"an independent online kurdish website

پاش هەڵبژاردنی دەوری یازدەهەمی سەرۆک کۆماری لە ئێران و هاتنە سەر کاری کەسێک بە ناوی “رووحانی” کە گویا رێفۆرمخوازە”لە واقعدا میانەرەوێکی گوێ لە مستی وەلی فەقیهە”،kawe_behrami

زۆر کەس کەوتنە سەما بەو هیوایە کە  لە سیستمی کۆماری ئیسلامی دا گۆڕانکاری پێک بێت، غافڵ لەوەی کە لە باشترین حاڵەت دا دەتوانێ وەکوو خاتەمی بێت کە رایگەیاندبوو من وەک تەداروکاتچی بووم. لە لایەکی دیکەوە خەڵکی کوردستانیش بە هۆی زەبر و زەنگ و هەژاری  ماڵی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بە فێڵ و تەڵەکە کردنی رێژیم وەک تێکەڵ کردنی هەڵبژارنەکانی شۆراکان و سەرۆک کۆماری  و دروستکردنی بەرەیەکی بەناو خەڵک بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد و بوو بە سوژەیەک بۆ هێندێک راگەیاندن کە خەڵکی کوردستان وڵامی ئۆپۆزسیۆنی نەداوەتەوە. بە واتایەکی دیکە خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران فەشەلی هێناوە .

دیارە ماوەیەکە بە هۆی هێندیک سیاسەتی ناوچەیی و جێگریر بوونی ئەحزابی کوردی لە باشووری کوردستان خەباتی چەکداری وەک رێگا چارەی سەرەکی گۆڕانکاری لە ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی راگیراوە.

من لێرەدا ناچمە سەر هۆکارەکانی، لە بەر ئەوەی کە بۆ هەمووان روون و ئاشکرایە و پێویستی بە پاساو هێنانەوە نیە. بەڵام گرینگ ئەوەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆ دەربازکردن لە کێشەی ناوخۆییەکانی لە نێوان ئوسوولگراکان  و رێفۆرمخوازەکان وبۆ دامرکاندنی رق و تووڕەیی خەڵک لە رێژیم، رووحانی هەڵبژارد، رێژیم  لە

بوارەکانی سیاسی،کۆمەڵایەتی، ئابووری و دیپلۆماسی دا تاکتیکی تازەی بە کار هێناوە و

لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کورت وەک لە سەرەتا دا بینیمان شوێنەوار لە سەر دۆخی رێژیم دابنێ، بەڵام لە درێژخایەندا هەم لە لایەن بیر و ڕای گشتی و هەم لە ناوخۆی ئێرانیش دا دەردەکەوێ کە بۆ خۆدەربازکردنی لەو هەموو کوێرەوەری و نابسامانییە تەنیا رێگا، گۆڕانی بنەڕەتی لە سیستمی سیاسی زاڵ بە سەر ئێران   دایە. ئەویش نرخ و رێگای تایبەت بە خۆی هەیە.

 

ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن:

مادام کۆماری ئیسلامی گۆڕانکاری بە سەر خۆیدا  لە چۆنێتیی هەڵوێست و تاکتیکی خۆی بۆ درێژەدان بەو سیستمە دژە گەلییە  هێناوە و هەموو رێگاکانی گۆڕنکاری بەربەست کردووە،  ئۆپۆزیسیۆن ئەرکدارە کە لە بەرانبەر ئەو گۆڕانکارییانەی رێژیم دا پێداچوونەوە بە تاکتیک و شێوەی خەباتی خۆیدا بکات بە شێوەیەک کە لە بەرانبەر ئەو سەرکوت و زەبر و زەنگە دا وڵامدەر بێت و شیوەی  نوێی خەبات بۆ خۆی دیاری بکات.

رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری سیستمی سیاسیدا وەک باقی رێژیمەکانی دیکەی ناوچەکە رێگای خەباتی مەدەنی بەربەست کردووە. رووحانیش لە گەڵ پێکهاتە و سیستمی کۆماری ئیسلامیدا هاو ئاهەنگە ، هەر بۆیە ئەزموونی رزگاریی وڵاتانی رزگار کراو  نیشانی داوە تاکتیکی سەربازی وەک میکانیزمێکی گۆڕانکاری لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران دا دەتوانێ لە بەرانبەری ئەو رێژیمە دا وڵامدەری هەڵوێستی ئەم سیستمە بێت. لە کوردستانی ئێراندا هەم ئەزموونی خەباتی چەکداری هەیە و هەم ئەحزابی سیاسی پتانسیلی ئەوەیان تێدایە کە ئەو شێوە خەباتە لە سەرتاسەری ئێران دا پەرە پێ بدەن . ئەگەر لە

سەرەتای خەباتی گەلانی ئێراندا خەڵکی ئێران کۆماری ئیسلامییان نەدەناسی؛ هەنووکە دیمەنی نگریسی ئەو رێژیمە بۆ هەمووان روون و ئاشکرایە  و پێویستە بۆ گۆڕانکاری لە هەموو شێوازەکانی خەباتی رەوا کەڵک وەربگرین. ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بین کە رووداوێکی دەرەکی ئەو سیستمە بگۆڕێ، تووشی هەڵە بووین،  کەوابوو دەبێ تاکتیکی خۆمان لە مەیدانی خەبات بە شێوەیەکی بەرین ئەکتیڤ کەین . دونیای دەرەوەش کاتێک یارمەتیدەرمان دەبن کە ئێمە پێشەنگی گۆڕانکاری بین و فاکتەرێکی بەرچاو لە نێوان کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردستان دا بین و جێ پەنجەمان دیار بێت.

 ئامادە کردن و دیتنەوەی رێگاچارەیەکی گونجاو بۆ خەباتی چەکداری لە ناوخۆی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتیی باشترین میکانیزم بۆ دەستپێکی گۆڕانکاری لە ئێرانە .


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی