پاش رووخانی قەڵای ئاوات و به خاک سپاردنی ئەوینی کۆرپە و خۆشەویستی ژیانم، شەهید حیسام، له گوندی سەرهۆیەی ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان و له تاریکی ناهومیدیدا له رۆژی 22 مانگی ئاپریلی ساڵی1983، کۆلکەزێرینەی هیوای ژینم و تەنیا مایەی دڵخۆشیم به ژیان و هۆی درێژەدان به ژیانم دوای شەهید بوونی حیسام،
هیوای بەرهەمی ئاواته بەدی نەهاتووەکانم له گوندی سۆڵه سەر به سەرشیوی سەقز له دایک بوو.
ئەمرۆ که مۆمی 30ی ساڵەی تەمەنی هیوای کورم هەڵدەگرسێنین پێم خۆشه سپاسی و پێزانینی خۆم پێشکەشی هەموو ئەو هاورێیانەم بکەم که له کاتی شەهید بوونی حیسامدا بەو پەری له خۆبردوویی و بێ چاوەروانی، لەو هەڵومەرجه روحی و جسمییه سەخت و ناخۆشەدا پشت و پەنای من بوون. ئەمن قەت ناتوانم ئەو هەموو چاکی و موحیبەتەی ئێوە لە بیر بکەم. زۆرن ئەو هاورێیانەی کە لە رۆژانی سەخت و دژواردا وەک قەڵا لە پشتم راوەستابوون و بۆ ئەوەی که کەس دڵی لێم ناراحەت نەبێت نێویان نابم، نەکا نێوی کەسێکم له بیر کردبێت. بەشێکی زۆر لەو هاورێیانه که ئەو کات له هێزی زرێوار وتەشکیلاتی مەریواندا بوون چوونەتە نێو کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی گەلەکەمان و بەشێکی دیکەشیان له چوارگوشەی ئەم دونیایەدا بڵاو بۆنەتەوه و خەرێکی بە سەر بردنی ژیانی خۆیانن.
بەڵام بەو حالەش هەر پێویسته که باسی کەسانێک بکەم که بوونیان گرنگی تایبەتی هەبوو لە مان و ژیانی هیوادا و وجووی ئێستەی هیوا مەدیوونی بوون و یارمەتییەکانی ئەوانه.
پێش له هەموو کەسێک سپاسی گەرمی خۆم پێشکەشی دایک و باوکم دەکەم که تەنانەت سەرەرای ئەوەی که بەرهەمی ژیانی چەند ساڵەیان به هۆی منەوه له لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە زەوت کرابوو و بابم ماوەیەکیش له زیندان کرا، بەڵام تەنیا بۆ یەک خولەکیش پشتی منیان بەر نەدا و به شاهیدی هەموو ئەو رەفیقانەمان، له هەموو کاتدا پشت و پەنای ئێمه بوون. نە بارانی بەهار، نە گەرمای هاوین و نه سەرمای زستان و نە دووری و سەختی رێگا پێشی بەوان نەدەگرت و هەمیشه له باری مەعنەوی و ماڵییەوە پاڵپشتی من بوون.
چاکییەکانی شەهنازی خۆشەویست، هاوژینی شەهید عەبدوڵا بەهرامیم، قەت له بیر ناچێت.
کاتی لە دایکبوونی هیوا چەند حەوتوویەک بوو کە دایکم لە لام بوو. لەو کاتدا کاک کاوه بەهرامی کادری دەرمانی بوو کە ئەو کات به هەڵکەوت لەگەڵ شەهید مەنسور فەتاحی و چەند هاورێی دیکه له گوندی سۆڵه بوون. ئەگەر کاک کاوه ئەو شەوه لەوێ نەبا بۆ ئەوەی له باری دەرمانی یارمەتیم بدات بێگۆمان هەم گیانی من و هەم گیانی هیوا له مەترسێکی جیددیدا بوو. سپاس کاک کاوه. سپاسی دایکی حیسام دەکەم که به چاوی پر له گریانەوه ئەو ماوەیه له لام بوو و لەگەڵ دایکم خزمەتیان دەکردم. هەر وەها پووری هیواش که به خۆی و مێرد و منداڵەوه لەو ماوەیەدا که له سۆڵه بووم هەم بە دڵ خزمەتی منیان دەکرد و هەم میوانداری هەموو ئەو هاورێیانەی منیان دەکرد که هەموو رۆژێک بۆ سەردان دەهاتن بۆ لام. هەر لێرەوه دوایی 30 ساڵ پێزانینی خۆم پێشکەشی کاک هادی حوسینی و مەهوەشی خۆشەویست دەکەم کە لەو کاتەدا کە من به هۆی نارەحەتی دەروونی نەمدەتوانی شیر به هیوا بدەم و لەو هەلومەرجه دژوارەدا کە هیچ دەرەتانێکی دیکەمان نەبوو مەهوەش نزیکەی مانگێک دڵسۆزانە شیری به هیوا دا و لە گەڵ ماردینی کوری بە یەک چاوو تەماشای دەکردن. کاک بابەشێخ و مریەمی ئازیز زەحمەتەکانی ئێوەشم قەت لە بیر ناچێت.
دایکم منی له شاقەڵا له ماڵی مەهوەش و کاک هادی به جێ هێشت. منیش دوای چەند رۆژ لەگەڵ هیوا چووم بۆ گوندی دەرەویان که بنکەی هێزی زریواری لێبوو. دوای چەند رۆژ دایکم و شەهلای خوشکم هاتن بۆ سەردانم. که باری جیسمی هیوا و وەزعی منیان دی، تێگەیشتن که ئیمکانی بەخێو کردنی هیوام نییه. دایکم گوتی روڵه ئەو کوره لێرە تێدا دەچێ با بیبەم بۆ لای خۆم و دوایی که بریک گەورەتر بوو بۆت دێنمەوه. هیچ ئیحساس و خەمێک بە رای من بە قەد خەمی دووری نەخوازراو له منداڵ نییه، ئەویش کۆرپەی ساوا کە له بەر مەجبوری و بێدەرەتانی بە جێی بهێڵی. دوای ئەوەی کە دایکم هیوای لە گەڵ خۆی برد، دایک و بابم به نێوی خۆیان شناسنامەیان بۆ هیوا وەرگرت، ماڵیان به جێ هیشت و به مەجبوری بۆ ئەوەی بتوانن گیانی هیوا رزگار کەن بە ماڵەوە باریان کرد بۆ شاری کەرەج. هۆیەکەی ئەوە بوو کە له کامیاران هەموو کەس هەم بنەماڵەی ئێمەیان دەناسی و هەم زۆر کەس دەیزانی کە هیوا منداڵی من و شەهید حیسامه. به هۆی ئەوەی که شوکی شەهید بوونی حیسام و وەزعییەتی نالەباری دەروونی من تەئسیری راستەوخۆی له سەر لەش ساغی هیوا دانابوو، هیوا هەمیشه نەخۆش بوو و له ژیر چاوەدیری تایبەتدا بوو تا کاتێک که تەمەنی بوو بە یەک ساڵ. دوای مەرگی ناوخت و کوت و پڕی باوکم و گرفتەکەنی دیکه که لێرەدا جێگای باسکردنیان نییه، دایکم و هیوا بە مەجبووری رێگای هەندەرانیان گرتە پێش و هاتن بۆ وڵاتی ئوتریش و دواتریش من کوردستانم بە جێ هێشت و لە گەڵ هیوا کە ئەو کات تەمەنی ٦ ساڵ بوو لە وڵاتی سوئید گرساینەوە.
سپاس و دەیان هەزار جار سپاس بۆ دایک و بابم. بۆ من شانازییه که کچی ئێوەم. هەم ژیانی خۆم و هەم ژیانی هیوا و ئەسرین مەدیوونی فیداکاری و له خۆبردوویی ئێوەیه. سپاس ئەردەشیر گیان! به دڵنیایەوه دەڵێم که برایەکی تاک و بێ وێنەی. هیچ برا و خاڵێک ناتوانی به قەت تۆ دڵسۆز و خۆبەختکەر بێت. سپاس شەهلا گیان بۆ هەموو شەو نەخەوییەکانت لەگەڵ هیوا. سپاس بابەک گیان به هەموو فیداکارییەکانت.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە ئاماژە بە هەستی بەرپرسایەتی و له خۆبردوویی شەهید ئیبراهیم بۆ هیوا بکەم کە قەت له بیر ناچێت ئەگەرچی بەداخەوەماوەکەی زۆر کورت بوو.
له کۆتاییدا سپاسی هەموو زەحمەت و فیداکارییەکانی هاوژینم بەهرام دەکەم که هەموو هەوڵ و تێکۆشانی له ماوەی ئەو 20 ساڵەی ژیانی هاوبەشماندا ئەوە بووه که هیوا و ئەسرین له هیچ کەمیان نەبێت و لە ژیاندا سەرکەوتوو بن ، ئەو هەموو کات بۆ خۆشی ژیانی ئەوان، له خۆی مایەی داناوه و وەک باوکێکی دڵسۆز هەستی بە بەرپرسایەتی لە ئاست هیوا و ئەسریندا کردووە. ژیانی 2 دانشجو به 3 منداڵەوه کارێکی ئاسان نییه و به هەموو کەس ناکرێت. بەڵام بەو حاڵەش لای بەهرام هەمیشه ویست و داخوازییەکانی هیوا و ئەسرین له پلەی یەکەم دابووه. هەروا که هیوا و ئەسرین هەموو کات دەڵێن که دیاره تۆ بابی بیولوگی ئەوان نیت بەڵام ئەوان بە غەیری تۆ بابێکی دیکەیان نییه و له هەموو هەڵومەرجێکدا دەزانن کە دەتوانن له سەر تۆ حیساب بکەن.
هیوا گیان 30 هەمین ساڵرۆژی له دایکبوونت لێ پیرۆز بێت. ئەمن و تۆ لەو بەسەرهات و کەندوکۆسپانەدا کە ئاوێتەی ژیانمان بوون تەنیا نیین. به داخەوه زۆر کەس بە سەر هاتی تۆ و منیان هەیه بەڵام هەموو کەس وەکوو من و تۆ ئەو دەرفەت و شانسەیان نەبووه که بنەماڵەیەکی ئاوا دڵسوز، رەفیقانی ئاوا باش و بۆ من هاوژینکی ئەوەنده دڵسۆزیان ببێت.
کوره شیرینەکەم! دڵخۆشم به بوونت و هیوام تەمەندرێژی و ژیانێکی پر له بەختەوەری و سەرکەوتنە بۆت.
شکۆفه قوبادی
2013-04-22