"an independent online kurdish website

بۆ ھەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە سەرەتا پێویستە ناسینێکی تەواومان لە خۆمان و کاری رێکخراوەیی و یەکیەتیی لاوان وەک رێکخراوێکی تایبەت بە توێژی لاو ھەبێت.

   کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس لە دەوری یەکتر لەسەر بەرنامە و ئامانجێکی روون و دیاری کراو jelal_rewangerd12

وئۆرگانیزاسیۆن و قەوەارەیەکی تەشکیلاتی، کە ویست و داخوازییەکان بە شێوەیەکی ئۆرگانیزەکراو دادەڕێژێت و لە راستای وەدیھێنانی خواست و ئامانجەکان و ھەوڵدان بۆ بەرەو پێش بردنی ھەنگاو دەنێت، کە ئەندام تێیدا بە ویست و دڵخوازانە بۆ ئەو ئامانجەی کە مەبەستیانە بەشدار دەبێتکە بە پێی پێویستی کۆمەڵگا دادەمەزرێت ،  لەپێناسەیەکی گشتی دا پێی دەوترێت رێکخراو .

  رێکخراوی یەکیەتیی لاوان بە پێداگری لەسەر بنەما فیکرییەکانی توانیویەتی پێگەیەکی بەھێز چ لە ئاستی جیھانی و چ لە ئاستی ناوچە و کوردستاندا بە دەست بێنێت و تەشکیلاتێکی بەرین و چالاک کە سنورە جوغرافیاییەکانی بەزاندوە و لەنێو کوردەکانی دیاسپۆرای سەرتاسەری جیھاندا ئەندام و کۆمیتەی ھەیە و پێوەندییە نێوخۆیی وجیھانییەکانی فراوان بوونێکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و لە خزمەت کردن بە توێژی لاوی کورد رۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە. لەم راستایەدا بڵاو کردنەوەی وشیاری و ئاگاھی نەتەوەیی و گەیاندنی زانیاری لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی، ھزر و رۆشنبیری ھتد..و بەتایبەتی لە نێو توێژی لاوی کورد و بە گشتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا، کردوە بە ئامانجی خۆی و ھەوڵ دەدات تاکی وشیار و پێگەیشتو و ماف خواز بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکراتیک پەروەردە بکات.

فەلسەفەی کاری رێکخراوەیی یەکیەتیی لاوان لەم قۆناغەدا راستەوخۆ لە سرووشتی کاری نێوخۆیی رێکخراوەکەدا رۆڵ دەبینێت.

رێکخراوەیەک دەبێ بە شێوەیەک ئەندامەکانی بار بێنێت کە خۆیان لە بەرامبەر بە رێکخراوەکەیان دا بە ئەرکدار بزانن و بەو پەڕی ھەست بە بەرپرسایەتی بەرامبەر بە توێژی لاو بە گشتی و بە تایبەتی رێکخراوەکەی خۆی، ھەنگاو ھەڵبگرێت.

چەند بنەمایەک بۆ پێکھێنانی رێکخراوەیەک:

دڵخوازانە، ویست و ئامانجی ھاوبەش، یاسامەند بوون، بەرنامەی روون و دیاری کراو، سەر بەخۆبوون لە بڕیاردان و بەرپرسایەتی، بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی ھەر رێکخراوەیەکە.

بنەمای کاری رێکخراوەیی:

بوونی ئۆرگانیزاسیون، لیژنەی بەڕێوەبەری، گەڵاڵەی کاری، یاسای بەڕێوەبردن، ئایین نامەی کاری، رێکخستن و کۆکردنەوەی ئەندام لە دەوری رێکخراو.

قەوارەی ھەر رێکخراوەیەک دەبی وڵامی ئەم چەند پرسیارە بداتەوە:

بۆ چی یە: یانێ ئامانج و بەرنامەی ئەو رێکخراوەیە چییە؟

چۆن دەبێ: بەرنامەی کارییان چییە، کارەکانیان چۆن دەچێتە پێش، یاسا و ئایین نامەی کارییەکانیان چین و…

کێ دەیکات؛ بەڕێوەبەریان کێیەو لە سەر چ بنەمایەکە، مودیریەتی رێکخراوەییان چۆنە

دابەشکارییەکانیان چۆنە؛ ئۆرگانیزاسیون، بەشەکان، بەرنامە کاری یەکان و…

چەند چەمکێکی گشتی لە کاری رێکخراوەیی دا ھەیە وەک ناسینی ئەرک و ماف کە بنەمایەکی گشتی و ئەساسی ھەر رێکخراوەیەکە و لە بەرامبەری دا تەشویقی و سزا ھەیە کە بە کردەیی نەکردنیان و پێڕەوی لی نەکردنیان لە کاری رێکخراوەیی دا، ئەو رێکخراوەیە بەرەو ئاراستەیەکی دیکە و لە ئامانجەکانی دوور دەخاتەوە.

ماف و ئەرک لە کاری رێکخراوەیی دا پێوەندییەکی راستەوخۆیان ھەیە و تەواوکەری یەکدین. کار کردن بۆ ئامانجە ھاوبەشەکان لە راستای ھاتنەدی ویست و داخوازییەکانی توێژی لاو، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەندامان لە رێکخراوی یەکیەتیی لاوانە و لە بەرامبەر ئەوەشدا گرینگرتین مافی ھەر ئەندامیک لەو رێکخراوەیە بەرەو پێش چوون و بردنە سەری ئاستی ئاگایی وزانیاری و توانایی، تاکەکانی ئەندامی ئەو رێکخراوەیە بە تایبەتی و بە گشتی سەرجەم تویژی لاوی کوردە، کە رێکخراویش لە بەرامبەر ماف و ئەرکە تەشکیلاتییەکانی ھەر ئەندامێکی بەرپرسیارە و دەبێ بۆ بە ئورگانیزە کردنیان، پلانی گونجاوی بۆ دابڕێژێت.

ئێستا بچینە سەر باسێک کە لە ھەمووی ئەمانە گرینگتر و ئەساسی ترە ئەویش بۆ ھەر رێکخراوەیەک پێویستە ئورگانیزاسیون و بەشێکی مودیریەتی ھەبێت کە لێرەدا ھەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی گشتی ھێندێک لە تایبەتمەندییەکانی کەسێکی مودیر و شێوە و قەوارەی ئورگانێکی رێکخراوەیەک بە شێوەی خاڵ بەندی بخەینە بەر دیدی خوێنەر.

بەڕێوەبەرێک دەبێ ئەم تایبەتمەندیانەی تێدا بێ:

داھێنەر، بەتوانا، رێکخەر، ئیدۆئۆلۆگ و خاوەن ڕا، داڕێژەر، عەمەڵ گەرا، توانای لێکدانەوەی ھەبێت، مودیر بێ، و … 

دوو خاڵ کە پێویستە شرۆڤەیەکی کوورتی بۆ بکرێت: یەکەم کەسێکی ئیدۆئۆلۆگ و خاوەن ڕا بێ، مەبەست ئەوەیە کە رۆڵی ئیدۆئۆلۆژی ئەو رێکخراوەیە دابڕێژێت کە رێگای گەیشتن بە ئامانج دیاری دەکا، مێتۆدی خەبات و تێکۆشان دادەنێت، وێنەیەکی روون و سادە لە باروودۆخی مەوجود پێشانی جەماوەر دەدات و زەمینەی کۆکردنەوەی کۆمەل بۆ ئاڵوگۆڕ، و مانایەکی ھاوبەش و گشتگیر لە خواستەکان ساز دەکات.

دووھەم: کەسێکی مودیر بێت مودیریەتی ھەبێت لە داڕشتنی بەرنامە یا گەڵاڵەیەک و لە داڕشتنی ھەر پیلانێکی کاری خاڵە لاواز و بەھێزەکانی ببینێتەوە و ھاوکات رێگای چارەسەری بۆ دابنێت و مودیریەتی بەرەو پێش بردنی ئەو گەڵاڵە کاری یانە بکات.

چەند خاڵێک لە ئەرکی بەڕێوەبەری رێکخراوەیەک:

– ھەوڵدان بۆ بەرەوپێش بردن و چالاک کردنەوەی رێکخراو و کۆکردنەوەی ئەندام لە دەوری ئەو رێکخراوەیە.

– بردنەسەری ئاستی ئاگایی و زانیاری و تواناکانی خۆی و ئەندامانی رێکخراوەکەی.

– خۆ بە ئەرکدار زانین لە ھەمبەر بەجێھێنانی ئەرک و مافی تاکی ئەندام لەو رێکخراوەیە.

– دانانی بەرنامە و گەڵاڵەی کاری، و لێپرسینەوە و بەدواداچوون لە راستای بەرەو پێش بردن                         

– گرتنی کۆبوونەوە و ھاو رایی کردن لە گەڵ یەکتروو دەوروبەر و بەگشتی ئەندامانی رێکخراو               

– ئەرک و بەرپرسایەتی وەرگرتن لە بەشێک لە کاری ئۆرگانی رێکخراوەکەی       

– پێشکەش کردنی مکانیزمی گونجاو لە راستای بەرەو پێش بردنی کار لە بەشەکەی و رێکخراوەیی بە گشتی

– بەرپرسیارەتی ھەموو خاڵە لاواز و بەھێزەکانی رێکخراوەکەی

– و …

چەند بەشێکی بنەڕەتی  لە ئۆرگانیزاسیۆنی ھەر رێکخراوەیەک:

رێکخستن، پەروەردە، پێوەندی، ماڵی، راگەیاندن، کە لێرە دا ھەوڵ دەدەین بە گشتی پێناسەیەکی ھەرکام لەو بەشانە بدەین بە دەستەوە:

رێکخستن: بناغەی کاری ھەر رێکخراوەیەکە و پێوەستە زۆر بە جیدی گرینگی بە کاری ئەو بەشە بدرێت و مکانیزمی بەڕێوە بردنی بە پێی ھەلومەرج و مەوقعیەتی کاری و بەردەوام پێداچوونەوەی بەسەر دا بکرێت و ھەنگاوی جیدی بۆ بەرەو پێش بردن و رێکخستنی بە ھێز بدرێت.

پەروەردە: لە ھەر رێکخراوەیەکدا پێویستە گرینگی زۆر جیدی بە کاری ئەم بەشەش بدرێت و ھەوڵ بدرێ کاری رێکخراوەیی لە چوارچێوەی بەرنامە و ئامانجەکانیان بۆ بەرەو پێش بردنی ئاستی توانا و تێگەیشتن و زانیاری رێکخراوەیی و تاکی ئەندام لەو رێکخراوەیەدا، پلان و بەرنامەی گونجاوی بۆ دابڕێژرێت.

دەبێ بەردەوام بەرنامەی پەروەردەیی لە چوارچێوەی بەرنامە و ئامانجەکانی دا بۆ تاکەکانی ئەندام لەو رێکخراوەیە و تەنانەت دەرەوەی خۆیشی بە مەبەستی زیاتر کۆکردنەوەی ئەندام لە دەوری رێکخراوەکەی رێک بخا و بەڕێوەی ببات.

راگەیاندن: لە دونیای ئەمڕۆ دا راگەیاندن رۆڵێکی گرینگی ھەیە و تێکنۆلۆژی وای کردووە کە ئەگەر ھەر بونیاد و رێکخراوەیەک نەتوانێ بە شێوەی پلان بۆ داڕێژراو کەڵکی لێ وەربگرێت، ناتوانێ لەگەل جیھانی سەردەم بچێتە پێش. بەشی راگەیاندنی ھەر رێکخراوەیەک، ئەرک دارە ھەموو ئەو لایەن و بابەتانەی کە پێوەندیدارە بە کاری رێکخراوەیی ئەوانەوە، رونکردنەوە و بەرنامە و گەڵاڵەی کاری بۆی ھەبیت و لە بەشە راگەیاندنەکانی دا ئینعکاسی بداتەوە.

بۆ نمونە لە راگەیاندنی رێکخراوەیەکی تایبەت بە توێژی لاوان پێویستە زیاتر گرینگی بە ئەو دۆز و باس و بابەتانەی کە پێوەندیدارن بە تایبەتی توێژی لاو و بەگشتی ئەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژین و نەتەوەکەیان و ئەو ئاڵوگۆڕ و روداوانەی کە لەو ناوچەیەدا بە نیسبەت توێژی لاو روو دەدەن و ھەر وەھا ئەو باس و بابەت گەلەی کە پێویستە لاوێک لەگەڵی ئاشنا بێ و ئاستی تواناکان و تێگەیشتنی لە ئەو بابەتەی کە پێوەندیدارە بەوەوە و لە ھەمان حاڵدا ھەوڵ دان بۆ پەروەردەکردنی توێژی لاو لە راستای بەرەو پێش بردن و ئاشنا کردنیان لە گەڵ پێشکەوتنەکانی جیھانی نوێ و سەردەم، کە دەبێ بەشە راگەیاندنەکان کاری بۆ بکەن.

بەشی ماڵی: ھەر رێکخراوەیەک پێویستی بە بونیادگەلێکی ماڵی بۆ بەرەو پێش بردنی کارەکانی ھەیە، سەرچاوەی داھاتی ھەر رێکخراوەیەک بۆ دیاری کردن و بەڕێوە بردنی لایەنی دارایی ئەو رێکخراوەیە، بەشی ماڵی کار لە بەشی داھات و دەرکەوتی ئەو رێکخراوەیە دا دەکات و ئەرکیەتی تێچوونەکانی رێکخراوەکەی دابین بکات. پێویستی پشتیوانی مادی بۆ رێکخراوەکەی بە دەست بێنێت و بە پاراستنی سەربەخۆیی ماڵی، دەبێ پلانی کورت خایەن و درێژ خایەنی بۆ بەھێز کردنی لایەنی دارایی رێکخراوەکەی دابڕێژیت و ژمارە حیسابی بانکی و فۆرمی داھات و دەرکەوتی رێکخراوەیی رێک بخات.

پێوەندی: دانانی بەرنامەو پلانی گونجاو بۆ درووستکردنی پێوەندی لەگەڵ دەور و بەر و دەرەوەی خۆی دابنێت و لە گەڵ رێکخراوەکانی دیکە لە راستای بەرەو پێش بردنی و بە ھێز کردن و بەدەستھێنانی پشتیوانی مادی و مەعنەوی بۆ رێکخراوەکەی، ھەوڵ بدات و ھاوکات رێکخراوەکەی بە دەرەوەی خۆی بناسێنێت و بەرنامە کاری یەکان و ئامانجەکانی رێکخراوەکەیشی بکاتەوە.

لێرەدا بە کورتی باسێکی تایبەت بە شێوازی کاری و نوسینی راپۆرتەکان لە کاری رێکخراوەیی یەکیەتیی لاوان شی دەکەینەوە:

– گرتنی کۆبونەوەی ئامووزشی، تەشکیلاتی

– راپۆرت نووسین: ماڵی، تەشکیلاتی، ئاموزشی

– نوسینی گەڵاڵە یا پرۆژەی کاری

– فۆرم بەندی رێکخستن لە کاری رێکخراوەیی

کۆبوونەوەکان بە دوو شێواز بەڕێوە دەچێت و لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوە دەبێ پێشتر بەڕێوە بەری کۆبوونەوە دیاری بکرێ و خاڵ بەندی بکرێ کە کە ئەو کۆبوونەوەیە بە چ شێوازێک، لە چەند ماوەدا و چ باس گەلێکی تێدا دەکرێت.

لە رێکخستنەکاندا پێویستە ئەم خاڵانە ڕچاو بکرێت: دیار بوونی کات و شوێنی کۆبوونەوە، ماوەی گرتنی کۆبوونەوە، بابەتی کۆبوونەوە، وتە بێژی کۆبوونەوە، دواتر کە کۆبوونەوەکە دەستی پێکرد پێشکەشکاری کۆبوونەوە باسەکەی خۆی پێشکەش کرد، مەجال بە بەشدارانی کۆبوونەوە دەدرێ کە پرسیار، سەرنج و تێبینی یا رەخنە و یا روونکردنەوەیەک کە ھەیانبێت باسی بکەن و پاشان پێشکەشکار وڵامی بەشداران دەداتەوە.

کۆبوونەوەی ئامووزشی: بە ھەندێک جیاوازتر و زیاتر کردنی چەند خاڵێکی دیکە بە بەرنامەی کۆبوونەوە تەشکیلاتییەکان کە کۆبوونەوەی ئامووزشی، زنجیرەین، چەند بابەتین، دەبێ مەبەست و ئامانجی دیار بێ و راگەیەندراو بێ.

راپۆرت نووسی بە سێ شێواز دەبێت:

راپۆرتیکۆبوونەوە: بۆ کوێی دەنووسی [شوێنی وەرگری راپۆرت]، بابەتی کۆبوونەوەکە چی بووە، دواتر شی کردنەوەی باسی کۆبوونەوەکە و نێوەڕۆکی باسەکان لەو راپۆرتانەدا دەبێ ئاماژە بە رێژەی بەشداران، ماوە و کاتی کۆبوونەوەکە و شوێنی بەڕێوەچوونی و پاشان ئاکامی ئەو کۆبوونەوەیە چی بووە، دەنووسرێت. لە دواین بەش دا، ناو و واژۆی بەشی پێوەندیدار و رێکەوتی نووسینی راپۆرت دەنووسرێ.

راپۆرتی ئاموزشی بە ھێندێک جیاوازییەوە:

نووسینی ئەو گەڵاڵە یا بەرنامە ئاموزشی یە [مکانیزمی بەڕێوە بردنی ] چیە، بۆ چ مەبەستێکە، لە چ ماوەیەک دا بەڕێوە دەچێت، بۆ چ شوێنێک، ماوەکەی چەندە، ریزبەندی بەرنامەکە و کاتی بەڕێوەچوونی دیار بێ، بەرنامەکە چی دەبێ و چۆن بەڕێوە دەچێت، ئیمکاناتی پێویستی ئەو گەڵاڵەیە [ وەسایل، شوێن، بودجە، رێژەی پرسنێڵی و… ] و دواتر کە بەڕێوە چوو، راپۆرتەکەش بە جێ کردنەوەی سەرجەم ئەو خاڵانەی سەرەوە دەنووسرێت، دوایین بەش ناو و واژۆی لایەنی پێوەندیدار و رێکەوتی نووسینی گەڵاڵە و راپۆرتەکە.

راپۆرتیماڵی: لە راپۆرتەکاندا بۆ بەرنامەی کاریەکان، کە ئەو بڕە پارەیە بۆ چی خەرج کراوە، لە کوێ و بۆ چ بەرنامەیەک و چ کەسێک ھەروەھا لە وەرگرتنی ئابوونەی رێکخراوەیی بەم شێوەیە کە ئەو پارەیە لە کێ و چەند کەس وەرگیراوە یا تەحویلی کێ و چ بەشێک دراوە کە ئەمانەی تێدا بگونجێندرێت. بڕی پارەکە چەندە، ماوەی وەرگرتن یا تەحویل دانی، لە کوێ و تەحویلی کێ دراوە و دواین بەش وەرگرتنی رەسید و واژۆ  و رێکەوت.

نووسینی گەڵاڵە یان پێشنیار:

مەبەست لەو گەڵاڵەیە چییە، بۆ چ شوێنێکە، بابەتی گەڵاڵەکە، شی کردنەوەی گەڵاڵە [ شێوازی بەڕێوە چوونی ]، لە چ ماوەک و چ کاتێکدا، ئیمکانات و پێداویستیەکانی، بودجەی پێویستی، بۆ چ شوێنیک ئەو گەڵاڵە رێک دەخرێت و بەڕێوە دەچێ. خاڵی ھاوبەشی ھەموو راپۆرتەکان کە دەبێ تێیاندا گونجێندرابێ، ئەمانەن:

بۆ کوێ دەنوسرێ [ شوێنی مەبەست ]، کات و ماوە، رێکەوتی نووسین، واژۆ و ناوی نووسەری راپۆرت [ یا شوین ]، شی کردنەوەی ھەر راپۆرتێک و دیار بوونی بابەتەکە.

لە کۆتایی باسەکەدا دەمھەوێ چەند خاڵێک لە ئەرک و بەرپرسیارەتی کاری رێکخراوەیی یەکیەتیی لاوان ھەرچەند شرۆڤەیەکی بە کورتیش بێ، شی بکەینەوە:

یەکیەتیی لاوان لە واقیع دا گەورەترین رێکخراوی تایبەت بە توێژی لاو لە رۆژھەڵاتی کوردستانە لەو روەوە کە کۆنگرەی حەوتەمی یەکیەتیی لاوان دەبێ لە سەر گرینگترین پرسەکانی تایبەت بە لاوان لە کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و بە تایبەتی لاوی کورد، بەرنامە و ستراتیژی نوێ دابڕێژێت و رێکاری گونجاو بۆ چارەسەر کردن و بەرپەرچ دانەوەی پلانە دزێو و دیارە کۆمەڵایەتییەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگاکەمان بە تایبەت توێژی لاوی گرتووە، ھەڵبگیرێت و پلان بۆ چارەسەرکردنیان دابڕێژێت.

یەکیەتیی لاوان دەبێ ھەوڵ بدات ھەموو لاوانی کورد بە ھەر رەنگ و شێوە و بیروو بۆچونێکەوە لە ژێر چەتری رێکخراوی لاواندا، کۆیان بکاتەوە و لاوی کورد لە ئاستی سەرتاسەری، لە ئێران و ناوچە و جیھان بە یەک دەنگ و گوتارەوە، دەر بکەون. و لە ئەزموونی کاری رێکخراوەیی یەکیەتیی لاوان بۆ بە ئۆرگانیزە کردنی خواستەکانی توێژی لاو و گەشەکردنی کاری رێکخراوەیی لە ناو سەرجەم لاوانی کورد ھەنگاو ھەڵبگرێت و ھاندەر و پشتیوانی رێکخراوەکانی دیکەش بێت.

یەکیەتیی لاوان بە داڕشتنی ئیستراتیژییەکی بە ھێز و بە پلان و بەرنامە گەلێکی گونجاو لە بواری راگەیاندن و پێوەندی دا بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەو کێشە و دیاردە گەلەی کە بەرۆکی لاوی کوردی گرتووە و لە ھەمان حاڵدا ناساندنی رێکخراوی یەکیەتیی لاوان و بەرنامە و پرۆگرامی، بۆ بردنە ناو خەڵک و کۆمەڵگا، تاکوو بتوانی لە راستای بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگاکەی و بە مۆدێڕن کردنی کۆمەڵگا ھەنگاو ھەڵبگرێتەوە. بۆیە پێویستە بە بڵاو کردنەوەی بیر و ئەندیشەی نوێ و پێشکەوتن خوازانە بگوازێتەوە ناو کۆمەڵگا و رێنوێنی توێژی لاو بۆ بەرەو پێش چوون و بردنە سەری ئاستی ئاگایی و زانیاری، بێت ھەوڵدان زیاتر ناساندنی یەکیەتیی لاوان بە لاوانی نێو خۆ و گرینگی دان بەو لایەنە و کۆکردنەوەیان لە دەوری رێکخراوی لاوان و ئاشناکردنیان بە بەرنامە و دونیای مۆدێڕن و پێشکەوتوو و لە ھەمان حاڵدا شرۆڤە کردنی دیاردە کۆمەڵایەتیەکان و پیشاندانی رێگا چارەکان لە ھەمبەر بنبڕ کردنی ئەو دیاردە دزێوانە، لە گرینگترین ئەرکەکانی رێکخراوی یەکیەتیی لاوانە.

یەکێکی دیکە لە ئەرکە گرینگەکانی یەکیەتیی لاوان، ھەوڵدانە بۆ بەھێز کردنی پێوەندی لە گەل سەرجەم رێکخراوە و NGO کان چ ئەوانەی لە ناوخۆی کوردستانن و چ لە ئاستی ئێران و ھەر چوارپاچەی کوردستان و جیھان، لە راستای خزمەت کردنی زیاتر بە لاوی کورد.

لە ئاستی نێونەتەوەیی دا یەکیەتیی لاوان دەتوانێ کۆمەڵێک خزمەت بە نەتەوەکەمان و لاوی کورد بکا کە دەبێ بۆ ئەم مەبەستەش پرۆژە و پلانی کورت خایەن و درێژ خایەنی بۆ دابڕێژرێت.

یەکیەتیی لاوان دەبێ ھەوڵ بدات دۆزی رەوای کورد و خواستەکانیان بە دونیا بناسێنیت و بتوانێ پاڵپشتێکی بەھێز بۆ گەلەکەمان و پشتیوانە بۆ نەتەوەکەمان بە دەست بێنێت.

لاوان وەک نەسڵی دەسەڵاتداری داھاتووی گەلەکەمان، پێویستە لە قەوارەیەکی نوێ و بە جیھان بینییەکی پێشکەوتن خوازانەوە، ھەنگاو بۆ پێشەنگایەتی توێژی لاو لە گەشە کردنی کۆمەڵگا ھەنگاو ھەڵبگرێت، ھەروەھا رۆڵ گێڕان و نزیک بوونەوە و گرینگی پێوەندی لە گەڵ لاوانی سەر بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە راستای بەرەو پێش چوونی خەباتی ئەو گەلانەش لە دژی سیستمە دواکەوتووەکان بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ھەنگاو ھەڵبگرێت.

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ویستی خەڵک و نوێنەرایەتی کردنیان، رۆڵێکی گرینگ لە راستای بەرەو پێش چووندا دەگرێت. و رێکخراوەکان دەتوانن خاوەن رٶڵیکی بەرچاو لە پێکھێنانی بەڕێوە بەرییەکی چاک و بە توانا لە ناو خەڵک و کۆمەڵگادا بن و وڵامدانەوە بە ویست و داخوازییەکانی لاوان و کۆمەڵگا بن. 

                                                              جەلال رەوانگەرد

سەرچاوە : ماڵپەری یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی