"an independent online kurdish website

ناوچەی برادۆست هەر لە سەرەتای دامەزرانی حیزبەوە یەکێک لەو دەڤەرانەی کوردستانە کە ڕۆڵەی تێکۆشەری دیار و خەباتکاری پێشکەش بە بارەگای قوتابخانەی دێمۆکراتی کردووە و  هاوڕێ سراج الدین جاجویی یەکێک لەو تێکۆشەرانە بوو کە گیانی کردە فیدای ڕێی ڕزگاریی نەتەوەکەی.serac_selman

سراج  کوڕی خدر  و لە دایک بووی ساڵی ١٣٤٥ ی هەتاویی گوندی “ماستەکان” ی ناوچەی برادۆستی شیمالی کوردستانە. سراج بەهۆی دەستکورتیی بنەمالەکەی تەنیا چوار ساڵ چووبووە قوتابخانە و ناچار لەشی ناسکی دابووە بەر کار و هەر وەک خۆی زۆر جار دەیگێرایەوە کە بە تەمەن منداڵ و لە ئەرکی ماڵەوەش دا جەوانێک بووە .

بەهاری ساڵی ١٣٦٥ ی هەتاوی لە ناوچەی سەردەشت ژمارەیەک سەربازی کورد(وابزانم پێنج کەس بوون) عەمەلیاتێکیان بەدژی ئەفرادی پایەگای زێوەی سەردەشت ئەنجام دا و و ێڕای بە سزا گەیاندنی ژمارەیەک مۆرەی ڕێژیم،  بە ژمارەیەک چەک و چۆڵی دەستکەوتی عەمەلیاتەکەیانەوە خۆیان گەیاندە بنکەی هیزی گیاڕەنگی ئەوکات کە یەکێکیان ، یان باشترە بڵێم مۆتۆڕی ئەسڵی یان ئەو سراجە بە جسم بچووکە بوو کە دواتر بوو بە قارەمانی دەیان داستانی مێرخاسی. ئەو ڕۆژگارەی کە ئەوان سەربازییان بەجێ هێشت و ڕوویان کردە ڕیزەکانی حیزب،شەڕی ئێران و عێڕاق لەو پەڕی توند و تۆڵی دابوو و ڕۆژانە بە دەیان و بگرە سەدان کەس دەبوونە قوربانیی گەیشتن بە کەربەلا و لەوێش ڕا بەرەو قودس. ئەوانیش سەربازی بەرەکانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە بوون و دوای ماوەیەک هەر هەمووی ئەو سەربازانە نێردرانە هیزی ئاگری .

سراج کە ساڵی ١٣٦٣ بۆ ماوەیەکی کورت پێشمەرگایەتیی کردبوو ، تا ڕادەیەک ئاشنا بە حیزب و ژیانی پێشمەرگە بوو ، بۆیە زۆر زوو توانی ببێتەوە پێشمەرگەیەک کە حیساب لە سەر نەخش و قارەمانیەتیی ئەو بکرێ.

لە کاتێک دا کە دەستەیەک لە کادر و پێشمەرگەکانی مەڵبەندی شیمال لە عەمەلیاتی دەست بەسەر دا گرتنی پایەگای سوپای پاسداران لە  گوندی زەنگەکانی ناوچەی کەنار بەڕۆژ(١٨-٦-١٣٦٥) دەگەرانەوە و دەیانەویست لە ناوشەی براۆست دەرباس بنەوە بۆ لای گەلی بەردەڕەش .

 شەوی ١٩ دەگەنە قەراغ گوندی گۆلەگەنی لە ناوچەی برادۆست و  سراج وەک شارەزایەکی ناوچەی برادۆست لە گەل دەستەی پێشەوەی پێشمەرگەکان دەبێ. لە گەل نیزیک بوونەوەیان لە جاددەی سەرەکیی سۆما – برادۆست  لە پڕ دەکەونە نێو کەمینێکی بەرینی هیزەکانی ڕێژیم و تەقەیان لێدەکرێ کە بەداخەوە هەر لە یەک تەقە دا سراج بریندار دەبێ و پێشمەرگەی ئازا و فیداکار، ڕۆڵەی هەڵکەوتووی گەل حەیدەر ئاغادەش شەهید دەبێ و تەرمی پیرۆزی دەکەوێتەوە دەست هیزەکانی ڕێژیم و سراجیش بە برینداری ڕگار دەکرێ .

سراج دوای ئەوەی برینەکانی سارێژ بوون و گەرایەوە سەر ئەرکی پیرۆزی خۆی، ڕۆژ لە گەل ڕۆژ  و مانگ بۆ مانگ و ساڵ بۆ ساڵ ،ئەزموونی لە سەر یەک دا دەنا و خۆی پیدەگەیاند. هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە لەوکاتی دا سراج یان دەناسی و زۆریان بە خۆشی یەوە لە ژیان د اماون شاهیدی ئەوە دەدەن کە سراج یەکێک لەو پێشمەرگانە بوو کە بە هەوڵ و هیمەتی خۆی توانی زۆر بە باشی خوێندن و نووسین فێربێ، بە هۆی موتالعەیەکی زۆری کە هەیبوو بە باشی لە سیاسەت و ئامانج و ڕێبازی حیزب ئاشناببوو .  ئەو کاتی بە هەدەر نەددا ، هەمیشە کۆڵەپشتی یەکەی چەند ژمارەیەک ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی فەرمیی حیزب ،  و بلاو کراوەی تری حیزبی تیدابوو. هەر مەزووعێک کە بە باشی حالی نەبووبایەوە ، لە هاوڕێیانی دیکەی دەپرسی تا بە باشی حالی بێ . ڤە گشتی سراج خۆی پیدەگەیاند و دەچووە پێش. لە  هیچ ئەرکی حیزبیش دا  هەرگیز کەمی نەدەهێنا و بەشداری چالاکیی پێشمەرگایەتی و خەدەماتی و …. حیزبی دەبوو . لە کلاسە سیاسییەکان دا هەمیشە لەو کەسانە بوو کە دەیپرسی و مناقشەی لە سەر مەسائیل دەکرد. لە باری نیزامیشەوە سراج یەکێک لە ئازاترین وقارەمانترین پێشمەرگەکانی مەڵبەندی شیمال بوو. سراج ئینسانێک بوو کە زۆر کەم غەمبار دەبوو، هەمیشە ئەهلی قسەی خۆش و پێکەنین و شادی بوو. ئینسانێکی بە ورە و جەسوور بوو. لە باری جیسمی یەوە زۆر چوست و چالاکی و بە توانابوو. سراج زۆربەی کات لە باتی ٦ خەشاب ، ٨ خەشاب و چوار نارنجۆکی هەڵدەگرت.  بۆیە دەبێ بڵێین سراج نموونەی پێشمەرگەیەکی ڕاستەقینەی دێمۆکرات بوو. ساڵی ١٣٧١ وەک جێگری فەرماندەری پەل لە لکی ٢  دیاری کرا و لەو ئەرکەی دا زۆر بە جیدی و بە دڵگەرمی یەوە خزمەتی بە ڕێبازەکەی کرد. لە سازماندەهیی ساڵی ٧٢ دا بە هۆی لیزانی ، دڵسۆزی و لە هەمان کاتیش دا جیدیەت و نەترسی ، کرایە فیلم هەڵگری مەڵبەندی شیمال و تا دواساتی ژیانی هەر لەو ئەرکە دا خزمەتی کرد.

sirac_cacoyi3

دوا مەئمووریەت لە گەل سراج

ئاخیر مانگی هاوینی ساڵی ١٣٧٣ بوو ، ئێمە لەجەولەیەکمان لە ناوچەکانی سەڵماس و شپیران کرد. کە گەڕاینەوە ناوچەی سۆما کاتی ئەوە هاتبوو ئێمە ببینە دوو بەش. کاک مەحموود دەشتی بەرپرسی مەڵبەند  و کاک سەعید گوڵێ وەک جێگری هیز دەبوایە لە گەل بەشێک لە پێشمەرگەکان بگەڕێنەوە تەڕگەوەر و مەرگەوەر کە کاک هەمزە بێهنام و دەستەیەک لە کادر و پێشمەرگەکان لە گەل کۆمیتەی شارستانی ورمێ بوون ، یەک بگرنەوە. ئێمەش لە گەل هاوڕێیانی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس و بەشی ماڵیی مەڵبەند لەوێ بمێنینەوە. لە پشتی گوندی کۆرانی ناوچەی سۆما لە کاتێک دا باران دەباری وهەوایەکی ناخۆش هەبوو، ئەوان ماڵئاوائیان لێکردین . من هاتم ماڵئاوای لە سراج بکەم، گوتی  من ناڕۆم  ولەگەل ئێوە دەمێنمەوە. زرۆم لا سەیر بوو. گوتم بۆ لە گەل مەڵبەند ناڕٶیی؟ بە ناڕاحەتی یەوە گوتی نەوەڵا نەیان هێشت بڕۆم. دیار بوو پێی خۆش بوو بڕوات و دواتر من هۆی پێخۆش بوونەکەم لێ پرسی و بۆی گێڕامەوە.

ئەوان بەرەو تەڕگەوەر و ئێمەش خۆمان ئامادە کرد بۆ جەولەیەک لە دەشتی سۆما و ئەنزەل وکەناربەڕۆژ و دەورووبەری شاری(ورمێ) . ئەوەبوو داگەڕاینەوە سۆما و هەر لە یەکەم شەو دا و لە گوندی گێچە تیمی تەشکیلاتیی ئەنزەل، کەناربەڕۆژ هاتن و یەکترمان گرتەوە دیار بوو پێشتر بەرپرسی کۆمیتە کاک عەسکەر عەلیزادە بە پەیام ئاگاداری کردبوون.

سەردانی زۆر شوێن مان کرد و خەڵک پێشوازیەکی جاکی لێکردن وەک جاری جاران. ڕۆژی ٢٤ ی خەرمانان ئێمە لە شوێنێک بووین ەب ناوی کانی سپی. ئێوارەکەی ئەسڵات تەقی زادە زۆر ئیسراری کرد کە بچێ سەردانی کەس و کاری بکاتەوە، بەرپرسان زۆر موخالیف بوون و ئەو هەر ئیسراری کرد. چوونکی ئەسلان ئازەری زمانێک بوولە گەل ئێمە هاوڕێیانی بەرپرس نەیانویست زۆر پیداگر بن و نیهایەتەن گوتیان باشە بڕٶ و لە گەلی دانیشتن و هەر ئەو ڕۆژەش لە ڕێگای پەیامی رادیۆی یەوە هەستەیەکی چەند کەسیی تەشکیلاتیینهێنیی حیزب ئاگادار کرابوونەوە کە وەرنە شوێنی دیاری کراو تا پێکەوە و بە سارەزایی ئەوان بچینەوە نێوشاری ورمێ(دیارە ئەو زانیاریانەم دوای ڕووداوەکە وەرگرتن) .

یەکێک لەو ئەندامانەی نهێنی خزمایەتیی لە گەل ئەسڵان هەبوو، کاتێک ئەسلان خودا حافیزیی لە ئێمە کرد، هیندە خۆشحاڵ بوو ، لە دوورەوە را بە ئازەری بانگی گوندەکەی(کەهریز) دەکرد: گەلدیم، گەلدیم! واتە هاتم ، هاتم. بەڵام بە شاهیدی هەموو ئەو هاوڕێیانەی کەلە وێ بوون ، زۆربەمان پێمان وابوو ئەسلان خۆی ئاشکەرا دەکا و تووشی رووداوێکی ناخۆش دەبێ. بەداخەوە هەرواش بوو. کە دەگاتە ماڵ خزم و کەسی خۆی ئاگادار دەکاتەوە. ئەو ئەندامەی هەستەی تەشکیلاتیش کە خزمی ئەسلان بووە بە هاوڕێیانی خۆی دەڵێ: ئێمە سبەی لای ئەسلان دەبین و ئێوارەکەی ئەویش لە گەل خۆمان دەبەین ودەڕۆینەوە لای کۆمیتە . ئەوان کە هەستەیەکی فەعاڵی حیزب بوون  و هەمووشیان لە لایەن حیزبەوە چەکدار کرابوون. ڕۆژی ٢٥ چەکەکانیان بە عارەبانەیەک دەیبەنە ئەو شوێنەی کە ئەسڵانی لێ یە و دەکەونە قسە وباس. هەر ئەوندە ئاگایان لێ دەبێ کە لە هەموو لایەک را کەوتنە بەر دەست درێژ و بە هەموو جۆرە چەکێکی سووک و قورس لێیان دەدرێ. بەداخەوە لەو هاوڕێیانە بەشێکیان وێڕایی ئەسلان هەر لەوێ شەهید دەبن و بەشەکەی دیکەش بەبرینداری بەدیل دەگیرێن و دواتر هەموویان ئیعدام کران. یادیان بەخێر .

ئێوارەی هەمان ڕۆژ کاک دیوانە و چەند هاوڕێ یەکی دیکە کە بۆ شناسایی جێگایەک جووبوون بە مەبەستی ئەوەی دوایە عەمەلیاتی لێ ئەنجام بدەین. ئەو جێگایە نیزیک بوو لە گوندی کەهریز. ئەوان هەر دوای کۆتایی هاتنی دەنگی تەقە، هەواڵیان زانیبوو کە لە کەهریز چ گوزەراوە. ئێمە شەو دەرنگانێک  گەیشتینە لای دیوانە و رووداوەکەی بۆ باس کردین. تازە هەم ئەسڵان و هەم ئەو هەستەیەمان تیاچوو بوون . دوژمن لە لایەک سەرکەوتنی بەدەست هێنا بوو، لە لایەک ئامادە باش بوو تا نەکا پێشمەرگە تۆڵەیان لێبکەنەوە.

ئەوجار بریارمان دا بۆ ئەوەی دوژمن بخافڵێنین، لە ناوچەی برادۆست و لە سەر ڕێگای ترانزێتی ئێران تورکیە، پۆستی بازرەسی بکەینە ئامانج. ئەوەش هەم بە هۆی هاتوو چووی ڕۆژانە سەدان ماشێنی بارهەڵگری بیانی و تورکی کە  لەوێ ڕا دەرباس دەبوون ، کە دەنگدانەوەیەکی باشی دەبوو ، هەم بۆ ئەوەی دوای ئەو زەبرەی کە لێمان کەوتبوو دەبوایە نەهێڵین ورەی خەڵک دابەزێ.

ئێوارەی ڕۆژی ٢٧ ی خەرمانان پێشمەرگەکان بەرنامەیان داڕشت بۆ دەست بە سەر دا گرتنی بورجەکی پۆستی بازڕەسیی ( چهار راه سرو) . شەڕ کە دەستی پێکرد ، لە ماوەیەکی کورت دا پێشمەرگەکان ئەو پرسگە زاڵم و ڕیشوەت خۆرەی ئەفرادی ڕێژیمیان تەفرو توونا کرد و وێڕای کوشتن و بریندار کردن و بە دیل گرتنی ژمارەیەک لە ئەفرادی هێزی ژاندارمێری، دەستیان گرت بە سەر بورجەکە کە دا و دەستکەوتێکی باشیان هەبوو.

ئەو عەمەلیاتە هەر لە یەکەم ساتی دا دەنگدانەوەیەکی بەرینی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو  و وەک تۆپێک تەقیەوە. لە ساڵی ١٣٦٠ تا ٧٣، ئەو پرسگەیە بەو هەموو دڕندەییەوە، تەقەی لێنەکرابوو و دوژمن خەیاڵی دەکرد هەر لە ئەمان دا دەبێ، بۆیە ئەفرادی ڕێژیم تاسا بوون بەو عەمەلیاتە.

لەو شەوە دا سەربازێک کە تازە هاتبوو بۆ پێشمەرگایەتی بریندار بوو،  سەربازێک کە چوار ڕۆژ دواتر خیانەتی بە گەل و نەتەوەکەی کرد!

دوای عەمەلیات، هەموو تیمەکان یەکتریان گرت و بە چەند ماشێنێک دەشتی سۆما  وبرادۆستمان بڕی و بەرلەوەی دونیا ڕووناک دابێت، ئێمە گەیشتینە پشتی گوندی کۆران. ڕۆژەکەی چاومان بە کاک سەڵمان کووهی ئەندامی کۆمیتەی سارستانی سەڵماس  کرد کە بە تاقی تەنیا لەو شاخە بوو.  ئێوارەکەی چووینە ئاوایی کۆران و ئەوەی دواتر زانیم سەڵمانداوای کردبوو کە من دەزگیرانەکەم دێنمەوە و نەفەرێک لە گەلم بێت. ئەو کەسەی کە دیاری کرابوو سراج جاجۆیی بوو.

بەیانیەکەی لە شاخی فاتمە شیو یەکترمان گرتەوە.هەوا زۆر سارد بوو. ئاگرمان دادایەوە تا هیندێک گەرم داهات. ئەوڕۆژە چووینە بەرەزیۆک لە نیزیک گوندی سوڵتانی. پێش ئەوەی کە بڕۆین بۆ ئەو جەولەیە، کەسێکمان ڕاسپاردبوو بۆ هەموو ئەو پێشمەرگانەی ئەو تیمە، لیباسی کوردیی یەک ڕەنگ ئامادە بکات. ئەویش چووبوو لیباسەکانی بە دوورین دابوو و تەواویش ببوون ،بەیانیەکەی گەیشتینە بەرەزیۆک ،  بۆ هێنانی لیباسەکانمان چەند کەس چوونە گوندی حەسەنی  و هێنایان. ئەوشەوە لەوێ بووین و چەند کەسێکیش پێشمەرگەی تازەمان بۆ هاتبوو.

بەیانی نایب مەشایخی و عەسکەر عەلیزادە  کۆبوونەوەیەکیان کرد و دواتر هاتن وگوتیان دەمانەوێ ئەو پێشمەرگە تازە هاتووانە، سراج ، سەڵمان و کاووس بڕۆنەوە لای مەڵبەند.( من هاوکاری نایب بووم لە بەشی ماڵیی مەڵبەند) نایب بانگی کردم و گوتی تۆ دەبێ بڕۆی کومرگی گەلی بەردەڕەش سەرپەرەستی بکەی هەتا ئێمە دێین. من گوتم باشە و چووم خۆم ئامادە کرد کە بڕۆمەوە.  نیو سەعاتێک بەرلەوەی حەرەکەت بکەن ، عەسکەر و نایب گوتیان تۆ مەڕۆ کاریکی دیکە هەیە تۆ دەبێ ئەنجامی بدەی، دیارە کاری ماڵی بوو.

سەڵمان دوو دڵ بوو کە بروات یان نا؟  سراج لیباسە کۆنەکانی سووتاند. لیباسی تازەی دەبەر کرد، ریشی تاشی و وەک هەمیشە بە کەیف و بە گوڕ بوو. زۆر خۆشحاڵ بوو .

sirac_cacoyi2

دوا ماڵئاوایی

من لە گەل سراج و ئەو تازە هاتووانە ڕۆیشتم تا نیزیک بە دوو کیلۆمیتر. زۆر خۆشحاڵ بوو، گوتی لەلایەک پێم ناخۆشە بە جێتان دێڵم ولە لایەک خۆشحاڵم کە دەچم دەگەمە کامێرا تازەکەم. مەڵبەند بە بیسیم پێیان راگەیاندبووین کە کامێرایەکی چاکمان کڕیوە بۆ بەشی فیلم. بۆیە سراج زۆر خۆشحاڵ بوو تا بگاتە کامێراکەی.

ماڵئاواییم لێکردن و گەڕامەوە ، دیتم سەڵمانیش ئەوە دەڕوات دیار بوو بڕیاری دابوو کە برواتەوە لای مەڵبەند ، چوونکی دەزگیرانەکەی هەر ڕۆژی پێشتر لە ڕێگای دۆستانی حیزبەوە لە باکووری کوردستان را ناردبووی بۆ لای مەڵبەند لە سنووری تەرگەوەڕ. چەند دەقەیەک ڕاوەستاین وسیگارێکمان کێشا ، گوتم بڕۆ تا درەنگ نەکەوی، گوتی نە خۆت دەزانی من لە ڕێگا ڕۆیشتن سەریعم ، زوو دەگەمە سراج و ئەوان. ئەویش زۆر خۆشحاڵ بوو، دەزگیرانەکەی هێنابوو. گوتی جا بگەمە مەقەر و ماڵم دەبێ ، مەجالێکی باش هەیە کە ئینگلیزی یەکەم بەقوەت بکەم. زۆر هەوڵی دەدا فێری ئینگلیزی بێت و تا رادەیەکیش چووبووە پێش. ئەویش ماڵئاوای لێکردم و من گەڕامەوە لای هاوڕێیان .

ڕۆژی دوایی سەعات پێنجی ئێوارێ ناجی فەقیپوور سەرکەوتە شاخی گرد بەران تا لە گەل مەڵبەند پەیوەندی بگرێ.

ئێستاش ئەو قسەیەی ناجی لە گوێم دا دەزرینگێتەوە کە لە تەرەفەکەی تری بێسیمی پرسی: هەردووکیان شەهید بوون؟ دوایە گوتی حەیف!  پرسیمان ناجی چی بووە؟ قسەکەی بۆ با س کردین.

بەداخەوە لە ٣١ی خەرمانا کاتێک سەڵمان، سراج و تازەهاتووەکان دەگەنە نیزیک گوندی دێرێی گەلی بەردەڕەش، ئەو سەربازەی کە تازە هاتبوو خۆی تەحویل دابووە و لە کاتی گرتنی پایەگای چوار راهی سێرۆ  دا بریندار ببوو، لە خیانەتێکی کەم وێنە دا هەم سەڵمان  وهەم سراجی شەهید کرد. ئەو سەربازە دیار بوو هەر لە بنەڕەت ڕا بە مەئمووریەتی ڕێژیم و بۆ تێرۆر هاتبوو.ناوی ڕەحمان دۆدکانلۆ و خەڵکی دەورووبەری ماکۆ و کورد بوو. رەحمان هەتا ئێستاش جاشە .

……………..

selman_kuhi1

شەهید سەڵمان کووهی

سەڵمان کووهی کوری عەبدولا لە ساڵی ١٣٤٠ لە هەفتوانی شاری سەڵماس لە دایک ببوو و دواتر لە قەزوین گەورە دەبێ و هەر لەو شارەش تا کلاسی دووی دواناوەندی دەرسی دەخوێنێ و دەچێتەوەئەرتەش ناو نووسی دەکا. دوای تەواو کردنی دەورەیەک ، وەک دەرەجەدارێکی ئەرتەش( گروهبان دو) ئیستخدام بوو.

لە جەریانی دەستپێکردنی شەڕی ئێران و عێراق دا سەڵمان لە بەرەکانی شەڕ دابەشداری کردووە و لە سنووری کرمانشان و لە خەتی پێشەوەی شەرەکەدا بووە.

ساڵی ١٣٦١ سەڵمان لە گەل چەند کەسی تر ڕیزەکانی ئەرتەش بەجێ دێڵن و خۆیان دەگەیەننە پێشمەرگەکانی حیزب. لە ماوەیەکی کورت دا سەلمان دەتوانێ ببێتەوە جێی متمانەی هاوڕێیانی و دەنێردرێتەوە دەورەی مودیرییەت لە فێرگەی سیاسی نیزامیی حیزب. دوای تەواو کردنی دەورەکە ماوەیەک لە زیندانی ناوەندیی حیزب خزمەت دەکا و لە بەهاری ساڵی ١٣٦٤ لە سەر داوای خۆی نەقڵی ناوەندی ئاگریی ئەوکات دەکرێ. سەڵمان زۆر خۆشحاڵ بوو کە دوای ساڵانێکی زۆر  و وەک پێشمەرگەی دێمۆکرات دەگەڕێتەوە شوێنی لە دایک بوونی خۆی و ئەو سروشتە جوانەی کە هەتا ئەو کاتی نەیدەناسیەوە ، ببینێ. بەڵام هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی وارید بوونی بۆ ناوچەکانی شیمالی کوردستان ، لە سنووری برادۆست بۆ باکووری کوردستان وێڕای ١٠ هاوڕێی دیکەی دەکەونە نێو کەمینی سەربازانی تورک و دەگیرێن کە ماوەی نیزیک بە ٩ مانگ لە زیندانی تورکیە دابوون. دوای ئازاد بوون سەڵمان وەک بیسیم چیی هیزی ئاگری کاری دەکرد و دواتریش بە هۆی لێزانی و شارەزایی لە سەر مەسائیلی سیاسی، سەڵمان لە بەهاری ساڵی ١٣٦٦ بووە بە کادری سیاسی لکی ٣ی هیزی ئاگری و بۆ ماوەی ٢ ساڵ ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ بوو. دوای ئەو دوو ساڵە سەڵمان وەک کادری تەشکیلاتی لە کۆمیتەی شارستانی سەڵماس کاری کرد تا ئەو ڕۆژەی کە بە غەدر  تێرۆر کرا هەر لەو ئەرکە دابوو.

سەڵمان لە کار و تێکۆشانی حیزبی دا کەسێکی بە ئەزموون و لە بواری سیاسی شەوە یەکێک لە کادرە پێگەیشتووەکانی مەڵبەندی شیمالی ئەوکات بوو. سەڵمان ئینسانێکی ئەهلی مەشوەرەت و تەفاهوم بوو. لە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن دا زۆر دەقیق و بە دیقەت بوو. لە باری هاوڕێیەتی و دۆستایەتی دا سەڵمان هاوڕێیەکی زۆر باش و ئارام بوو. زوو دەیتوانی دۆست و هاوڕێ پەیدا بکات . لە نێو خەڵک و پێشمەرگەی دێمۆکرات دا دۆست و هاوڕێی زۆری هەبوو کە ئێستاش بە ڕێزەوە یادی ئەو تێکۆشەرە غەدر لێکراوەی دێمۆکرات دەکەن. کاتێک سەڵمان  و سراج تێرۆر کران ، بڵاو بوونەوەی خەبەرەکە لە نێو خەڵکی ناوچە دا دەنگی دایەوە و وەک بۆمبێک تەقیەوە. دوای شەهید بوونیان زۆر یەک لە خەڵکی ناوچە بە تاسەوە باسیان لەو ڕووداوە دەکرد و کەم نەبوون ئەو کەسانەی کە دەهاتن و سەرەخۆشیان لێدەکردین.  

سەڵمان کاتێک تێرۆر کرا ئەندامی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس و بەرپرسی تەشکیلاتی سەڵماس-شپیران بوو. من لە سەرەوە باسی دوا ماڵئاوایی خۆمم لە گەل سەڵمان کرد و چۆنیەتیی هێنانی دەزگیرانەکەیم گێرایەوە. سەڵمان زۆر جار کە باسی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی دەکرد، چاوی پڕ دەبوون لە فرمێسک. لە مناڵی یەوە باوکی لە دەست دەدات و بنەماڵەکەیان هەژار دەبن. دایکی بە هەژاری و نەداری سەڵمان و خوشکێک و برایەکی گەورە دەکا و سەڵمان بە کەمترین ئیمکانات دەنێردرێتەوە قوتابخانە. باسی غەریبی خۆی و بنەماڵەکەی لە شاری قەزوینی دەکرد. زۆر غەم و خەفەت لە سەڵمان کۆببوونەوە و ڕۆژانە لەگەلی دەژیا و زۆر جار لە گەل هاوڕێیانی خۆشی باسی دەکردن.

کاتێک دەزگیرانی سەڵمان دەگاتە گوندی وارگەنم، هاوکات دەبێ لە گەل گەیشتنی تەرمی پێرۆزی سەڵمان و سراج.

هەر وەک گوتمان ژیانی سەڵمان ئەگەر باسی بکەم ، ئەوندەی من ئاگادارم بەڕاستی پرە لە تراژێدی، بەداخەوە چۆنیەتیی شەهید بوونیشی هەر تراژێدی بوو. لە کاتێک دا هەمووی ٣ ڕۆژە دەزگیرانەکەی هێناوە ، ئەو بە ڕێگایەک دا و دەزگیرانی بە ڕێگایەکی دیکە دا بەرەو مەقسەد دەچن ، بەڵام هاوکات سەڵمان شەلاڵی خوێن و ٩ گوللەی لیدراوە، دەزگیرانی لە گەل ئەو دیمەنە ڕووبەڕوو دەبێ ، بێ ئەوەی تاقە چرکەیەکیش ژیانی ژن و مێردایەتیان تێپەڕاندبێ.

بەداخەوە ژیانی شۆڕشگێرانی دێمۆکرات پڕن لە وەها تراژێدیایەک کە ئینسان لە نووسینیشیان دا تووشی سەرسوڕمان دەبێ و نووسینیان دژوارە. هاسان نیە گێڕانەوەی داستانێک کە وەک فیلم دەچێ . لە کۆتایی دا هەر ئەوندە دەڵێم کە سەڵمان لەو کادرانەی حیزب بوو کە خزمەتێکی زۆری بە نەتەوەکەی و حیزبەکەی کرد.

یادی سەڵمان و سراج و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەخێر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی