شه‌وێکی کپ و بێده‌نگ تاریکستانێکی گیا ره‌شی به‌هار مه‌یدان مینه‌کانمان به‌جێ هێشت و له چڕ و هه‌ڵدێره‌کانی شاهۆوه به سه‌ر پزگه به‌فره‌کاندا له‌به‌لا بوینه‌وه بۆ دۆڵێک که له به‌رزترین لوتکه‌ی شاهۆوه به‌ره‌وخوار ده‌بویه‌وه بۆ ده‌شتی شاره‌زور (پشت گوندی گوڵه‌خانه) .
ئه‌م دۆڵه ریزه ئه‌شکه‌وتێکی لێبو که بۆ بنکه‌ی پارتیزانه‌کان شوێنێکی کونجاو و له‌بار بو، هه‌ر بۆیه بنکه‌ی حسک و شوعی و قه‌رارگای ره‌مه‌زانی لێ جێگیر ببو،زۆر به ئه‌حتیاته‌وه خۆمان گه‌یه‌نده یه‌کێک له ئه‌شکه‌وته‌کان که ئه‌نباری ته‌قه‌مه‌نی و خواردنی حسک بو،شوێنه‌که که‌مێک چه‌په‌ک و لا ڕی بو که‌سانی تایبه‌ت هاتوچۆی ئه‌م ئه‌شکه‌وته‌یان ده‌کرد ،هه‌ر به شه‌وه‌که‌ی هندێک خواردن و ئاویان بۆ ئاماده‌کردین بۆ ئه‌وه‌ی به رۆژ هاتوچۆی ئێره نه‌بێته جێگای گومانی پاسداره‌کانی قه‌رارگای ره‌مه‌زان.
ئه‌و رۆژه‌ی که له‌وێ بوین ئاگادار کراینه‌وه که پێشمه‌رگه‌یه‌کی دابڕاوی حدکا لای براده‌رانی حیزبی شوعیه و ده‌ی هه‌وێت بێته لامان.عه‌زیز جوانرۆی که پێشمه‌رگه‌یه‌کی به ته‌مه‌ن بو، بیست رۆژ پێشتر له گه‌ل هێزه 800 که‌سیه‌که‌ی حدکا له پێبناری سورێن دابرابو ، پاشان روی له شاحی سورێن کردبو و سه‌ری له مه‌قه‌ری شوعیه‌کانه‌وه ده‌رچوبو( مه‌قه‌ری شوعیه‌کان له لای خواروی دۆڵه‌که‌وه بو ،بۆیه خاڵۆ عه‌زیز به‌خت یاوه‌ری ببو لای شوعیه‌کان گیرسابویه‌وه ، به بێ ئه‌وه‌ی پاسداره‌کان هه‌ستی پێ بکه‌ن) .
ئێواره دره‌نگانێک یه‌که یه‌که له ئه‌شکه‌وته‌که ده‌رکه‌وتین و له شوێنێکی نه‌دیو و دور له چاوی پاسداره‌کان یه‌کمان گرته‌وه و به خاڵۆ عه‌زیزیشه‌وه درێژه‌مان به رێگا دا.رێگایه‌کی لا به لا و پڕ له مینی جۆراجۆر.چاوساق هه‌نگاو به هه‌نگاو رێنوێنی ده‌کردین و ئاگای لێمان بو.تاریک و رونی ئێواره له لوته شاخێکه‌وه هاتینه دیوی سه‌یدسادق به لای شانه‌ده‌ریدا. له دامێنی شاخه‌که و پێ ده‌شتی لای سه‌یدسادق ئاسه‌واری گوندێکی روخاوی سالێ 1976 له دوره‌وه به‌دی ده‌کرا که شوێنی مه‌به‌ستی ئه‌م شه‌وی ئێمه بو ، ده‌بو له‌وێ چاوه‌روانی(له‌و گونده روخاوه) که‌سی شآره‌زابین که له‌لای سلێمانیه‌وه بێته لامان.
لێره به‌وڵاوه چاوساقه‌که‌مان به‌جێێ ده‌هێشتین و رێنمامان ده‌بو به‌که‌سێکی دیکه‌ی شآره‌زای ئه‌م ده‌وه‌ره ،له رێگای بێسیمه‌وه له زه‌رایه‌نه‌وه رێنوێنی ده‌کردین. له لوتکه‌ی شآخه‌که بۆ خواره‌وه له ژێر چاوه‌دێری هێزه‌کانی ئێراقدا بو ،بۆیه تاتاریک داهاتن له لوتکه‌ی شاخه‌که ماینه‌وه و پاشان له چاوساقه‌که‌مان ماڵئاوایمان کرد و ئه‌و به‌ره‌و دواوه گه‌رایه‌وه و ئێمه‌ش درێژه‌مان به رێگا دا.
له هه‌ڵدێر و سه‌ختای شآخه‌که که ده‌رباز ده‌بوین ده‌بو به نێو دۆڵێکی ئاران و داپۆشراو به گژ و گیای به‌هاری وچێنراو به مین خۆمان بگه‌یه‌نینه گونده‌که. ئه‌م گونده کاتی خۆی که هێزه ئه‌نفال که‌ره‌کانی به‌عس ته‌قاندویانه‌ته‌وه بانه چیمه‌نتۆ کراوه‌که‌ی مزگه‌وت به‌ساقی که‌وتوه‌ته خوار و له گۆشه‌یه‌که‌وه بۆشاییه‌کی تێکه‌وتبو که دواتر بوه‌ته شوێنی لێقه‌وماوان و رێبوارانی ئه‌م ده‌وه‌ره،به پێی رێنوینی چاوساقه‌کان ده‌بو ئێمه له‌م شوێنه(له ژێر مسه‌له‌حی مزگه‌وته روخاوه‌که) چاوه‌روانی که‌سی شاره‌زا بین که بێته لامان.شاره‌زای لای زه‌رایه‌ن له رێگای بێسیمه‌وه هه‌نگاو به هه‌نگاو رێنوێنی ده‌کردین و نه ده‌بو هه‌نگاوێک له رێنوێنیه‌کانی لابده‌ین، سه‌د هه‌نگاو لابه‌لا ده‌گه‌نه تاقه دارێک له لای داره‌که راست به‌ره‌و خوار ده‌گه‌نه ئاو درێک،به‌نێو ئاودره‌که دا ده‌گه‌نه به‌رزاییه‌کی نیو متری ،به‌لای ده‌ستی راست دا ریزه به‌ردێک وه‌ک به‌رده‌بازی نێو ئاو ریز کراون له نێو مه‌یدانی مینه‌کان ،به‌سه‌ر به‌رده‌بازه‌کاندا ده‌گه‌نه یه‌که‌م ئاسه‌واری ماڵی روخاوی گونده‌که ، به نێوان ماڵه روخاو و ئاودره‌که‌دا دێنه سه‌ر مزگه‌وته روخاوه‌که و له گۆشه‌ی لای خوارو وشکه که‌ڵه‌کێک هه‌ڵچنراوه و کونایه‌کی بچوک بۆ چونه‌ژوره‌وه هه‌یه ، له‌وێ ده‌مێننه‌وه تا دێینه لاتان ونابێت دوو میتر دور بکه‌ونه‌وه.
ئه‌مه ئه‌و رێنماییه بو که له رێگای بێسیمه‌وه ده‌بو له‌و تاریکستانه له به‌رچاوی بگرین و که‌مته‌رخه‌می نه‌که‌ین،( پێشتر له هه‌ورامان له مه‌ئموریه‌تێک دا من چاوساقی تیمێک بوم له‌شه‌وێکی تاریک و له نێو دارستانێکی چڕدا هه‌ستم کرد که له نێو مه‌یدانی مینداین،به هاورێیانم وت هاورێیان هه‌وڵ بده‌ن پێ بنێنه جێگا پێی من و خۆ بپارێزن له ره‌شای نێو پوشه‌که ،چه‌ند هه‌نگاوێک دوا تر کا‌ک جه‌زا ساڵحی جێ پێکه‌ی منی نه پێکا و که‌وته سه‌ر مین و به‌داخه‌وه لاقی له‌ده‌سدا) بریارمان داب‌و هه‌وڵ بده‌ین هه‌م جێ پێیه‌کان گم نه‌که‌ین و هه‌میش فاسڵه بگرین له ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی مین که‌مترین زیانمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بریندار راگوێزین.به‌پێی ئه‌زمون و شاره‌زای له سه‌ر مین و پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی لێره‌ش من بومه پێش قه‌ره‌وڵ و ده‌مه‌و به‌یانی گه‌یشتینه شوێنی مه‌به‌ست.
ئه‌م شوێنه جێگای دوو تا سێ که‌س ده‌بویه‌وه که‌چی ئێمه یازده که‌س دوو رۆژ و سێ شه‌و خۆمان خزاندبوه ناو ئه‌م کونه.شوێنه‌که‌مان له نێوان به‌ره‌ی شه‌ری ئێران و ئێراقدا هه‌ڵکه‌وتبو،دوو هێزی داگیرکه‌ر به راده‌یه‌ک له‌یه‌ک نزیک که‌وتبونه‌وه که به چه‌کی سوک ته‌قه‌یان له یه‌کتر ده‌کرد، بێجگه له‌وه‌ش به‌رده‌وام به چه‌کی قورس و دورهاوێژ سه‌نگه‌ره‌کانی یه‌کتریان ئاورباران ده‌کرد، سه‌ر و کورتی ئاوری چه‌که دورهاوێژه‌کانی هه‌ر دوو لا ئێمه‌ی ده‌گرته‌وه،بۆیه کونای چونه‌ژوره‌وه‌ی شوێنی مانه‌وه‌مان به به‌رد هه‌ڵچنی بو، شوێنی مانه‌وه‌که‌مان له ژێر چاوه‌دێری دوو لایه‌نی شه‌رکه‌ر دا بو،به‌تایبه‌ت هه‌ڵکه‌وتی شوێنه‌که بۆ پێشره‌وی دوو لایه‌ن له‌بارو ته‌نها رێگای به‌ره‌و پێش چون ده‌ورو به‌ری ئێمه بو .
ده‌بو به ته‌واوی ئه‌حتیات بکه‌ین ،رۆژانه که‌متر ده‌هاتینه ده‌ر و له ئه‌گه‌ری ناچاریش دا خۆمان به گژ و گیا داده‌پۆشی و به سینگه خشکێ ده‌هاتینه سه‌ر کانیه‌که‌ی نزیکمان،شه‌وانه‌ش له به‌ر ئاوری چه‌که دوورهاوێژه‌کان پێمان نه‌ده‌کرا زۆر له ده‌ره‌وی کوناکه بمێنینه‌وه و به‌رده‌وامیش ترسی جوڵه‌ی هێزه‌کانی هه‌ر دوو لامان له‌سه‌ر بوو. شوێنه‌که‌مان زۆر به‌رته‌سک بو به زۆر خۆمان خزاندبوه پاڵ یه‌ک،سه‌رما و ئه‌و شێوه دانیشتنه به‌رده‌وامه ناچارییه کاری تێکردبوین و ته‌واوی جه‌سته‌مان ره‌ق هه‌ڵگه‌رابو،بێ خوارده‌مه‌نی و برسیه‌تیش سه‌ر بار بو .
به پێی به‌رنامه‌ی دیاری کراو ده‌بو شه‌وێک بمێنینه‌وه بویه خواردنی شه‌وێکمان هه‌ڵگرتبو (ئه‌گه‌ریش زیاتر بماینه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌نده خواردنمان ده‌س ده‌که‌وت که ئه‌وه‌ش هاورێیانی حسک له خۆیان گرتبوه‌وه )پاش شه‌و و رۆژێک به ته‌واوی خواردنمان لێ برابو ،په‌نامان برده به‌ر گژ و گیا(کوزه‌ڵه‌ی زۆر وزه‌به‌نی ده‌وروبه‌ری کانی فریامانکه‌وت) که ئه‌وه‌ش ترسی شیمیای له‌سه‌ر بو له لایه‌کی تریش ئه‌و ناوه به مین چێنرا بو وه له‌ژێر گژ و گیای به‌هاریدا داپۆشرابون.
من و کا‌ک که‌ریم هندێک له جیره وشکه‌که‌ی هلیکوپته‌ره‌که‌ی هاوارمان پاشه‌که‌وت کردبو، ژه‌مه خواردن هه‌رکه‌سه‌و چه‌ن دنکه کشمیش و پسته و هه‌نجیرێکمان دابه‌ش ده‌کرد.له‌و کاته ناله‌بار و پڕ مه‌ترسیه‌دا جارجارێک بۆ خۆ ده‌رباز کردن له‌و هه‌موه دڵه‌راوکێ و مه‌ترسیانه په‌نامان ده‌برده به‌ر گاڵته‌و گه‌پ ،خالۆ برزو میتران و خالۆ سه‌عای جه‌لالی به قسه خۆشه‌کانیان ده‌بونه هۆی گۆرینی وه‌زعه‌که ، کا‌ک که‌مال دشه‌یی که له باری جه‌سته‌یه‌وه‌له هه‌مومان که‌ڵه‌گه‌ت تر بو به‌ئه‌ندازه‌ی دوو که‌س جێگای ده‌گرت ،له نێوان خالۆ برزو خالۆ سه‌عا دانیشتبو جار جارێک له هه‌ردوو لاوه یه‌کی سیخورمه‌یه‌کیان ده‌سپرانده بنده‌سی کا‌ک که‌مال و ده‌یانوت جوان دانیشه، جێگای دوو که‌ست داگیر کردوه و به ئه‌ندازه‌ی دوو که‌سیش خۆت پان کردوه‌ته‌وه.
کا‌ک که‌مالیش هندێک سه‌ر و سینگی خۆی ده‌جوڵاند و وای نیشانده‌دا که خۆی کۆ کردوه‌ته‌وه وجیگای خاڵی کردوه که چی مه‌جالی جوله‌ی لاقه‌کانی نه‌بو .خالۆ برزو ده‌یوت کا‌ک که‌مال تۆ ئاگای دیموکراسی نازانیت،ئه‌وه‌تا ئێمه هه‌رکام که‌متر له دوو بست شوێنمان گرتوه که چی تۆ زیاتر له پێةج بستت دابریوه بۆ خۆت(بوی بست ده‌کرد).کا‌ک که‌مال قه‌لس ده‌بو و خۆی راده‌کێشا بۆ لای کوناکه و ده‌ی وت ده‌چمه ده‌رێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م پرته و بۆله‌یه نجاتم ببێت، تۆپێک لیمدا له‌و وه‌زعه باشتره،ئه‌وجار تێکرا هاوارمان له کا‌ک که‌مال ده‌کرد ،بۆ کوێ __ به ته‌مای به‌زمه‌که‌ی عه‌بابه‌یلێمان به‌سه‌ر بێنیت و لێره‌ش ئاشکرامان بکه‌یت،خۆ له ده‌رێ به ئه‌ندازه‌ی ره‌ش ده‌وارێک تاپۆ ده‌ده‌ی.ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی سامناک له ده‌ور و به‌رمان باسه‌که‌ی پێ ده‌برین و ده‌گه‌راینه‌وه سه‌ر وه‌زعه‌که‌ی پێش‌و.
قه‌رار بو شه‌وێک لێره بمێنینه‌وه و هاورێیانی په‌یوه‌ندی و کومیته‌ی هه‌ورامان کار ئاسانیمان بۆ بکه‌ن و بێن به ده‌ممانه‌وه،وادیار بو هاورێیان هه‌وڵی خۆیان داب‌و به‌ڵام ئێراقیه‌کان کۆسپیان دروست کردبو .له لایه‌کی تریشه‌وه ئێراق هیزێکی زۆری له ناوچه‌که مۆڵ داب‌و بۆ پێشگیری له به‌ره‌و پێش چونی هیزه‌کانی ئێڕان و به‌رپرسانی ئێراقی بۆ خۆشیان نه‌یانده‌زانی ئه‌و یه‌که‌یه‌ی ئه‌رته‌شی ئێراق له ده‌ورو به‌ری ئێمه‌یه سه‌ر به کام فه‌وج و لیواو و فیرقه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری چونی ئێمه‌یان بکه‌ن،هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌م له عه‌ربه‌ت بۆ سه‌ره‌وه (سه‌ید سادق ،هه‌ڵه‌بجه ،شاره‌زور)ببوه مه‌یدانی شه‌ر و دانیشتوانه‌که‌ی به‌گشتی راگوێزرابون و هیچ که‌سێکی ئه‌هلی نه‌ی ده‌توانی هاتو چۆی ئه‌و ناوه بکات بۆیه هاورێیان کۆسپی زۆریان بۆ دروست ببو ،چاوه‌روانی ئه‌وه‌یان کردبو که به‌رپرسانی ئێراقی کارئاسانیان بۆ بکه‌ن که چی ئه‌وانیش له‌و شپرزه‌ییه‌ی خۆیان ده‌سی ده‌سیان پێ کردبون.
ئه‌و ماوه‌یه که له‌وێ مابوینه‌وه ترس و دڵه‌راوکێیه‌کی زۆرمان هه‌بو له دوا ساته‌کاندا به‌ته‌واوی بێ هیواببوین و له رێگای بێسیمه‌وه که‌وتبوینه وه‌سیه‌ت کردن بۆ هاورێیانمان له زه‌رایه‌ن.ئێواره‌ی 12 ی نه‌ورۆز هاورێیان له زه‌رایه‌نه‌وه په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ل گرتین و به‌ڵێنیان پێمان دا که بۆ به‌یانی کاتژمێر نۆ که‌سی چاوساق دێته لامان.ئه‌و ماوه‌یه ده‌یان جار له‌م قه‌ول و به‌لێنانه‌مان بیستبو که چی هه‌مویان بێ ئاکام بون،بۆیه ئه‌م به‌ڵێنه‌ش جێگای هیوا نه‌بو، بۆیه داوامان کرد له گه‌ل کا‌ک غه‌فور هه‌مزه‌یی ( به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌کان)و کا‌ک سه‌ید ره‌زا( به‌رپرسی کومیته‌ی هه‌ورامان) بۆ هندێک راسپارده‌ی حیزبی و کار‌و باری تایبه‌تی بۆ دواجار( پێمان وابو له دواساته‌کانی ژیان داین) قسه بکه‌ین،ته‌ماسی دوای هه‌ردو به‌رێزان هاتنه سه‌ر خه‌ت و هه‌ولیان ده‌دا له بێ هیوای و وره روخاوی ئێمه، وره و هیوامان پێ بده‌ن.
کا‌ک غه‌فور وتی هاورێیان کێشه‌که‌مان تائێستا ئه‌وه بو که ئێراقیه‌کان بۆ خۆشیان نه‌یانده‌زانی ئه‌و یه‌که‌یه‌ی لای ئێوه سه‌ر به کام فه‌وج و لیوایه که‌کارئاسانیمان بۆ بکه‌ن،ئێستا کێشه‌مان نه‌ماوه و به‌یانی بۆ خۆم له‌گه‌ل به‌رپرسێکی ئیراقی دیین به‌ره‌و سه‌یدسادق و به‌ڵێنی ئه‌مجاره سه‌د له‌سه‌ده و هه‌رچۆنێک بوه ئه‌م شه‌ویش ده‌وام بکه‌ن،له درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی ئه‌م شه‌و ئه‌رته‌شی ئێراق به نیازه هیرش بکات بۆ گرتنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه، ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتوبن ئه‌وا ئێوه ده‌که‌ونه پشتی به‌ره‌ی شه‌ر و کاره‌که‌مان ئاسانتر ده‌بێت و ئه‌گه‌ریش سه‌رکه‌وتو نه‌بون ئه‌وه ده‌گه‌رێنه‌وه شوێنه کۆنه‌که‌ی خۆیان که کار ئاسانی بۆ کراوه بۆ به‌یانی کاتژمێر نۆ ده‌وام بکه‌ن.دوای په‌یوه‌ندیه‌که ترس و دڵه‌راوکێی ئێمه زیاتر بو.هه‌رچۆنێک بو خۆمان ئاماده‌کرد بۆ هێرش و مه‌ترسیه‌کانی سه‌ر خۆمان .تانزیک کاتژمێر چواری به‌یانی بێ جوڵه‌و بێده‌نگ له چاوه‌روانی هێرشدا دڵه‌ته‌په‌مان بو(ده‌یان مه‌ترسی مان له‌سه‌ربو ته‌نانه‌ت په‌رینه سه‌ری تانکێک له سه‌ر بانه روخاوه‌که‌ی مزگه‌وت).
تاریک و بومه‌ڵێڵی به‌یانی گویمان له ده‌نگی پێ و وره وری کاسانێک بو له‌ده‌وری که‌لاوه‌ی مزگه‌وته‌که . به ته‌واوی هه‌ستمان راگرتبو ،له نێو کونایه‌ک که هیچ جێگایه‌کمان لێوه دیار نه‌بو چاوه‌روانی چاره‌نوسی نادیارمان ده‌کرد.پاش ماوه‌یه‌ک زانیمان کۆمه‌ڵه که‌سانێک به‌ده‌وری که‌لاوه‌ی مزگه‌وتدا ده‌خولێنه‌وه به کوردی قسه ده‌که‌ن ،یه‌کێکیان ده‌یوت کوناکه ئاله‌م ده‌وره‌یه به‌ڵام نایدۆزمه‌وه(پێشتر ئێمه دیوار و به‌رده‌که‌مان به‌شێوه‌یه‌ک به گژ و گیا داپۆشیبو بۆ ئه‌وه‌ی ئاسه‌واری ئه‌م کونایه دیار نه‌بێت).دواجار زانیمان که ئه‌مانه‌ش به‌شوێن ئه‌م کونه‌دا ده‌گه‌رێن و دورناکه‌ونه‌وه ،بۆیه له‌و دیو دیواره‌که‌وه ده‌نگمان دان و وتمان نه‌جوڵێن ده‌نا هه‌موتان کوژراون(تێلا به‌ده‌ستێک ده‌ی توانی هه‌مومان چه‌ک بکات)،وه‌لامیان دایه‌وه لێقه‌وماوی هه‌ڵه‌بجه‌ین.
به‌رده‌کانی ده‌م کوناکه‌مان لاداو و خۆمان کێشایه ده‌ره‌وه و له‌گه‌لیان تێکه‌ڵ بوین.ئه‌مانه کۆمه‌لێک که‌سی بێ چه‌کی غه‌یره هه‌ڵه‌بجه‌ی سه‌ر به ده‌مو ده‌سگاکه‌نی ئێراق بون و چه‌ن که‌سێکیان خه‌ڵکی سه‌یدسادق و ته‌نانه‌ت کاتی خۆی دانیشتوی ئه‌م گونده بوون .دوو که‌س له‌مانه وتیان ئێمه شاره‌زای ئێره‌ین و ده‌توانین خۆمان بگه‌یه‌نینه پشت سه‌نگه‌ره‌کانی جه‌یشه‌که و به‌یانی به رون بونه‌وه‌ی هه‌وا له پشته‌وه دێینه لای عسکه‌ره‌کان و داوای یارمه‌تی بۆ خۆمان و ئێوه‌ش ده‌که‌ین ، هه‌مومان ناتوانین به‌م شه‌وه تاریکه به‌نێو مینه‌کاندا ده‌رباز ببین، بۆیه ئه‌م هارێیانه‌ی ئێمه لای ئێوه ده‌مێننه‌وه تا ئێمه ده‌گه‌رێینه‌وه .ئه‌وان رۆیشتن و ئێمه‌ش چاوه‌روان ماینه‌وه.ده‌وروبه‌ری کاتژمێر حه‌وتی به‌یانی ئه‌و دوو که‌سه گه‌رانه‌وه و وتیان بیست خوله‌ک کاتیان پێداوین که خۆمان بگه‌یه‌نینه ئه‌و ته‌پۆڵکه‌یه که عه‌سکه‌ری لێیه.
بیست خۆله‌ک بۆ هاتن و گه‌رانه‌وه ، ده خۆله‌کی مابو که ده‌بۆ زۆر به په‌له رێکه‌وین ،بیست و پێنج که‌س به ریز به دوای یه‌کدا به نیو ئاودره‌که دا که به‌شیکی به کۆڵه بی و گژ و گیا داپۆشرابو رێکه‌وتین. په‌رپرسانی یه‌که سه‌ربازیه‌که‌ی ئێراق به سه‌ربازه‌کانی خه‌تی پێشه‌وه‌یان راگه‌یاندبو که جه‌ماعه‌تێک چه‌ک دار و بێ چه‌ک خۆیان ته‌سلیم ده‌که‌ن. عه‌سره‌ره‌کانی سه‌رته‌پۆڵکه‌که به‌گشتی سه‌ریانکێشابوه ده‌ر و مه سیری دیاریکراوی ئێمه‌یان خستبوه ژێر چاوه‌دێری.به‌م به‌ره‌وه هێزه‌کانی ئێرانیش ئه‌و جم‌و جوڵه‌ی ئێراقیه‌کانیان هه‌ستپێکرد و وه خۆکه‌وتن.
له‌نیوه‌ی رێگا هێزه‌کانی ئێران زانیان به‌ئێمه‌و سه‌ره‌تا به چه‌کی سوک و دواتر به چه‌کی قورس ئه‌و ناوه‌یان ئاور باران کرد.هه‌ر چۆنێک بو خۆمان ده‌رباز کرد بۆ پشت ته‌پۆڵکه‌که و له هێزه‌کانی ئێرانه‌وه نه‌دیو بوین،بۆیه هێزه‌کانی ئێران که‌وتنه ئاور بارانی ته‌پۆڵکه‌که به چه‌کی قورسی جۆر وا جۆر.له ژێر ره‌هێڵه‌ی ئاوربارانی توندی ئێرانیه‌کاندا خۆمان گه‌یانده یه‌که‌م عه‌سکه‌ری ئێراق.وادیار بو کابرای سه‌یدسادقی به ئێراقیه‌که‌نی وتبو خۆیان ئێراقی بی چه‌ک و جه‌ماعه‌تێکی مه‌عارزه‌ی ئێرانی دێن خۆیان ته‌سلیم ده‌که‌ن، بۆیه ئێراقیه‌کان دوو شوێن و دوو که‌سی تایبه‌تیان راسپاردبو که خۆمانیان پێ بناسێنین.
کاتێک گه‌یشتینه له‌ی عه‌سکه‌ره‌کان وتیان ده‌بێ چه‌کداره‌کان بچنه سه‌ره‌وه‌ی ته‌پۆڵکه‌که و خۆتان بناسێنن به زابتی به‌رپرس .شوێنی قسه و باس و دواکه‌وتن نه‌بو،له لایه‌ک ته‌پۆڵکه‌که له ژێر ئاوری تۆپخانه‌ی ئێران‌دا ده‌کوڵا و له لایه‌کیش عه‌سکه‌ری توڕه و ته‌وسن ده‌س له‌سه‌ر به‌له‌پیتکه‌ی چه‌که‌کانیان ئه‌ماده‌ی ته‌قه کردن بون لێمان، به ناچار له ژێر ره‌هێڵه‌ی ئاوری تۆپخانی توند دا سه‌رکه‌وتین بۆ سه‌ر ته‌پۆڵکه‌که.من و کا‌ک که‌مال و کا‌ک عه‌بدولکه‌ریم گه‌یشتینه شوێنی دیاری کراو،دور و نزیک زابته‌که ده‌ستوری دا به عه‌سکه‌ره‌کان که چه‌که‌کانمان لێ وه‌رگرن.
به ئیشاره‌ی عه‌سکه‌ره‌کان چه‌که‌که‌م نایه سه‌ر عه‌رزه‌که و ده‌ستم برد بۆ ترازاندنی فانسقه‌ی دراغه‌کان،له نێو ته‌قینه‌وه‌ی گوله تۆپه یه‌ک له دوای یه‌که‌کان گویم له ته‌قینه‌وه‌یه‌کی جیاواز بو ،ئاورم دایه‌وه به‌ره‌و دوا و به هاورێکانم وت ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه ته‌قینی مین بو،دواتر گویمان له‌ده‌نگی هاورێیانمان بو که‌داوای یارمه‌تییان لێ ده‌کردین.له گه‌ل کا‌ک عه‌بدولکه‌ریم به‌ره‌و هاورێیان گه‌راینه‌وه، به بێگوێدانه ئه‌رجه‌ع ئه‌رجه‌عی عه‌سکه‌ره‌کان و ترسی مین و تۆپخانه خۆمانگه‌یانده شوێنی روداوه‌که .
خالۆ برزو میتران که له‌ئاخری سه‌فه‌که‌وه بو که‌وتبوه سه‌ر مین و به توندی بریندار ببو موزه‌فه‌ری کوری و کا‌ک که‌ریم که له به‌ر و دوای خاڵۆ برزوه‌وه ببون به سوکی بریندار ببون.به‌په‌له خاڵۆ برزومان هه‌ڵگرت و له دڕناله به‌ردێکی داوێنی ته‌پۆڵکه‌که‌دا جێگامان کرده‌وه.
له‌و کاته‌یدا که سه‌رگه‌رمی پێچانی برینی خاڵۆ برزو بوین کا‌ک غه‌فور هاته سه‌ر هێڵی بێ‌سیم و به گه‌رمی هه‌واڵی پرسین و وتی ئه‌وه له سه‌یدسادقین و کار‌و باره‌کان جێ به جێ کراون و خۆتان ئاماده بکه‌ن ئه‌وه نه‌فه‌ر به‌رێوه‌یه دێته لاتان.کا‌ک غه‌فور زۆر خۆشحاڵ و به‌په‌له بو له‌وه‌ی سه‌رئه‌نجام توانیویه‌تی کارێکمان بۆ بکات و به پیرمانه‌وه بێت و مژده‌ی ده‌رباز بونمان پێ بدات، مه‌جالی قسه‌کردنی ئێمه‌ی نه‌ده‌دا و پاش قسه‌و باسه‌که‌ی خۆی ، ئێمه‌ش وه‌زعه‌که‌ی خۆمانمان بۆ باس کرد و رامان گه‌یاند پێویستی تایبه‌تی ئێستامان گه‌یاندنی هه‌رچی زوتری خاڵۆ برزویه بۆ نه‌خۆشخانه.ئه‌و ماوه‌یه که‌له ژێر که‌لاوه‌ی مزگه‌وته‌که بوین جار جارێک چاومان له ماشینێکی عه‌سکه‌ری بو که به‌په‌له خۆی ده‌گه‌یانده پشت ته‌پۆڵکه‌که یان ده‌گه‌رایه‌وه، هه‌رکاتێک گوێمان له ره‌هێڵه‌ی تۆپخانه بوایه ده‌مان زانی ئه‌وه ماشینه‌که دێت یا ده‌گه‌رێته‌وه.ئێستا که پاش ده‌یان کۆسپی پڕ مه‌ترسی گه‌یشتوینه‌ئێره خه‌می ده‌رباز بونی ئاور بارانی ئه‌م ماشینه‌مانه که ده‌بێ ئێمه ده‌رباز بکات(چه‌ندین ماشین له‌سه‌ر به‌ناو ئه‌م جاده‌یه که‌وتبونه به‌ر ئاوری تۆپخانه و سوتابون،یان له کارکه‌وتبون) .
پاش ماوه‌یه‌کی کورت ته‌پ تۆزی ماشینێکی زیل ئه‌و ناوه‌ی داگرت که به‌ره‌و ئێمه ده‌هات،چاومان برێبوه ماشینه‌که بۆ ئه‌وه‌ی بزانین که ی ده‌که‌وێته ژێر ڕه‌هێڵه‌ی ئاوری تۆپخانه،پاش که‌مێک به‌بێ دژ کرده‌وه‌ی هێزه‌کانی ئێران ماشینه‌که گه‌یشته لامان.کابرای لێخوری ماشینه‌که وتی چه‌ک داره‌کان سوار بن(مه‌به‌ست ئێمه بوین و ئێراقیه‌کان بۆیان نه‌بو سوار بن)،ءیراقیه‌کان هه‌وڵیاندا که لانی که‌م که‌سێکیان له‌گه‌ل ئێمه بێت بو ئه‌وه‌ی خۆی بگه‌یه‌نیته شوێنی مه‌به‌ست بۆ ده‌رباز کردنی ئه‌وانی تر به‌ڵام کابرای لێخور مه‌جالی نه‌دا و یازده چه‌کی ژمارد به یازده که‌سه‌وه.هه‌ر چۆنێک بو له پشت ماشینه‌که جێگایه‌کمان بۆ خاڵۆ برزو خۆش کرد و ماشین به په‌له گه‌رایه‌وه.ئه‌و جار خه‌می گه‌رانه‌وه‌ی ماشینمان بو ،پێمان وابو هێزه‌کانی ئێران خۆیان ئاماده‌کردوه بۆگه‌رانه‌وه‌ی ماشینه‌که .پاش ماوه‌یه‌ک ترس و دڵه‌خورپه به بێ ئاوربارانی تۆپخانه دورکه‌وتینه‌وه و ترسی ئاوربارانمان له‌سه‌ر نما.
کا‌ک غه‌فور به سێ ماشینی لاندکروزره‌وه چاوروانمان بو ،به‌شی خواردنی سی که‌سیان بۆ هێنابوین،به‌گه‌یشتنمان به‌ره‌و پیرمان هاتن و هه‌ر دوو لا ده‌سته‌ملانی یه‌ک بوین .کابرایه‌کی کۆت و شه‌رواڵی له دوره‌وه سرنجی دابوین که بۆئێمه نه‌ناسراو بو، بۆیه پرسیارمان کرد و کا‌ک غه‌فور وتی ئه‌وه به‌رپرسی په‌یوه‌ندی ئوپوزسیونی ئێرانیه‌کانه و له‌و ماوه‌یه‌دا من هینده به‌رۆکم گرتوه و بۆده‌رباز کردنی ئێوه شه‌و و رۆژم لێ تاڵ کردوه و باسی قاره‌مانی و فیدا کاری ئێوه‌م بۆ کردوه وتویه شه‌رت بێ بۆ خۆم له‌که‌رکوکه‌وه له گه‌ڵت بێم بۆ دیتنی ئه‌م که‌سانه‌ی که وا تۆ شاخ و باڵت پێداون.
له‌درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی جارێک پێی وتووم کاکه ئێمه 15 هه‌زار عه‌سکه‌ریه‌مان له هه‌ڵه‌بجه تێدا چو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م یازه‌ده که‌سه‌ی ئێوه سه‌رئێشه‌و خه‌ممان نه‌خواردون،وابزانن ئه‌م یازده که‌سه‌ی ئێوه‌ش وه‌ک پازده‌هه‌زار که‌سه‌که‌ی ئێمه تێداچون،منێش وتومه ئه‌مانه‌ی ئێمه دوهێنده‌ی ئه‌وانه‌ی ئێوه فێداکاری و له خۆبورده‌ییان هه‌بوه،ئه‌وانه‌ی ئێوه له‌یه‌که‌م ساته‌کانی شه‌ردا به‌ره‌نگارییان نه‌کرد و خۆیان دا به‌ده‌سته‌وه ،ئه‌وانه‌ی ئێمه شه‌ری سه‌رو ماڵیان کردوه و خۆیان نه‌داوه به‌ده‌سته‌وه.
بۆیه ئه‌وانه شایانی ئه‌وپه‌ری رێزن بۆ ئێمه و ده‌بێ هه‌وڵی ده‌رباز کردنیان بده‌ین.پاش ئه‌م قسانه‌ی کا‌ک غه‌فور سرنجێکی خۆم و هاورییانمدا که ئه‌و شاخ و باڵه‌ی کا‌ک غه‌فورمان لێوه دیار نه‌بو،( که‌سه‌کان ئه‌مانه بوین 1 خالۆ برزو به‌ته‌مه‌ن و که‌م ئه‌ندام که جار جار به کۆڵ ده‌مانهێنا 2 خالۆ سه‌عای جه‌لالی به‌ته‌مه‌ن 3 خاڵۆ عه‌زیز جوانرۆی به ته‌مه‌ن 4 که‌مال عه‌بدوڵازاده 5 عه‌بدولکه‌ریم جه‌لالی 6 خکمه‌ت میتران 17 ساڵه 7 نه‌قی شه‌ره‌کانی بێ لاق 8 ئه‌کبه‌ر خودامرادی بێ لاق 9 موزه‌فه‌ر میتران 10 که‌ریم حوسه‌ینی 11 مه‌نسور) جیا له‌وه‌ش سه‌رو بیجی ماندو قوراوی هیلاک نیشانه‌ی جوست و چالاکی پێشمه‌رگه‌یه‌کی راسته‌قینه و به‌هه‌یبه‌تمان لێ به‌دی نه‌ده‌کرا،له‌لایه‌کی تریشه‌وه هه‌رکام بابۆڵه‌یه‌ک به ده‌ستێک و ساردیه‌کیش به‌ده‌سته‌که‌ی دیکه‌وه سه‌رگه‌رمی خواردنی نائاسای بوین،دیمه‌نیکی سه‌یری ده‌به‌خشی پێمان.
بۆیه زیاتر سرنجی کابرای نه‌ناسراوم دا‌و له روخساریدا ئه‌وه‌م به‌دی ده‌کرد په‌شیمانه که له که‌رکوگه‌وه هاتوه بۆ مه‌یدانی شه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیکه‌وه پاله‌وانه‌کانی کا‌ک غه‌فور ببینێت.پاش وچانێکی کورت سواری ماشینه‌کان بوین ،خاڵۆ برزو که به‌سه‌ختی بریندار و موزه‌فه‌ر و حکمه‌تی کوری و که‌ریم حوسه‌ینی که به سوکی بریندار ببون له ماشینێک به‌ره‌و سلێمانی و ئێمه‌ش له دوو ماشیندا به‌ره و قه‌ره‌گۆل(ئۆردوگای کورده ئاواره‌کانی رۆژهه‌ڵات) رێکه‌وتین.
کاتێک له‌هه‌ڵه‌بجه بوین شاهیدی ئه‌وه بوین که هێزه‌کانی ئێران چۆن سه‌رو ماڵی دانیشتوانی شاره‌که‌یان تاڵان ده‌کرد و دوا جار ماڵه‌کانیشیان ده‌ته‌قانده‌و ،ئێستاش له سه‌یدسادق هێزه‌کانی ئێراق به‌زۆر دانیشتوانی شاره‌که‌یان راگواستبو و که‌وتبونه تاڵان کردن و دوا جار شاره‌که‌یان له‌گه‌ل خاک یه‌کسان ده کرد.له‌ده‌ره‌وه‌ی شارعه‌سکه‌ریه بۆ ماوه‌یه‌ک رایانگرتین تا ته‌قینه‌وه‌ی ماڵه‌کان( 30 تا 40 خانویان به هۆی تی ئن تی یه‌وه ده‌به‌سته‌وه به یه‌ک و به‌لێدانی دوکمه‌یه‌ک ده‌یان خانوی چه‌ن قات ده‌که‌وتنه سه‌ر عه‌رز) ته‌واو بوو.
هیز و کومیته شارستانه‌که‌نی جنوب هێشتا له قه‌ره‌گۆل مابونه‌وه و شه‌وانه له مزگه‌وت و چه‌ن شوێنێکی دیکه و رۆژان بو خواردن دابه‌ش ده‌بون به‌سه‌ر ماڵه‌کاندا و ئێمه‌ش چوینه لای ئه‌وان. پێشمه‌رگه‌کان و کۆمه‌ڵێک له خزمانی دابراوی هه‌ڵه‌بجه که چاوه‌روانی گه‌یشتنی ئێمه بون هاتن به پێشوازمانه‌وه.پاش نزیکه‌ی مانگێک له ماڵی خزمێک (خوشکی شه‌هید مه‌حمه‌د کڵاشی )شایله و دراغه‌کانم له خۆم کرده‌وه و به ئاسوده‌ی پاڵم لێدایه‌وه.پاش خواردنی نان و چاییه‌ک خاوه‌ن مال ئاویان بۆ گه‌رم کردین و چه‌ن ده‌س لیباسیان بۆ داناین بۆ خۆشۆردن و لیباس گۆرین.
چاوه‌روانی نۆبه‌ی حمام بوم که بانگیان کردمه ده‌ره‌وه و وتیان کا‌ک فه‌یسه‌ڵ له سه‌یته‌ره‌که چاوه‌روانت ده‌کات(کا‌ک فه‌یسه‌ڵ یه‌کێک له دۆست و هاو سه‌نگه‌ره هه‌ره خۆشه‌ویستو ئامۆ زاو و هاوه‌ڵ زاواکانم بو)،پێم سه‌یر بو که پاش ئه‌و مه‌رگه ساته و ده‌رباز مونم چۆنه که کا‌ک فه‌یسه‌ڵ له سه‌ر جاده چاوه‌روانم ده‌کات .وه‌ک ئه‌وه‌ی کا‌ک فه‌یسه‌ڵم ده‌ناسی هه‌ستم به کاره‌سارێکی دڵ ته‌زێنتر له‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه ده‌کرد ،له سه‌یته‌ره‌ی سه‌ر جاده‌که کا‌ک فه‌یسه‌ڵ و کا‌ک مه‌مه‌دی بابای راوه‌ستابون.پاش هه‌واڵپرسیه‌کی کورت به په‌رۆشه‌وه پرسیارم کرد چی قه‌وماوه،له‌و لاشه‌وه کا‌ک فه‌یسه‌ل وه‌ڵامی دایه‌وه بۆ نازانی چی قه‌وماوه، پاش سه‌لماندنی بێ ئاگای خۆم باسی کێشه ناوخۆیی و دابرانی حدکا یان بۆ کردم، به‌ته‌واوی و‌ر و کاس ببوم به بێ ئیراده فرمێسک به‌چاومدا ده‌هاته خوار و بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه که له‌و کاره‌ساته پر ژان و پرمه‌ترسیه‌ی هه‌ڵه‌بجه به چ هیوا و ئومیدێکه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه‌مان ده‌دا که بۆ درێژه دانی ئامانجی پیرۆز خۆمان بگه‌یه‌نینه هاوسه‌نگه‌رانمان،که چی ئێستا ده‌بیسم حیزب بوه به‌دوو به‌ش و هه‌ر به‌شه‌ش لایه‌نه‌که‌ی دیکه به ده‌یان ناو ناتۆره تاوان بار ده‌کات،(کا‌ک فه‌یسه‌ل و مه‌مه‌د له هێزی دالاهۆ بون و ئه‌وێیان به‌جێ هیشتبو بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بگه‌یه‌ننه رێبه‌رایه‌تی شۆرشگێر جێگیر له رانیه). هه‌والی دابران و دوو به‌ش بونی حدکا گه‌لێک گران و به ژانتر بو له کاره‌ساته‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه.
20/05/2013
یوتبۆری/ مه‌نسور