مێژووی نویی شۆڕشی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، شاهیدی ڕۆڵی بەرچاو و بوێرانەی دکتۆر قاسملووی نەمرە لە نێو ئینترناسیوڵ سۆسیالیست و ئامانج لە هەوڵدان بۆ چوونە نێو ڕێکخراوەیەکی ئەتۆ لە ئاستی دەرەوەدا بەجیهانی کردنی کێشەی سیاسی و نەتەوایەتی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان بوو.
دکتۆر قاسملوو ئەگەر ڕێژیمی ئاخوندی و مرۆڤ کۆژەکانی بە پیلانی تیرۆریستی شەهیدیان نەکردبایە ، بێگوومان ئەو نەخشە ڕێگای کە وەك ئامانجی گرینگی کاری دیپڵۆماسی خستبوویە دەستووری کاری سیاسی لە ئاستی نێونەتەوەیدا، بەمەبەستی گەیاندنی کێشەی کورد بۆ نێو ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تێدەکۆشاو دەستی بە هەنگاونان کردبوو لە ڕێگایی دۆستەکانیەوە.
هەوڵەکانیشی هەر بەوئاڕاستەیەدا لە نێو ڕێکخراوی ئینترناسیۆڵ سۆسیالیست دا زۆرترچڕکردەبۆوە، هاتا لە ڕێگای دۆستە ئۆروپایەکانید کە ئەندامی ئەو ڕێکخراوە جیهانیەن ، کێشەی سیاسی کورد بگەیەنێتە نێو کۆڕی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و لەو میمبەرە جیهانیەوە باس لە مێژووی سیاسی و نەتەوایەتی بزووتنەوەی نیشتیمانی گەلی کورد و ئامانجە سیاسیەکانی بکات . ئەو کارەساتە گەورەیەی کە بەسەر گەلی کورد و ولاتی کوردستان داتووە، وەك دابەشکردن و بەزۆر لەکاندنی خاکی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی بەهێزی ناوچەکەدا، یەکێک لەو باسە گرینگانەی دکتۆرقاسملوو بووە لە نێو کۆڕوکۆمەڵە پێشکەوینخوازو لایەنگرانی سەقامگیرکردنی دێمۆکڕاسی.
پێک هاتنی کومیتەی تایبەت بە کورد لە نێو ڕێکخراوی ئینترناسیول سۆسیالیست لەساڵی ٢٠١٣ی زاینیی دا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە دکتۆر قاسملوو بۆیەکەمجار لە مێژووی سیاسی کورد دا دەرگایی ڕێکخراوەیەکی ئەوتۆی بەسەرداکرایەوە. بەڵام زۆر گرینگە بزانین ڕۆڵی ئەو کومیتەیە چیەو ئامانجی سەرکیان چی دەبێت لە پاش مەرگی ڕێبەر و گەورە پیاوی مێژووی سەردەمی نوێی جووڵانەوەی مافویستی گەلی کوردستان. ئەگەر بێت و ئەو ستڕاتیژیە سیاسی و دیپڵۆماسیەی کە دکتۆر قاسملوو دایڕشتبوو پێش لە مەرگی نابەوەختی خۆی، دەسکەوتێکی گەورە دەبێ بۆ کورد کە هەوڵەکانیان بەو ئاڕاستەیەدا چڕبکەنەوە کە کێشەی کورد بگاتە سەر مێزی کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەیەکان بە شێوەی گشتی کە هەلومەرجەکێکی زێڕینی لە ئاستی دەرەوەدا بۆ ڕەخساوە.
وەڤدی نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون ، دەبوو پێشنیاری ئەوەیانکردبا کە ناوی ئەو کومیتەی کە تایبەت بە کورد پێک هاتووە لە هێزەسیاسیە کوردستانیەکان بەناوی” شەهید دکتۆر قاسملوو” نێودێرکرابا، وەك ڕێزو وەفایەک بۆ هەوڵوخەباتی بێوچانی لە نێو ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست دا.
ئەو سەرکەوتنە سیاسیەی کە ئێستا بەدەستی کورد وهێزەسیاسیەکانی دێت، ئاکامی ئەو بەرچاوروونیە سیاسی و مێژوویە کە دکتۆر قاسملوو لە نێو ئەندامان و لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوە جیهانیەدا پێکی هێنابوو بەرلە روداوە سیاسی وئیداریەکانی وڵاتانی سۆسیالیستی کە بەرهەمی ڕیفۆرمی سیاسی و ئابووری لە پێش ساڵی ١٩٨٩ی زاینیی دا لە ئۆروپا بە شێوەیەکی بەرچاو رویانداو جەوهەری تێڕوانین و پێوەرە سیاسی و پەیوەندیە جیهانیەکان کەوتنە ژێژ تەوژمی ئەو گۆڕانکاریەوە.
دکتۆرقاسملوو بەهۆی بیرمەندی ، دووربینی سیاسی و دێمۆکڕات بوونی دۆستی گرینگی لە ئاستی دەرەوەدا بەمەبەستی پشتیوانی و لایەنگریکردن لە مەسەلەی کورد پێیدا کردبوو و زۆر بە هاسانی لە کاتی دانیشتن و کۆبوونەوەدا شوێنی لەسەردادەنان و سەرنج و تێڕاونینە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی گەورە پیاوی مێژووی نوێی گەلی کورد دکتۆر قاسملوو لەسەر مەسەلە گرینگ و کێشە نێونەتەوەیەکان بە هێند وەردەگیرا و زۆر بەسەرنجەوە گوێڕایەلێ باس و هەڵسەنگاندنە سیاسی وئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی دەبوون.
دیارە بە هۆی پێک هاتەی سروشتی سیاسی و ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوەیە بووە کە دکتۆر قاسملوو هەوڵیداوە بۆ ئەوەی لە نێویان دا شوێنی خۆی بکاتەوە هەتا پرسی کورد بەرەو پێشەوە ببات و زەمینەی ئەوە دروست بکات بۆ ئەوەی پرسی ڕەوای کورد بگەیەنێتە سەر مێزی ئەو وڵاتە گەورە وبەنفوزانەی دونیا کە شوێن و جێگای پەنجەیان بەسەر مەسەلە هەستیار و هاوکێشە سیاسیەکان دا لە جیهاندا هەبوو.
دکتۆرقاسملوو وەك سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکڕات، وێڕایی ڕێبەری کردنی جوولانەوەیی نیشتیمانی خەڵکی کوردستان لە نێوخۆی وڵات لە بەرانبەر سیاسەتی سەرکوت و دیکتاتۆرانەیی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران ،لە گەرمەی شەری سارد و بێلوتفی وڵاتانی سۆسیالیستی سەبارەت بە کێشەی سیاسی و خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لەو قۆناخە سەختەی کاری سیاسی و دیپڵۆماسیدا ، قاسملووی نەمر زۆر لێبڕاوانە تێکۆشا بۆ ئەوەی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان لە ئاستی دەرەوەدا گەشەی پێبدا و بیروڕای هێزو کۆمەڵگا دێمۆکراتیکەکان بۆ لای مەسەلەی کورد ڕابکێشێ. دیارە لەو کاتەدا ئەوەندە ئاسان نەبوو کە بە هەموو ئامانجەکانی بگات لە کاروخەباتی دیپلۆماسی سیاسی ، بەهۆی ئەو هەلومەرجە نالەبارەی کە زاڵبوو بەسەر پەیوەندی وڵاتاندا . چوونکی لە گەرمەی جیهانی دووجەمسەری و ئاڵۆزی سیاسی و ناڕوونی هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیە کانی ئەو سەردەمەدا زۆر دیار نەبوو کە کام لایەنی شەری سارد براوەیی ئەو هاوسەنگیە سیاسی وئابووریە دەبێت لە ئاستی دونیادا. بەڵام سەرەڕایی ئەو بارودۆخە کە بەسەر هەلومەرجی گێتیدا زاڵببوو، توانی بووی زۆر ژێرانە دۆستی ناودارو بەنفوز لە وڵاتانی ئۆروپا و ئەمریکا کە شوینی گرینگیان لە سەر سیاسەتی وڵاتەکەیان هەبوو، بکات بە دۆست و لایەنگری خەباتی ڕەوایی گەلی کورد لە پێناو گەیشتنی بە مافی سیاسی و نەتەوایەتی خۆیدا.
خەبات و تێکۆشانی دکتۆر قاسملوو لە نێو ڕێکخراوەی ئینترناسیونال سۆسیالیست دا وەك ڕێبەرێکی دێمۆکڕات و پێشکەوتنخواز کاریگەری لەسەر خوێندنەوەو تێڕوانی ئەو ڕێکخراوەیە داناو گرینگی و هەستیاری مەسەلەیی کورد وەك کێشەی گەلێکی گەورە، شوێنی خستە سەر سیاسەت و هەڵویستی ئینترناسیول سۆسیالیست سەبارەت بە جووڵانەوەی ئازادیخوازی کورد. ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەش کە لە کوردستان پێک هاتوون بەرهەمی خەبات و ماندوبوونی دکتۆرقاسملووی ڕێبەرن.
بەدوای ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئۆروپا کە لە هەشتاکاندا زەمینەی سەرهەڵدان و گەشەکردنی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە نێو وڵاتانی سۆسیالیستی دا بەئارامی زەمینەی بۆ دروست ببوو. هەرلەوپەیوەدنەیدا دەرکەوتنی خاڵی لاوزی سیاسی و ئابووری وڵاتانی سۆسیالیستی لەو قۆناخەی خەبات دا، بێگوومان زەمینەی گەشەکردنی بیری ئازادی و سەربەستی گەلانی جیهان زەمینەی گونجاوتری بۆ ڕەخسا. دکتۆر قاسملوو بەر لە سەرهەڵدانی ئەو ڕیفۆرمە سیاسی و ئابووریەی کە پاشان ڕوخساری سیاسی ئۆروپا و ئاسیای بەتەواوی گٶڕی و زۆر وڵاتی نوێ بەدوای داڕمانی بلوکی سۆسیالیستیدا کەوتنە سەر نەخشەی سیاسی جیهانیەوە پێشبینی ئەو قۆناخە سیاسیەی کردبوو.
دکتۆر قاسملوو دەمێک بوو هەڵسەنگاندن و تووێژینەوەی ئەو بارودۆخە سیاسیەی جیهانی کوردبوو و بە پێشکەش کردنی “کورتە باسێک” لە سەر سۆیسالیزمی دێمۆکراتیک هەموو پێوەر و چەمکە فیکریەکانی بەشێوەیەکی سەردەمیانە وێرایی ڕەخنە لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتانی سۆسیالیستی، رێگای ڕزگاربوون لە قەیرانی خستبوو بەرچاوی کۆمەڵگای نێونەتەوەیەوە.
بەڵام هیوا خوازین ئەو کومیتەی کە تایبەت بە کوردەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان پێک هاتووە لە نێو ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست دا ئەو دەورو ڕۆڵە مێژووی و نەتەوەیە بگێڕی کە دکتۆر قاسملوو لە هەشتاکاندا نەخشە ڕێگای بۆ داڕشتبوو.
محمد سلێمانی
17.04.2013