"an independent online kurdish website

دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە ساڵی ١٩٨١ بە فەرمی لە پاریس کراوەتەوە . یەکەمین نوێنەری حیزب بۆ ماوەی ٦ مانگی یەکەم کاک دوکتۆر کەنداڵ نەزان  سەرۆکی ئێستای ئەنستیتووی کورد لە پاریس بووە و هاوڕێ لە گەل نەسرین قاسملووی هاوژینی دوکتۆر قاسملوو کار و باری حیزبیان ڕاپەڕاندووە .pdki-arm-

دوای کاک کەنداڵ نەزان ، کاک عەزیز ماملێ بووە کە لە کۆنگرەی پێنجی حیزب دا کە لە ١٥ ی سەرماوەزی ١٩٨١دا گیراوە، بۆتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ونوێنەری حیزب لە پاریس تا کۆنگرەی ٦ . لە نیوان کۆنگرەی ٦ و ٧ کاری حیزبی لە پاریس ، لە لایەن نوێنەرایەتیی حیزب لە شوورای نیشتیمانیی بەرگری ( شورای ملی مقاومت ) ە وە سەرپەرەستی کراوە ، کە ئەو کات زۆربەی کاتەکان یەکێک لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی دەبووایە لەوێ بێ و هەم کار و باری شوورا بکا و هەم هی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب.

qasmlu_sherefkendi13

لەوانە کاک دوکتۆر قاسملوو ، کاک مستەفا هیجری ، کاک جەلیل گادانی ، مامۆستا عەبدولا حەسەن زادە، و بۆ ماوەیەکی کورتیش کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی و کاک مستەفا شەڵماشی . دوای کۆنگرەی ٧ کاک عەبدولا قادری ئازەر نوینەری حیزب بووە تا ڕۆژی شەهید بوونیلە ١٣ی زووئیەی ١٩٨٩ لە وییەن .

دوای کاک عەبدولا ، کاک فەتتاح عەبدوولی بووە تا ڕۆژی شەهید بوونی لە ١٧ ی سێپتامبری ١٩٩٢ لە بێرڵین . لە بەهاری ساڵی ١٩٩٣ تا کۆنگرەی ١٠ (١٩٩٥) کاک شاهۆ حوسەینی نوێنەری حیزب بووە . لە کۆنگرەی ١٠ تا کۆنگرەی ١١ کاک شاهۆ حوسەینی لە گەل ئەوەی کە ئەندامی ڕێبەریش نەبووە ، بەلام بەرپرسایەتیی دەرەوەی وڵاتی لە سەر شان بووە. لە کۆنگرەی ١١ ڕا ماوەیەک کاک بابا عەلی مێهر پەروەر ئەندامی دەفتەری سیاسی بەرپرسی دەرەوە  بووە تا نیزیک کۆنگرەی ١٢ و دواتریش کاک شاهۆ تا دەگەینە  خودی کۆنگرەی دوانزدە . لەکۆنگرەی ١٢ را تا کۆنگرەی ١٣ دوکتۆر خوسرەو عەبدولاهی بەرپرس بووە و  لە کۆنگرەی ١٣ ڕا تا ئێستا کاک شاهۆ حوسەینی یە …. . دیارە لە تەواوی ئەوساڵانە دا کاک دوکتۆر خوسرەو عەبدولاهی لە دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب کاری کردووە . هەر وەها کۆمەڵێک کادری دیکەی وەک : کەماڵ داوودی ، عەلی پوورئامان ، ڕەسوول قادری ، ئیبراهیم قەزاق ، ڕەحمان نەقشی ، مستەفا ئەبریشەمی، ئەبووبەکر ڕاد، سولەیمان محەممەدجانی ، ڕەحمان کەریم زادە ، تەیفوور بەتحایی ، تاهیر نەقشینی ، کاوە مەدەنی، ڕەشید قلیچخانی ، مەنسوورە یەغمایی ، کەژاڵ عەباسی ، ئەبوو کەریمی و ئاسۆ حەسەن زادە ….. کاریان کردووە . دیارە تا دوای شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملووش نەسرین خانم هەمیشە هاوکار و پشت و پەنای نوێنەرایەتیی حیزب بووە و زۆری هاوکاری کردوون.
ئەوەش زیاد بکەم کە لە کاتی شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملوو دا ، کاک حەسەن شەڕەفی بۆ ماوەی ٦ مانگ بەرپرسایەتیی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی کردووە . هەر وەک مامۆستا حەسەن زادەش لە کاتی شەهید بوونی کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی دا بە هەمان شێوە نیزیک بە ٦ مانگ بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە پاریس بووە .
تا ئەو کات یەکەمین جار بوو کە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فەرمی و لە وڵاتێکی گرینگی وەک فەرانسە دا ئیزنی کرانەوەی دەفتەرێکی نوێنەرایەتی پێ بدرێ کە تا ئێستاش درێژەی هەیە . واتە دەتوانین کرانەوەی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب بکەینەوە دەست پێکی دیپڵۆماسی یەکی فەرمیی کوردی ڕۆژهەڵات لە دوای کۆماری کوردستان.

لەو کاتی دا کە دەفتەری پاریسی حیزب بە فەرمی کرایەوە ، کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی  دەرگای دیکەیان نەبوو ، یان  زۆر کەم بوو بۆ پەیوەندیی روو بە دونیای دەرەوە. بەلام دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب دەکرێتەوە ، دوکتۆر قاسملوویەکی ناسراو و لێزان ، خەباتێکی جیدی و هەمەلایەنە لە نێو خۆی وڵات هەیە ، بەشێکی زۆری کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگە  و بزووتنەوە دایە و هەزاران پێشمەرگە ڕۆژانە بەرگری لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان دەکەن.

بۆیە ئەو دەفتەرە بووبە بناغەی دیپلۆماسی و هیندەی پێ نەچوو کە ئەنیستیتوویەکی کوردیش بە پشتیوانی و بگرە ئیمکاناتی ماددیی حیزب و  خودی ڕێبەری شەهید دوکتۆر قاسملوو پێک دێ کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە.

qasmlu_sherefkendi13_2

خوێنەرانی هێژا، ئەو بیۆگرافیە کامڵ و کافی نیە  و تەنیا دەست پێکردنێکە تا ئەو بەڕێزانەی کە سەردەمانێک لەو دەفتەرە کاریان کردووە و بەخۆشی یەوە بەشی هەرە زۆریان لە ژیان دا ماون ، ئەو مێژووە گرینگەی حیزب و نەتەوەکەمان کاملتر و هەمەلایەنتر بکەنەوە. بێ گومان دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب گرینگی و بایەغێکی زۆری هەیە لە مێژووی بزاڤی کورد دا ، چوونکی تا ئەوکات هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیی کورد و لە هیچ پارجەیەکی کوردستان خاوەن نوێنەرایەتییەکی بەو شیوەیە نەبوون، جگە لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ئەویش لە لێزانی و لێوەشاوەیی  ڕێبەرێکی وەک دوکتۆر قاسملووی مەزن سەرچاوەی دەگرت.

تێبێنی : ئەوەی ڕاستی بێ من چەند مانگ لەمەو بەر ئەم نووسینەم لە فەیس بۆک نووسیبوو، بەڵام ئەم دوایانە هاوڕێیان پێیان باش بوو بخەمە سەر سایت تا بەڵکوو کەسانی ئاگادار و خاوەن زانیاری لە سەر دەفتەری پاریس هەرکامەی بە پێی زانیارییەکانی خۆی باسی ئەو بنکە گرینگەی بزاڤی نەتەوایەتیمان بکات کە بێ گومان ڕۆڵێکی گرینگی گێراوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی