"an independent online kurdish website

پێشەکی: لە درێژەی ئەم زەنجیرە نووسراوەیەدا ئەم جارەش هەوڵ ئەدەم یادێک بکەم لە بەشێکی تر لە هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی دڵسۆزی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی لە نێوان سالەکانی ١٩٨٤ تا ٢٠٠٥ زایینی، تا ئەو کاتەی کە ئەو ئۆردووگایە بە تەوای داخرا.ali_qenberi1

لە بەشەکانی ٧، ٨ و ٩دا بە وردی باسی هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی کۆمەڵەم لە ناو مەردمی قەڵخانی و گۆرانی نیشتەجێ لە ئۆردووگای ڕومادی کرد. هاوکات لە بەشی ٩ و ١٠دا باسی زیاتر لە ٤٠ کەس لە لاوانی خاوەن هەست و شۆڕشگێڕی ئەو ئۆردووگایەم کرد کە لە دەرفەتە جیاوازەکاندا چووبوونە ڕیزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەوە. لە بەشەکانی پێشووتریشدا باسی هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی کۆمەڵەم لە ناو مەردمی وەڵەوەیی کرد بوو. هەر وەها باسی لایەنگرانی چاڵاکی کۆمەڵەشم لە ناوە ئەو پەنابەرانە کردووە کە بە زگوردەکان ناسرا بوون.

 لە دوای بڵاو بوونەوەی بەشی دەیەم لە لایەن هاوڕێیانەوە ناوی چەند کەسی دیکەی ئەو لاوانەم پێ گەیشت کە خەڵکی ناوچەکەمانن و لە ساڵەکانی نەوەدەکانی زایینییەوە لە ڕۆمادییەوە گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان و بە پێشمەرگایەتی کۆمەڵە پەیوەست بوون. ناوی چەند کەس لە ئەو بەڕێزانە بەم جۆرەیە:

١- حەمید سنەی کە لە نیوەی یەکەمی نەوەدەکانی زایینییەوە وەک پەنابەر چووەتە ئۆردووگای ڕومادی. ناوبراو کەسایەتییەکی خۆشەویستی ناو هاوڕێیان و دۆستانی خۆی بووە.  وەک مامۆستای وەرزش ڕۆڵێکی باشی لە ناو گەنجانی ئۆردووگای ڕومادی هەبووە. ساڵی ١٩٩٦ لە گەڵ جەلیلی عەلیپووڕ و ئەنوەری موحەمەدی لە ڕومادییەوە گەڕاوەتەوە  بۆ ڕیزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە. حەمید پاش ماوەیەک لە دوای هاتنەوەی بۆ کوردستان، لە لایەن بە کرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری سلێمانی ئەکەوێتە داو و گوایە دواتر لە بەندیخانەی شاری سنە بینیویانەتەوە.
لە ئەو ڕۆژە بە دواوە تا ئێستە کەس ئاگای لە چارەنووسی  ناوبراو نەماوە.

٢ –  خ. م خەڵکی سەرقڵا  ماوەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بووە و دواتر چەکی داناوە و گەڕاوەتەوە ماڵی خۆی.
 ٣ –  بەندەر ڕازیانی خەڵکی شاه ئاباد، بۆ ماوەیەک لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بووە و ئیستەش لە وڵاتی دانمارک ئەندام و هەڵسووڕای ئەو حیزبەیە.
 ٤ –  پەرویز یوسفشاهی خەڵکی ناوچەی گۆران کە لە ئۆردووگای ڕومادییەوە گەڕابووە بۆ کوردستان و پەیوەست بووە بە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە. ناوبراو وەک کادرێکی دەرمانی لە پاڵ ئەرکی پێشمەرگانەیدا خزمەتی بە ئامانجەکانی کۆمەڵە کردووە. تا ئەو کاتەی کە چەکی داناوە لە گەڵ کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران بووە.
دواتر کە چەکی داناوە،  لە ناوچەی سلێمانی نیشتەجێ بووە و ژیانی هاوسەری پێک هێناوە.
 بەم جۆرە ئەم کەسانەش بە ئەو ژمارەی ٥٠، ٦٠ کەسەی خەڵکی ناوچەکەمان زیاد ئەبن کە بوونەتە پێشمەرگەی کۆمەڵە.

ئێستەش ناوی کۆمەڵێکی تر لە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە ناوچە جیاوازەکانی کەمپی ئەلتاشتان (ئۆردووگای ڕومادی)
 پێ ئەناسێنم کە لە کەش و هەوایەکی یەکجار دژوار و پڕ لە مەینەت و فیداکاریدا بۆ پەرەپێدانی بیر و باوەڕی کۆمەڵە خەباتیان کردووە.
١-  بارام مورادی (بارام جاوری)
کاک بارام کە وەک مامۆستایەکی دڵسۆزیش وانەی دەوتەوە و مەدرەسەیەکی بە ڕێوە ئەبرد، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٤ و ١٩٨٥ زایینییەوە پێوەندی بە کۆمەڵەوە کرد و وەک کەسێکی هەڵسووڕاو و چاو نەترس لە سیاسەتەکانی کۆمەڵە داکۆکی ئەکرد. هەر بە ئەو بۆنەوە دەیان جار تووشی کێشە و گرفت هاتووە.
 سەرەتای ئاشنایەتی من و  بارام لە ماڵی حەمە سوورەوە  دەستی پێکرد. هەر زوو بوو بە کەسێک کە ئاوات و ئارزۆکانی خۆی و کۆمەڵگاکەی لە سیاسەت و ئامانجەکانی کۆمەڵەدا ئەبینییەوە. لە زۆربەی کۆبوونەوە و مەراسمەکاندا چالاکانە بەشداری ئەکرد و کەسە نزیکەکانی خۆی بانگهێشت ئەکرد کە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانەدا بەشداری بکەن.
بۆ بڵاو کردنەوەی نووسراوەکان و گۆڤارەکانی کۆمەڵە چالاکانە تێدەکۆشا. یەکێک لە ئەو کەسانە بوو کە هیچ هەڕەشە و گوشارێک نەیدەتوانی بۆ ساتێکیش لە کۆمەڵە بوون دوری بخاتەوە، یان دڵساردی بکاتەوە.

 بارام هەر لە ڕومادی فێری زمانی ئینگلیزی بوو و دواتر دەرسی ئینگلیزی بە منداڵان و گەنجانی ئەو ژینگەیە ئەوتەوە. بۆ ماوەی چەند ساڵێکیش لە کۆمیتەی سەلیب کاری وەرگێڕی ئەکرد و بۆ ماوەیەکیش  یەکێک لە ئەندامانی شۆرای پەنابەران لە ئۆردووگای ڕومادی بووە.

کاک بارام پاش ساڵانێک چەرمەسەری و دوو جار ئاوارە بوون، ١٠، ١٢ ساڵ پێش ئیستە لە وڵاتی کانادا پەنابەری وەر گرت و ئێستە لە ئەو وڵاتە نیشتەجێیە. من و کاک بارام دوو هاوڕێی زۆر نزیک بە یەک بوین.
 ئەگەر چی ئێستە لە هندێک بواردا بیر و بۆچوونمان لە سەر کۆمەڵە و کومونیزم و چەپ جیاوازە، بەڵام هیچ کام لە ئەو بیرجیاوازییانە ناتوانن تۆسقاڵێک لە  ڕێز و خۆشەویستی ئەم هاوڕێیە لە لای من کەم بکاتەوە.
 ناوبراو ئێستە لە گەڵ کۆمەڵە- سازمانی حیزبی کومونیستی ئێراندایە.
 هاوڕێ بارام لە ئەسڵدا خەڵکی گوندی جاوری سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاوە کە ساڵی ١٩٨٠ بە هۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە لە گەڵ بنەماڵەکەیدا ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون.
زەحمەت و ماندوو بوونەکانی ئەم هاوڕێ تێکۆشەرە جێگای  ڕێز و پێزانینە!  

 مستەفا موحەمەدی
 مستەفا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٤ و ١٩٨٥وە پێوەندی گرت بە لایەنگرانی کۆمەڵەوە. ناوبراو ئەگەر چی باوەڕی مەزهەبی هەبوو، بەڵام چالاکانە  بۆ کۆمەڵە کاری ئەکرد. زۆر کەسی دەهێنایە ناو مەراسم و کۆبوونەوەکان و بە فراوانی نووسراوە و گۆڤار و نەشریاتی  کۆمەڵەی لە ناو ئۆردووگا بڵاو ئەکردەوە. خۆی و ئاشنا و خزمانی بانگهێشت ئەکرد تا لە مەراسم و کۆبوونەوکاندا بەشداری بکەن.
لە بیرمە کە ئەو کات کە ئێمە لە ژێر کاریگەری ئیدئولۆژییەکی ویشک و تۆخدا بووین، مەزهەبی بوونی ناوبراو بۆمان ببوو بە گرێ کوێرەیەک. من و چەند کەس لە کادرەکانی کۆمەڵە، بۆ نموونە، حەمەی ڕاستی، ئەسەد نۆدینیان، عومەری کەریمی و حوسەینی ئەحمەدی نیا لە یەک، دوو دەرفەتی جیاوازدا کۆبوونەوەمان بۆ ناوبراو گرت و پێمان وت تۆ کە کەسێکی ئاوەها هەڵسووراویت و بۆ ڕێبازی کۆمەڵە خەبات ئەکەیت، ئەی چۆنە کە هاوکات  باوەڕی مەزهەبیشت هەیە؟ وڵامی  مستەفا ئەوە بوو کە ” من باوەڕم بە ڕێبازی دادپەروەرانەی کۆمەڵە و بە کەسەکانی هەیە و هاوکاتیش باوەڕی  مەزهەبی خۆیشم هەیە”.
ئێستە کە تەم و مژی ئەو بیرە ویشک و دوگمە لە سەر زۆربەمان ڕەویوەتەوە، هەر بە ڕاستی دەبێ وەهاش بێت!
 کۆمەڵە دەبێ ببێ بە حیزبی عەداڵەتخوازان و داپەروەرانی کوردستان. با لە ناو ئەو کەسانەشدا خەڵکانێک هەبن کە بڕوای ئایینی و مەزهەبیشیان  هەبێت. دەبێ هەر ئەوەندە  بەس بێت کە مرۆڤەکان بڕوایان بە جیایی ئایین لە دەوڵەت و سیاسەت هەبێت و ڕێز لە ئازادی و دادپەروەری لە کۆمەڵگادا بگرن!
 دەبێ هەموو خەڵکی چەوساوە و ڕزگاریخواز لە کوردستان (بە خەڵکی مەزهەبیشەوە) خەون و  ئاواتەکانی خۆیان لە ڕێبازی دادپەروەرانەی کۆمەڵەدا ببیننەوە!  شانسی گەورە بوون و بە جەماوەری بوونەوەی کۆمەڵەش هەر لە گرەوی ئەو بۆچوونەدایە!
مستەفا پێوەندییەکی بەرینی کۆمەڵایەتی لە ناو زگوردەکان و باقی خەڵکی ئۆردووگاە هەبوو. ماوەیەک ئەندامی شۆرای پەنابەران بووە. لە ژێر کاریگەری ئەودا بوو کە چەند کەس لە  هاوڕی و خزم و براکانی بوون بە دۆست ولایەنگری کۆمەڵە.
بۆ نموونە ساڵح و دڵشاد (عوسمان). دڵشاد ماوەیەکیش لە دوای ساڵی ١٩٩١ بە دواوە بووە بە ئەندامی یەکێک لە ئەو کۆمیتانەی ئۆردووگای ڕومادی کە بە کۆمیتەی لایەنگرانی کۆمەڵە ناسرا بوو.
ناوبراو  لە ئەسڵدا خەڵکی گوندی قڵای سەرقڵایە کە سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانییە کە ئەوانیش ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون.
 مستەفا ساڵی ١٩٩٠ لە ڕێگای خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە لە وڵاتی سوید پەنابەری وەرئەگرێت و تا ئیستەش لە ئەو وڵاتە ئەژی. لە سویدیش  بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە زۆربەی مەراسمەکانی کۆمەڵەدا بە خانەوادە و خزمانەوە، لە ڕێگای دوورەوە ڕۆێشتوون و بەشدارییان کردووە. تا ئەو جێگەی من ئاگادار بم مستەفا، دڵشاد و ساڵحی برایان، سەرە ڕای ئەوەی ئێستە پێوەندییان بە هیچ کام لە لایەنەکانی کۆمەڵەوە نییە، بەڵام  هەر خۆیان بە  دۆستی کۆمەڵە  ئەزانن.  زەحمەتەکانی ئەم بنەماڵەش لە پێناوی  ئامانجەکانی کۆمەڵەدا لە بیر ناچن و جێگای ڕێزە!

 حوسەین نەقشبەندی
حوسەین نەقشبەندی لە ئەسڵدا خەڵکی گوندی تەپەڕەشی سەرقڵای  سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانییە کە ساڵی ١٩٨٠ لە گەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون. یەکێک لە ئەو لایەنگرە دڵسۆزانەی کۆمەلە بوو کە ساڵی ١٩٨٥ لە پێوەندی لە گەڵ مستەفا موحەمەدی و حەمە سوور مەریوانیدا پێوەندی بە کۆمەڵەوە کرد. حوسەین وەک گەنجێکی خاوەن هەست و لایەنگرێکی دڵسۆزی کۆمەڵە زۆر بێباکانە و چاو نەترسانە لە ناو خەڵکی ناوچەکەی خۆیان و دۆستان و هاوڕێکانیدا ئامانجەکانی کۆمەڵەی بە زمانێکی سادە تەبلیغ ئەکرد.

 حوسەین وەک  وەرزشوانێکی خاوەن هەست کاتێک کە لە گەڵ کۆمەڵێکی تر لە هاوڕێکانی لە ناو ئۆردووگای ڕومادی تیمێکی فووتباڵیان پێک هێنا بوو، لە سەر پێشنیاری ناوبراو ئەو تیمە ناو نرا بوو، تیمی ” کرێکار”.  بۆ ئاگاداری خوێنەر لە ئەو سەردەمانەدا (زۆر بەداخەوە) ڕەقابەتی حیزبی و سیاسی  بە شێوەیەک بوو کە تەنانەت لە سەر  مەدرەسەکان و تیمە وەرزشییەکان و کۆمیتەکانیش کاریگەرییان دانا بوو. حوسەین ڕۆژێک هات بوو لامان و وتی ئیمڕۆ گەیشتم بە کاک…….. و پێی وتم “ئەم ناوە چییە کە لە سەر ئەم تیمە داتان ناوە”؟  منیش بە تەوانجەوە پێم وت، زۆر چاکە مادام جەنابتان پێتان ناخۆشە، ناوی ئەگۆڕم بۆ تیمی سەرمایەدار.
 خۆشەویستی کۆمەڵە لە لای کاک حوسەین بە جۆرێک بوو کە دەیان جار بە هۆی داکۆکی کردن لە ئەم ڕێکخراوەیە لە گەڵ دژبەرانی کۆمەڵە تووشی کێشە هاتووە و تەنانەت زۆریش هەوڵ درا بوو کە لە ناو خانەوادەکەیاندا کێشەی بۆ درووست بکەن.
ڕۆژێکیان هات بۆ لای ئێمە و زۆر ناڕاحەت بوو. کە پرسیارمان لێ کرد، وتی دوێنە شەو کەسێکیان ناردووە بۆ لای باوکم تا  داوای لێ بکات کە پێش بە کۆمەڵە بوونی من بگرێت. ئەو شێوە تاکتیک و هەڵسووکەوتانە زۆر جار لە لایەن دژبیرانی کۆمەڵەوە لە ئەو ژینگەیە بە کار ئەگیران و بەو شێوەیە  بەردیان دەخستە سەر ڕێگای خەباتی  کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی.
لە بیرمە ڕۆژێکیان من (وەک کەسی کۆمەڵە) و کاک قادر ئەلیاسی (وەک کەسی حیزبی دیموکرات) لە یەکێک لە مەدرەسەکانی ئۆردووگاە (پێموایە مەدرەسەکەی کاک عەزیم بوو) بۆ کۆمەڵێکی ٤٠، ٥٠ کەسی باسی سیاسەتەکانی هەر دوو حیزبەکەمان ئەکرد.  کەسێک بە ناوی پ زۆر بە هێواشی جنێوێکی بە من یان بە کۆمەڵە دا.
 کاک حوسەینیش گوێی لێ بوو و خەریک بوو بچێت بە گژ کابرادا. بەڵام باش بوو نەمان هێشت کێشەکە پەرە بستێنێ.
بە هەر حاڵ دڵسۆزی و زەحمەتەکانی ئەم بەڕێزەش بۆ هەتا هەتایە لە بیر ناچێت.  حوسەین ئێستە لە وڵاتی کانادا ئەژی، بەڵام  نازانم ئێستە لایەنگری کام لایەنی کۆمەڵە یان ڕێکخراوی سیاسی دیکەیە.
هەر لە ئیرەوە جارێکی تر ڕێز ئەگرم لە خەبات و ماندوو بوونەکانی ئەم بەڕێزە و هیوادارم کە لە ژیانیدا سەرکەوتوو بێت.

 محیدین پاڵانی

کاک محێدین پاڵانی ئەگەر باش لە بیرم بێت پائیزی ساڵی ١٩٨٨ بوو  پێوەندی بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە کرد و بوو بە لایەنگرێکی چالاک و هەڵسووڕاوی کۆمەڵە.  محێدین پێشتر لایەنگری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران- لایەنگرانی کۆنگرەی هەشتەم لە دوای جیابوونەوەی ئەو بەشەی کە بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران- ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ دەناسران، لە ئۆردووگای ڕومادی زۆر چالاکتر بوونەوە و هەوڵەکانی خۆیان زۆر چڕ و پڕ تر کردەوە کە پێش بە نفووزی لایەنی بەرانبەریان بگرن کە لە ڕاستیشدا تا ڕادەیەکی زۆر لە ئەو هەوڵانەیاندا سەر کەوتوو بوون.
لە دوای ئەو جیابوونەوەیە کە پێموایە ساڵی ١٣٦٧ هەتاوی و یان ١٩٨٨ زایینی بوو، حیزبی دیموکرات- پەیڕەوانی کۆنگرەی هەشت پێوەندی گرتنیان لە گەڵ خەڵکی ئۆردووگای ڕومادی زۆر چڕ و پڕتر کردەوە و هەر لە ئەو پێوەندییەدا تێمێکی چەند کەسی لە کادرەکانی ئاستی ڕێبەرییان نارد بۆ ڕومادی کە پێموایە نزیک بە  ٢٠ ڕۆژ، یان مانگێک لە ئۆردووگا مانەوە.  دوکتور حوسەین خەلیقی، سەید ڕەزا درودگەر و دوو، سێ کەسی تریان ئەو هەیئەتەیان پێک ئەهێنا.

 ئەرک و کاری سەرەکی ئەو تیمە ئەوە بوو کە لایەنگرەکانیان و خەڵکی ئەو ئۆردووگا تێ بگەیەنن کە لایەنی بەرانبەر کە جودا بوونەتەوە، هەڵەیان کردووە و لە ڕێبازی حیزب لایان داوە.
هەر وەها تا ئەو کاتەش حیزبی دیموکرات شەڕ و کێشەی ناوخۆیی لە گەڵ کۆمەڵە بوو. یەکێکی تر لە ئەرکەکانی ئەو هەیئەتە ئەوە بوو کە چۆنیەتی ئیدامەی ئەو شەڕە لە گەڵ کۆمەڵە و مەرجەکانی حیزبی دیموکرات بۆ کۆتایی هێنانی بۆ جەماوەری خۆیان باس بکەن.
دیارە ماوەیەک پێشتریش حیزبی دیموکرات لە شۆرای بەهەڵەستکاری نیشتمانی ئیران (شورای ملی مقاومت) کە ساڵی ١٣٦١ لە گەڵ ئەبوولحەسەنی بەنی سەدر (سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران) و ڕێکخراوی موجاهدینی گەلی ئێران پێكیان هێنا بوو هاتبووە دەر.
دیارە لە ئەو کاتەدا موجاهدین زۆر تەبلیغاتی دژی حیزبی دیموکراتی لە ڕاگەینادنەکانی خۆی وەک ڕادیو و کاناڵی تەلەفزیونەکەیان (سیمای مقاومت) کە دەوەڵەتی عێراق پێێ دابوون، دەست پێکرد بوو و لە ڕەوانگەی سیاسەتی خۆیانەوە ئەو حیزبەی بە پەیمان شکێن ناو ئەبرد.  هەر بۆیە یەکێکی تر لە ئەرکەکانی ئەو کادرانەی حدکا ڕەواندنەوەی ئەو تەبلیغاتانەی موجاهدین بوو. ئەگەر چی موجاهدین لە ئۆردووگای ڕومادی پێگەیەکی ئەوتۆیان
 نەبوو.

 
 لە ئۆردووگای ڕومادی شوێنێکی  چۆڵ هەبوو کە ئۆردووگای ئەکرد بە سێ بەشەوە.  لە ئەو شوێنەدا لە پێشدا حیزبی دیموکرات و دواتریش ئێمە (کۆمەڵە) لە مەودای ٣٠٠ میترێک دوور لە یەکتر، بۆ مەراسمەکانمان سەکۆ و سنمان درووست کرد بوو. لە مەراسمەکانی حیزبی دیموکراتدا لە چاو ئێمەدا خەڵکی یەک جار زۆرتر بەشدار ئەبوون کە هۆکاری خۆی هەبوو. ئەو هەیئەتە کە باسم کرد کە دوکتور خەلیقی بەرپرسیان بوو، بە هاوکاری کۆمیتەی حیزب لە ڕومادی هەموو دوانیوەڕوانێک، بۆ ماوەی دوو، سێ کاتژمێڕ لە سەر سنەکەی خۆیان بە کەڵک وەرگرتن لە بڵیندگۆ وتاریان ئەخوێند و باسی سیاسی و حیزبییان ئەکرد و وڵامی پرسیاری لایەنگران و دژبەرانی خۆیان ئەدایەوە.
 
من خۆم ئەگەر چی هیچ کات نەڕۆیشتم و بەشداری ئەو کۆڕانە نەبووم، بەڵام لە ئەو کاتەدا وەک یەکێک لە ئەندامانی بەرپرسی ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵە لە زۆربەی باسەکان ئاگادار بووم. بە تایبەت ئەو پرسیارانەی کە لە لایەن لایەنگرانی کۆمەڵەوە ئاراستەی بەڕێز خەلیقی و هاوڕێیانی ئەکرا.
 
لە ئەو پێوەندییەدا بوو، ئێوارەیەک کەسێک لە دۆستانی کۆمەڵە هات بۆ لامان و وتی دوکتوور خەلیقی وتوویەتی ئەم بەچکە کومونیستانە لە کوێن؟ ئەگەر ڕاست ئەکەن بۆ نایەن پێکەوە دانیشین و قسەکانمان ڕوو بە ڕوو بکەین. لە ئەو کاتەدا کە ئەو کەسە ئەو قسەی کرد، ئێمە ٥، ٦ کەس لە لایەنگرانی کۆمەڵە لە دووکانەکەی ئێمە بووین کە ئەگەر باش لە بیرم بێت، بێجگە لە من، ئەنوەر موحەمەدی،  مەڵک چراغی، سادق ئەمیری،  قادر قەنبەری و مەجید قەنبەری  بووین. دوای باس و ڕاوێژ کردن لە سەر ئەو پێشنیارەی بەڕێز خەلیقی بڕێارماندا کە نامەیەک بۆ بەڕێزیان بنووسین و داوا بکەین ئەگەر ئەمنیەتمان لە ئەو کۆبوونەوەدا دەپارێزن، ئێمە ئامادەین لە هەر جێگایەک ئەوان بڵێن، ئێمەش بێین و بەشداری بکەین.
ڕۆژی دواتر  دوکتور خەلیقی پەیامی بۆ ناردین کە ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە ماڵی محیدین پاڵانی لە گەڕەگی قادرمروەیسییەکان میوانە و ئەوان حەوشێکی گەورەیان هەیە و ئیوەش بەخێر بێن بۆ ئەوێ.

لە ئێوراەکەیدا ئەنوەر موحەمەدی و من و ئەگەر هەڵە نەبم کەسێکی ترێش،  ڕۆیشتین بۆ ماڵی محێدین و ئەو شەوە خەڵکێکی زۆریش (لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ کەس) لە حەوشەکەی ماڵی محێدین کۆ بوونەوە و باسێکی چەند کاتژمێری و چر و پڕمان کرد کە گێڕانەوەی  پەیوەندی بە ئەم بەشەوە نییە و دایدەنێم بۆ کاتێکی تر. ئەوەندە نەبێت کە بڵێـم هەڵسووکەوتی دوکتور خەلیقی لە گەڵ ئێمە زۆر نەرم و نیان تر بوو. بەڵام هاوڕێکانی زۆر تووند بوون و زۆریش لە گرتنی ئەو کۆبوونەوە خۆشحاڵ نەبوون.
ماوەیەک دوای ئەو کۆبوونەوە کاک محێدین پێوەندی بە ئێمەوە کرد و هەر زوو بوو بە هەڵسووڕاوێکی ناسراو لە ناو ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەدا. محێدین پێموایە مامۆستاش بوو و وانەی بە منداڵانی ناوچەکەی خۆیان ئەوتەوە.  سەرە ڕای ئیش و کاری ڕۆژانەی، زۆر هەڵسووراو بوو. بە  پێچەوانەی زۆر لایەنگر و کەسی تر کە خۆ پارێز بوون، ئەو زۆر نەترسانە بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی کۆمەڵە تێدەکۆشا.
 لە کۆبوونەوە و مەراسمەکاندا چالاکانە بەشداری ئەکرد و دۆستان و نزیکانی خۆی بانگهێشتی کۆڕ و کۆبوونەوەکان ئەکرد.
کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی (لە ئەو سەردەمەدا) یەکەم ڕێکخراو بوو کە لە کتێبخانەکەیدا زۆرترین ژمارەی گۆڤار، نەشریە و کتێبی تێدا دەست ئەکەوت. ئێمە مەدەرسەی حیزبیمان هەبوو و لە ئەو مەدرەسەدا وانەی سیاسەتمان ئەخوێند. محێدین یەکێک لە ئەو کەسانە بوو کە بە باشی لە ئەو ئیمکاناتە کەڵکی وەرئەگرت و هەر زوو خۆی پێ گەیاند و لە ڕاستیدا  بوو بە کادرێکی چالاک.
ئەم هاوڕێێە کەسێکی میهرەبان و خۆشڕوو و هەمیشە دەم بە پێکەنین بوو.
تا ئەو کاتەی کە من ئۆردووگام بەرەو وڵاتی سوید بە جێ هێشت (سپتامبری ١٩٩٠) و چەند مانگ دواتریش محێدین هەر لە گەڵ کۆمەلەدا ما بووە. بەڵام دواتر ئاگادار بووم کە چووەتەوە  بۆلای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.
گۆڕینی سەنگەری حیزبی و سیاسەت مافی بێ ئەم لا و ئەولای هەر تاکێکە و نابێت کەس بە ئەو بۆنەوە سەرکۆنە و لۆمە بکرێت.
 ئەوەی کە من لە ئەو ماوەیەدا لە کاک محێدین تێگەیشتبووم، چوونەوەی ناوبراو بۆ لای حیزبی دیموکرات، ئەگەر لە ئاکامی دڵساردی لە ئینشعاب و جیا بوونەوە ڕەوتی کومونیزمی کرێکاری لە کۆمەڵە نە بوو بێت،  دەبێ هۆکارێکی تر بوو بێت کە ناوبراوی گەیاند بێتە ئەو بڕێاردانە!
  دوای ساڵانێک بێ خەبەری لە ناوبراو، ئەوە چەند ساڵێکە لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی  ئینترنەت و فەیسبووکەوە پێکەوە لە پێوەندی هاوڕێیانە و دۆستانەداین.
 محێدین ئێستە کادرێکی چالاک و سەرشناسە لە ناو ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندایە و تا ئێستە تا پلەی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەدی ئەو حیزبەش ڕۆیشتووە.
 محێدین ئێستەش هەر هاوڕێ خۆشەویستەکەی جارانمە و پڕ بە دڵ ڕێزم هەیە بۆ خۆی و خانەوادەکەی!
 زەحمەت و خەبات و دڵسۆزییەکانیشی هیچ وەخت فەرامۆش ناکرێن!
ناوبراو لە ئەسڵدا خەڵکی ئاوایی هوان لە سەرقڵای سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانییە کە ساڵی ١٩٧٩ لە گەڵ بنەماڵەکەیدا ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون و پاش سالانێکی دوور و درێژ مانەوە لە کەمپی ئەلتاش  ١٠، ١٥ ساڵ پێش ئێستە لە وڵاتی کانادا نیشتەجێ بوون.
هەر لە ئێرەشدا کۆتایی بە ئەم بەشە دێنم و لە بەشەکانی داهاتوودا باسی کۆمەڵێکی تر لە لایەنگران و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی ئەکەم. چاوەڕوان بن!
عەلی قەنبەری ١٤ – ٥ – ٢٠١٣ زایینی
 
 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی