"an independent online kurdish website

كوردستان میدیا: كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٤ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدكرانی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی بانگەوازێكی روو بە خەڵكی كوردستان بڵاو كردەوە.pdki-arm

دەقی بانگەوازەكە

خەڵكی بە ئەمەگ و ئازادیخوازی كوردستان

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

لەرۆژی‌ ٢٢ی‌ پووشپەری‌ ساڵی ‌١٣٦٨ی هەتاوی، بەرامبەر بە ١٣ی‌ ژوئیەی ١٩٨٩ی . ز، دیپلۆمات ـ تیرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەشاری وییەن، بە هۆی پلانێكی لە پێشدا دارێژراو و لەسەر مێزی‌ وتوووێژ دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سكرتێری گشتیی حیزب، كاك عەبدوڵڵا‌ قادری‌ ئازەر، ئەندامی‌ كۆمیتەی ‌ناوەندی‌‌و نوێنەری‌ حیزب لەئور‌ووپا و دوكتور فازل رەسووڵیان كردە ئامانجی تیرۆر و شەهیدیان كردن. لەراستیدا رێژیم بەو كارەی، لە هەمبەر نیازپاكی و پڕەنسیپی‌ ئاشتیخوازانەی د.قاسملوو بە مەبەستی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی نەتەوەیی، رێوشوێنی تیرۆریستیی گرتە بەر و بەو كردارە و گەلێك كردەوەی هاوچەشنی دیكە، لەپێوەندی لە گەڵ جیابیران و نەیارانی و لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات، “تیرۆریسم”ی كردۆتە ناسنامە و سیاسەتێكی رەسمی و هەمیشەیی خۆی، سیاسەتێك كە رەوتێكی دانەبڕاوەی بە دواوە‌ بووە لەسەركوت و داپڵۆسینی جیابیران، تێكۆشەران و ئازادیخوازانی وڵاتەكەمان.

خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان

لەبەرەبەری ٢٤ـەمین ساڵوەگەڕی شەهید كرانی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانیدا، هەر وەك ساڵانی پێشوو، بۆ رێزگرتن لەخەبات و تێكۆشانی شەهیدانی وییەن و نیشاندانی وەفاداری بە رێبازیان، هەروەها بۆ مەحكووم كردنی تیرۆریزمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەهەموو خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان داواكارین كە لە ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا بە هەر شێوەیەك و لە هەر شوێنێك پێتان دەكڕی بە رەچاو كردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە، ناڕەزایەتی و بیریی هاوخەباتی خۆتان دەرببڕن:

– لەبەر كردنی جلوبەرگی كوردی

– هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و كەڵك وەرگرتن لەرەنگی” ئاوی ئاسمانی” بە شێوەی جۆراوجۆر 

ـ كوژاندنەوەی چرای ماڵەكان بۆ ماوەی ٣ دەقە، لەكاتژمێر ١١ی شەو بە كاتی تاران ( لەشەوی ٢٢ی پووشپەڕدا)

با بە حەرەكەتی‌ ئێعترازی،‌ یادی قوربانیانی دەستی تاوان و تیرۆریزم بكەینە هەوێنی یەكڕیزی و هاوخەباتی، هەر وەك رابردوو بسەلمێنین كە رێبازی قاسملووی رێبەر، رێبازی نەتەوەیی ـ دێمۆكراتیكی نەتەوەی خەباتكار و ماف ویستی كوردە، با بە ئەمەگ ناسییەوە وەفاداریی خۆمان بە رێبازی شەهیدانی وییەن ‌چەند پات بكەینەوە ‌و بە ‌هەڵوێستی بوێرانە و بیری شۆڕ‌شگێڕانەمان، بەرهەڵستی دوژمنانی ئازادی ببینەوە و یاد و رێبازی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ بەرز رابگرین.

وەفاداری و بەردەوامی بۆ رێبازی شەهیدانی وییەن

سەركەوتن بۆ بزووتنەوەی نەتەویی ـ دێمۆكراتیكی خەڵكی كوردستان

حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

كۆمیسیۆنی تەشكیلات

پووشپەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی