هەر وەكوو چاوەڕۆان دەكرا وتووێژەكانی ئاڵماتی 2 بێ هیچ دەسكەوتێكی ئەتۆ لە نێوان ئێران و گرووپی 5+1 لە وڵاتی قەزاقستان بە شێوەیەكی ناڕوون كۆتایی پێهات و بڕیارە نوێنەرانی وڵاتانی بەشدار لەگەڵ حكوومەتەكانیان كۆبوونەوەیان هەبێ و وتەبێژی یەكیەتی ئورووپا پێشنیارە گەڵاڵەكراوەكان بە ئێران رابگەینێت.
ئەگەری ئەوە لە ئارادایە دانوسانەكان بە شێوەی هەڵپەسێراوی بمێنێتەوە وەكوو ئەوەی دوای وتووێژەكان لە موسكۆ هاتە پێش و دواتر دوای 1 مانگ دووبارە شەمەندەفەری وتووێژەكان وەرێ كەوت و ئەو جارە گەیشتە ویستگەی ئاڵماتی 1 و 2.
لەو دانیشتنانەدا هەر دوولایەن بەرژەوەندیی خۆیان هەیە، رۆژئاوا دەیهەوێ بەهێنانی زەخت و گوشار و زیاد كردنی كاریگەری گەمارۆكان بەمەبەستی پەرەپێدان بە قەیرانی ئابووری، مودیریەتیی و یەكگرتوویی ئێران، ئەو حكوومەتە مل كەجی ویستەكانیان بكات و هەر دوو وڵاتی چین و رووسیەش كێشەكانی رۆژئاوا و ئێران لەبەرژەوەندی خۆیاندا دەبینن و دەیانهەوێ رۆڵی دادوەریان هەبێ و هەروەها ئەو دانیشتنانە لە وڵاتی خانەخۆی ( قەزاقستان) دەتوانێ پوانی زۆر باشی بەدواوە بێت و لەئاستی دونیادا باشتر بناسرێت، هەر وەكوو دیارە حكوومەتی ئێرانیش بەرژەوندی تایبەتی خۆی لەو كۆبوونەوەانە هەیە و یەك لەوان كڕینی كات بۆ خۆیەتی و دەیهەوێ لەو رێگایەوە گوشارەکان لەسەر خۆی كەم بكاتەوە و گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان لەسەر خۆی لاببات و بە جۆرێك لە جۆرەكان ئێران وەكوو ئامرازێك لەو وتووێژانە بەمەبەستی بەلارێدا بردنی بیروڕای گشتیی كەڵك وەردەگرێت.
بێ ئاكام بوونی دانیشتنەكانی ئاڵماتی زۆر بە روونی و راشكاوانە لە لێدوانەكانی عەلی خامنەیی رێبەری حكوومەتی ئێرانەوە دیار و بەرچاو بوو، خامنەیی لە قسەكانی نەورۆزی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا كە هیچ مەیلێكی بۆ چارەسەریی كێشەكان نیە و ستراتیژیكی نیزامی ویلایەتی “فەقیهـ” هیچ ئاڵوگۆڕێكی بەسەردا نەهاتووە، من لەبابەتێكی پێشوو كە هەر لەو پێوەندییەدا نووسیبووم زۆر بە روونی وتبووم كە ئێران نایهەوێ كێشەكان چارەسەر بكات و نووسیبووم حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هۆكاری زۆر دیاری كراو ناتوانێ لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریكا پێك بێت و ئەویش بۆ ئەسڵی ویلایەتی “فەقیهـ” دەگەڕێتەوە كە هەموو بڕیارەكان لەیەك نەفەرەوە سەرچاوە دەگرێ ، چۆنكە ماوەیەك لەمەوبەر خامنەیی ئەو كەسانەی وەكوو ئەحمەدی نژاد سەركۆماری ئێران كە بە وتووێژ لەگەڵ ئەمریكا دڵخۆش بوون بە ساویلكە و نەزان لەقەڵەم دابوو هەر بۆیە زۆر ئەستەمە كە بڵێن كێشەی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئورووپا لانی كەم بەم زووانە كۆتایی پێ دێت.
لێرەدا پرسیارێك لە بیر و زەینی خەڵكیدا چێ دەكات ئەویش ئەوەیە كە بۆچی دوابەدوای بێ ئاكام بوونی وتووێژەكانی ئاڵماتی یەك دانیشتنەكانی دیكە نەخرانە دوای هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی ئێران كە بڕیارە رێكەوتی 24ی جۆزەردان ئەنجام بدرێت؟ ئەو پرسیارە دوو روانگە هەڵدەگرێت یەكەم ئەوەكە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریكا دەیانهەوێ ئەو بارودۆخەی كەهەیە بە شێوەی خۆی رابگرن و نەهیڵێن كەمڕەنگ ببێتەوە و ئەو نائۆمێدیانەی كە بە نیسبەت دانیشتنەكانی ئێران و رۆژئاوا دروست بووە زیاتر پەرەی پێ بدەن و بیروڕای گشتیی بەدژی سیاسەتەكانی ئێران زیاتر بكەن و دووهەمیش ئەوەیە كە ئەو قەیرانەی كە ئێران تووشی بووە زیاتر بكەن و هاووڵاتیانی ئێران وا لێبكەن كە لەئەنجامی گرانی بازار، نەبوونی دەرەتانی كار و چوونە سەری رێژەی بێكاری شۆڕشێك بەرپا بكەن.
خۆدی ئێرانیش پێوایە وتەنانەت رۆانینیشی بۆ وتووێژەكان ئەوەیە كە 1ـ ئەمریكا دەیهەوێ بۆ بە قەناعەت گەیاندنی وڵاتانی جیهان و رەوایی دان بە هێژموونی خۆی وەكوو زلهێزترین هێزی نیزامیی و ئابووری دونیا، ئێران ناچار بە دانیشتن و لەئەنجامدا بە دونیا بڵێت كە ئێران تەسلیمی ویستەكانمان بوو. بەپێی لێدوانی شارەزایانی سیاسیی هەر ئەو رۆانینە هەڵەیە وای كردووە كە بارودۆخی ئابووری و سیاسیی ئێران بەو رێڕەوە نەرینیەدا بڕوات و 2ـ بڕیاردەرانی سەرەكیی ئەو حكوومەتە لەو باوەڕەدان گۆڕەپانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەبەرەبەریی گۆڕان دایە و بە زووترین كات جیهان لە حاڵەتی تەك جەمسەریی دێتە دەر و بۆ لای چەند ناوەندیەتیی دەڕوات و رەوتی هوشیاری ئیسلامیی لەحاڵی گەشە كردن و پەرە سەندن دایە و لەو رۆژهەڵاتی ناڤیندا دەبێتە هێزێكی كونترۆڵ نەكراو، هەر چەندە ئێستاكە ئەگەر وڵاتێكی ئیسلامیی بیهەوێ سیستمی ئیسلامیەت سەقامگیر بكات چیدیكە ئیسلامیی ئێرانی بۆ خۆیان ناكەنە نموونە بەڵكوو كەڵك لە ئیسلامێكی سكۆلار وەردەگرن كە مافی هەموو كەمینەكانی تێدا پارێزراو بێت.
ئەگەر بمانهەوێ جیاوازییەكانی ئاڵماتی 1 و 2 باس بکەین دەکرێ بڵێین كە لە دانیشتنی ئاڵماتی یەکدا گرووپی پێنج كۆ یەك داوای داخستنی بنكەی ئەتۆمی فێردۆی ئێرانیان لە شاری “قوم” كردبوو كە لەگەڵ وەڵامی “نا”ی شاندی ئێرانی بەرەو روو ببوونەوە و سەعید جەلیلی “دەبیری شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللیی” ئێران ئەو داوایەی رەت كردبۆوە، بەڵام لە دانیشتنی ئاڵماتی 2دا بەپێچەوانەی دانیشتنەكانی پێشوو گرووپی 5+1 داوای راگرتنە چالاكییەكانی بنكەی ئەتۆمی فێردۆی كردووە و بە ئێرانیان وتووە دەتوانن ئۆرانیومی پێویست بۆ كاری لێكولینەوەی هەتا رادەی لەسەدا ٢٠% چڕ بكەن و ئەمە لەحالێكدایە كە لە دانیشتنی ئاڵماتی یەكدا ئێزنی چڕ كردنی 4%یان بە ئێران دابوو و لەراستیدا مەبەستی ئورووپا لە دانی ئەو پوانانە گەیشتن بە رێككەوتنێكی سەرەتایی لەگەڵ ئێران بوو و ئەگەر ئێران ئەوەی قبووڵ بكردبایە بەدڵنیایەوە ئەمریكا و یەكیەتیی ئورووپاش پێداچوونەوەیان بە رەشنووسی بڕیارنامەكانی دژی ئێراندا دەكردەوە و ئەگەری ئەوە لەئارادابوو كە بەشێك لەگەمارۆكان لەسەر ئێران هەڵبگیردرابایە. دیارە نوێنەرانی ئێران لە هەموو دانیشتنەكاندا داوای ئەوەیان لە گرووپی زێدە یەك كردووە كە:
1ـ مافی چڕ كردنەوەی ئۆرانیوم و بەكارهێنای بۆ ئێران لەلایەن ئورووپا و ئەمریكا بەفەرمیی بناسرێ
2ـ گەمارۆ نەوتییەكانی سەر ئێران بە زووترین كات لابچێت
ئەو دوو داواكارییە بەبەردەوامی لەلایەن ئورووپاوە رەت كراوەتەوە و لەدانیشتنی ئاڵماتی یەكدا دیپلۆماتێكی ئەمریكایی رایگەیاندبوو كە هەتا بە رێککەوتنێکی هاوبەش نەگەین بە هیچ شێوەیەك ناتوانین گەمارۆ نەوتییەكان لەسەر ئێران لاببێن. بەهەر حاڵ دانیشتنەكانی ئەو جارەش هیچ دەستكەوتێكی نەبوو و ئەنجامەكانی بەنیسبەت دانیشتنەكانی پێشوو زۆر جێگای دڵساردی بوو، ئەگەر چی نوێنەرانی ئێران هەمیشە ئەو دانیشتنانەیان بە رەزایەت بەخش لەقەڵەم داوە و لەو پێوەندییەدا كاترین ئەشتۆن سەرپەرستی تیمی دانوسانكار وتبووی ئێمە لەگەڵ ئێران مەودای پێك گەیشتن و لێك تێگەیشتنمان زۆر زۆرە و باوەڕ ناكەم بەم زوانە بە نەتیجە بگەین. دوور كەوتنەوەی ئەو دوو لایەنە ئەوەمان پێ دەڵێ كە رێگا بۆ گەمارۆی زیاتری كۆمەڵگای جیهانی بۆ سەر ئێران خۆش دەكات و هاوكاتیش دەرخەری ئەوەیە كە گەمارۆكانی پێشوو هەتا ئێستا نەیتوانیوە لێپرسراوانی حكوومەتی ئێران وا لێبكات كە ویستەكانی ئورووپا و ئەمریكا قبووڵ بكەن هەر چەندە ئەو گەمارۆیانە ئابووری ئێرانی بەرەو داڕمان بردووە و خەڵكی ئێرانی لەگەڵ ئاریشەیەكی بێ وێنە بەرەروو كردووە و ئەگەری ئەوە هەیە ناڕەزایەتێكی زۆر بەرینی خەڵكی لێبكەوێتەوە و بە باوەڕی من دوورە دیمەنی كۆمەڵگای جیهانیش بەنیسبەت ئێران ئەوەیە كە بەپێی رابردووی ئەو حكوومەتە و دەستێوەردانی لەكاروباری وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و بارهێنان و پشتیوانی كردنی لە گرووپە توندرەوەكان، بە هیچ شێوەیەك ئیزن نادەن ئێران دەستی بەچەكی ئەتۆم رابگات و ئەگەریش رابگات تەحموولی ناكەن و ئەگەری ئەوە هەیە هێرشی نیزامی بكەنە سەر.