"an independent online kurdish website

  شۆڕشی مافخوازانه‌ و به‌رهه‌قی ئه‌و به‌شه‌ی خاکی کوردستان به‌ره‌و ئاقارێکی نادیار ده‌با، ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد به هه‌ڵوێستی خۆیان دا نه‌چنه‌وه‌!abobekr_sewetali

گه‌لی کورد سه‌ره‌ڕای ئه‌وی به‌بێ خواستی خۆی به‌ سه‌ر چوار وڵات دا دابه‌ش کراوه‌ و بۆته‌ قوربانی ڕۆژگارێکی بێ ڕوحم و بێ به‌زه‌ و له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا دراوسێی میله‌تانێکی دڵ ڕه‌ق و بێ ئینساف که‌ مێژووی سه‌دان ساڵه‌ی دراوسێه‌تیان پڕه‌ له‌ بوغز و گینه‌ و خه‌زه‌ب بۆ لێدانی سه‌ری کورد.

دراوسێ تورک و عه‌رب و فارسه‌کان سه‌دان ساڵه‌ پیلان دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌گێڕن، هه‌رچی له‌ ده‌ستیان هاتبێ بۆ لێدانی سه‌ری کورد ده‌ریغیان نه‌کردووه‌، هه‌موو نه‌وعه‌ سه‌ممێکیان له‌ سه‌ر تاقی کردینه‌وه‌، به‌ ماڵ و منداڵه‌وه‌ ئه‌نفالیان کردین‌، جیهادیان دژ ڕاگه‌یاندین و وه‌ک مه‌غوڵ تێمان به‌ربوون و سه‌روماڵیان تێداچوواندین، تۆپباران و بۆمب بارانیان کردین، سه‌دان گوندیان له‌ گه‌ڵ خاک یه‌کسان کردین، کۆمه‌ڵ کوژیان کردین، ئۆردو ئۆردو  زیندانیان کردین و بە دادگا و یاسای جەنگەڵ حوکمیان داین و خنکاندیانین به ‌ئه‌نواعی که‌ره‌سه‌ی جۆراوجۆری و پێشکه‌وتووی سه‌رده‌م ‌ئه‌شکه‌نجه‌یان کردین، به‌ پیلانی ئاشتی ڕێبه‌ره‌کانیان ترۆر و شه‌هید کردین و له‌ مه‌یدانی شه‌ڕه‌کاندا نه‌موونه‌ی نییه‌ دیلێکمان ئازاد کرابێ، ڕوحمیان به‌ جەستەی شه‌هیده‌کانیشمان نه‌کرد، هه‌موویان پارچه‌ پارچه‌ کردن و سه‌ریان به‌ گوللان ته‌قاندن، ئه‌وه‌ی نه‌یان کردووه‌ له‌ ده‌ستیان نه‌هاتووه‌!

سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو زوڵم و زۆریه‌ که‌ ده‌رهه‌قمان کراوه‌، ئێمه‌ی کورد هه‌میشه ده‌ستی ئاشتیمان درێژ کرووه‌ و خوای ئاشتی بووین، به‌ پیچه‌وانه داگیرکه‌رانی خاکی کورد که‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و سوپا و هێزی هه‌وای بوون، ئه‌گه‌ر نیازی خه‌راپه‌یان نه‌بووبێ و مه‌سڵه‌حه‌تی گه‌وره‌یانی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بووبێ هه‌رگیز بۆ جارێکێش له‌ ماوه‌ی ئه‌و سه‌د ساڵه‌ی ڕابردوو دا ئاماده‌ی دانیشتن نه‌بوون بۆ جواب دانه‌وه‌ی که‌مترین داخوازی کورد!

وه‌ک بینیمان وڵاتی داڕوخاو بێ سه‌روسامانی تورکیه‌ که‌ له‌ ژێر پۆستاڵی سوپا و ژنڕاڵه‌ دیکتاتۆره‌کانی وه‌ته‌نگ هه‌ڵاتبوو، دوای ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی دیکتاتۆر ببوونه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی خاکی کوردستانی باشوور، هه‌موو ڕۆژێ جارێک لشکری ده‌ هه‌زار و بیست هه‌زاریان به‌ ئه‌نواعی چه‌ک و فرۆکه‌ی “ناتۆ”وه‌ ڕێز ده‌کردوو ده‌یانگووت: ده‌ڕۆین بۆ کوردستانی باشوور خاکه‌که‌شی به‌ توره‌که‌ ئه‌کێشین و ئیخه‌ینه‌ سه‌ر خاکی تورکیه‌!

ئه‌وکات وڵاتانی ئوروپا و ئه‌مریکا زوو له‌ فریایان که‌وتن، ئاگاداریان کردنه‌وه‌ گووتیان: ئه‌گه‌ر بچن زه‌ره‌ر ده‌که‌ن! ئێمه‌ بۆ ئه‌و بڕیاره‌ پشتان ناگرین، نه‌یانوێرا ئه‌و هه‌ڵه‌ییه‌‌ بکه‌ن! خۆشیان ده‌یانزانی ئه‌و به‌شه‌ی خاکی کوردستان به‌وان قوت ناچێ و به‌ قژه‌وه‌ له‌ گه‌ڕوویان ده‌مێنێ، دۆستانیشیا په‌یتا په‌یتا ئاگاداریان ده‌کردنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بکه‌ن ده‌ست بۆ خاکی کوردستانی باشوور به‌رن سه‌ریان بێ کوڵاو ده‌بێ!

له‌و حال و وه‌زعه و گڕدانی ته‌نووری شه‌ڕه‌ دابوو که‌ ئاشکرابوونی پیلانی کوده‌تای ژنڕاڵه‌ دیکتاتۆره‌کان به‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵک به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ردۆغان و عه‌بدوڵڵا گول، وه‌ک مستێک له‌ لوتی ژنڕاڵه‌کان هه‌ڵبه‌زیه‌وه‌و به‌ پشتی داخستن، هه‌روه‌ها ئاشکرابوونی په‌تای دزی و فه‌سادی ماڵی و ئه‌خلاقی له‌ لایه‌ن ژنڕاڵه‌کانه‌وه‌، هه‌ڕەشه‌ و گوڕه‌شه‌ ئاگرینه‌کانی ژنڕاڵه‌کانی به‌لا دابرد و ئارامێک باڵی به‌ سه‌ر ناوچه‌که‌‌ داکێشا، ئه‌و جاره‌ ئه‌ردۆغان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی متمانه‌یان به‌ ژنڕاڵه‌کان نه‌ماو وادار بوون پێداچوونه‌وه‌ بۆ چه‌ند خاڵێک له‌ ده‌سه‌ڵاتی سوپا دا بکه‌ن و هه‌وڵیشیاندا ده‌سه‌ڵاتی سوپا سنووردار بکه‌ن، به‌ دوای ئه‌و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های سوپا دا.

حکومه‌تی ئه‌ردۆغان توانی هه‌ڕه‌شه‌کانی سوپا بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و بڕیاره‌کانی خۆی که‌م کاته‌وه‌، هه‌ر وه‌ک بینیمان زۆری پێنه‌چوو  ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و وه‌زیری ده‌ره‌وە و‌ تێکه‌ڵ به‌ وه‌فدێکی پسپۆڕی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ خۆیان گه‌یانده‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی حکومه‌ت و وه‌زیره‌کانی کورد کۆبوونه‌وه‌ و چه‌ندین پرۆژه‌ و بڕیاری ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان و چاکسازی و نه‌وتیان ئیمزا کرد.

ئه‌و ده‌ست پێشخه‌ریه‌ی سه‌رانی تورکیه‌ قه‌یرانی ژێرخانی ئابووری تورکیه‌ی له‌ داڕمان ڕزگار کرد! به‌ پێی ڕاپۆرتێکی ئابووری که‌ له‌ کاناڵی کوردستان تی ڤیه‌وه‌ بڵاو بۆوه:‌ که‌ له‌ ساڵی ۲٠١۲ دا کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وڵاتی تورکیه‌ یازده‌ مێلیارد دۆڵار بووه‌! که‌ ده‌که‌ویته ڕیزی‌ به‌رزترین ڕێژه‌ی بازرگانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی دا. ئه‌و داهات و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانیه‌‌ به‌رزه،‌ سه‌رنجی کۆر و کۆمه‌ڵی تورکیه‌ی بۆ لای سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردۆغان ڕاکێشاو به‌ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی ئابووریان وه‌سف کرد!

ئه‌و گرتنه‌ به‌ر و سه‌رکه‌وتنی سیاسه‌تی گه‌شه‌ستاندنی ئابووری وڵاتی تورکیه‌، بیروڕای دانیشتوانی تورکیه‌ی والێکرد دووباره‌ بۆ ده‌وری دووه‌می سه‌رۆکایه‌تی وڵات ده‌نگ بده‌نه‌وه‌ به‌ حیزبه‌که‌ی ئه‌ردۆغان و عبدوڵا گول‌. بڵانسی ڕاگرتن و درێژه‌ دانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ و ئه‌و مو‌عامه‌لاته‌ له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێویستی به‌ گیانی له‌یه‌ک تێگه‌یشتن و له‌ یه‌ک قه‌بووڵ کردن و سه‌قامگیری باردۆخه‌که‌وه‌ هه‌یه، که‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف بۆ ساحێب ماف دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌.

سیاسه‌تی “ده‌شی خوڕێ و ده‌شی ئێشێ”ی ئه‌ردۆغان که‌ له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکایه‌تی خۆی دا په‌یره‌وی کردووه‌، نێوه‌ نێوه‌ باسی مافی کورد و چاک سازی له‌ یاسای وڵات دا ده‌کات، به‌ڵام به‌ کرده‌وه‌ یه‌ک شه‌قاوی بۆ نه‌ناوه‌! ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ که‌ حیزب و ڕێکخڕاوه‌ کوردیه‌کانی باکووڕی کوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ که‌ هیچ پڕۆژه‌ و ‌بڕیارێکی ئاشتیخوازانه‌ی ده‌وڵه‌تیان ڕه‌د نه‌کردۆته‌وه‌ و هه‌میشه‌ش ده‌ست پێشخه‌ری ئاشتی ڕاسته‌قینه‌ بوون، به‌ چاوی شک و گومانه‌وه سه‌یری سیاسه‌ت و پرۆسه‌ ‌و بڕیاره‌کانی ده‌وڵه‌ت بکه‌ن.

وه‌ک ئه‌بینین ئێستا تا ئه‌ندازه‌یه‌ک وه‌زعه‌که‌ گۆڕاوه‌، له‌ لایه‌ک پیوه‌ندی ئابووری ده‌وڵه‌تی تورکیه‌ له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان په‌ره‌ی ستاندووه‌ و پێشکه‌وتن و گه‌شه‌ی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، له‌ گه‌ڵ ئه‌و داهاته‌ به‌رچاو و بێ سنووره‌ی که‌وتۆته‌ ده‌ست تورکیه‌، ئه‌و وڵاته‌ له‌ گه‌ڵ کێشه‌ی مافه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی میلیۆنان کورد و ئاڵۆزیه‌کانی سنووری نێوان تورکیه‌ و سووریه و پارتی کرێکارانی کوردستان و ئێران و ئاڵوگۆڕ‌و پێشهاته‌ نوێیه‌کانی ناوچه‌که‌ به‌ره‌وڕوویه‌، بۆیه‌ سیاسه‌تمه‌داران‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیه‌ ناچارن بیر له‌ سه‌قامگیری زیاتری به‌رژه‌وه‌ندیه ئابووریه‌کانیان بکه‌نه‌وه و هه‌نگاوی خێراتری بۆ هه‌ڵێنن.

هه‌روه‌ها له‌ نێو خۆی‌ وڵاتانی دراوسێ تورکیه‌ش بێجگه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، توشی شه‌ڕ و کێشه‌ی ناو خۆ و نێوده‌وڵه‌تی بوونه‌وه‌ که‌ دوور نییه‌ ناوچه‌که‌ ئاڵوگۆڕێکی به‌رچاوی سیاسی به‌خۆوه‌ نه‌بینێ! له‌و نێوه‌دا تورکیه‌ش ناتوانێ خۆی له‌و ئاڵوگۆڕو پێشهاتانه‌ به‌دوور بگرێ و زوو یان دره‌نگ خۆی به‌رۆکی ئه‌گرن. بۆیه ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ردۆغان و عبدوڵڵا گول له‌ ناو خۆیاندا ڕێکه‌وتوون له‌ سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌‌ چاک سازیه‌ی که‌ باسی ده‌که‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ند جار وه‌فدێکی تورک و کورد سه‌ردانی‌ به‌ڕێز عبدوڵڵا ئوجالانی سه‌رۆکی زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیان کرد له‌ دوورگه‌ی”ئیمڕاڵی” تا قانیعی که‌ن و بیکه‌نه‌ وه‌سیله‌یه‌ک بو ده‌رکردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌کانی باکووری کوردستان!

ده‌رده‌که‌وێ تا ئه‌ندازه‌یه‌ک ئه‌و ئامانانجه‌یان پێکابێ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا خاڵه‌کانی پرۆسه‌ چاک سازیه‌که‌ی تورکیه‌ هه‌موویان ته‌مومژاوین نه‌ بۆ خه‌ڵکی تورک ڕوون و ئاشکران نه‌ بۆ کورد ! ڕوونیش نییه‌ هیچی لی شین بێته‌وه‌! ئه‌و پرۆسه‌ بڕیار و داخوازیانه‌ی نوێنه‌رانی کورد چه‌ند ڕۆژ له‌وه‌ پێش داویانه‌ته‌ ده‌سه‌ڵات و سەرۆکایەتی تورکیه‌ به‌ ساڵ ده‌خایه‌نێ و درێژ ده‌بێته‌وه‌ هه‌ر جاره‌ به‌ بیانوێک دواده‌که‌وێ و هیچ جوابێک وه‌رناگرنه‌وه‌! خۆی تاکتیکه‌که‌ به‌و شێوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ تا وه‌زعی ئیقلیمی ناوچه‌که‌ به‌ گشتی و به ‌تایبه‌تی سوریه‌ و ئێران و عراق ڕوون ده‌بێیته‌وه‌!

ئه‌وکات تورکیه‌ زه‌ره‌ری نه‌کردووه‌، ئه‌گه‌ر ئاڵوگۆڕی ناوچه‌که‌ به‌ لای کورد دا شکایه‌وه‌، تورکیه‌ش چه‌ند ئیمتیازێک ده‌دا به‌ کوردی باکووڕ، ئه‌گه‌ر وانه‌بوو، ئه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ چه‌ند ساڵه‌ به‌ دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ شه‌ریان تێدا ده‌کا و به‌ ده‌یان له‌ هێزی سوپای ئه‌و وڵاته‌ی له‌ سه‌ر تێداچوون و به‌ میلیۆنان دۆڵاری سه‌رفی داگیرکردنی کردوون و نه‌یتوانیوە ده‌ستیان به‌سه‌ردابگرێ به‌ ئاسانی گرتوونی! ئه‌گینا دانی مافی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و دابینکردنی ئه‌من ئاسایش له‌ ناوچه‌یه‌ک پێویستی به‌ به‌شداری نوێنه‌ری پایه‌به‌رزی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و  یه‌کیه‌تی ئوروپا و نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ماف وه‌رگر و ماف ده‌ر هه‌یه‌ که‌ به‌شداری جه‌له‌سه‌کان و وتووێژه‌کان بن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئاقڵ نایگرێ خێری بۆ کورد تێدابێ!

ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیه‌ ڕاست ده‌کا و مافی کورد ده‌دا چ پێویست ده‌کا هێزی پێشمه‌رگه‌ سنووری ناوچه‌که‌ به‌جێ هێڵێ مادام ئاگربه‌ست له‌ گۆڕێیه‌؟ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و کورد گه‌یشتنه‌ ڕێکه‌وتنێک ئه‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی باکووڕی کوردستان ده‌چنه‌وه‌ ناو که‌س و کاری خۆیان و به‌شداری ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت ده‌بن، باقی تر ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی خه‌ڵکی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوان یان له‌ چیای قه‌ندیل ده‌مێنه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی مه‌ته‌رسی بۆ باکووڕی کوردستان دروست بکه‌ن یان ئه‌وه‌ تێکه‌ڵی هێزه‌کانی تری کوردی له‌ ناوچه‌ سنووریه‌کان ده‌بن، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا مافی خۆیانه‌ له‌ باکووڕی کوردستان نێشته‌ جێ بن و هاوکاربن.

ئه‌گه‌ر وتووێژه‌کانیش به‌ ئامانج نه‌گه‌یشتن ئه‌وه‌ ڕوونه‌ شه‌ڕ و گرژی ده‌ست پێده‌کاته‌وه‌، هه‌ردووک لا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن. به‌ڵام ئه‌وی لێره‌دا بۆ خه‌مخۆری کورد جێگای سه‌رنج و تێڕامانه‌‌ هه‌ڵوێستی عه‌جولانه‌ی پارتی کرێکارانی کوردستانه‌ که‌ وا به‌ په‌له‌ شوێنه‌ ستراتیژیه‌کان چۆڵ ده‌کا و سوپای تورکیه‌ داگیریان ده‌کات له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا هه‌ر دوێنێ عبدوڵا گول گووتی: دانیشتنی ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ دانانی چه‌که‌کانیان نه‌ک پاشه‌کشه‌ی سنووری!؟ هیوادارم ئه‌و بۆچوون و شک و گومانه‌ی من پێچەوانە بێ کورد له‌و به‌شه‌ی خاکی کوردستان به‌ مافه‌ڕه‌واکانی خۆی بگات. ‌


۹٫٥٫۲٠١٣ فینله‌ند 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی