"an independent online kurdish website

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دا، پارتی ئازادی کوردستان لە بەیاننامەیەک دا بە توندی هێرشی کردە سەر لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دوابەدوایی ئەو راگەیاندنە، dyar_mewlayi

لایەنگەرانی ئەم پارتە لە سەر تورە کۆمەلایەتییەکان دەستییان کردووە بە سووکایەتی کردن بە خەڵک و ڕێبەرانی شەهیدی حیزبی دێمۆکرات، و بە گشتی خۆیان لە هەر جۆرە ئەخلاقێکی سیاسی و مرۆڤی بە دوور گرتووە. دواتر بەڕێز حسێن یەزدانپەنا جیگری سەرۆکی گشتی و کەسی یەکەمی پارتەکە، لە وتۆێژێکی رۆژنامەڤانی دا لە گەڵ رۆژنامەی رووداو، جارێکی تر هێرشی کردە سەر لایەنەکانی رۆژهەلاتی کوردستان و بە ئێرانچیتی تۆمەتباریان کرد.

لێرە دا شتێک کە سرنجی منی نەوعی بۆ لای خۆی رادەکێشت، کات، شێوە و بەردەوامی هێرشەکانی یەک لە دوایی یەکە کە بە بۆچوونی من بە شیوەیەکی بەرنامەدارێژراو و لە دەستێکی دەرەکیەوە، کاری لە سەر دەکرێت. لێرەدا من ئانالیزێکی کورت لە سەر ئەم روانینەی خۆم دەکەم.

١. کات:

لە کاتێک دا هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەوڵی نیزیکبوون و پێکهێنانی کۆنفرانسێکی نەتەوی دەدەن، بە تایبەت زەروورەتی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە رۆژهەلاتی ولات، لە هەر کاتێک زیاتر گرینگی پەیدا کردووە، پارتی ئازادی کوردستان دەست دەکات بە هەرەشە و زمانی زبڕی شەڕ و تۆمەتبارکردن بە کار دێنت. بە بۆچوونی من ئەم کارە ئەنجامی سیاسەتەکە هەڵەکانی ئەم پارتە لە ماوەی رابردوو، کێشە ناوخۆییەکانی، گوێرایەڵی ئەم حیزبە لە پارتە بەهێزەکانی پارچەکانی تر و بە گشتی دەیهەوێ بەم زمانە دەستکەوت بۆ خۆی لە داهاتوو دا و لە ئەگەری پێکهاتنی بەرە یان کۆنفرانسی نەتەوی بە دەست بهێنی.

هەرچەند هەول بۆ  بە دەست هێنانی دەستکەوت شتێکی ئاساییە و هەر کەس و لایەنێک مافییەتی، بەڵام دەبێ پارتی ئازادی ، یان هەر پارتێکی تر، پێش دەربرینی هەلوێستەکانی و هێرش بۆ سەر لایەنەکانی تر، بروانێتە دوارۆژ و قازانج یان زیانەکانی ئەم هێرشانە لە بەر چاو بگڕێت. بە گشتی روانینی من لە سەر ئەم سیاسەتە پارتی ئازادی کورستان ئەمە کە ئەم پارتە لە هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە و کوردستان دا تووشی هەڵەی گەورە بۆتەوە و ئەنجامی ئەم هەلوێستانە هەم بۆ کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان بە گشتی و بۆ خۆدی پارتەکەش زیانبارە.

٢. شێوە:

لە بەیاننامەی ئەم پارتە دا باسی هەولی جیاکردنەوەی سەرۆکی پارتەکە بەڕێز عەلی قازی دەکرێت لە لایەن کاک خالێد عەزیزیەوە، کە دواتر لە لایەن خۆدی سەرۆکی پارتەکەوە بە دروو لە قەلەم درایەوە. باشە بە پێی کام پرنسیپ تاوانە کە هەوڵ بیدەی کەسێکی کورد بۆ لای خۆت راکێشی؟ ئەمە لە لایەک و لە لایەکی تر بێ حۆرمەتی کردن بە خۆدی عەلی قازی و بە کەم زانینی و هەروەها هەرەشەکردن لە ناوبراوە! گەر تو باوەریت بە سەرۆکی پارتەکەت نەبێت، ئەی بۆ چی بە سەرۆکی خۆتت هەلبژاردووە؟ باشە بەڕێز قازی بۆ خۆی ناتوانێت بەرگیری لە خۆی بیکەت لە بەرانبەر داوایێک دا کە لێ دەکرێت؟ خۆی تەهدید نەکراوە؟

دەبێ هاوڕێیانی پارتی ئازادی کوردستان بزانن کە ئەم سیاسەتە لە سەر ئاستی جیهان و کوردستانیش دا کۆن بووتەوە، کە بە نیشانێک دو خال بەپێکی، لە لایەک پارتەکانی تر تاوانبار بیکەیت و لە لایەک هەرەشە لە ئەندامانی خۆت بە تایبەت سەرۆکی پارتەکەت بیکەیت. ئەمە تەنیا فریودانی خۆیانە!

هەروەها لە بەیانامەکەی پارتی ئازادی دا باسی ئێرانچیتی پارتەکانی تر دەکرێت و لەم بوارەدا حیزبەکەی خۆی بە تاقانە و بێ خەتا لە قەلەم دەدات، ئەمەش سیاسەتێکی پۆپۆلیستیانەیە کە دەیهەوی خەڵکی کوردستان بەم شێوەیە لە واقیعیەتەکان دوور بخات.

هابرماس دەڵێت واقیعیەت شتێکە و حەقیقەت شتێکی تر، حەقیقەی هێچ کات ناگوردەڕێت، بەلام واقعییەت هەموو کات ئەگەری گۆرانی هەیە. خزمەتی پارتی ئازادی خۆشەویست عەرز دەکەم کە کوردستان وولاتێکە و کوردیش میلەتێکە، ئەمە حەقیقەتە و هێچ کات ناگۆردەرێت، بەڵام ئیستا ئەم کوردستانە پارچە پارچە کراوە و لە نێوان ٤ وولات دا دابەشکراوە، ئەمە واقعییەتە، کە هەر کات ئەگەری گۆرینی هەیە، ئێمە ئەمە باش دەزابین، بەڵام ئەمەش باش دەزانن کە سیاسەتی تاکتیکی لە سەر واقعییەت دەکرێت.

بۆ نمۆنە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فەدەرال هەر وەک لە ناوەکەدا دیارە، پلاتفۆرمێکە کە گەڵانی ئێرانی بۆ پێکانی مەبەست و ئارمانجێک لە دەوری خۆی کۆێدەکاتەوە، و داوای سیستمێکی فەدەراتیڤ دەکەت و هێچ کات داوای جیابوونەوە نەکردووە. بەڵام پارتی ئازاد تێدا دەبێتە ئەندام، لە کاتێک دا ئەم پارتە داوای سەربەخۆیی کوردستانی گەورە دەکات، ئەمە هەر لە بنەرەت دا خەلەتێکی ستراتێژییە بۆ ئەم پارتە، بەڵام بۆ ئێستا دەنگی بەڕزبووتەوە؟ گەر ئەندامانی ئەم پارتە سەریان لەم سیاسەتە دەردکەوێت با ئێمەش تێبگەیینن.

٣. هەرەشەکانی بەردەوام:

هەر دوابەدوای بەیاننامەی پارتەکە، هەرەشەکان بە شێوەی جوراوجور، تۆمەتبارکردنی، توهین، بێ حورمەتی، جوێندان و … لە سەرەوە ئەم پارتە هەتا خوارێ دەستپێدەکات. گەر مرۆڤ سەیری هەلوەێستەکانییان دەکات سەبارەت بە هەوڵی دزینی سەرۆکەکەیان، شەرمەزارییەکی قۆل دەیگرێت. ئەمە پێش ئەوەی کە توهین بە حیزبەکانی تر بێت، بێ حورمەتی بە خۆیان و سەرۆکەکەیانە، ناکرێت مرۆڤ کەسێک یان حیزبێک بە شتێک کە تاوان نییە و ئەگەریش تاوان بێت، تۆمەتبار بیکات و سزاش بیدات، لە کاتێک دا لە هێچ ئۆرگانێکی رەسمی پشتراست نەکرایەوە، کە چی خۆدی سەرۆکەکەیان راگەیاندراوەکانی لەم بوارە دا رەت دەکاتەوە.

باشە گەڕ بەڕێز خالێد عەزیزی داوایەکی واش کردبێت کە بە بۆچوونی من شتێکی نۆرمالە و تاوان نییە، با بیلێن تاوانیش بێت، باشە چی پێوەندی بە دۆکتوور قاسملۆوە هەیە؟ چی پێوەندی بە شەهیدانەوە هەیە؟ باشە ئەمە بێ ئەخلاقی نییە؟ ئەمە دوور کەوتن لە پرنسیپەکانی حیزبایەتی نییە؟

لە هەڵوێستەکانی ئەم دوایانە پارتی ئازادی کوردستان دا، تەنیا شتێک کە من بۆ دەروانم ئەمەیە کەم ئەم پارتە دەیهەوێ بەم زمانە زبر و هەڕەشانە، لە هاوکێشە سیاسیەکان دا دەستکەوت لە هێزە هەرێمیەکان وەربگرێت و هەروەها بەم شێوەیە ناوی خۆی لە نێو نێوەکان دا دەربێنی. یانی بە کورت و کورمانجی دەیهەوێ پارتەکە و کوردانی رۆژهەلاتیش وەکوو هێندێک کوردانی تر، بیکاتە کۆیلە، بەڵام بۆ لای هەر مرۆڤێک و بە تایبەت کوردانی رۆژهەلات کە هەموو کات ئیرادەیێکی قایمیان هەبووە، ژیانێک کە گرێدراوی کۆیلایەتی بێت، سەد جار مردن باشترە لەو ژیانە. 

بەڵام بێ گۆمان لە هەر دووکیان دا تووشی هەڵە بوو و سیاسەتەکانی ئامانجی نەپێکایەوە، لە لایەک بێ گۆمان هێزەکانی پارچەکانی تری کوردستان کە بەڵێنی یارمەتیدانییان پێدا بوون وەکوو پێویست یارمەتییان نەدا و لە لایەکی تر حیزبەکانی تری رۆژهەلاتی کە لە لایەن ئەم پارتەوە راستی تۆمەت ببوون، بێ دەنگییان هەلبژارت، یانی هەر وەکوو جاران حیسابییان بۆ ئەم پارتە نەکرد.

دەڵێن ئاوێک کە لە رووبارێک دا چوو ئیتر ناگەڕێتەوە، و ئەم هەڵەی پارتی ئازاد کوردستانیش وەکوو هەموو هەلە سیاسیەکانیتری ئەم پارتە، چوو و ناگەڕێتەوە، بەڵام دەکرێت حیزبەکانی تر بە دڵێکی گەورە ئەم هەلەش لە بیری بیکەین و هەولی نێزیککردنەوە بیدەن. چۆنکێ ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکهەلوێستی هەیە، پێویستە خۆمان بۆ هەر ئەگەرێکی لە داهاتوو دا ئامادە بیکەن، لە بەر ئەوەی گەر کاتیش وەکوو هەلەکانی پارتی ئازادی بروات ئیتر ناگەڕێتەوە.

داواکارم کە پارتی ئازادی کوردستانی بەڕێز لە جێگای پشت بەستن بە هێزە هەرێمیەکان و هەروەها حیزبە بەهێزەکانی پارچەکانی تر، سەرەتا پشت بە گەڵی خۆی، دویەم پشت بە هێزی خۆی و دواتر لە هێزەکانی رۆژهەلاتی کوردستان ببەستێت، چوونکی ئێمە ناچارن.

دیار مۆلایی

….

 پێشمەرگەکان:  ناوەرۆکی بابەتەکە  نووسەر لێی بەرپرسیارە .


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی