"an independent online kurdish website

جار و بار لێره‌ و له‌وێ ده‌بیستم كه‌ كه‌سانێك به‌ ده‌نگێكی به‌ گله‌ و بیانووی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌وه‌ ده‌ڵێن، خه‌ڵكی كوردستان بۆیه‌ هه‌قیانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگ بده‌ن چۆن حیزبه‌ كوردییه‌كان كه‌ داوای بایكوت ده‌كه‌ن خۆیان یه‌كگرتوو نین!mihyeddin_pallani
یان بۆیه‌ به‌شدار ده‌بن تا ده‌نگی كورد به‌ شێوه‌ی مه‌ده‌نی بگه‌یه‌نه‌ گوێ كار به‌ده‌ستانی(گوێ فره‌ گرانی) رێژیم،  یان عوزری قه‌بیحتر له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ڵێن ئه‌ی تۆران له‌ هه‌ڵبژاردن چ قازانجێكی بۆ خه‌ڵكی كوردستان هه‌یه‌!!

منیش له‌ گه‌ڵ شاملووی ره‌حمه‌تی ده‌ڵێم : دونیایه‌كی سه‌یره‌ گوڵم! نازانم بۆ مه‌گه‌رلافاوی  خێر و به‌ره‌كه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی رێژیم  ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێرانی رازاندووه‌ته‌وه‌ و، حیزبه كه‌له‌ ره‌ق و خێرنه‌ویسته‌‌ كوردییه‌كان، پێشییان به‌م خێر و ره‌حمه‌ته‌ی ئیسلامی نابی موحه‌ممه‌دی بۆ كوردستان گرتووه‌؟  ئه‌رێ  به‌راستی به‌ نه‌زه‌ری ئێوه‌ خه‌لكی كوردستان خۆیان پێ لایقی ئه‌و بێ رێزی و بێ‌مافییه‌ كه‌ هه‌ر‌ كات بانگیان كه‌ن ‌ بۆ سه‌ر سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگ بێ ئه‌وه‌ی بزانن بۆ ده‌نگ ده‌ده‌ن، بۆ كێ ده‌نگ ده‌ده‌ن ، بێ ورته‌  له‌ سه‌فی دوور و درێژدا راده‌وه‌ستن و حه‌ماسه‌ بۆ شوانی ئوممه‌ت ده‌خولقێنن؟ هه‌ر به‌ راست خه‌ڵكی لایقی ئه‌وه‌ن كه‌ به‌ سه‌غیر و ناباڵغ  و به‌ به‌شێك له‌ (ئوممه‌تی هه‌میشه‌ ده‌رسه‌حننه) بزانرێن؟ هه‌ر به‌ راست ئێوه‌ پێتان وایه‌، ئه‌م خه‌ڵكه‌ هه‌ر لایقی ئه‌م چاره‌نووسه‌ن و ده‌بێ شوكرانه‌ بژێر بن و، گه‌ر ناشوكر بن و نه‌چنه‌ سه‌ر سندووقه‌كان و له‌به‌یك نه‌ڵێن، لایقی نفره‌تی خودا و مێژوو وه‌لی ئه‌مرن؟؟   

به‌ بارێكیتردا، ئه‌رێ ئێوه‌ و ویژدانتان، له‌ ماوه‌ی ئه‌وه‌ ٣٠ و چه‌ند ساڵه‌ی حاكمییه‌تی ئیمام و توخم و تۆرمه‌كه‌یدا، ئه‌وه‌ هه‌ر مافی حیزبه‌ كوردییه‌كانه‌ به‌ ته‌نیا زه‌وت ده‌كرێ، كه‌رامه‌ت و حورمه‌تی ئه‌وانه‌ هه‌موو ده‌مو سات ده‌ستدرێژی ده‌كرێته‌ سه‌ر، یان ئی  پیاو، ژن، لاو و پیر و…  خه‌ڵكی ئێران به‌ گشتی و كوردستان به‌ تایبه‌ت؟ ئه‌وانه‌ رۆله‌ی كێن هه‌موو رۆژه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌م تۆرمه‌ عه‌نتیكه‌دا، برسی، بێكار، موعتاد ، زیندان، ئه‌شكه‌نجه‌ و به‌ سه‌دان و هه‌زاران به‌ هۆی داتاشراوئیعدام ده‌كرێن، ئی خه‌لكن یان حیزبه‌كان؟؟  

دونیایه‌كی به‌ راستی سه‌یره‌ گوڵم!! دۆستان بۆ پێتان وایه‌ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ ساویلكن و حافزه‌ی مێژوویان نیه‌ و نازانن ئاخوند هه‌ر ئاخونده‌، بێ عه‌با، با عه‌با‌، پێبكه‌نێ  یان  رووتاڵ و خوێن تاڵ بێ، چاك به‌زم یان خراپ ڕه‌زم ؟ مه‌گه‌ر هه‌ر دوێنێ ئێوه‌ له‌ سێبه‌ری بزه‌ی خاته‌می دا هه‌ڵنه‌په‌رین و رۆژی دواتر شاڵی كه‌سكی موسه‌وی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیمامی فتوا و جیهادتان نه‌كرده‌ سه‌رچۆپی،  چتان پێبڕا؟ تو سه‌ری خۆتان ئه‌وه‌ی ده‌ستان كه‌وت له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان به‌شی مه‌كه‌ن!! شانازییه‌ با هه‌ر پیرۆزی رووی سوور و باڵای به‌رزی خۆتان بێت. ئێ ئه‌مه‌ خوایه‌ سبه‌ی فایلی خۆشه‌ویستیتان لای ده‌مراستان و گه‌وره‌ پیاوان  سه‌نگیتر بكات و ره‌نگه‌ به‌خت یارتان بێت و ببن به‌ معاون كاندیدایه‌ك!

نازانم مرۆ ده‌بێ چه‌نده‌  روو قایم بێ، ئه‌و هه‌موو مه‌رگ و ماڵوێرانی و خه‌بات و خۆێن و رۆژ ره‌شیه‌ی له‌ بیر بچێته‌وه‌. هه‌ر دوێنێ به‌ مه‌رگی سووری قاسملوو، شه‌ره‌فكه‌ندی و كه‌مانگه‌ره‌كان رێژیم سوێندی خوارد تا سه‌ر به‌ خۆێنی كورد تینوو بمێنێته‌وه‌ هه‌رچی له‌ ده‌ستی دێ درێغی نه‌كات، ئه‌لحه‌ق و وه‌ڵئه‌نسافیش ئه‌و‌ به‌ سوێندی خۆی هه‌ر وه‌فاداره‌!! به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستانیش به‌ڵێنیان نوێ كرده‌وه‌ كه‌ (ئیدی ئیزن نه‌ده‌ن ده‌ستی دزیان بچێته‌ نێو گیرفانه‌وه‌) بۆیه‌ هه‌ر دوێنێ كه‌سك پۆشان وتیان ده‌نگه‌كانمان كوا، خه‌ڵكی كوردستانیش یه‌كده‌نگ  وتیان لای ئیمام و وه‌لیفه‌قیتانه‌.

یان سه‌یرتر له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ڵێن تۆران له‌ هه‌ڵبژاردن سوودی نیه‌!! بۆ (نا) گوتنی یه‌كده‌نگ و یه‌كگرتوانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك سوودی نیه‌؟ یه‌كه‌م  و گه‌وره‌ترین سوودی ئه‌م بایكوته‌  یه‌كده‌نگی نه‌ته‌وه‌‌یی نیشان ده‌دا، شتێك كه‌ كورد پتر له‌ هه‌ر شت پێویستی پێ هه‌یه‌. ره‌شه‌ كانی ئافریقا رێژیمی ئاپارتایدیان هه‌ر به‌م تاكتیكه‌  هێنایه‌ سه‌ر‌ چۆك و ریزه‌كانی خۆیانیان قایم و پته‌و كرد و له‌ ئاكامدا وه‌ك گه‌لێكی وریا بوونه‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و ئازادی. رووسووری و سه‌ربه‌رزی كورد تا رۆژی ئه‌ورۆش  هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌ ئازایانه‌ی  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  كه له‌ ماوه‌ی ئه‌و ٣٠ ساله‌دا(  نا)ی بڵیند و نه‌ترسانه‌یان  به‌ سته‌م و كۆنه‌په‌ره‌ستی  وتووه‌  و، نرخیان بۆ ئه‌و شانازیانش‌ داوه‌ و دڵنیام  كه ئێستاش‌ له‌ كه‌سی قه‌بووڵ ناكه‌ن كه‌ به‌رهه‌می خوێن و خۆراگریان بۆ بزه‌یه‌ك هه‌رزان فرۆشی بكا.

له‌ كۆتایی دا من ده‌ڵێم به‌شداری نه‌كردن له‌م گاڵته‌جاری ڕێژیم دا تۆران نیه‌، ئه‌وه‌ ده‌نگی بڵیندی خۆڕاگری  و وشیاری نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ بێ رێزی  به‌ ماف و كه‌رامه‌ت و داواكانی قه‌بووڵ ناكات و، به‌ دۆست و دوژمن نیشان ده‌دات كوردستان هه‌رده‌م سه‌نگه‌ری ئازادی و مافخوازیه‌ و،له‌ به‌ر ده‌م هیچ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌یه‌ك دا به‌ چۆكدا نایه‌. 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی