"an independent online kurdish website

ئەگەر خوێنەر بە ئیغراق حیسابی  نەکات ، دەتوانم بڵێم کە ژیانی بنەمالەی عەبدورەحمان تەواو تراژێدیایەکە ،rahman_ansari

گێڕانەوە  ونووسینی لە توانای من بەدەرە ، بەڵام بەشی هەرەکەم و هەرە بچووکی ئەو ژیانە دژوارەی بنەماڵەکەیان باس دەکەم و لە ڕاستیش دا هەر ئەوەندەی لێدەزانم .

بنەمالەی “حاجی شەشۆ” باوە گەورەی عەبدوڕەحمان دە ئەسڵ دا خەڵکی باکووری کوردستانن کە دوای دیاری کردنی سنووری نیوان “ئێران و تورکیە” لە ناوچەی سوما دەگیرسێنەوە و پاش ماوەیەک لە لایەن دەرەبەگەکانی ناوچەوە دەردەکرێن وئەوانیش رودەکەنە ناوچەی شپیران.

لە شپیران کوڕەکانی حاجی هەر کامەیان لە لای ڕیش سپی ، یان ئاغایەک شوێنی ژیان پەیدا دەکا. محەممەدی باوکی عەبدوڕەحمانیش لە گوندی ئوورتانس کە ئاواییەکی بچووکی چەند ماڵی هەڵکەوتوو لە سەر سنووری باکوور  و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە ، لای کەسێک شوانی دەکا. دوای چەند ساڵ ، لە گەل بنەماڵەیەک ئاشنا دەبن کە ئەوانیش خەڵکی باکوور و لە بنەماڵەی ئەحمەدی خانین. ئەو ئاشنایەتییە دەبێتەوە سەرەتای دەست پێکردنی ژیانێکی دیکە بۆ محەممەدی ئاوارە و دەربەدەر.

ئەو کەسە واتە ئەلیاس(باپیرەی من) یەکێک لە کچەکانی خۆی بە ناوی قازێ لە محەممەد مارە دەکا(لەو کاتی ڕا لەقەبی محەممەدێ قازێ ی بە سەر یدا برایەوە ) و لە لای خۆی جێی حەوانەوەی بۆ دابین دەکات. محەممەد

 دەبێتەوە باوکی کوڕ  وکچێک کە بەداخەوە کورەکە لە باری جیسمی یەوە هەندیکاپ بوو تا ئەو ڕۆژەی مرد. ئەوجار ئیدی محەممەد دەیەوێ لە سەر پێی خۆی رابوەستی ، بۆیە دووبارە دەگەڕێتەوە ئوورتانس و لە ساڵی ١٣٤٣ عەبدورەحمان لە گوندی ئوورتانس لە دایک دەبێ، وباقی بنەماڵەی حاجی لە ئاواییەکانی گونبەد و فرێزیانی  ناوچەی سۆما ژیان بە سەر دەبەن .

کورد گوتەنی ئەوە دەرەبەگە وەفای بۆ کەس نیە، عەبدورەحمان تەمەنی نەگەیشتووە ٢ ساڵ ، دیسان لە گوندی ئوورتانس دەردەکرێن وئەمجارەیان لە گوندی لۆرەشیرین ولە لای باوکم ( باوکم  لە گەل محەممەد ئاوەڵ زاوا بوون) دەگیرسێنەوە .

دوای چەند  ساڵێک ، ئەوان لە گوندی لۆرەشیرین و لە سەر عەرز و خانووی باوکم دەمێننەوە و بنەمالەی ئێمە بە یەکجاری لە گوندی سوڵتانی دەمێننەوە واز دێنن لە کوێستان وگەرمێن کرد.

لە گوندی لۆرەشیرین چەندین ساڵ دەمێنەوە و جەند مناڵیکی دیکەشیان دەبێ . لە بیرمە دایکم هەموو جارێ باسی عەبدورەحمان و سمایلی بۆ دەکردم و دەیگوت سمایل یەک مانگ لە تۆ گەورەترە . سمایلم نەدیت بوو. من تەمەنم ٦ یان ٧ ساڵ دەبوو ، باوکم ئەوانی هێنایە سوڵتانی و خانوویەکی زیادیمان هەبوو لەوێ دا بوون. ئەوجار عەبدورەحمان، سمایل و باقی خوشک و براکانیم بینی کە تا ئەوکات نەمدیبوون. هەرچەند  عەبدوڕەحمان لە من و سمایل بە عومرتر بوو ، بەڵام هەمیشە ئێمە بە دوایدا بووین ، بۆ هە رکوێ یەک چووباوە من و سمایلی لە گەل بوو.

عەبدورەحمان ئەوکاتیش ئینسانێکی بەڕوحم ، مێهرەبان و ئارام بوو. هەتا ئێستاش لە خەڵکی ئاوایی سوڵتانی بپرسن  ، ئەوان باس لە خۆش ڕەفتاری ، مٶدەبی ، نەرم و نیانیی عەبدورەحمان دەکەن . ئەگەر هەر وەک بیرەوەریش بێ پێم خۆشە ئێشارە بە یەک بیرەوەری بکەم: کابرایەکی ئازەری هەبوو زۆر قەلەوبوو ، هەم ددانی دەکێشا و هەم عەیب نەبێ کوڕی سوننەت دەکرد. هەموو ساڵی ٢ ، ٣ جار دەهات بۆ گوندەکان، هەرکات هاتباوە گوند ، من و سمایل خۆمان دەشاردەوە تا نەکا سوننەتمان بکەن.  سەرەنجام هاوینێکی گەرم ، من وعەبدڕەحمان و سمایل کەوتینە داو.

محەممەد هەرسێکمانی لە هۆدەی ئێمە کرد و خۆشی لە بەر دەرگا راوەستا. ئازەرییەکی دیکەش ناوی مشهدی عەزیز و دۆستی بنەماڵەی ئێمە بوو، ئەویش لە گەل کابرای سوننەتچی هاتە ژوور و بە کوردی گوتی : من دەبمە کریبی ئیوە ، هەرکەس نەگری من یەک دەست کۆت و شەلواری بۆ دەکڕم ، هەر کەس گریا تەنها یەک کراسی بۆ دەکڕم. هەر واشی لێهات ، من و عەبدوڕەحمان نەگریان لە کاتی سوننەت کردن دا، بەڵام سمایل گریا  و لە بیرمە مشهدی عەزیز بۆ من و عەبدوڕەحمان قاتی هێنا بوو ، بۆ سمایل تەنها بلووسێکی سووری هێنابوو، لە بەرانبەر دا باوکم بەرانێکی دایە و محەممەدیش بەرانێک( ئەوە عادەت بوو ئەوکاتی) دوای چەند ساڵێک باوکم بە محەممەدی گوت : عەرزەکەی لۆرەشیرین کەس نیە کاری لە سەر بکا و خەڵکی تر کەلکی لێوەردەگرن وسوودێکی بۆ ئێمە نیە ، باشترە ئیوە بڕۆن بۆ لۆرەشیرین. 

rahaman_ansari3

ئەوەبوو ئەوان چوون بۆ سەر مالەکەی ئێمە لە لۆرەشیرین. بۆ من زۆر سەخت بوو. هاوتمەنم لە بنەماڵەی ئێمە نەبوو ، هەموویان گەورە بوون .  بەداخەوە دوای ٢، یان ٣ ساڵ بە هۆی روداوێکی خوێنداری ، محەممەد نەیتوانی لە لۆرەشیرین بمێنێ و هاتن هاوینێک لای ئێمە بوون لە سوڵتانی، و هەر لەو ساڵە دا لە ئاوایی گونبەد جێگایان درایە و چوون بۆ گونبەد. لەوێ عەبدورەحمان دەست دەکا بە قوتابخانەی شەوانە و کلاسی پێنجی سەرەتای تەواو دەکات.

راپەرینی گەلانی ئێران سەرکەوت . خەباتی ئاشکەرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێکرد. لە ئاوایی گونبەد زۆرکەس بوون بە پێشمەرگە و یەکێکیان عەبدوڕەحمان بوو.  هەر وەک لە سەرەوە باسم کرد ، عەبدوڕەحمان ئینسانێکی زۆر خەڵکی و نەرمو نیان بوو، زۆر زوو دەیتوانی بچێتەو ەنێو خەڵک ، ڕیزی زۆری لە گەرەکان دەگرت. کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی بوو.

لە ماوەیەکی کورت دا توانی لە هێزی شەهید سەرگورد عەبباسی دا ببێتەوە جێی متمانەی ئۆرگانەکانی حیزبی و  لە دەستی شەهید مووسا دا وەک سەرپەل دیاری دەکرێ و دواتریش وەک جێگری دەستە. عەبدورەحمان لە دەیان شەڕی گەورەی شیمالی کوردستان دا بەشداری کرد و یەکێک لە پێشمەرگە هەرە قارەمانەکانی ئەو ناوچەیە بوو.

لە پێشمەرگایەتی دا بە شاهیدیی ئەوانەی لە نیزیکەوە دەیناسن و زۆریشیان لە ژیان دا ماون ، عەبدورەحمان ئەسڵەن کاتی بە فێرۆ نەدەدا. هەمیشە کتێبی لە کۆلە پشتی دا هەبوو، بەرنامە و ئەساسنامە ، نامیلکەکانی حیزب و ڕۆژنامەی کوردستان ، لای عەبدرەحمان دەست دەکەوت. من زۆر جار لە ساخ دەچووم شتێکم لەوی وەردەگرت بۆ خوێندنەوە .

ئەو ئیدی بە تەواوی خۆی پێگەیاندبوو . هەم ببووە کەسێکی قاڵ بووی خەبات ،  هەم لە نێو خەڵک دا جێی باوەڕ ،  هەم شارەزا بە سیاسەتی حیزب و  کاری تەشکیلاتی ، هەم ئامادەی وەرگرتنی ئەرک . بۆیە لە ساڵی ١٣٦٥ وەک یاریدەدەری کادر دیاری کرا و توانی ئەو ئەزموونەش بە سەربەزی یەوە کۆتایی بێنێ. بۆیە لە زستانی هەمان ساڵ دا بەشداری دەورەی کادر بوو  ودوای تەواو بوونی دەورە ، پلەی کادری پێ بەخشرا و وەک کادرێکی لاو ، فیداکار و ئەهلی کار  لە کۆمیتەی سارستانی سەڵماس دا ئەرکی بۆ دیاری کرا.

لە سازماندەهیی کادرەکانی تەشکیلاتی کۆمیتەی سەڵماس دا بە حوکمی ئەوەی کە ئاشنایەتییەکی زۆر چاکی لە ناوچەی برادۆست هەبوو ، لە کۆمیتە ناوچەی برادۆست دا سازمان درا. تیمی تەشکیلاتیی برادۆست پێک هاتبوو لە حوسێن محەممەدی، عەبدورەحمان ئەنساری و محەممەد عەلیار .

ئەوان لە بەهاری ساڵی ١٣٦٦ دا گەشتێکی تەشکیلاتی یان لە برادۆست کرد و دوای نیزیک بە مانگێک گەرانەوە . لە بیرمە کاتێک ئێمە چوار کەس پێشمەرگەکانی هیز(ناجی ، ئەبووبەکر ، مام عەزیز و من ) دەچووین بۆ لای سۆما ، لە گوندی ئێلێ ئەوانمان دیت کە لە برادۆست دەگەرانەوە. چەند سەعاتێک پێکەوە بووین . ئەوان جوون بۆ مەقەڕ کە لە قەرەغان(گەلی بەرەڕەش) بوو و ئێمەش بەرەو ناوجەی سۆما چووین.

bizama_rahman
شەهیدان: نیزام مەردی و عەبدورەحمان ، فێرگەی حیزب کاتێک زستانی ١٣٦٥ عەبدورەحمان لە دەورەی کادر ونیزام لە دەورەی سەرەتایی بوون .

دوا ماڵئاوایی

ئێمە چووین و دوای ١٠ ، ١٢ ڕۆژگەراینەوە .  نێوەڕاستی جۆزەردان بوو. مانگەشەوێکی خۆشی بەهاری ، ئێمە لە دەراوی ئاڵیاوا دەمانەویست لە چۆم بپەڕینەوە. گیا زۆر بڵیند ببوو ، دارە بیەکان قەراغ چۆمیان  تەنیبوو.   بە هۆی ئەوەی ئیمکانی کەمین هەبوو ، نەدەبوو هەمان خۆمان لە چۆم بدەین. بۆیە گوتیان کاووس تۆ بڕۆ ئەو بەری لیباسەکانت دەبەر بکە وئامادە بە، جا بەردێک مان بۆ فڕێ بدە ، ئێمەش دەرباس دەبین. هەر وام کرد، ئەوان ئامادە بوون و من لیباسەکان دەرهێناو خۆم لە چۆمی دا و پەڕیمەوە ئەوبەری. خەریکی دەبەر کردنی لیباسەکانم بووم ، ئەوندەم زانی کەسێک تەفەنگی راست لە پشتە ملمی دانا ، دەنگی هات ، بەڵام لە بەر هاڕەی چۆم نەمزانی چی گوت؟ بە ترس و لەرزەوە و بێ ئەوەی دەست بۆ چەکەکەم بەرم ڕووم لێکرد ، ئەو پشتی لە مانگە شەو بوو ، من کە ڕووم تێکرد، مانگەشەو لە دەم چاومی دا و ئەو منی ناسیەوە و ڕاست باوەشی پێداکردم وگوتی وەختا بوو ماڵی خۆم وێران بکەم! عەبدوڕەحمان بوو و ئەوان تازە لە مقەڕ را دەهاتن و بەرەو مەئمووریەتی بێ گەرانەوە دەچوون.

هاوڕێیانی دیکەش هاتن و ١٠ دەقەیەکی پێکەوە ڕاوەستاین . حوسێن ، عەبدوڕەحمان و محەممەد ماڵئاواییان لێکردین و بەداخەوە بۆ هەمیشە بوو.

چۆن زانیم شەهید بوون؟

ئێمە وەک لکی ٣  و کۆمیتەی سەڵماس لە ناوچەی سۆما بووین. کاری بیسیم لە گەل مەڵبەند کە بنکەی لە تەڕگەوەڕ بوو، من دەمکرد. بەیانیی٢٢ ی گەلاوێژ بوو . بەرپرسی گشتیی ئێمە کاک عیسمەت عەبدی  بەرپرسی کۆمیتەی سەڵماس بوو. دوای ئەوەی نان و چایەکمان پێکەوە خوارد، ئەو چوو هیندێک لێمان دوور کەوتەوە و خەریکی نووسین بوو.

دوای نیو سەعاتێک بانگی کردم و گوتی  سەعات چەند تەماست لە گەل مەڵبەند هەیە؟ گوتم سەعاتی ١٠ ی بەیانی و پێنجی ئێوارە. لە کاتێک ڕوخساری گریانی لێدەباری ، گوتی ئەم هەواڵە بیدە بە مەڵبەند. کە تەماشام کرد، بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکەم ، هەستام بیسیمەکەم هەڵگرت و بە شاخەکە دا سەرکەوتم، دوای نیو سەعات گەیشتمە        

گرد بەران کە بەرزترین شوێنی ئەو مەسیرە بوو. سەعات بوو بە ١٠ و بیسیمم کردەوە ، یادی بە خێر کاک عەلی کاشف پوور بەرپرسی مەڵبەند  خۆی لە سەر خەت بوو. ئەویش کە زانیبووی ، زۆر ناراحەت دیار بوو، چوونکی کاک عەلی بەراستی هەرسێکیانی زۆر خۆش دەویست ،  هیندێک دڵدانەوەی کردم و گوتی هەوالەکە بخوێنە من لە باتی کاک فەتتاح  وەردەگرم. ئەوە بوو هەوالەکەم بۆ کاک عەلی خوێندەوە و بە گریانەوە هاتمەوە لای پێشمەرگەکان. دوای جەند ڕۆژێک وا هەڵکەوت جووینە سوڵتانی و جاوم بە دایکم  کەوت کە ئەو کات لە ژیان د امابووە. ئێستاش ئەو دەنگەم لە گوێ دا دەزرینگێتەوە کە گوتی: کاووس کوا عەبدورەحمان؟

بەڵێ، کورد یەکێک لەو نەتەوانەیە کە ئینسانی خائینی زۆر لێ هەڵکەوتووە. ئەو سێ کادرە کە سەرمایەیەکی مەعنەویی حیزب و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد بوون ،بە هۆی خیانەتی خائینێکی خۆماڵی یەوە  ولە ماڵی خۆیدا ئەنجام درا.

کەسێک بە ناوی پیرمەند عەبدی کوری مەلای ئاوایی مافەران پێشتر سەرباز بوو و لە گوندی باوای مەڕگەوەر بە دەست پێشمەرگە بەدیل گیرا بوو . دوای ئازاد کردن نەچووە و بوو بە پێشمەرگە. ساڵی ٦٥ لە گوندی کۆرانی ناوجەی سۆما لە حاڵی مەئمووریەت دا هەلات و خۆی تەسلیمی ڕێژیم کردەوە. بە هۆی ئەوەی کە خوشکێکی محەممەد عەلیار براژنی پیرەمەند بووە و ساڵانێکی زۆر چاوی بە براکەی نەکەوتووە، دەیەوێ محەممەد ببینێ. تیمەکەش سەردانی خوشکی محەممەد دەکەن ودەست دەکەن بە قسە، لێیان دەبێتەوە درەنگانی شەو و بە ناچار هەر لەو ماڵە دەمێننەوە . بەیانی(٢١ ی گەلاوێژی ١٣٦٦) پێرمەند کە شۆفێر دەبێ ، دەچێتەوە لای “اطلاعات” سێرۆ و خەبەرەکەیان دەداتێ و خۆشی لە گەلیان دێت.  بە داخەوە دوای شەڕێکی قورس لە ماڵی باوکی پیرمەند دا ، هەر سێ کادریش شەهید دەبن و تەرمی پیرۆزیان بە دوای ماشێندا دەبەستن  و گوند بە گوندی برادۆست دەسووڕێننەوە.  پیرمەندی خایین  هەتا ئێستاش هەر غەرقی خیانەتە.

 یادی عەبدورەحمان ، حوسێن ، محەممەد و هەموو شەهیدانی کوردستان بە خێر.

urtanis_gund

گوندی ئوورتانس

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی