"an independent online kurdish website

ئەم کتێبە لە ساڵی ١٨٧٠ و لە نووسینی ئالێکسیس کیڤی نووسەری بەناوبانگی فینلەندی و یەکەم کتێبە کە بە زمانی فینلەندی نووسراوە. نووسەر نزیکەی دە ساڵ خەریکی نووسینی ئەم ڕۆمانە بووەkivi

و باسی ژیانی حەوت برا دەکا لە ساڵانی (١٨٠٠)ەکاندا. ئەم حەوت برا لە ژیاندا تووشی زۆر چەرمەسەری، هەژاری و بێدەرەتانی دەبن. کیڤی لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا ژیانی ئەو حەوت برا لە سێ ناوچەی فینلەند واتە توکووڵاToukola، ئیمپیڤاراImpivaara و یوکووڵاJukola  دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

ئەم کتێبە لە لایەن بەڕێز کاک عەلی خزری لە زمانی فینلەندی زەحمەتی کێشاوەو وەریگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی. جا ئەمەش جێگای سپاس و دەست خۆشانەیە و چاوەڕوانی وەرگێڕانی کتێبی زۆرتر لە کاک عەلی دەکەین. هەر چەند ئەم کتێبە لە ساڵی ٢٠٠٥ چاپ و بڵاو بووەتەوە بەڵام بە هۆی نەبوونی کات ئەو دەمانە نەمتوانی ئەم کتێبە بە تەواوەتی بخوێنمەوە و تاکو ئەم جارە کاتم بۆ ڕەخساو وەرگێڕانە کوردیەکەیم بە تەواوەتی خوێندەوە و لەزەتم لێی برد. جا خۆشی ئەم کتێبە بۆ من ئەوەیە کە لە ساڵانی (٩٠)ەکاندا ئەو دەم کە دوا ناوەندیم لە کۆمڤۆکس KOMVUX* دەخوێند لە سەر ئەدەبیاتی بیانی کە یەکێک لەو شاکارانەی کە دەمان خوێند ئەم ڕۆمانەی “حەوت برا”ی کیڤی بوو. هاوکات لەو دەورانەدا زەنجیرە فیلمی حەوت براش لە کاناڵێکی سویدی پیشان دەدرا. ئەمەش لە خۆیدا بووە هۆی ئەوەی کە زۆرتر ببمە هۆگری ئەم ڕۆمانەی کیڤی.

لە پێشەکی یان کاک عەلی ناوی ناوە”سەرەتا” پاش چەند دێڕ وتەی (ژان لوئی پێڕڕێJean Louis Perret) لە سەرەتای وەرگێڕداروە فەرەنسییەکەی حەوت برا دێنێتەوەو دەنووسێ:

“ئەم بەسەرهاتە تیشک دەخاتە سەر هۆکارەکانی پێشکەوتنی نەتەوی فینلەند لە سەردەمێکی گرینگ لە ئاڵ و گۆڕەکانی مێژوویی. ئەم بەسەرهاتە  بە جوانی ڕوون دەکاتەوە کە چۆن نەتەوەیەکی چکۆڵە بەڵام خۆڕاگر و  بەهێز توانیوییەتی خۆی لە بەرانبەر هاوسێیەکی بەهێز و خاوەندەسەڵات(وەک سۆڤیەتی ئەو کات) بپارێزێ و کلیلی سەربەخۆیی وڵاتەکەی خۆی لە کاتی ئاڵۆزی شەڕی یەکەمی جیهانیدا وەدەست بهێنێ”… وەرگێڕ لە درێژەی باسەکەی دەنووسێ:”یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم بەسەرهاتە ئەوەیە، خوێنەر بەهەر بیرو باوەڕێک  و بۆچوونێکەوە دەتوانێ تام و چێژی تایبەتی لێ وەربگرێ. ئەم بەسەرهاتە دەکرێ چیرۆکی ژیانی تاکە کەسێک، ڕەوتی پلەبەپلەی ژیانی ئینسانێک بێ لە مناڵیەوە هەتا سەردەمی پیری بە حەوت کاراکتێر و کەسایەتی جیاوازەوە. دەکرێ ئەم بەسەرهاتە چیرۆکی سەفەری پێگەیشتنی نەتەوەیەک بێ لە ڕێگەی پڕ کەندو کۆسپی هەل و مەرجە جۆراوجۆرەکانی مێژووی پێگەیشتنی خۆیدا. ئالێکسیس کیڤی لەم بەسەرهاتەدا، زۆر شاڕەزایانە، نەک هەر باسی ژیانی حەوت برا، بەڵکە باسی کۆمەڵێک کاراکتێری نەتەوەیی و باو و نەریت و بیر و باوەڕی جوان و ناحەزی خەڵکی خۆی دەکا”.

ناوی ڕاستەقینەی ئالێکسیس ستێنڤاڵ (Aleksis Stenvall)ه‌ و لە ساڵی ١٨٦٠ نازناوی ئالێکسیس کیڤی بۆ خۆی هەڵبژاردووە. لە ١٠ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٨٣٤ لە گوندی پالویوکیPalojoki لە نۆرمییەرڤیNurmijärvi لە دایک بووە. ناوی باوکی ئێریک ستێنڤاڵErik Stenvall و بەرگدوری گوندەکەیان بووە. بنەماڵەی ستێنڤاڵ پێنج منداڵی بووەو کیڤیش کوڕە بچکۆلەی ماڵ بووە. ئالێکسیس لە تەمەنی شەش ساڵان چووەتە قوتابخانە هەر لە گوندەکەی خۆیان و بە هۆی زیرەکی لە تەمەنی دوانزە ساڵاندا دەینێرنە هێلسینکی بۆ درێژەی خوێندن. له‌ پێشدا کیڤی ده‌یویست ببێته‌ قه‌شه‌، به‌ڵام له‌ زانکۆدا مه‌یلی چوو بۆلای خوێندنی زمان و ئه‌ده‌بیاتی فینله‌ندی و زمانه‌کانی بیانی. ناوبراو هه‌رگیز تێزی له‌ زانکۆ نه‌نووسی له‌ به‌ر ده‌ست کورتی و هه‌ژاری، هه‌رچه‌ند له‌ چه‌ند سمیناری زانکۆشدا به‌شداری کردو سه‌رئه‌نجام وازی له‌ خوێندن هێناوه‌. کیڤی هۆنراوه‌شی هۆنیوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام له‌ لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه‌ ره‌خنه‌یان لێی گرتووه‌و هۆنراوه‌که‌یان به‌ کاڵ و کرچ له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌و له‌و بواره‌شدا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ گه‌رچی ناوبانگی ده‌رکردبوو. وه‌رگێڕ له‌ سه‌ر کیڤی و ساڵه‌کانی دوایی ژیانی ناوبراو وه‌ها ده‌نووسێ:

ساڵه‌کانی دوایی ژیانی کیڤی زۆر دژوار و ناخۆش بوون. له‌ لایه‌که‌وه‌ ئه‌و له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ ناسرابوو هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ کاره‌کانیشی زۆرتر بنه‌وه‌شی ده‌کران و ده‌که‌وتنه‌ به‌ر باس و ڕه‌خنه‌ و پێداهه‌ڵگوتن، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ قه‌رزاری و ئالووده‌بوون به‌ مه‌ی ئازاری ده‌دا. ساڵی 1870 ماوه‌یه‌کی کورت به‌رله‌ زاڵبوونی نه‌خۆسی ڕووحی به‌سه‌ریدا، بۆ دوایین جار به‌سه‌ر کتێبه‌ مه‌زنه‌که‌ی خۆی “حه‌وت برا” دا که‌ له‌ ماوه‌ی نۆ ساڵ خۆی پێوه‌ ماندوو کردبوو، چووه‌ و هێندێکی تری ئاڵ و گۆڕی تێدا به‌دی هێنا”. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌دیبان و شاعیرانی فینله‌ند زۆر دژی بوون و نووسینه‌کانیان به‌ هیچ له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌و ته‌نانه‌ت شاعیری به‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و کات (ئاهلگویست ئۆکسانین) پێشگیریان له‌ فرۆشتنی کتێبه‌کانی کردووه‌. ئه‌و هه‌موو ژان و ئازار و جه‌فایه‌ ساڵی 1870 کیڤیان تووشی نه‌خۆشی بێچاره‌سه‌ری ده‌روونی کرد به‌ چه‌شنێک که‌ ساڵی دواتر ناوبراو به‌ ته‌واوه‌تی عه‌قڵ و هۆشی خۆی له‌ده‌ست دا و دایانه‌وه‌ ده‌ستی براکه‌ی که‌ هه‌تا کاتی مردنی چاودێری لێ بکا و شارداریش که‌مێک یارمه‌تی ماڵیان دا.  ئه‌وه‌ بوو کیڤی له‌ 31ی دیسامبری ساڵی 1872 کۆچی دوایی کرد. له‌ ڕێوڕه‌سمی ناشتنی کیڤی ته‌نیا هه‌ژده‌ که‌س له‌ هاوڕێیانی که‌ له‌ هێلسینکییه‌وه‌ هاتبوون به‌شداریان کرد. ئینجا به‌ هاوکاری لایه‌نگرانی کتێبی حه‌وت برا چاپ و بڵاو کرایه‌وه‌. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک کیڤی بوو به‌ که‌ڵه‌ نووسه‌ر و ناسیونالیستی فینله‌ندی که‌ ئێستا هه‌موو فینله‌ندیه‌کان شانازی به‌ کیڤیه‌وه‌ ده‌که‌ن. زۆر جار له‌ نێو کۆمه‌ڵی کورده‌واریشدا نووسه‌رانی کورد وه‌کو کیڤیان لێی هاتووه‌و پاش مردنیان ئینجا خه‌ڵکه‌که‌ په‌ره‌ستوونیان. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ نووسه‌ر، هونه‌رمه‌ند هتا دوایی له‌ کاتی ژیاندا رێزی لیی بگیری نه‌وه‌ک پاش مردنی پرسه‌ی بۆ بگێڕن و بیکه‌نه‌ قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌که‌یان.

له‌ لاپه‌ڕه‌ی 254 کتێبه‌که کیڤی له‌ سه‌ر بیکاری ته‌مه‌ڵی و کار که‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانه‌ به‌ دیالۆگی برایان وه‌ها ده‌نووسێ:

ئاپۆ….. براینه‌ با ده‌ست پێ بکه‌ین. به‌ ته‌واوی هێزه‌وه‌، ده‌ست به‌ کار بکه‌ین. چوونکه‌ ژیان، یانی کار و تێکۆشان. له‌ ناو کۆمه‌ڵی ئاده‌میزاد، بوونی تاقمێک بێکاره‌ و ته‌وه‌زه‌ل، هیچ مانایه‌کی نیه.

تۆئوماس: قسه‌یه‌کی زۆر جوان و به‌جێت کرد. من ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی تۆ په‌سه‌ند ده‌که‌م. براینه‌ با به‌ قسه‌ی بکه‌ین. چوونکه‌ به‌ڕاست کارێکی باشه‌. به‌ هۆی ئه‌و کاره‌وه‌، زیندو ده‌بینه‌وه‌. دیسان له‌ ناو ئه‌م دارستانانه‌، چاومان به‌ ئاسۆی ژیان ده‌که‌وێته‌وه‌. من رازی و ئاماده‌م.

تیمۆ: منیش ئاماده‌م”….

له‌ دریژه‌ی دیالۆگه‌که‌و لاپه‌ڕه‌ی 300 نووسه‌ر له‌ سه‌ر برایه‌تی و ئاشتی و یه‌کریزی وه‌ها ده‌نووسێ:

… دانیشتوانی ناو هۆده‌که‌ گشتیان هه‌ستان. گه‌نج و لاوه‌کانی تۆوکۆوڵا و کوڕه‌کانی یوکۆڵا، له‌ یه‌ک نیزیک بوونه‌وه‌و ده‌ستی ئاشتی و برایه‌تیان له‌ناو ده‌ستی یه‌کتر نا. له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ستی یه‌کتریان به‌ گه‌رمی ده‌گوشی، به‌ ناڕه‌حه‌تی ده‌یانڕوانییه‌ یه‌کتر، به‌ڵام برایه‌تی و خۆشه‌ویستی له‌ناویاندا به‌دی هات”…

له‌ کۆتاییدا نامه‌وێ وه‌رگێڕانه‌که‌ هه‌ڵسه‌نگێنم یان هه‌ڵه‌ ده‌ست نیشان بکه‌م به‌ڵام ڕێز و سپاس بۆ کاک عه‌لی خزری که‌ ئه‌م کتێبه‌ی وه‌رگێڕاوه‌ و له‌ دووره‌وه‌ پیرۆزبایی لێ ده‌که‌م، هه‌رچه‌ند چه‌ند ساڵێکی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌ و بۆ من نوێیه‌.‌

Hamid-teymuri

حه‌مید ته‌یموری

سوێد 12 ـ 6 ـ 2013

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی