگەرانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، داڵدەدانی گرووپە توندئاژۆخوازەكان و دەستێوەردان و ئاژاوەنانەوە لە كاروباری وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە بە گشتی، سەركوت و ئێعدامی هاووڵاتیان و سەدان كردەوەی نامرۆڤانەی دیكە.
هەنووكە دەبینین كە بە هۆی تەریككەوتنەوەی ئێران لە ئاستی كومەڵگای جیهانی و بەرفراوانبوونی بازنەی گەمارۆكان بە دژی ئەو رێژیمە، ئابووری ئەو وڵاتە بە گشتی خەریكی هەرەسهێنانە، بە چەشنێك كە بەهای پارەی ئێران لە بەرامبەر ئەرزە بیانییەكاندا، لە سەدا حەفتا هاتووتە خوارەوە و رێژەی بێكاری بە شێوەیەكی بەرچاو چووەتە سەرێ و زۆرێك لە كۆمپانییە نێوخۆییەكان بە تەواوی كارەكانیان راوەستاون.
هەروەها چوونەسەرێ نرخی كاڵا و بە تایبەتی شتوومەك و خواردەمەنییەكان، پشتی خەڵكی هەژار و بێ دەرەتانی لە ئێراندا شكاندووە و دیاردەی بێ هیوابوون بە ژیان و ئاستەمبوونی بژێوی ژیان تەواوی كومەڵگای ئێرانی گرتووەتەوە، هەموو ئەوانە بوونەتە هۆی ئەوەیكە دەیان دیاردەی دزێوی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگادا سەریان هەڵداوە و بەم پێیە چارەنووسی وڵاتەكەمان بەرەو ئاقارێكی نادیار دەچێت. لە لایەكی دیكەوە دەكرێ بڵێین كە گاریگەری ئەم گەمارۆیانە هاوكات بۆتە هۆی پەرەسەندنەوەی زیاتری سەرهەڵدانی سەدان كێشە و گیروگرفتی وەك گەندەڵیی دارایی و ئیداری و جیاوازی هزری و ململانێی دەسەڵاتخوازیی لە نێوان كاربەدەستانی پێكهاتەی ئەو رێژیمەدا.
بەڵام گەمارۆ و گوشارە جیهانییەكان بۆ سەر ئەو وڵاتە وێڕای تەریكخستنەوە و هەرەسهێنانی ئابووریی وڵات و پێكهێنانی قەیرانی بنەڕەتی لە ئاستی پێكهاتەی ئەو وڵاتەدا، تا ئێستاش نەیتوانیوە هیچ كاریگەری و گۆڕانێكی بنەڕەتی لە بڕیارەكانی ناوەندی ئەو رێژیمەدا پێك بێنێ و رێژیم هاوكات وێڕای پێداگری زیاتر لە سەر ویستە دزێوەكانی ئامادە نەبووە گوێ بۆ خواستە رەواكانی كۆمەڵگای جیهانی شل كات و بەردەوام بە هۆی نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچە و هەناردەكردنی تیرۆریزم بۆ دەرەوەی وڵات، خەریكی گەمەی سیاسی و كڕینی كاتە لە پێناو بە ئاكام گەیاندنی پرۆسەی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی. لە لایەكی دیكەوە سیاسەتی دووفاقی و بەرژەوەندیخوازانەی چین و رووسیە و هێندێك لە وڵاتانی دیكە و هاودەنگ نەبوونیان لەگەڵ كۆمەڵگای جیهانی بە دژی ئێران، دەرفەتی هێندێك مانۆڕی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ ئێران هێشتۆتەوە.
هەر بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیانە، پێویستە كە كۆمەڵگای جیهانی چی دیكە ئیزن بە حكوومەتی ئیسلامی ئێران نەدەن كە بە بیانووی درێژەدان بە وتووێژ و دیپلۆماسی، دەرفەتی كڕینی كات و گەمەی سیاسی بەدەست بێنێ و پێویستە لەو پێوەندییەدا هەنگاوی بەكردەوە و جددیتر هەڵبگیردرێ و خەڵكی وەزاڵەهاتووی ئێران و قوربانیانی ئەم سیاسەتە چەوتەی رێژیمیش، پێویستە كە چی دیكە قەدەر و چارەنووسی خۆیان و نەوەكانی داهاتوویان فیدای پاوانخوازیی كۆماری ئیسلامی نەكەن و لە پێناو ئازادی و رزگاربوون لە تاریكی و بنیاتنانەوەی داهاتوویەكی گەش و كۆمەڵگایەكی دێموكراتیك، هەڵوێست و هەنگاوی بە كردەوە و شۆڕشگێڕانە بۆ رووخانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی هەڵبگرن.{jcomments off}