هێنده زۆرن ئه‌و گه‌نجانه‌ی ژیان و ئاوات ئاره‌زوکانیان کرده پرده‌بازی سه‌رفرازی و ڕزگاری و ئازادی گه‌ل و وڵات ئه‌وان بوون وه‌ک مۆم سووتان و ڕێگای مان و ژیانیان ڕوناک کرده‌وه، له ڕوناکایی ئه‌و مۆمانهیه گه‌ل مێژووی به‌رخۆدان که‌ڵه‌که ئه‌کا و
گوڵی هیوا ئه‌ڕوێنێ، که وابوو گه‌لێکی زیندوو گه‌لێکی به ویژدان زۆر ئه‌سته‌مه ئه‌و ڕوحه پاک و بێگه‌ردانه‌ی له بیر بچێته‌وه و نه‌یان کاته تاجی سه‌ر، نه‌ته‌وه‌کانی هه‌موو دنیا بێ هێزی بازووی گه‌نج و لاوه‌کانی داهاتوو و ژیانی قرپۆکه و وه‌جاخ کوێره، بۆیه ئێمه هه‌رچه‌ند بیر بکه‌ینه‌وه ڕسته‌ی جۆراوجۆر بنووسینهو دیسانیش ناتوانین تابڵۆیه‌کی شیاو بۆ شه‌هیده‌کانمان بنه‌خشێنین، ته‌نیا ده‌توانین ئه‌وه‌ی که خۆمان بینیومانه و ڕووداوه ڕاسته‌قینه‌که وه‌ک خۆی باس که‌ین.
ساڵی ١٣۶۲ بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی ده‌سته‌ی یه‌کی لکی سێ له مزگه‌وته‌که‌ی گوندی سووره‌چۆم دابوو، من ماوه‌یه‌ک بوو دایک و باوکم نه‌بینی بوون، ویستم مۆڵه‌تێک وه‌رگرم و شه‌وێک بچمه‌وه لایان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئێواره‌ی ۲٤ی گه‌ڵاوێژی ساڵی١٣۶۲ی هه‌تاویی ئیزنم وه‌رگرتوو و به‌ره‌و گوندی سێوه‌تاڵ وه‌ڕێکه‌وتم کاتێک گه‌یشتمه ناو گوند خه‌ڵک له سه‌ر نان وخوانی ئێواراه بوون که‌س له ده‌رک و بانان دیار نه‌بوو، به‌ره‌و لای ماڵی خۆمان چووم، چرایان نهدایساو ده‌رگاکه‌شیان گاڵه دابوو! تاوێک بهولاولای خۆم دا ڕوانی و که‌سم نه‌بینی و که‌وتمه هه‌واری خاڵی، داگه‌ڕامه خوار بۆ ماڵی مامم له ده‌رگام دا و مامۆژنم ده‌رگای لێکردمه‌وه دیاربوو ئه‌وانیش له سه‌رنان خواردنی ئێواره بوون، به‌خێریان هێنام وماچیان کردم، تاوێک دانیشتم، غوربه‌تێک قوڕگی ئهگووشیم پرسیارم کرد ماڵی باوکم بۆ لێره نه‌ماوه؟ مام مسته‌فام یادی بهخێرگووتی: “حه‌وتویه‌که خدر ماڵه‌که‌ی بردۆته گۆندی “دۆڵه‌بییه” له ترسی ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن: حکومه‌ت هێرش ده‌کا بۆ ناوچه‌که، ئه‌و که‌سانه‌ی کوڕێک یان که‌سێکیان پێشمه‌رگه بێ که‌مێک له خۆیان ئه‌ترسن وخۆ په‌نا ده‌ده‌ن” له‌وێ نان و چام خوارد خۆم پێچایه‌وه، مام گووتی پێویست ناکا به‌و شه‌وه بڕۆی بۆ دۆڵه‌بییه، سبه‌ی به کاوه‌خۆ بڕۆ. قه‌ناعه‌تم نه‌کرد و به‌ره‌و دۆڵه‌بییه که‌وتمه ڕێ، له گوندی دۆڵه‌بییه که ڕه‌د ده‌بێ شوێنکی لێیه به ناوی (خڕێ پهلۆکان) له وێ بینیمنه‌وه شوێنێکیان ته‌خت کردبوو که‌پرێکیان به دار و گه‌ڵادار پێکه‌وه نابوو له‌وێ بوون، شه‌و لای ئه‌وان بووم، بۆ سبه‌ی که ۲٥ی گه‌ڵاوێژ بوو ڕێکخراوی “باژاڕ” کۆڕێکی شێعر‌و شانۆ ومۆسیقای له بن گوێزی ده دۆڵه‌بییه بۆ خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ر ساز دابوو، من به‌شداریم نه‌کرد به‌ڵام به سه‌ر شوێنی کۆڕه‌که دا ده‌مڕوانی، دوانیوه‌ڕۆ دایکم گووتی: ده‌چم له‌و سه‌ر ئاوه ئه‌و چه‌ند “به‌ڕه” ده‌شۆم تۆش ئیستیڕاحهتی خۆت وه‌رگره، دایکم ڕۆیی و منیش گووتم هه‌تا ئه‌و دێته‌وه با “ژ-٣”یه‌که‌م خاوێن که‌مه‌وه، له زه‌ینم نه‌مابوو که شه‌و له ڕێگا فیشه‌کم خستۆته به‌ر، ههرهێنامه پێش خۆم و خهشابهکهم ده‌رهێناو ڕوم پێ له هه‌وا کرد‌و ده‌ستم لێ کێشا ئیتر وه‌کو ئارپێجیم لێده‌ن وابوو! له تۆزوخۆڵی ده‌وروبه‌ر دا ون بووم هه‌رچی گه‌ڵای کهپرهکهبوو به سه‌رم دا باری دڵه کوتێکی باش دایگرتم، به په‌له هه‌ستام تاوم دایه گه‌سکه‌که گووتم هه‌تا دایکم به ده‌نگی ته‌قه‌که‌وه نه‌هاتووه‌و وه‌زعه‌که‌ی نه‌بینیوه با خهزهڵهکه له سه‌ر نوێن و بانه‌که وهلادهم، ژێر که‌پره‌که‌م خاوێن کرده‌وه‌و بینیم مێر مناڵێكی سێزده یان چوارده ساڵی ده‌بوو به‌ره‌و ڕووم هات و گووتی: ئه‌وه ئه‌تۆ بووی ئه‌و ته‌قه‌ت کرد؟ جوابم دایه‌وه گووتم به‌ڵێ، گووتی: نیشانه‌یه‌کت بۆ دا که‌م؟ گووتم نا نیشانه‌ی خۆم پێکاوه! ئه‌وه‌ش ئه‌و ده‌ی ده‌ی با نیشانه‌یه‌کت بۆ داکه‌م داخوا ده‌ی هینگێوی، گووتم نا حیزب فیشکهکانم ناداته‌وه! وازی هێنا ده‌تگووت ڕوحه، وه‌ک سێوێکی سوور‌و سپی و شیرین بوو، گووتم ناوت چییه؟ گووتی محه‌ممه‌د شابازه، گووتم کوڕی کێی؟ گووتی: کوڕی پور حه‌بیبم خه‌ڵکی “بانوی”، گووتم بۆ لێره‌ی؟ گووتی: ماڵمان لێره‌ییه، پرسیاری کرد گووتی: تۆ کوڕی پور زێڕینی؟ گووتم به‌ڵێ هه‌وم، ههڵوهستهێکی کردوو گه‌ڕایه‌وه بۆ لای گوند. دیار بوو ئه‌وانیش له ترسی هێرشی ڕێژیم خۆیان گه‌یاندبۆ دۆڵه‌بییه، ئه‌وێ سه‌ر سنوور بوو، ماوه‌ێک پێچوو دایکم هاته‌وه ئه‌ویش پرسیاری کرد گووتی: ده‌نگی ته‌قه‌ی تفه‌نگێک هات ئه‌تو بووی؟ گووتم به‌ڵێ من بووم به‌و چیایه‌م وهنا! ئه‌وه‌ش دایکم هینگاوتت؟ جا ئه‌دێ ئه‌و چیایه‌ش نههینگێوم! نهم وێرا بڵێم له ده‌ستم ده‌رچووه گهڵاشم به که‌پره‌که‌وه نه‌هێشتووه، نیگه‌ران ده‌بوو ده‌یگووت خۆت ده‌کوژی. دوانیوهڕۆماڵئاویم له دایکم کرد به‌ره‌و بنکه‌ی پێشمه‌رگه له گوندی سووره‌چۆم که‌وتمه ڕێ، له سه‌ر پردی “سهردهروێ” گه‌یشتمه ساڵحی ئیبراهیم زاده ” ساڵحه شۆکه” سواری هێسترێک کرابوو پێشمه‌رگه‌یه‌ک له گه‌ڵ دا کۆڵێک که‌تان و لۆکه‌ی به سهروچاوانهوه بوو! گووتم ماندوو نه‌بن! ئه‌وه چییه خێره؟ دیار بوو کاک ساڵح بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی خاوێن کردبۆوه، دیاربوو له ونێوه دا که‌مێک ماندوو حهسهبانی ببوو! بۆ بێبه‌ختی موشه‌که “قازیفه “یه‌ک له قوژبنی دیواره‌که نزیک ده‌رگاکه هه‌ڵپه‌سێردرابوو، کاک ساڵح هه‌ڵیگرتبوو فرێدابوو ده‌ره‌وه هه‌ر له پێش خۆی ته‌قیبۆوه! چاک بوو پێشمه‌رگه‌ی که‌م لێ ببوون ئه‌گینا کاره‌ساتی لێده‌که‌وته‌وه، ته‌نیا خۆی به سوکی بریندار ببوو.
۲٧ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣۶۲ی هه‌تاوی ڕێژیمی ئاخوندی هێرشی کرده سه‌ر ناوچه‌که و له ماوه‌ی پینج ڕۆژ شه‌ڕو به‌ربه‌ره‌کانی له گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه دا سهرنجام ناوچه‌که‌ی داگیرکرد. ئێمه بنکه‌کانمان برده سه‌رسنووری کوردستانی باشوور شوێنێک به‌ناوی “باوزه” ده‌سته‌ی ١ی لکی٣ و په‌له‌کانی له پشتی باوزێ ماینه‌وه له شوێنێک به ناوی “باوهڵۆ” خاکه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣۶٣ی هه‌تاوی بوو، پێش نیوه‌ڕۆ له سه‌ر بانیژهێکی پیش بنکه‌ی پیشمه‌رگه‌کانی په‌ڵی ١ی شه‌هید عه‌زیزی مولانپور پێک ههڵوهستابووین قسه‌مان ده‌کردن و ته‌ماشای چیای “زنگه دۆڵ” و “گردبینازمان” یان گردهبێناسهمان ده‌کرد، باهارێکی خۆش بوو، ئاسمان ساماڵ و هه‌تاوێکی به‌تین پشتی گه‌رم داهێنابووین، قاسپه‌ی که‌و و ده‌نگی چۆله‌کان و ئه‌وهه‌موو سروشته جوانه‌ی ده‌وروبه‌ر ئهیخستیه دنیای ڕامانه‌وه، قهستت ده‌کرد کۆڵه‌پشتیه‌که پڕکه‌ی له نان و هێلکه‌ی کۆڵاو بڕۆی بۆ کوێستانه به‌رزه‌کانی ده‌وروبه‌ر و له‌وێ ژه‌مێکی به‌هاری له گه‌ڵ “کوڕاده و پێچۆکه” دا بخۆی! ئا له‌و خه‌یاڵه دابووین که گه‌نجێکی جوان وه‌کو گوڵێکی به‌هاری خۆی به ناو باغه‌که‌مان داکردوو کۆڕه‌که‌ی ڕازاوهترکرد، ئه‌و گه‌نجه جوانه شابازی ئیسماعیلی بوو له‌وێ یه‌کترمان له باوه‌ش گرت و بووینه هاوسه‌نگه‌رێکی به وه‌فای ڕێگای خه‌بات و تێکۆشانی حیزب و گه‌ڵ، شاباز منی ناسیه‌وه و بیری خستمه‌وه که له گوندی دۆڵه‌بییه یه‌کترمان بینیووه. به‌ڵێ شاباز کوڕی پور حه‌بیب و مام سمایل بوو، خه‌ڵکی گوندی “بانوی قازان” بوون. شابازی له دایک بووی ساڵی١٣٤٨ههتاوی بوو، کاتێک بوو به پێشمه‌رگه ته‌مه‌نی ١٥ساڵ بوو، شاباز گه‌نجێکی باڵابه‌رزی سوور و سپی وجوان بوو، کاتێک هات بۆ ڕیزی پیشمه‌رگه‌کانی دێمۆکڕت خاڵی شاباز واته وه‌ستا قادری مولانپور جێگیر په‌ڵی یه‌کی شه‌هید عه‌زیزی مولانپور بوو، ئه‌وکات وه‌ستا قادر زۆرههوڵی له گه‌ڵدا دا که بڕواته‌وه، گووتی: هێشتا منداڵی دوای چه‌ند ساڵی‌تر وه‌ره‌وه! به‌ڵام شاباز له سه‌ر مانه‌وه سووربوو و نه چۆوه. شاباز سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که خاڵ قادری پیشمه‌رگه بوو، خاڵ عه‌زیزیشی که سه‌رپه‌ڵ بوو له ٨ی گه‌ڵاوێژی ساڵی ١٣۶١ له شه‌ڕێکی که‌م وێنه دا له چیای “قوچ” له گه‌ڵ پۆلێک پیشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی تردا شه‌هید ببوون. شاباز و بنه‌ماڵه‌ی شاباز پله و پایه‌کی به‌رزیان هه‌بوو له ناو خه‌ڵکی ناوچه دا، ئه‌وان خاوه‌نی پیشمه‌رگه‌ی قاره‌مان و فه‌رمه‌نده‌ی ئازا شه‌هید عزیزی مولانپور و شه‌هیدی فه‌رمه‌نده عوسمانی ئه‌حمه‌دی و چه‌ندین پێشمه‌رگه و فه‌رمه‌نده‌ی ئازا بوون له ناو ڕیزی خه‌بات و تێکۆشانی حیزب و گه‌ل دا، دایکی شاباز پور حه‌بیب یه‌کێک له‌و شێره ژنانه بوو که هه‌ر ده‌م وه‌رو توانای ئهبهخشیه هێزی پێشمه‌رگه، ئه‌و له چاو نه‌ترسی وغیره‌ت و شههامهتێک که هه‌یبوو هه‌میشه یارمه‌تی ده‌رو پاڵپشتێکی به هێزی هێزی پێشمه‌رگه بوو، که‌م که‌س هه‌بوو پور حه‌بیب نه ناسێ و وه‌ک شێره‌ژنێکی وره به‌رز و ئازا سه‌یری نه‌کات. ئه‌و له شه‌ڕه کانی قوچ و ماره‌غان دا نزیکترین دایکی پیشمه‌رگه بوو له هاوکاری ڕۆڵه‌کانی له سه‌نگه‌ری تۆڵه دا. شاباز به‌و پاشخانه قایم و پتهوهوی وره‌و هیوایه‌وه بوو به پێشمه‌رگه و سه‌نگه‌ری له دوژمن گرت، ئه‌و له‌و ماوه کورته‌ی پێشمه‌رگایه‌تی دا توانی خۆی به که‌سێکی سه‌رکه‌وتوو له مه‌یدانی خه‌بات و تێکۆشان و هه‌ڵگرتنی خوو خه‌ده و ئه‌خلاقی شۆڕشگێڕانه و پاراستنی دیسیپلینی حیزب له ناو خۆ‌و کۆمه‌ڵ دا پێناسه بکات. شاباز له عه‌مه‌لیاتی ڕۆژی ۲٥ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣۶٣ به هاوبه‌شی “مجاهدین خلق ایران” و پێشمه‌رگه‌کانی دهستهی١ی شه‌هیدانی ٨ی گه‌لاوێژ و ده‌سته‌ی ٤ی شه‌هید کاوه ماره‌غانی که له نێوان جاده‌ی قه‌له‌ڕه‌شه بۆ سووره‌چۆم دوژمن له که‌مین خرا به‌شداری چالاکانه‌ی کرد، له‌و شه‌ڕه دا چه‌ند ماشێن سووتان و لاشه‌ی ٧ پاسدارکهوته ده‌ست هێزی پێشمه‌رگه، هه‌روه‌ها به هاوکاری پیشمه‌رگه‌کانی “مجاهدین خلق ایران” توانیمان مۆڵگه‌ی “بنلیس” و پشتی گوندی قه‌له‌ڕه‌شێ تۆپباران که‌ین و زیانی گیانی و ماڵ له دوژمن ده‌ین. له‌م شه‌ڕه‌ش دا به خۆشیه‌وه هیچ زیانێک به هێزی پێشمه‌رگه نه‌گه‌یشت. ۲٧ی سه‌رماوه‌زی ساڵی ١٣۶٣ له پڕ به‌فرێکی باش باری ئه‌و فهفره وایکرد که ڕێژیم توشی ته‌نگانه بێ و چه‌ندین مۆڵگه له دۆڵی باژار کۆ کاته‌وه یان به نیوه چڵی به جێیان هێڵێ، خه‌به‌رمان بۆ هات که پاسداره‌کان سه‌رگه‌رمی کۆ کردنه‌وه‌ی مۆڵگه‌کانیان! ئه‌توانرێ زهربهێکی باشیان لێ بوشێندرێ هه‌تا ده‌رفه‌ت له ده‌ست نه چووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێشمه‌رگه‌کانی ده‌سته‌ی ١ی شه‌هیدانی هه‌شتی گه‌ڵاوێژ و دهستهی٤ی شه‌هید کاوه ماره‌غانی به په‌له و بێ دواکه‌وتن خۆمان گه‌یانده دۆڵی باژاڕ، کاتێک گه‌یشتینه شوێنه‌که که‌مێک دره‌نگ ببوو به‌شێک له پاسداره‌کان شوێنی خۆیان چۆڵ کردبوو ته‌نیا هاوینه هه‌واری خاڵ ئه‌حمه‌د و چه‌ند شوێنێکی‌تر مابوون، ئه‌وانیش خۆیان پێچابۆوه ئه‌گه‌ر له فریایان نهکهووتباین له ده‌ست چوو بوون! هه‌ر به‌گه‌یشتنی پێشمه‌رگه له هه‌موو لایه‌که‌وه بۆ به شه‌ڕ و پێکدادان، هێزی ڕێژیم که قه‌ت خه‌یاڵی پێشمه‌رگه‌ی نه‌ده‌کرد له‌و قوڕ و به‌فره دا به ته‌واوه‌تی سه‌ریان لێشێوابوو، ئه‌وه‌ی لاقی له فریا که‌وتن به حاڵی سه‌گان نه‌جاتی بوو باقی ترله جێی خۆ کوژان. شاباز له‌و شه‌ڕه دا به‌شداری چالاکانه‌ی کرد وقارهمانهتیهکی که‌م وێنه‌ی له خۆ نیشان دا و پشکی شێری به‌رخۆ خست و نیشانی دا که تۆڵه ستێنی خوێنی شه‌هیدانه، له‌و شه‌ره دا، لاشه‌ی هه‌شت پاسدار به کوژراوی که‌وته ده‌ست هێزی پێشمه‌رگه و چه‌ند پاسدارێکیش به برینداری و سه‌روگوێ شکاوی توانیان خۆیان ده‌رباز که‌ن. هێزی پێشمه‌رگه هه‌رهه‌موویان سه‌لامه‌ت بوون. شابازگهنجێکی له‌ش سووک و به جوڵه بوو، ئه‌و بۆ هه‌ر مه‌ئموریه‌تێکی حیزبی هه‌رچه‌ند سه‌ختیش بایه لاری نه‌بوو و به پێکه‌نین و قووله و نه‌شه‌وه خۆی ئاماده ده‌کرد وهه‌رگیز ترسی نه ده‌ناسی، ئه‌وله مه‌ئموریه‌تی “بانه” که له ۲٧ی خاکه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣۶٣ به‌ڕێوه چوو به‌شداری چاڵاکانه‌ی کرد، ئه‌و له ماوه‌ی گه‌شته‌که دا مایه‌ی خۆشی وشادی وه‌رو توانا‌و وێنای به‌ها ئه‌خلاقیه‌کانی پێشمه‌رگه بوو له ناو خه‌ڵکی ناوچه‌که دا. ئێمه ماوهی۲۹ڕۆژ له ناو گونده‌کانی ناوچه‌ی بانه دا بووین، کاتێک گه‌یشتینه‌وه بنکه‌کانمان له باوزێ گوێ بی‌سی ئه‌وه بووین که حکومه‌تی عێراق ڕایگه‌یاندووه ناوچه‌که‌یان بۆ چۆڵ بکه‌ین ئه‌گینا تۆپبارنمان ده‌که‌ن!
ئه‌و بڕیاره زۆر ئازاری داین، پێمان خۆش نه‌بوو ناوچه‌که چۆڵ که‌ین به‌ڵام ده‌رکراین، واهات بنکه‌کانمان کۆ کرده‌وه و ئاماده‌ی ڕۆیشتن بووین، به‌ڵام لک و ده‌سته‌کان کۆ بوونه‌وه و بڕیاریان دا که له گه‌ڵ چۆڵکردنی ناوچه‌که دا زهربهێکیش له مۆڵگه‌کانی ڕێژیم بوه‌شێنین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ڕۆژی ١٥⁄٣⁄١٣۶٤پێشمهرگهکانی دهستهی١٬۲٬٤ی لکی٣ له ناوچه‌ی “باژاڕ” له خوار”کونهپێستێ” کۆبووینه‌وه، له‌وێ به‌رنامه‌ی عه‌مه‌لیاته‌که داڕژاو و ته‌قسیمی کار کرا، بۆ شه‌وێ به‌ره‌و شوێنی عه‌مه‌لیاته‌که وه‌ڕێکه‌وتین، ده‌سته‌ی دوو له نزیک مۆڵگه‌ی گوندی “قوڵه‌سوێروێ” دامه‌زران و ده‌سته‌ی یه‌ک و چواریش چووینه دۆڵی “چهورهبییه”، سه‌عات چواری دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی١۶⁄٣⁄١٣۶٤شهڕ ده‌ستی پێ‌کرد، قورسای شه‌ڕه‌که له سه‌ر مۆڵگه‌ی “که‌وڵه” و پشتی “قوڵه‌سوێروێ” و لێدانی نیگابانه‌کانی جاده‌ی “ده‌رمان ئاوه” و”دۆڵه‌گه‌رم” و”ئه‌سپه‌مێزه” تا هۆمل بوو. ڕێژیم زه‌ربه‌ی باشی وێکه‌وت و کوشته و برینداری دا، لاشه‌ی شه‌ش چه‌کداری ڕێژیم که‌وته ده‌ست هێزی پێشمه‌رگه به چه‌ک و چۆڵه‌وه. هه‌زار حه‌یف و مه‌خابن له‌و شه‌ڕه دا پێشمه‌رگه‌ی ئازا و چاو نه‌ترس شابازی ئیسماعیلی شه‌هید بوو، هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌ێکیش برینداربوو. ڕێژیم که زهربهێکی باشی لێدرابوو بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی شکه‌سته‌که‌ی خۆی په‌نای بۆ تۆڵه ستاندنه‌وه له خه‌ڵکی گوندی قوڵه‌سوێروێ برد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دوو کاسبکاری ناوداری گونده‌که‌ی که هه‌ر دووکیان ئه‌ندامی حیزب بوون، به ناوه‌کانی: محه‌ممه‌دی حاجی حوسێنی و کاک وه‌ستا سه‌لیم، گرتن و بردنی له دووری گونده‌که گولله‌بارانی کردن و شه‌هیدی کردن. دوای شه‌ڕه‌که شه‌و به‌سه‌ر داهات و بۆ پشودان له گوندی “دۆڵه‌گه‌رم” وه‌سه‌ریه‌ک که‌وتینه‌وه، هه‌ر له‌وێش شه‌هید شابازمان پێچایه‌وه‌و له سه‌ر پشتی ئه‌سپێک دامانبهست و به‌ره‌و دۆڵی باژاڕکهوتینهڕێ، هه‌رئه‌وێ شه‌وێش بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید شابازمان ئاگادار کردنه‌وه که بۆ دواماڵئاوای کردن له شه‌هید شاباز بێنه دۆڵی باژاری، بۆ سپهی١٧ی جۆزه‌ردان سه‌عات یازده‌ی پێش نیوه‌ڕۆ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید شاباز گه‌یشتنه “گۆڕستانی شه‌هیدان” له ناوچه‌ی باژاڕی، له‌وێ له ناو خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی زۆر دا شه‌هید شابازمان به خاکی پیرۆزی کوردستان سپارد، و له ئاست هیبه‌ت و جوامێری ئه‌و گه‌نجه جوانه سه‌ری کڕنۆشمان دانواند. ئه‌و وێنانه کاک “که‌ریم فهرخهپور” هه‌ڵیگرتوون، ڕۆژی١٧ی جۆزه‌ردانی ساڵی١٣۶٤کاتێک شه‌هید شابازی ئیسماعیلی به خاک ده‌سپێرین.
ئه‌وانه‌ی که شه‌هیده‌که‌یان هه‌ڵگرتووه: شه‌هید حه‌مه‌خانی عه‌زیزی، کاک حوسێنی فه‌قێ عه‌لی، ئهبوبهکرسێوهتاڵ، سابیری مولانپور، ڕه‌حمانی قاله مه‌ولودی، عهوڵاسووری باوزێ.
هه‌ر وه‌ک له وێنه‌کانه‌وه دیاره ته‌نیا هێزی پێشمه‌رگه و بنه‌ماڵه شه‌هید شاباز به‌شداری به خاک سپاردنی شه‌هید شابازی بوون!
ڕێژیم ئه‌وێ ساڵێ هاموشۆی له خه‌ڵکی گوندی قه‌له‌ڕه‌شه و ده‌وروبه‌ری بۆ ناوچه‌ی باژاڕ
قه‌ده‌غه کردبوو! هیچ که‌س بۆی نه‌بوو بێته ناوچه‌که وهه‌موو کشتوکاڵی ناوچه‌که‌ش به ده‌ست لێ نه‌دراوی و هه‌ڵاوه‌سراوی مابۆوه. بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید شاباز به ئازاڕێکی زۆرخۆیان گه‌یاندبۆ باژاڕ که له هیچ شوێنێک به رێگای ئازاد دا نه‌هاتبوون، کاتێک گه‌یشتنه ئه‌وێ ئاویان له زاری وشک ببوو له به‌ر ڕێگای ئه‌سته‌م وهه‌ڵدێر که تووشی هاتبوون. به‌ڵێ هه‌ر وه‌ک ئه‌بینن ئهمڕۆ١٧ی جۆزه‌ردانی ساڵی١٣۶٤ی هه‌تاوییه، ئێره باژاڕه، وه‌ک له وێنه‌کان ده‌رده‌که‌وێ دیمه‌نی ناوچه‌که زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه، پێده‌چێ خه‌مێکی قوڵی وێڕای پیشمه‌رگه و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان شابازی ئیسماعلی و محه‌ممه‌دی مه‌حمود زاده و وه‌ستا سه‌لیم له کۆڵ نابێ و له گه‌ڵ ئازاره‌کانیان ده‌ست له ملان بێ. شابازئهو گه‌نجه جوانه‌ی که زیاتر له ساڵێک بوو نزیکتین و خۆشه‌ویسترین هاورێ و هاوسه‌نگه‌رمان بوو، ئه‌و قایم و پته‌و بۆ دیفاع له مافه ڕه‌واو ئازادیه‌کانی گه‌له به‌شخوراوه‌که‌ی سه‌نگه‌ری له دوژمن گرت و ته‌سلیم نه‌بوو، له‌و پێناوه دا ئازاری چێشت، برسیه‌تی، هه‌ژاری، نه‌داری، شه‌و شه‌ونه‌خونی، دووری له نازونیحمهتی دایک و باوکی، ئه‌مڕۆ به دنیاێک ئاره‌زۆ ئاواتی وه‌دینه‌هاتووی به‌جێی هێشتین و ماڵئاوای له هاوڕی و هاوسه‌نگرانی کرد ئه‌مڕۆ ئه‌و له قه‌تاری ژیان دابڕا، به‌ڵام له مێشک و زه‌ینی هاوڕی و هاسهنگهرهکانی و ئه‌ویندارانی ئازادی و گه‌ل دا هه‌ر زیندوه‌و زیندوو ده‌مێنێته‌وه. به شه‌هید بوونی شابازی ئیسماعلی حیزب و گه‌ل ڕۆڵه‌یه‌کی ئازا‌و به وه‌فای مه‌یدانی خه‌بات و تێکۆشان و پێشمه‌رگه‌یه‌کی به وره‌و توانای حیزب و گه‌ڵی له ده‌ست دا. هه‌زاران سڵاو له ڕوحی پاکی شه‌هید شاباز و محه‌ممه‌دی مه‌حمود زاده و وه‌ستا سه‌لیم و هه‌موو شه‌هیدانی حیزب و گه‌ل. لێره‌وه نه‌هامه‌تیه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی پور حه‌بیبێ به شه‌هید بوونی برای ئازیزی و کوڕی شیرینی کۆتای نایه! هه‌ر وه‌ک بینیمان ٧ی پوشپه‌ڕی ساڵی١٣۶۶ هه‌تاوی شاری سه‌رده‌شتی خۆشه‌ویست که‌وته به‌ر ڕه‌هێڵه‌ی چه‌کی شیمیایی حیزبی به‌عسی عێراق و کاره‌ساتێکی شووم و بێ به‌زه‌یانه‌ی به سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژارو بێده‌ره‌تانی شار‌و ده‌وروبه‌ر هێنا، له‌و کاره‌ساته دا زۆر به داخه‌وه بنه‌ماڵه‌ی وه‌ستاقادری مولانپور برای خۆشه‌ویستی پور حه‌بیب و خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ر وێڕای سه‌دان که سی تر شه‌هید بوو و ده‌رگایان داخرا، کاک وه‌ستا قادر به‌ته‌نیا ده‌رچوو که خۆی له سه‌ر ئیش بوو له شوێنێکی دوور، خێزانی و دوو کوڕی و دوو کچی جوان وه‌ک گوڵ و شه‌کر تێدا چوون و شه‌هید بوون. به دوای ئه‌و کاره‌ساته چه‌رگ بڕه دا پور حه‌بیب برینکانی هه‌تا دێ قوڵ و قوڵتر دبنه‌وه و نههامهتیکان و موسیبه‌ته‌کان یه‌ک له دوای یه‌ک تاقی ده‌کاته‌وه، ئه‌و نۆره نۆڕه‌ی کوڕی پوری دێ، پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی حیزبی دێمۆکڕات کاک عوسمانی ئه‌حمه‌دی له ١٥ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣۶٧ له شه‌ڕ وهێرشێکی قاره‌مانانه و که‌م وێنه دا بۆ سه‌ر مۆڵگه‌ی ڕێژیم له “سێپهلکان” له گه‌ڵ سێ هاوڕی و هاوسه‌نگه‌ری خۆشه‌ویستی دا، شاهیدان کاک ڕه‌حیم قارنجه، کاک ئه‌به‌به‌کر مه‌مه‌ندی خه‌ڵکی گوندی خولیسان، کاک خالید، خه‌ڵکی گوندی بوبانه، شه‌هید بوون و چوونه ناوکاروانی پڕ له شانازی شه‌هیدانه‌وه. به دوای ئه‌و کاره‌سات و پۆله شه‌هیده دا خدری کوڕی گه‌وره‌ی پوره حه‌بیب دێته ناو ڕیزی پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێمۆکڕاته‌وه، خدر پوشپه‌ڕی ساڵی ١٣۶٨ هاته نه ڕیزی پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێمۆکڕاته‌وه، ئه‌و پێشمه‌رگه‌ێکی ئازا و له خۆ بۆرد‌و بوو، له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌کانی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت به‌شداری چالاکانه‌ی کرد و قاره‌مانه‌تی له خۆ نیشان دا، سه‌ره‌نجام ساڵی ١٣٧٣ له سه‌ر ئیشتیای خۆی له حیزب دانیشت و درێژی به ژیانی شه‌خسی خۆی دا، ئه‌و خاوه‌نی خێزان و دوو منداڵ بوو له ئۆردوگای “پێماڵک” نیشته‌چێ بوو. هه‌زار حه‌یف و مه‌خابن که‌سانی ترۆریست و خۆفرۆش ده‌رفه‌تیان لێ بینی هاوینی ساڵی ١٣٧٧ له باوه‌شی مناڵ و خێزانی دا شه‌هیدیان کرد. وه‌ک بینیمان قه‌ڵایه‌کانی پور حه‌بیب، پاڵپشت و سه‌نگه‌ری به‌هێزی پیشمه‌رگه به به‌رچاوی هه‌موو لاێکمانهوه یه‌ک به‌دوای یه‌ک دا ڕوخان و که‌وتنه سه‌ر ئه‌رز، ئێستا پور حه‌بیب ده‌بێ حاڵی چۆن بێ دوای ئه‌و هه‌موو موسیبه‌ته جه‌رگ بڕانه؟ تۆبڵێی ئێستاش بڕوانیته ئاسۆی ڕوون و ئاخاوتنه‌کانی تهئبیر له داهاتووێکی ڕوون بکه‌ن و وره به‌خش بن، یان ئه‌وه که هه‌موو هیوایه‌کانی ڕوخاون وبێ ده‌سه‌ڵات توند ده‌ستی له ئه‌ژنۆکانی وهرێناون؟ سه‌د بریا با مه‌رگ مۆڵه‌تی دابا و جارێکی تر پور حه‌بیبمان له نزیک دیتبایه‌وه و ئه‌و پرسیارانه‌مان به‌ره‌و ڕوو کردبایانهوه.
هه‌زاران سڵاو له گیانی پاکی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌ی پورحهبیب و هه‌موو شه‌هیدانی حیزب و گه‌ڵ، ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێ.
ئه‌به‌به‌کر سێوه‌تاڵی
١٣٫٣٫۲٠١٣فینلهند
{jcomments off}