"an independent online kurdish website

“ژۆزێف ڕاستینگێر” بێنێدیکی ١٦ ڕێبەری کاتۆلیکەکان جیهان ٢٨ی فێبرییەی ٢٠١٣ کات ژمێر ٨ی شەو بە کاتی ئورووپا دەستی لە کار کێشایەوە و هۆکارەکەی بۆ بە ساڵا چوونی ناوبرا گەڕاندەوە.husen_resuli_01

هەواڵی دەست لە کار کێشانەوەی چاوەڕوان نەکراوی پاپ لە کاتی بەڕێوە بردنی ڕیو ڕەسمێکی ئایینیدا لە رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی مانگی فێبرییە ٢٠١٣ی زایینیدا لە شاری ڕۆم لە لایەن ناوبراوەوە بڵاو بۆوە.
ئەو بڕیارە نائاسایی و لە نەکاو بوو و ئەوە یەکەم جارە کە دوای زیاتر لە ٦ سەدە پاپ واتا ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان دەست لە کار دەکێشێتەوە دەسەڵاتداریەتی دەرباری ڤاتیکان بۆ کەسێکی دیکە بە جێ دێڵێت.
دوایین جار کە پاپ  دەستی لە کار کێشایەوە ساڵی ١٤١٥ی زایینی بوو کە ” گریگۆری ١٢” وازی لە پۆستەکەی هێنا.
ڕاگەیەنە گشتیەکان ئەو بڕیارەی پاپیان بە ڕووداوێکی مێژوویی وەسف کرد و هاوکات کاردیناڵ ” ئانجێلۆ سادانۆ” ئەو هەوڵەی وەک هەورە برووسکە ناو برد.
” جۆرج ڕاستینگێر” برای پاپ بە هەواڵدەریەکانی وتوە کە ئەو کارەی پاپ بە هۆی چوونە سەری تەمەنی ناوبراوەوە بوو و دوکتوورەکانی پاپ ئامۆژگاریان کردبۆوە کە لە سەفەری نێوان قاڕەی ئورووپا و ئەمریکا خۆ ببوێرێ.

ماوەیەکی کورت دوای بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە ئاگاداریەک لە لایەن پاپەوە بڵاو بۆوە کە تێیدا هاتوە پیری و  بواری تەندروستی هۆکارەی سەرەکی دەست لە کار کێشانەوەی ناوبراوە و لە درێژە دا پاپ دەڵێ ” زۆر جار دەگەڵ خودای خۆمدا ڕاز و نیازم کردوە و بەو ئاکامە گەویشتووم کە بە هۆی پیری توانای بەڕێوەبردنی ئەرکەکانم بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و دروست نەماوە هەر بۆیە بە دەست لە کار کێشانەوەم ڕێگا بۆ کەسێکی دیکە خۆش دەکەم کە بتوانێ ئەو ئەرکە پیرۆزە وەک پێویست بەڕێوە بەڕێت. 
تەمەنی پاپ ٨٥ ساڵە و بە جۆرەی قسەی وتەبێژەکانی ڤاتیکان تەنانەت نزیکترین هاوکارەکانیشی ئاگاداری ئەو بڕیارە نەبوون هەر بۆیە بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە گشت لایەکی سەرسام کردوە.

ئەوە دیوی دەرەوەی ئەو هۆکارانەیە کە ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان وەک هۆکاری دەست لە کار کێشانەوەی خۆی پێشانی داون بەڵام میدیاکان سەرەڕای هەموو  قسە و باسانە، باس لە کۆمەڵێک هۆکاری دیکە دەکەن کە لە ماوی دەسەڵاتداریەتی بێنێدیکتی ١٦ دا بەرۆکی دەرباری ڤاتیکانیان گرتبوو.

یەکێک لە و هۆکارانە کە میدیاکان باسی دەکەن  گیران و دەست بە سەر کردنی خزمەتکاری تایبەتی پاپ بوو کە  بوو بە هۆی دزە کردنی ئەو زانیاریانەی کە باس لە گەندەڵی ماڵی و ئیداری و هاوکات کێشە ومل ملانی  دەسەڵات لە  نێوان کاردیناڵەکان لە دەرباری ڤاتیکان دا دەکەن کە بە ” واتیلیکس” ناوبانگی دەرکردوە  و ئەو ڕووداوە پاپی زۆر تووڕە کردبوو.
یەکێکی دیکە لەو کێشانە کە لەو ماوەیە دا دەستە و داوێنی پاپ و دەرباری ڤاتیکان بوو دەست درێژی سیکسی بۆ سەر منداڵان لە لایەن قشە مەسیحیەکانی سەر بە کلیسای کاتۆلیک لە ڤاتیکان بوو.

مەزەندە کراوە کە کلیسای کاتۆلیک  لە ڤاتیکان زیاتر لە میلیاردێک و ١٠٠ میلیۆن پێڕرەوی لە هەموو جیهاندا هەیە.
” ژۆزێف  ڕاستینگێر ” لە ساڵی ٢٠٠٥ بوو بە جێگری پاپ  ” ژانپۆڵی ٢ ” کە بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
بەڵام هەمووی ئەو کێشە و گیر و گرفتانە و بگرە زۆر ئەوەندەی دیکەش  بە بەراورد کردن دەگەڵ ئەو پلە و پایە ئایینی و مەعنەویەی کە ڕیبەری کاتۆلیکەکانی جهان هەیەتی ، دیسان دەست لە کار کێشانەوەی ناوبراو  ڕووداوێکی بچوک  و ئاسایی نیە و لە زۆر بوارەوە جێگای هەڵوێستە لە سەرکردن و لێ ڕامانە.

pap_bnedikt16

لە بواری ئایینەوە  پاپ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە تایبەت لە قاڕەی ئورووپا و ئەمریکا  بە سەدان میلیۆن پێڕەوەی هەیە و تەنانەت لە لایەن  ڕیبەری  موسوڵمان و یەهوودیەکانێشەوە بە چاوی ڕێز و حورمەتەوە لێی دەڕوانن و لە بواری سیاسیشەوە کەسێکە کە  ڕێزی  تایبەت بە خۆی هەیە و جگە لەوەش ڕێبەری کردنی زیاتر لە میلیاردێک پێڕەو لە جیهان دا ئۆبوهەتێک بە مرۆڤ دەبەخشێ کە واز هێنان لە وەها پۆستێک کارێکی ساکار نیە.

بە بەراورد کردنێکی بێ لایەنانە و بە دوور لە هەر چەشنە دەمارگرژێک لە سەر هەل و مەج و وەزعی پاپ دەگەڵ هەل  و مەرج و تەندروستی و بواری ئیداری و گەندەڵی سیاسی و ماڵی و بە گشتی هەربوارێکی دیکەی سەدان ڕێبەر لێرە و لەوێی جیهاندا ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێ کە دەست لە کار کێشانەوەی پاپ لە پۆستی ڕێبەری کلیسای کاتۆلیکی ڤاتیکان ڕووداوێکی مێژوویە.
پێویسیتی بە هێندە خۆماندوو کردن نیە و بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بۆمان دەردەکەوێ کە هەر لە کۆبای ئەمریکای لاتنیەوە بگرە هەتا دەگاتە ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست و ئاسیای ناوەڕاست، سەرەڕای هەموو ئەو گەندەڵیانەی کە بەرۆکی کلیسای ڤاتیکانیان گرتۆتەوە، بەندیجانەکان پڕەن لە ڕووناکبیر و ئازادیخواز و نوێخواز و جیابیر.

گەندەڵی ماڵی و دزی و بە تاڵان بردنی سامانی نەتەوەیی گەڵانی ناوچەکە لە لایەن بە ناو ڕێبەرەکانیانەوە بێداد دەکات.
ئەومڕۆ لەو ناوچە بەڵا لێدراوانە دا دەبینین کە چۆن برا دەسەڵات بە میرات بۆ برا و براز و هاوڕێی نزیک  ویان باوک وەک  میرات و بە شێوەی شانشین دەسەڵات بۆ کۆڕەکانیان دەگوازنەوە.

لە کۆبای بە ناو سوسیالیست و برا گەورەی چەسەاوەکان دوای نزیک بە ٤٠ ساڵ دەسەلاتداریەتی ” فیدێل کاستڕۆ” دوای ئەوەی پیری بڕستی لێ بڕی بە ناچاری دەسەڵاتی دایە دەست “ڕائۆلی ” برا چووکەی بە بێ گوێ دانە ڕای گشتی خەڵکی ئەو وڵاتە.
لە کووریای باکوور ئەوە بۆ چەندین دەیەیە کە ئەو وڵاتە لە لایەن بنەمەماڵەیەکەوە ئیدارە دەکرێ و وەک ئەوە کە لەو وڵاتە دا لەو بنەماڵەیە زیاتر کەس نیە .

لە تونێس زەینەڵعابەدەین بن عەلی دوای زیاتر لە ٢٥ سال و دوای ئەو هەمۆ گەندەڵیە بە زۆری گۆپاڵ دەسەڵاتی بە جێ هێشت.
لە لیبای بە ناو سوسیالیست شێتێک سەرەڕای گەندەڵی و سەرەڕۆیی و دیکتاتۆڕیەکی بێ  وێنە لە دژی خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتە بە سیاسەتە سەرلێشێواوەکانی لیبیای بەرەو لێواری هەڵداشتن برد و ناوی خستە ناو لیستی وڵاتانی تێرۆریست.

لە میسر حوسنی موبارەک دوای  چەند دەیە  و نزیک بە ٨٠ ساڵ تەمەن بە نیاز بوو دەسەڵات بە میرات بدا بە کورەکەی .
لە سووریا حافز ئەسەدی خوێنمژ دوای ٣٠ ساڵ دەسەڵات بەشیوەی ستالین  بە بەند کردن وکوشتنی هەزار هاووڵاتی بێ تاوان دەسەڵاتە بە ناو کۆماریە کارتۆنیەکەی بەخشیە بەشاری کوڕی!!!

سەدام لە ئێراق بۆ ماوەی نزیک بە ٣٠ ساڵ بە ئاگر و ئاسن بە سەر گەلانی ئەو وڵاتەدا حوکمی کرد و  چەندی جار شەڕی بۆ خەڵک بە دیاری هێنا کە جگە لە ماڵوێرانی دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی بە دواوە نەبوو!!
خۆ ئەگەر باس لە وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستیش بکەین نەک لەو وڵاتانە باشتر  نین بگرە هەزار ئەوەندە گەندەڵترن و سەیریش ئەوەیە کە هەموویان ناویان کۆماریە و هەر بە چەند ساڵ جارێک بۆ چەواشەر کردنی زیاتری ڕای گشتی شانۆی هەڵبژرادن بە ڕێوە دەبەن و هەموو جارێش بە دەیان ئیمتیازی نوێتر بۆ دەسەڵاتی ڕەهای خۆان لە بە ناو یاسا دا دەگونجێنن!!

لە پێوەندی دەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداویش وەک دەبینی دەسەڵات بە شەرتی مردنە و هەتا ڕێبەر یان سەرۆک دەمرێ لە سەر دەسەڵاتە و هەڵبژاردن و ئاڵ و گۆڕی دەسەڵات مانایەکی نیە.
کە باس لە کۆماری جەهل و جەنایەتی ئیسلامی ئێران بکەین شتەکە جیاوازترە و لەو وڵاتە دا ڕێبەر بە ناوی نوێنەری خواوەند لە سەر زەویە و هیچ شتێک بە بێ ئیزنی ئەو ناکرێ و بەڕێوە ناچێ و شانۆی چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی بە ناو سەرەک کۆماریش لە گاڵتەجاڕیەک بەو لاوە نیە.
سەیر ئەوەیە کە ئەوە بەڵایە هەر لە نێو ڕێبەرانی ئەو وڵاتانە دا قەتیس نەماوەتەوە و بەرۆکی ئێمەی کوردی هەژاریشی گرتۆتەوە و ئێستا دەبینین کە هەن و بە دەیان کەس لەو ڕێبەر و سەرۆکی حیزبە کوردیەکان ئەوەندەی تەمەنی حیزبەکەی خۆیان  ڕیبەر بوون و تەنانەت بە پیریش دەست بەرداری کورسی دەسەڵات نابن وهەر کامیان سەرەڕای ئەوە کە حیزبەکەیان چەند جار لەت و پەت بوون و ئێشتا لە حیزبۆکەیەک زیاتر نین و لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە هەموویان خۆیان بە سوسیالیست و سۆپەر سوسیالیست و ناسیۆنالیست و تەنانەت ئینترناسیۆنالیستش دەزانن و هەموویان داوای دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەن و بە کۆمەڵێک دروشمی بریقەدار دەیان ساڵە ڕای گشتی چەواشە دەکەن.

ئەگەر هەردووک هۆکارەکان واتا پیری و نالەباری تەندروستی وەک پاپ خۆی دەڵێ یان وەک میدیاکان دەڵێن گەندڵی ئیداری و ململانی دەسەڵات و تەنانەت ڕووسوایە جنسیەکانش وەک هۆکاری دەست لە کار کێشانەوەی پاپ لە بەر چاو بگرین کە بێ گومان هەموویان ڕۆڵیان هەبووە  بەڵام دیسان ئاستەمە کارتێکەرێکی ئەوتۆی هەبووبێ کە ناوبراو ناچار بێ واز لە دەسەڵاتێکی وەک دەرباری ڤاتیکان بێنێ ئەگەر پاپ بۆ خۆی جەوهەری دەست لە کار کێشانەوەی نەبایە!!؟؟

 چونکە وەک دەزانین سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەش هەتا ئێستا بۆ وێنەش بێ نەدیتراوە لە وڵاتێک یا ن لە لایەن تاقمێکی بچووکیشەوە داوای دەست لە کار کێشانەوە لە پاپ بکرێ یان لە شوێنێکی هەرچەند بچووکیش بێ لە دژی پاپ و دەرباری ڤاتیکان و کلیسای کاتۆلیک شۆڕش و خۆپێشاندان وەڕی بخرێ و لە لایەن ڕێبەرانی جیهانەوە داوای دەست لە کار کێشانەوە لە ناوبراو بکرێ. 
بەڵام زۆربەی ئەو وڵاتانە کە لە سەرەوە ناویان هات هەرچشنە ناڕەزاییەک بە توندترین شیوە وڵام دەدەنەوە و ڕۆژ نیە لە چوار قوژنبی ئەو وڵاتانە دا سەرهەڵدان بە شێوەی جۆراو جۆر لە دژی دەسەڵاتی گەندەڵیان وەڕێ نەخرێ کەچی لە ڕوو ناچن و بە زۆری چەک درێژی بە دەسەڵاتی نگریسی خۆیان دەدەن.

بێ گومان پاپ ئەگەر لە ماوەی ڕێبەری کردنی  کلیسای کاتۆلیک دا وەک کاریزمایەک بوو بۆ لایەنگرانی ، بەو کارەی توانی پێگەیەکی هەتاهەتایە بۆ خۆی لە ناو دنیای مەسیحییەت  دا دروست بکات و هاوکات لە ڕای گشتی دا جگە لە ڕێبەرێکی ئایینی مەسیح وەک مرۆڤێکی دێموکڕات دێتە ئەژمار و بوێری ناوبراو بۆ واز هێنان لە وەها دەسەڵاتێک لە بیر و زەیینی مرۆڤەکان دا بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە .
بەڕاستی دەست لە کار کێشانەوەی “پاپ ” بە هەر هۆیەک بێ و لە ئاکامی هەر گۆشارێک دا بوو بێ بەڵام  دیسان لە بەها مێژوویەکەی ئەو کارە کەم ناکاتەوە و بۆ ئەوە دەبێ هەموو ڕێبەرانی جیهان ڵێی فێر بن و بیکەن بە ئەزموون و خۆیان بە ویستی خۆیان و بە بێ ئەوە لە لایەن هێزی خەڵکەوە ناچار بکرێن واز لە دەسەڵات بێنن بۆ ئەوە پێشان بدەن کە خۆیان بڕوایان بەو دروشمانە هەیە کە خساڵانێکە بەرزیان کردۆتەوە…..!{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی