کاریگەری وێبلاک نوسین لە ناو لاوان داو هەستی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
ئینترنێت ئەو تکنولوژیا نوێ یە کە توانی هەموو دنیا لە ناو ماڵیکی بچوک دا کۆبکاتەوەو بە ئاسانی بتوانرێ پێوەندی نوسین و
دیتن و گوێگرتن پێکەوە گرێ بدات و لە هەر قوژبنێکی دنیادا بن دەتوانن راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ پێکەوە ئاگاداری بچوکترین ئاڵ و گۆرو هەلس و کەوت بن. یان هەر هەواڵێکی لە دنیادا روو بدات بە زووترین کات لە ریگەی ئەم پەنجەرە بچکوکە بەڵام بەحر ئاسایەدا بگاتە گوێی هەموو خەڵکانی جیهان ، هەر چەند لە گەل ئەوبەحرە پر لە زانیاری یە نوێ یەدابە داخەوە خەڵکانێکی واش هەیە کە لە ئینترنێت کەڵکی خراپ وەردەگرن و جاری وا هەیە بە ناردنی ویروسێک کێشەیەکی گەورە لە ناو سیستمی پروگرامی کامپیوتێردا دروست دەکەن.
وێبلاگ چی یە ؟
ویبلاگ لاپەرەیەکی ئینتێرنێتی یە کە زیاتر بە شێوەی رۆژنامەیەکی تاکە کەسی یان کۆمەڵە خەڵکیکی دیاریکراو لە سەر بنچینەیەکی دارێژراو یان دانەرێژراو پێکەوە بۆ ئامانجیک یان مەبەستێکی تایبەت لە دەوری یەکتر کۆیان دەکاتەوە و جا رەنگ ئەو وێبلاگە ئەدەبی ، هونەری ، رۆشنبیری، سیاسی ، ئابوری و کۆمەڵایەتی و یان زۆر شتی دیکە بێت.
بەشێکی گرینگ کە ئەمرۆ ئینترنێتی داگرتووە، وێبلاگ و بلاگ نوسینەیان بە واتایەکی کوردانەی خۆمان، ماڵپەر، هەر لە ریگەی ماڵپەرەکانەوە توانراوە هەر کەس زانیاری و تەجروبەی خۆیی بە خەڵکانی تر بگەێنێ و بوونی بەشێکی زۆرلە ماڵپەرکان بووەتە رۆژنامەیەکی تاکە کەسی گرینگ کە بتوانێ بە ئاسانی لە سەر تۆری ئینترنێت زانیاری بە هەموو جیهان بگەێنێ
بۆیە لە یەک رستەداوێبلاگ هەر ئەو وێبسایتەیە کە هەر چی بتهەوێ دەتوانی لە ناوی دا بینوسی و لە سەر تۆری نێت بڵاوی بکەیتەوە.
مێژووی دروست بوونی وێبلاگ.
کە باسی وێبلاگ بکەین دەبێ ئاوریکی خێراش لە مێژووی دروست بوونی وێبلاگ بدەینەوە
مێژووی وێبلاگ زۆر کۆن نیە و دەگەرێتەوە بۆ ساڵی نەوەدەکانی زاینی واتە حەفتاکانی هەتاوی و یەکەم جارلە لایەن کەسێک بە ناوی* تیم برنزلی* داهێنەری وێب و دوایی * مارک ئەندرسن * توانی وێبلاگ دروست بکات کە لە ساڵی ١٩٩٦ و ١٩٩٧ بوو بە هۆیی بەربڵاوی دروست کردنی وێبلاگ هەروەها لە ساڵی١٩٩٩ چەند دەزگایەکی ئینترنێتی هەڵستان بە دارشتن و دروست کردنی چەند سیستمێکی وێبلاگ تا بەکارهینەرەکان لە هەموو دنیادا بتوانن بە ئاسانی و بە خۆرایی ویبلاگ دروست بکەن لە تا ساڵی ٢٠٠٠ زیاتر لە هەزار وبلاگ دروست کران و بە تەنیا دوو ساڵ تێپەرینی بە سەر ئەو کارەدا یانی تا ساڵی ٢٠٠٢ ئەو رادەیەگەیشتە زیاتر لە نیو ملیون و ئیستا دەتوانین بڵین لە هەر ٤٠ چرکەی کاتژمێر دا وێبلاگێکی نوێ لە سەر تۆری ئینترنێت دروست دەکرێ . کە بەم پێیە ژمارەیەکی ئیجگار و زۆر و بێ ئەژمارە. بۆیە گوشەنیگایەکی باشی دەوێی تا بزانرێ رادەی وێبلاگ چەندە لە سەرانسەری دنیادا.
ئەوەی زیاتر من مەبەستمە لێرەدا تیشکی باسەکەمی بخەمە سەر، رادەی کاریگەری وێبلاگ نوسینە لە ناو لاوان و بە تایبەت لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان
بۆ باس کردن لە سەر ئەم بابەتەهەستیارەش ناتوانین هەر ئاوردانەوەیەکی خێرایی لێ بدەینەوە و بێ ئەوەی کە بزانین باسی کام شوێن و پێگەو جێگە و ژینگە دەکەین. کە باسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بیگومان یەکەم پرسیار ئەوەیە کە رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی دیکاتۆری ئاخوندی و بۆیە خاڵی گرینگ ئەوەیە کە لە کۆماری ئیسلامی دا هەموو شتەکان سانسوور و پەردەی بە سەردا دەکێشرێ و دەبێ لە ژێر سیستمی دەسەڵاتی حکومەتی دا بێت و لە ژێر کونتروڵی دەزگای هەواڵ گری و ئیتلاعات دا بێ و نابێ لە قانونی ئیسلامی تێپەربکات و هەوری رەشی دیکتاتۆری ئاخوندەکان بە رادەیەک زاڵە کە هیچ کات ناتوانرێ بڵین لاوە خاوەن خامە رەنگینەکان هەستی نەتەوایەتی خۆیان بە ئاشکرادەرببرن بەڵام وێرای ئەم سەختی یانە گەنجانی ئێرانی و بە تایبەت لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو هەستەی لە دلیاندایە توانیوەیانە لە ریگەی وێبلاگەوە بیهیننە سەر لینوسەکانی ئینترنێت و لاوان توانیویانە پیگەیەکی قەڵەمی دەربرین بۆ خۆیان بدوزنەوە و روانگەی خۆیان لە ریگەی وێبلاگەکانەوە دەرببرن هەر چەند زۆر جار دوژمنی داگیر کەر خاوەن قەڵەم و خامەیەکی شورشگێری تەنیا بە تاوانی نوسینی بلاگێک لە وێبلاگیک لە بەندیخانە توند کردووە و رووبەرووی توندترین سزای ئەشکەنجەو زیندانی و بێ حورمەتی بوونەتەوە بەڵام هەرگیز نەیان توانیوە بەم کردەوە دژی ئینسانیانەی خۆیان قەلەمەکان بێدەنگ بکەن و رۆژ لە گەل رۆژ لە وێبلاگ و وێبلاگ نوس زیاتر بوون و توانای لاوەکان زیاتر و دەسەڵاتی دیکاتورەکان کەمتر و بەرەوە نابودی چووە.
بۆیە لاوانی کورد نەترسانە بە دیان و سەدان و هەزارن وێبلاگیان لە سەر تورەکانی ئینترنیت و لەم ساڵانەی دواییش دا لە سەر تورە کۆمەڵایەتی یەکانی وەک فایس بووک و تویتر و یوتوب دروست کردووە بۆ زیاتر هان دان و کاراکردنی قەلەم و تواناکان و بۆ زیاتر شارەزا بوون و تیگەیشتن و پێ گەیشتنی لاوان. هەر چەند بەداخەوە لە بەر باری ئەمنی زۆر جار قەڵەمە نادیار و بێ ناو نیشانەکان زۆر زۆرن کە ئەمە جێگەی داخە کە لاوانێکی بە توانا هەن لە بواری زانست و تکنولوژی دا کار دەکەن بەڵام تەنانەت ناتوانن بە ناوی خۆیانەوە تواناکانی خۆیان بۆ خەڵکانی تر ئاشکرا بکەن چونکە دوژمن و دیکتاتورەکان ناهیلن ئەم جۆرەکەسانە بە ئاسوودەیی لە وڵاتی خۆیان دا بژین. بەڵام ئەمە لە توان و هیمای بەرەو پێش چوونی لاوانی وێبلاگ نوسی کەم نەکردوەتەوە و بگرە لاوانی کوردزۆرزیاتر تامەزرۆ و عەوداڵی ویبلاگ و بلاگ نوسینن و هەوڵی بەردەوامیشیان داوە بۆ فیر بوونی زیاتر و تا ئەمرۆ دەتوانین بڵین بە رادەیەکی باش پێشکەوتوون. کە ئەمە سەرەتایەکی باشە بۆ ئامادەکاری داهاتویەکی باشتر لە ناو ویبلاگ نوسانی لاودا. کە دهاتوویەکی گەش چاوەروانی لاوانی رۆژ هەڵات دەکات.
بۆیە ئەوەی جیگەی سەرنجە بەشیکی باش لە ویبلاگەکان بە زمانی شیرینی دایک واتە زمانی کوردی یەو ئەمەش بۆ لاوانی رۆژ هەڵاتی کوردستان کە تا ئیستاش خوێندن بە زمانی کوردی تەنیا خەونێکی شیرینی رۆڵەکانی کوردە و رادەیی ئازادی لە وڵاتی ئیران دا ئەوەندە بەرتەسکە کە تەنانەت دوژمنانی گەلەکەمان لە زمانەکەشمان دەترسن و بە ناوی یەکپارچەیی خاکی وڵات و دانانی قانونی ئەساسی ئەو پەنجەرە بچوکەمان پێ رەوا نابینن و ناهێڵن بە زمانی زگماکی خۆمان بخوێنین و بنوسین بۆیە لاوەکان تەنیا بە یارمەتی یەکتر و لە ریگەی خوێندنەوەی هێندیک نوسراوەی کوردی لە سەر توری ئینترنێت توانیویانە فێری زمانی شیرینی دایک ببن. بۆیە دەتوانین بڵین وێبلاگ یارمەتی دەرێکی باش بووە بۆ لاوان و کە خۆیان هەم ئەو بەشەی کە ئارەزویانە پەیدای دەکەن و یان لەو بوارەی کە حەزیان لێ یە دەتوانن ببنە خاوەن وێبلاگێکی سودمەند بۆ کومەڵگا.
بیگومان بەحری کامپیوتێر و زانستەکانی ناو کامپیوتێر ئەو تکنولۆژیا نوێ یە سەردەمیانە بە رادەیەکی وا کاریگەری داناوە لە سەر کۆمەڵگایی جیهانی و بە تایبەت لاوان کە ئیستا دەڵین هەر کەسێ کومپیوتیر نەزانێ کەواتە نەخوێندەوارە
جا بویە هیوادارین لاوانی کورد لە ناوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی کوردستان بتوانن بە باشی لەم زانستە کەڵک وەربگرن و هەموو تاکیکی کورد ببێتە خاوەنی وێبلاگێکی تایبەت بە خۆی و تا هەموو کەس بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن و ببێتە دەرگای زانیاری و زانست و وزە بۆ کۆمەڵگای کوردی و سوودی بۆ هەموو جیهان هەبێت چونکە باش کەڵک وەرگرتن و بە کار هێنانی ئەم تکنولوژیایە سەردەمیانە دەبێتە هۆیی بەرەو پێش چوونی کۆمەڵگای کوردی و بەمەش دەتوانین هەنگاوێکی گرینگ لە بەرەو رۆشنبیرترکردنی لاوانی کورد بچینە پێشەوە بۆیە بە هاوکاری یەکترودروست کردنی وێبلاگی کوردی دەتوانین دڵۆپێک بین لە دەریای زانیاری و توانای خۆمان بە جەماوەری کورد بگەینین کە ئەمە هەنگاوێکی پیروز و جێگەی دەست خۆشی یە ، زۆریک لە ماڵپەرەکانیش لەم رۆدا بوونەتە هۆی هروژانی هەستی نەتەوایەتی و ئامادەسازی بۆ راپەرینێکی جەماوەری رۆشنبیری بە گشتی لە ناو گەلی کورددا. و بە تایبەتی لە ناو لاوانی کورددا، کە ئەمە جێگەی شانازی یە و هیواخوازین هەموو سایتە کوردی یەکان و هەموو ماڵپەرکان و هەموو تۆرە کۆمەڵایەتی یەکان بە گشتی هەنگاوی جیدی بهاوێژن بۆ فێر کردنی لاوانی کورد لە سەر هەستی نەتەوایەتی و ئاستی بەرزی رۆشنبیری و بە جەماوری کردنی خەباتی مەدەنی و سیاسی بۆ ئامادەسازی شورشێکی زانستی ئاسا کە بتوانێ ریشەی زوردارانی کونەپەرەستی ئاخوندی ئیران لە ریشەوە هەڵ بکێشێ و پێنوس بتوانێ لە سەر لێنوسی مێژویی ژیان بنوسێ * زانست مایەی سەرکەوتنمان بوو*
بۆیە لەم رۆدا هەموو لاویکی کورد دەتوانێ وێبلاگیک بۆ خویی دروست بکات کە زیاتر لە ١٠٠ سایت هەیە کە بتوانی ماڵپەری تاکە کەسی خۆتانی بە خۆرایی لە سەر دروست بکەن و هزرو بیری خۆتانی تێدا بڵاو بکەنەوە.
سمکۆ بێکەس . نۆروێژ