گوندی قەلەرەشە، گوندێکی سوێسنەکانەو کەوتۆتە بەشی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوری ئێران و عێراق، ترێ رەشی ئەو گوندە لە سەدان ساڵەوە وەک باشترین و خۆشترین ترێ رەشی کوردستان ناسراوە، بەتایبەتی ئەو کاتەی کە بەفری تازەی بەسەردا دەبارێتەوە.
کوێخا هۆمەر کە بە ئۆمەر پاشا ناوی دەرکرد، پورزای باوکی نوسەرەو لەسەرەتای سەدەی رابردودا کوێخای گوندی قەلەرەشە بوو، کوێخا هۆمەر بەسەروچاو و قەدو باڵا، پیاوێکی لێهاتوو بوو، کوردپەروەر، خزم دۆست، زیرەک و نەترس.
لەگەڵ ئەوەشدا کە حهسهنی قزڵجی کتێبێکی باشی لهسهر ئۆمهر پاشای قەلەرەشە نوسیوه، بەڵام لەبەر ئەوەی کە مامەکانی من و ئامۆزاکانی باوکم، بەتایبەتی کوێخا برایمی بێوران و فەقێ ئەحمەدی بێورانی خوارێ، بەشداری راپەرینەکەی ئومەرپاشا بوون و بەدەمی خۆیان هەموو شتێکیان بۆ گێراومەوە، دەمەوێ وەک شاهیدێکی مێژوو چیم بیستوە وەک خۆی بیخەمە سەر کاغەز، بەتێکڕا دەیانگووت، دەوڵەتی ئێران لەدوای لەناوبردنی راپەڕێنی مەلا خەلیل و سمایلاغای سمکۆ، بەجارێک بێویژدانانە هەڵسوکەوتی دەکردو عەجەمەکان زۆر بە چاوی سوک تەماشای خەڵکەکەیان دکرد.
دیانگووت: لەبەر ئەوەی لەو سەروبەندەدا دەوڵەتی ئیران پایەگای گەورەی لەسەردەشت هەبوو و لە زوربەی گوندکانی سوێسنایەتیش بنکەی ژاندارمیری لێبوو، عەجەمەکان بەبێ ترسی هاتوچۆیان دەکرد، بێگاریان بەخەڵک دەکردو سەرانەیان لەخەڵکە دەستاند، خەڵک زۆر لێیان بەداخ بوو و ئومێدەوار بوون راپەڕینێک دروست ببێت بۆ ئەوەی لەناوچەکە دەریان بکەن.
پێشتر سوێسنەیەکان لە هەموو تەمەنیان دا سەربازیان بۆ هیچ داگیرکەرێک نەکردبوو، رەزا شا کە کێشەی مەلا خەلیل و سمایلاغای لە ئێخە بۆوە، هەوڵی دا کۆنە رقی راپەڕینەکەی پێشووی فەقێ محەمەدە سەرەو مەلا خەلیل لە سوێسنیەکان بکاتەوە، لە ساڵی ١٩٣٨ دا، بڕیارێکی دەرکرد کە دەبێ سوێسنیەکان ناونوس بکرێن و سەرباز بدەن بە دەوڵەتی ئێران.
ریش سپیانی سوێسنی کە ئاگاداری زوڵم و زۆری عەجەمەکان و نارەحەتی خەڵکەکە بوون، بەتێکڕا لە مزگەوتی بێورانی خوارێ کۆ بوونەوە، دوای هەڵسەنگاندنی بارو دۆخەکە، بریاریان دا هەر یەکەی برواتەوە گوندەکەی خۆی و خەڵکی گوندەکەی کۆ بکاتەوەو بیرورای خەڵکەکە وەر بگرن کە ئایا داواکەی رەزا شا پەسند بکەن، یان وەڵامی نەدەنەوە لێێ بێمنەت بن.
دوای ئەوەی هەر ریش سپیەی گوندەکەی خۆی کۆ کردەوەو پرسورایان بە خەڵکەکە کرد، خەڵکەکە بەتێکڕا وتیان بڕیاری رەشا پەسند ناکەین و سەرباز نادەین بەدەوڵەت، کوڕی خۆمان ناکەین بەسەرباز بۆ ئەو عەجەمەی کە بەدرێژی مێژوو هەرچی لەدەستی هاتوە کردویەتی بەرانبەر بە سوێسنیەکان.
بۆ جاری دووهەم ریش سپیانی سوێسنی لەشوێنی پێشوو کۆ بوونەوەو بەیەک دەنگ بریاریان دا بە نامەیەکی یەکدەنگی وەڵامی رەزا شا بدەنەوە، نامەکەیان بەو شێوە نوسیبوو: (خەڵک و ریش سپی سوێسنیان، زۆر دڵگرانن لە هەڵسوکەوتی سەربازو ژاندارمەکانی دەوڵەت، بەپێویستی دەزانین کە دەوڵەت بۆ چەند ساڵێک هەڵسوکەوتی خۆی لەگەڵ خەلکەکە باش بکات، بۆ ئەوەی دڵیان بیت رۆڵەکانی خۆیان بنێرن بۆ سەربازی)، هەر لەوێش بەتێکرای دەنگ کوێخا هۆمەر وەک ریش سپی و قسەکەی سوێسنیان دەسنیشان دەکەن و سەعیدی مەلکەڕیش کە مامی من بوو، دەکرێتە سەرلەشکری سوێسنیان.
لەگەڵ نوسینی نامەکدا، هەموو دیهاتەکانی سوێسنی رێگاکانیان گرت و هەندێ خەڵکیشیان نارد بۆ دیوی پشدەری عێراق بۆ تفەنگ کرین.
ئەوانەی کە رۆیشتن بۆ تفەنگ کرین، بوون بە دوو بەش، بەشێکیان چوون بۆ لای عەباسی مەحمود ئاغای پشدەری، کە هاو سەنگەری شێخ مەحمودی بەرزنجی بوو، بەشێکیشیان چوون بۆلای بابەکراغای پشدەری کە هاو سەنگەری ئینگلیز بوو دژی تورکە عوسمانیەکان، عەباساغا و بابەکراغا پێشوازیەکی گەرمیان لێ کردبوون، سەد تفەنگیان پێ فرۆشتبوون و سەد تفەنگیشیان بەخۆرای بۆ ناردبوون لەگەڵ ئەرزاقێکی زۆر.
ئەو تفەنگ و ئەرزاقە ئەوەندی تر سوێسنیەکانی لە رەزا شاو لەشکرەکەی بێمنەت کرد، دوای ئەوەی کە سەرلەشکری ئێران لە سەردەشت نامەکەی ریشسپیەکانی پێ دەگات، بە بێ سیم دەینێرێ بۆ تاران و ئەوانیش دوای خوێندنەوەی نامەکە، فەرمان بەسەرلەشکر دەکەن بۆ هیرش بردنە سەر سوێسنیەکان.
سوێسنیەکان کە زانیان لەشکری رەزا شا وەڵامی نامەکەی بە هێرش هێنان دەست پێ کرد، لەهەموو لایەک لێیان کردنە تەقەو پەلاماری هەموو پایەگاکانی گوندەکانیان داو چەکیان کردن، لوتی لەشکرەکەی سەردەشتیشیان شکاند.
کوێخا هۆمەر پاشایەتی خۆی راگەیاند، کورسی و تەخت و تاجیان بۆ لە شولک وەک سەبەتە دروست کرد، گوتی تەنها بە داهاتی ترێ و دۆشاو و گویزی سوێسنایەتی، تا پەنجا ساڵی دیکە دەتوانین شەڕ لەگەڵ عەجەمان بکەین.
شەڕ دەستی پێکرد و لە ئیران ئەو شەڕە بە (هەرای مەشمولان) ناوی دەرکرد، لەبەر ئەوەی لەشکرەکەی سەردەشت تانک و نەفەربەری لەلا نەبوو، کەسیش ئامادە نەبوو ببێتە جاش و شەڕی سوێسنیەکان بکات، عەجەمەکان بەتەنها دەرەقەتی سوێسنیەکان نەدەهاتن، هەر کە چەند هەنگاوێک لە پایەگاکەی خۆیان دەهاتنە دەر، تەقەیان لێدەکراو لەخوێندا سور دەکران.
چواردەورەی لەشکرەکەی سەردەشت گیرابوو و لەشکری تری ئیرانی نەیدەتوانی گەمارۆکە بشکێنێ و فریایان بکەوێ، ماوەی شەش مانگ شەر بەردەوام بوو، سوێسنیەکان سەرکەوتوو بوون، کاتێک عەجەمەمان بۆیان دەرکەوت، شەرەکە سەعیدی مەلکەڕی نەوەی فەقێ محەمەدە سەرەو مامی من، بەرێوەی دەبات و بە کوژرانی ئەوە شەڕەکە کۆتایی پێ دێت، وەک پیشە پیسەکەی پێشوویان، دەستیان کردەوە بە فرتووفێڵ و پیڵان دانان بۆ کوشتنی سەعیدی مەلکەری.
سەر لەشکری سەردەشت نامەیەک بۆ سەعیدی مەلکەری دەنوسێ و داوەتی دەکات بۆ ناو لەشکرەکەی بۆ سەردەشت بۆ گفتووگۆ، مام سەعیدم بۆی دەنوسێتەوەو دەڵێ: فەقێ محەمەدە سەرەی پاپیرم پێم دەڵێ باوەر بە عەجەم مەکە، کە ناوی فەقێ محەمەد دەهێنێ، سەر لەشکرەکە تێدەگا کە سەعیدی مەلکەڕی هەڵەی باپیری کردۆتە دەرس و وا بە ئاسانی ناگیرێ و لەناو نابرێ.
ئەمجار سەرلەشکری عەجەمەکان بۆی دەنوسێتەوەو پێی دەڵێ ئەفسەرێک دەنێرم لەنێوان لەشکری هەردوو لامان دا قسەت لەگەڵ بکات، ئەویش بۆی دەنوسێ من سەرلەشکرم، لەگەڵ ئەفسەرێکدا دانانیشم، من هاوشانی تۆم، بۆ خۆت وەرەو دوو سەرباز لەگەڵ خۆت بهینە، منیش دوو شۆڕشگێر لەگەڵ خۆم دەهێنم و لەسەر ئەو گردەی نێوانمان دادەنیشین و قسە دەکەین، ( ئەو گردە دەکەوێتە سەر دەشتی کەپرانی بەرانبەر بە گردەسوری سەردەشت).
رەزا شا فەرمان بە سەرلەشکرەکە دەکات دەڵێ دەبێ بۆخت بچی و هەر لەوێش سەعیدی مەلکەڕی بکوژی، سەرلەشکر دوو ئەفسەری چاپوک بە چەکی ریزەوە ئامادە دەکات، پێیان دەڵێ فیشک بدەنە بەر چەکەکەتان و دەستان لەسەر بەلەپیتکەی چەکەکەتان بێت، کە ئێمە گەیشتینە سەری گردەکە، لە پێنج مەتری نزیک سەعیدو دوو کەسەکە، من خۆم بە ئەرز دادەدەم ئێوەش ریزیان لێ بکەن و هەرسێکیان بکوژن.
مام سەعیدیشم، دوو برای خۆی لەگەڵ خۆی دبات و هەرسێکیان تفەنگی پێنج تیری روسیان پێ دەبێت، بە براکانی دەڵێت، تەفەنگتان بەدەستەوە بێت، فیشەک لەبەرو پەنجە لەسەر بەلەپیتکە، هەر یەکەی ئاگای لە بەرانبەری خۆی بێت، ئەوان سێ کەسن، ئێمەش سێ کەسین، هەر کە زانیتان جولەیەکی موخەنەتانە دەکەن، هەرکەسەی بەرانبەرەکەی خۆی بکوژێ.
سەرلەشکر بەخۆی و دوو ئەفسەرەکەوە لەدیوی گردە سوری سەردەشتەوە سەردەکەون بۆ سەر گردەکە، مام سەعیدیشم لەدیوی بێورانەوە سەردەکەوێ بۆ سەر گردەکە، کاتێک لە یەکتر بەدەر دەکەون، سەرلەشکر لەگەڵ خۆ لەئەرزدان، هاوار دەکات و دەڵێ (بزەن)، بزەن لەفارسیدا مانای لێدە، مام سەعیدم و برایەکانی (حەمە و مەحمود) چاپوک تر دەبن لە عەجەمەکان هەریەکەی بەرانبەرەکەی لەخوێندا سوور دەکا، بەڵام یەکیک لە ئەفسەرەکان لەکاتی کەوتنی دا، گولەیەکی روەو مام سەعیدم دەروات و مام سەعیدم بیندار دەبێت.
لێروە مام حەمەو مام مەحمودم بۆیان گێرامەوە، گوتی فیشکێک بەقاچی مام سەعیدت کەوت و قاچی شکا، لەهەردوو لا کە گوێیان لەتەقەی تفەنگان بوو، تەقەو شەڕ هەڵگیرسایەوە.
مام حەمەم گوتی کە مام سەعیدتم لەکۆڵ کرد، برینەکەی شتێکی وا نەبوو، ماوەیەک رۆیشتین تا لەمەیدانی شەڕەکە دوور بکەوینەوەو بکەوینە نەدیو بۆ ئەوەی گوللەی عەجەمەکان لە گردەسور نەمان گرێتەوە، بەڵام بەختی رەزا شا، لەودیو گردەکە، گولەیەکی وێڵی ساردبووەوە کە لە ئاسمانەوە هاتە خوار، لەسەر پشتی من لە ملی مام سەعیدتی داو لەو دەرچو ملی منیشی بریندار کرد.
مام حەمەم گوتی: مام سەعیدت بەو گوللەی ملی گیانی لەدەست دا، هەر ئەو رۆژە هەواڵ بڵاو بۆوە کە سەعیدی مەلکەڕی شەهید بوو، ئەو هەواڵە وەرەی سوێسنیەکانی روخاندو لەهەموو شوێنێک دەست بە پاشەکشە کرا، کەسی ئازاو کارامای وەک سەعیدی مەلکەڕیش نەبوو شوێنی بگریتەوە، خەڵکەکە دەستی بەبڵاوە کردن کردو راپەرینەکەمان هەرەسی هینا، ئیمەو کوێخا هۆمەر رۆیشتینە دیوی پشدەری عێراق.
(تێبینی: مام رەسولم کە ژنی هینا، کوڕێکی بوو، بەناوی مام سەعیدمی کردەوە، ئەو سەعیدەش گەورە بوو، لە ساڵی ١٩٧٩ بەهۆی منەوە لەحیزبی دیموکرات نزیک بۆوە، کە شەڕ هەڵگیرسایەوە لەهەمان شوێنی مام سەعیدم لەشەرێک لەگەڵ پاسداران شەهید کرا).
ئۆمەر پاشا کەهاتە دیوی پشدەر، رۆیشتە ماڵی عەباسی مەحمەد ئاغا، ئەویش رێزێکی زۆری لێگرت، ئۆمەر پاشا لەوێ مایەوە تاکو لەتەمەنی ٨٥ ساڵیدا لەماڵی ئەوان کۆچی دوایی کرد.
لە ساڵی ١٩٧٨ دا، سوێسنیەکان یەکەم کەس بوون لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە پەلاماری پایەگانی رژێمی محەمەد رەزا شایان دا لە ناوچەی سوێسنایەتی، یەکەم شەهیدی راپەرینی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەردەشت، خدری فەقێ ئەحمەدی بێوری خوارێی سوێسنی بوو، سوێسنیەکان بیجگە لە مەلا ئاوارەو شەهیدەکانی هاوەڵی سەردەمی خۆی، لە ٣١ ساڵی رابردوەوە تاوکو ئەمرۆ، زیاتر لە ٢٠ شەهیدی وەک منینەی مەلا عەزیزو عەولای ماماغایان داوەو دەیان برینداری قورسیش، لەناو ئەوانەدا مەلا حەسەنی شیوەسەڵی، چەند کەسێکیشیان لەدار دراوە.
ئەگەر نەمرم و تەمەن رێگام پێ بدات، تۆڵەی ئەوانەو هەموو شەهیدانی کوردستان لەداگیرکەران دەکەمەوە بە پڕۆژەی یەکگرتنەوەو سەربەخۆیی کوردستان.
سەردار پشدەری
لەندەن ٧ – ٦ – ٢٠١٣