"an independent online kurdish website

گۆرانی بانان   

به‌یانی، مانگی گوڵان،   

هێشتا شار چه‌شنی کۆخێک   tomas_transtromer

به‌ بێ چرکه‌ و ئه‌هۆنه‌،

شه‌قامه‌کانیش ئارامن،

مرۆڤ به‌ گۆرانی له‌ خه‌و هه‌ڵده‌سێ

له‌ ئاسمانی سه‌وز و ئاوی دا

موتۆڕی فڕۆکه‌یه‌ک گرمه‌ گرمی یه تی،

په‌نجێره‌ش ئاواڵه‌یه.‌

خه‌ونی ئه‌و خه‌وتووه‌،

که‌ له‌وێ درێژ بووه‌ شه‌به‌قی تێده‌که‌وی

خه‌وتو‌ ته‌کان له‌ خۆ ئه‌دا و

کوێرانه‌ به‌ په‌له‌کوتێ ده‌که‌وێ

دوور له‌ فه‌زادا، به‌بێ ویست

له‌ که‌ره‌سه‌ێک ده‌گه‌ڕێ . . .

 

تابلۆی که‌ش و هه‌وا

ده‌ریای خه‌زه‌ڵوه‌ر،

سارد و سڕ بریقه‌ ئه‌داته‌وه‌

له‌گه‌ڵ باڵی ماسی له‌ تراویلکه‌دا

هیچ نه‌ماوه‌ که‌ له‌ بیر بمێنێ

پێشبڕکێی پاپۆڕ ئاژووتن

سه‌ر‌گێژه‌یکی سپی به‌ دواوه‌یه.‌

ڕۆژانی کاره‌بایی به‌ سه‌ر گونده‌وه‌

و هه‌موو ده‌نگێک به‌ئه‌سپایی کۆچ ده‌که‌ن

‌سه‌ره‌ سه‌گێک له‌ هه‌وادا،

به‌ خه‌تی « هیرۆگلیف » نیگار کراوه‌

له‌وێدا به‌ سه‌ر باخی به‌رماڵانه‌وه‌

میوه‌ی زه‌رد فێڵ له‌دارده‌که‌ن

و ده‌وێرن که‌ به‌ر بنه‌وه.

نه‌هێنی به‌ڕێوه‌

ڕووناکی ڕوخساری خه‌واڵویکی پێکا

خه‌وتو خه‌ونه‌که‌ی هاروهاج تر بوو

که‌چی وه‌خه‌به‌ر نه‌هات

تاریکی سه‌ر وچاوی ڕێبوارێکی پێکا

له‌ نێوان که‌سانی دیکه‌دا

له‌ به‌ر تیشکی به‌ تینی خۆره‌تاو

له‌ ناکاو تاریکی وه‌ک بارانی وێرانکه‌ر

له‌ پرێکدا داهات

وێستاوم له‌ ژوورێکدا

له‌ هه‌موو چاوتروکانێکدا له‌ موزه‌خانه‌ی  په‌پوله‌دا

به‌و له‌ونه‌ش هه‌تاو به‌ هێزتر وه‌ک جاران

قه‌ڵم موگه‌لی بێ ئۆقره‌

گه‌ردوونیان نه‌خشاند.

 

ڕێچکه‌ی ڕێل

کاتژمێر دووی نیوه‌ شه‌وه‌،

مانگه‌شه‌و ده‌تریفێته‌وه‌

شه‌مه‌نده‌فه‌رێک

له‌ نێوه‌ ڕاستی ده‌شتایدا وێستاوه.‌

له‌ دوور له‌‌ نێوه‌ندی ڕووناکی شاردا،

له‌ چاوئه‌نگێودا

بروسکه‌ بروسکێکی سارد به‌دی ده‌کرێ

وه‌ک کاتێک مرۆڤ چووبێته‌ خه‌وێکی قوڵه‌وه‌

ڕه‌نگه‌ هه‌رگیز له‌ بیری نه‌مێنێ که‌ له‌وێ بووه‌

ئه‌وده‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  نێو جێکه‌ی خۆی

یان ده‌مێک که‌سێک توشی نه‌خۆشیه‌کی قوڵ بووبێ

له ‌نێو ده‌سته‌یه‌کدا ڕۆژانی ژیانی وه‌ک یه‌ک بووه‌

تروسکه‌ی خاڵێکی سارد له‌ ڕوانگه‌ی دا ده‌مێنێته‌وه‌

شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌بێ چرکه‌ ته‌واو وێستاوه‌

دووی نیوه‌ شه‌و،

مانگه‌شه‌وێکی به‌ تین

و چه‌ن ورده‌ ئه‌ستێره‌.

خوایه‌ به‌زه‌ییەک ‌

ژیانم له‌ تاریکیدا،

جاربه‌جار چاوی هه‌ڵهێناوه‌

شتێک وێنه‌ی ئاپۆره‌ی خه‌ڵک

که‌ له‌ شه‌قامه‌کانه‌وه‌ تێپه‌ڕن،

کوێرانه‌ و دڵپه‌رۆش به‌ڕێوه‌یه‌،

به‌ره‌و کاره‌ساتێکی ناسروشتی،

هه‌مان ده‌م، نه‌دیار، هێز لێ بڕاو ده‌وێستم

منداڵێک که‌ به‌ ترسه‌وه‌ خه‌وده‌یباته‌وه‌

گوێڕایه‌ڵی ترپه‌ی قورسی هه‌نگاوی دڵیه‌تی

تا ئه‌و ده‌مه‌ی دوور دوور

به‌یانی تیشکی داوێته‌ قفڵی تاریکایی

و درگاکان ده‌کرێنه‌وه‌.

نووسینی: تۆماس تڕانستڕۆمێر‌= Tomas Tranströmer

وه‌رگێڕ له‌ سوێیه‌وه‌:‌ ڕه‌حمانی سۆفی  

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی