"an independent online kurdish website

کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ.ك) لە ٢٥ ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ ی هەتاوی لە باغێکی نیزیک شاری مەهاباد لە لایەن کۆمەڵێک لە ڕووناکبیرانی کوردەوە دامەزرا .dilshad_palani12

ئەو کۆمەڵەیە کە دوای حیزبی ئازادیی کوردستان پێک هاتبوو ، ڕێکخراوێکی نهێنیی میڵی – مەزهەبی بوو کە ئامانجی سەرەکیی کوردستانێکی سەربەخۆ بوو .

ژ . ک زۆر زوو توانی پانتایی بدا بە خەباتەکەی هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم باشووری کوردستان . قازی محەممەد لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە نەبوو ، بەڵام دوای ماوەیەک دەبێتەوە ئەندامی کۆمەلە ودواتریش لەگەل ئەوەی کە ڕێبەری کۆمەڵە نەبووە ، بەڵام کەسی هەرە بەدەسەڵات و لە هەمان کات دا هەرە زانای نیو کۆمەڵە بووە . بۆیە دواتر جلەوی ڕێبەری کردنی ڕێکخراوەکە دەگرێتە دەست.

بەهۆی گۆڕانکاریی دوایی شەڕی دووهەمی جیهانی و شکستی فاشیزم ، لاوازیی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران ، پێشەوا قازی محەممەد بە زانایی خۆی دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێ و هەست بەوە دەکا کە کورد پێویستی بە ڕێکخراوێکی دێمۆکراتیکی سەردەمی تر هەیە .

بۆیە بیر لە گۆڕینی ناو و قەوارەی ژ . ک بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەکاتەوە و بەرنامەیەکی هەشت مادەیی بۆ ئەو حیزبە ئامادە دەکەن .

لە ٢٥ ی گەلاوێژی ١٣٢٤ لە کۆبوونەوەیەکی بەرینی ژ . ک دا کە بەرهەمی باس و خواسێکی زۆر بوو ، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد دەگۆڕن بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان .

ۆژنامەی کوردستان کە هەتا ئێستاش بەردەوامە وەک بیری حیزب دیاری دەکەن ، لۆگۆیەکی تایبەت بۆ حیزب دیاری دەکەن و کار بۆ یەکەم کۆنگرە ی حیزب و لە هەمان کات دا ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دەست پێدەکەن .

یەکەم کۆنگرەی حیزب لە پاییزی هەمانساڵ(١٣٢٤) دا لە شاری مەهاباد دەگیرێ و ڕێبەری تازە هەلدەبژێردرێ . ئەو ڕێبەریەش قازی محەممەد وەک پێشەوای حیزب هەڵدەبژیرن .

بەرهەمی بیر وبڕیارەکانی کۆنگرەی یەکەمی حیزب وەک یەکەمین ڕێکخراوی مۆدێڕنی کورد ، دەبێتەوە کار بۆ راگەیاندنی کۆماری کوردستان کە لە ٢ ی ڕێبەرندانی هەمانساڵ دا هاتە نێو مێژووی نەتەوەی کوردەوە .

لە کاتی دەسەڵاتداریەتیی کۆماری کوردستاندا تەنیا یەک زیندانی هەبوو کە ئەویش زیندانیی سیاسی نەبوو و ئەم تایبەتمەندییانە بووەتە هۆی ئەوە کە ئێستا گەلی کورد بەگشتی لە هەرچوار پارچەی کوردستان، شانازی بە کۆمارەوە بکات و کۆماری کوردستان بۆ بزوتنەوەی کورد بۆتە ئیلهامدەر.

کۆماری کوردستان رۆلێکی گرینگی لە بەشداری پێکردنی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستاندا هەبوو و کوردانی پارچەکانی دیکە و بەتایبەت بارزانییەکان وەکوو هاووڵاتیی کۆماری کوردستان لەو هەرێمەدا دەژیان و هەروەها ئەو کۆمارە توانیی زمانی کوردی لە تێکڕای ناوەندەکانی خوێندن و ئیدارەکەندا برەو پێ بدات و جێگیریشی بکات.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وەکوو حیزبی دامەزرێنەری کۆمار و لە سەروویشەوە پێشەوا قازی محەممەد،
بە تێگەیشتنی دێمۆکراتیکانەی خۆیان ئەو دەسەڵاتەیان لە مێژووی گەلی کورددا کردە نموونە، تێکڕای چین و توێژەکانی کومەڵگا لە تەمەنی کورتی کۆماردا کەوتنە گەشە کردن و توانای بەڕێوەبەریی سیاسیی گەڵی کوردیان بە دەستی خۆیان، بە جیهانیان سەلماند.

کۆماری کوردستان لە سەردەمێکدا سەری هەڵدا و دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیکی لە کوردستاندا دەستەبەر کرد کە تێکڕای حکوومەتەکانی ناوچە عەشیرەتی و پاشایەتی بوون.
٦٧ ساڵ لەوە پێش کورد بە کردەوە هەنگاوی بۆ دامەزرانی دەوڵەتێک هەڵگرت و لەو دەوڵەتەدا هەوڵی جێگیر کردنی پرسێک درا کە ئێستا وڵاتانی جیهان خەباتی بۆ دەکەن کە ئەویش ئازادیی رادەربڕین بوو. بەستێن، بۆشایی، ویستی خەڵک و دامەزرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، لە هۆکارە گرینگ و سەرەکییەکانی دامەزرانی کۆماری کوردستان بوون.

به‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌وه‌ مۆمی شه‌ستوحه‌وته‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان پیرۆزبێت له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان ، به‌تایبه‌ت له‌ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی خۆڕاگه‌ر

دڵشاد پاڵانی /۲۰/۱/۲۰۱۳/ زاینی بریتانیا{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی