"an independent online kurdish website

دوای زیاتر لە دوو دەیە لە شەهید بوونی رێبەری مەزن دۆکتور قاسملو، هەموو ساڵێک لە مێدیاکانەوە دەبینین و دەبیسین کە زۆرێک لەو کەسانەی وا خۆیان میراتگری قاسملو دەزانن،cemil_kolahi

جارێکی دیکە بەرژەوەندییان وا دەخوازێ کە بکەونەوە بیری ئەو ڕێبەرە و بە بێ ئەوەی کە لە کەسایەتی ئەو و قسەکانی، تێ بگەن یان بە هەر هۆیەک ئێستا بە خەیاڵی خۆیان بچووک کردنەوە بێ یان لە راستیدا تێ نەگەیشتن لە واتای رێبەری کاریزماتیک و تایبەتمەندی رێبەری کاریزماتیک بێ، دەست دەکەن بە شرۆڤەی بێ بنەما و دوور لە زانست لە سەر کەسایەتی دۆکتور قاسملو و چۆنییەتی شەهید بوونی ئەو رێبەرە مەزنە. بۆ نموونە  دەڵێن “قاسملو کەمتەر خەم بوو”، “قاسملو هەڵەی کرد” یان “قاسملو رێبازی نیە”.

ئەگەر دۆکتور قاسملو کە ئەمڕۆ پێ دەڵن رێبازی نەبووە و نیەتی، بە راستی نەیبوایە و ئەو کەسانەی پێش لە روخانی رژیمی شا رانەچلەکاندبایە، لە باشوری کوردستان ئەوەندە بە ژیانی تاکە کەسی خۆیانەوە خەریک بوون کە بە دڵنیاییەوە ئێستاش نەیاندەزانی لە ئێران چ باسە؟ یان بە دڵنیاییەوە حیزبی دیمۆکرات ناوێکی لێ نەمابوو. ئەوەی کە ئەمڕۆ حیزبێک بە نێوی حیزبی دیمۆکرات هەیە و ئەوان بە نان و نەوایەک گەیشتوون، بوونی رێبازێک بە نێوی رێبازی قاسملویە. بەڵام تا ئێستا بە خۆ هەڵواسین بەو رێبازە بوونەتە خاوەن هەموو شتێک، ئیدی لەمە بە دوا کەڵکی نەماوە، چونکە رێبازی قاسملو رێبازی شۆڕشە و دژی گەندەڵی و خۆ بە دەستەوە دانە، کە بۆ ئەو رێچکەیە کە ئەوان گرتوویانەتە پێش زیانی هەیە، بۆیە لەوە بە دواوە قازانج لەوەدایە بڵێن “قاسملو رێبازی نیە”.

لە یەکەمین شرۆڤەدا ئەم رەستانە بە مانای ئەوەیە کە ئێمە لە قاسملو ژیرتر و تێگەیشتووترین و کارامەترین، چونکە ئەو کەمتەرخەم بوو ئێمە نین و ئەو هەڵەی کرد و ئێمە هەڵەمان نەکرد! ئەویش لەوە چووکەتر بوو کە رێبازی هەبێ! بەڵام لە راستیدا ئەوەی کە لە هەڵەدایە هەر خودی ئەو کەسانەن. چونکە قاسملو رێبەرێکی کاریزماتیکە. کاریزما بە رێبەرانێک دەوترێ کە خاونی هێز و توانایەکی تایبەت بن کە بتوانن کاریگەرییەکی قووڵ و لە رادەبەدەر لە سەر دەور و بەرییەکانیان دابنێن و ئەوان بۆ جێبەجێ کردنی ئەرک و کارەکانیان هان بدەن بە بێ ئەوەی کە پەنا بۆ فشار خستنە سەر یان زۆر ببەن، یان بە بێ ئەوەی کە لایەنگرەکانیان چاوەڕوانی پاداش و پلە و پایە بن. ئەم هێز و توانایە بە وتەی ماکس وێبێر دەبێ لە توانایی تاکەکەسی و پابەند بوونی رێبەرەکەوە سەرچاوکەی گرتبێ، (نەک لە کەڵک وەر گرتن لە زەخت و زۆر).

بە وتەی کۆنگێر و کانانگۆ لە تێئۆری هەڵسوکەوتی رێبەری کاریزماتیک لە رێکخراودا، بەرچاوترین تایبەتمەندی رێبەری کاریزماتیک توانایی ریسک کردنە. ئەوان لە کۆی هەشت خاڵدا کە تایبەتە بە تایبەتمەندییەکانی رێبەری کاریزماتیک لە دوو خاڵدا بە توانای ریسک کردن ئاماژە دەکەن و دەڵن:

* رێبەرانی کاریزماتیک هەڵسوکەوتگەلێکی نائاساییان لێ دەردەکەوێ و ریسکگەلێک دەکەن کە بە زیانی قازانجی تاکە کەسییانە

* رێبەرانی کاریزماتیک لەوانەیە ریسکگەلێکی زۆر گەورە بکەن کە تێجوویی زۆری بۆیان هەبێ و بۆ گەیشتن بە ئارمانجە هاوبەشەکان لە خۆ بردووییان هەیە.

بە لە بەرچاو گرتنی ئەم خاڵانە ریسک کردن بەشێک لە کەسایەتیی دۆکتور قاسملو بووە و دووپات کردنەوەی ئەوە کە “کەمتەر خەم بووە” یان “هەڵەی کردووە” شتێکی بێ مانایە. ئەم جۆرە لێکدانەوانە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو کەسانە، کەسایەتی دۆکتور قاسملو لە گۆشە نیگای تەسک و بیری کورتی خۆیانەوە هەڵدەسەنگێنن. ئەوە راستە کە لە دەس چوونی دۆکتور قاسملو خەسارێکی ئێجگار گەورە بوو بۆ کورد و بزووتنەوەی کورد، بەڵام ئەم خەسارە گەورە شتێکە و تایبەتمەندی ریسک کردن کە بەشێک لە کەسایەتی دۆکتور قاسملو پێک دێنێ شتێکی دیکەیە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانی ناوی هەڵە یان کەمتەر خەمی لە سەر دابنی.

لەم بارەیەوە چەند خاڵ دەخەمەوە بیری ئەو کەسانە؛

لە بەهاری پراگدا دۆکتور قاسملو دژی داگیرکاری یەکیەتیی سۆڤیەت دەوەستێتەوە. ئەوە لە کاتێکدا بووە کە خۆی ئۆپۆزیسیونی وڵاتێکی دیکەیە و لەوێ پەنابەر بووە. بەڵام دۆکتور قاسملو بە هۆی ئەوەوە کە ریسک کردن و شۆڕشگێڕ بوون بەشێک لە کەسایەتی ئەو پێک دێنێ، ناتوانێ وەک مرۆڤێکی ئاسایی بێ دەنگ بێ و ئەو ستەمکارییە قبووڵ بکا. بۆیە دەبینی ئەو کردەوەیەی یەکیەتیی سۆڤیەتی مەحکووم کرد و هەر بەو بۆنەیەوە لەو وڵاتە وەردەریان نا، هەڵوێستێک کە راست بە پێچەوانەی بەرژەوەندی تاکە کەسی ئەو بووە.

 ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە کاتێکدا کە هێشتا رژیمی شا نەڕوخاوە، دۆکتور قاسملوش سکرتێری گشتیی حیزبی دیمۆکراتە، دوای چەند مانگ کۆبوونەوە کردن نزیکەی شەش کەس ئامادە دەبن لە گەڵی بڕۆنەوە ناوخۆی وڵات بۆ کاری تەشکیلاتی و رێکخستنی خەڵک (کە ئەویش باسێکی دوور و درێژە کە مەبەستی ئەم وتارە نیە، بەڵام هەر ئەوەندە بەسە کە بڵم کۆسپ و تەگەرەی زۆریان خستە سەر رێگای)، لەم ناوەدا رژیمی بەعس ئیزنی رۆشتنەوەی پێ نادات و پێی دەڵێن کە ئێوە مافی کەڵک وەرگرتن لە خاکی عێراقتان دژی رژیمی ئێران نیە، بەو حاڵەش وەڵامی رژیمی عێراق ناداتەوە و هەرچەند کەسی یەکەمی حیزب بووە، بە مەبەستی وەگەڕ خستنەوەی حیزب دەڕواتە تاران، واتە نێو دڵی دژمنی خۆی. ئەگەر لە تاران بیانگرتبا و لە سێدارەیان بدابایا، لێکدانەوەی ئەو کەسانە چی بوو؟ ئایا هەمان “کەمتەر خەمی” یان هەڵەی کرد” نەبوو؟

خاڵی دیکە بە پێی بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس لە نێو کوشکی سەرکۆماری عێراق کیمیا بارانی حەڵەبچە ئیدانە دەکات بە بێ ئەوەی کە لە مەرگ بترسێ. یان هەر لەو پێوەندییەدا لە وتووێژەکانیدا ئەو کردەوە بە کردەوەی قیزەون و دژە مرۆڤی دەناسێنێ کە ئەوە دەیتوانی مەرگی بۆ بە دواوە ببێ. ئەم هەڵوێست گرتنانە لە خزمەتی بەرژەوەندی تاکە کەسی ئەودا نەبوون، چونکە لە ئەساسدا ئەو وەک رێبەرێک بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەرووی بەرژەوەندی تاکە کەسیدا دەدیت.

هەمو ئەو خاڵانە و دەیان خاڵیتر کە ئێستا ئەو کەسانە نانیان پێوە دەخۆن، ریسکەکانی دۆکتور قاسملو وەک بەشێک لە کەسایەتی رێبەرێکی کاریزماتیکن، هەر ئەو ریسکانەن کە بە نرخی گیان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و بەختەوەری مرۆڤەکان کردوونی، کە ئەمڕۆ وەک کەمتەرخەمی و هەڵە ناودێر دەکرێن. بە دڵنیاییەوە ئەگەر لە پراگ، تاران یان کوشکی سەددامدا شەهیدیان بکردبا، هەر دیسانەوە دەیانگۆت کەمتەر خەم بوو! هەڵەی کرد! بەڵام چونکە لەو کاتانەدا زیندوو ماوە و هەڵوێستەکانی مێژوویی بوون، ئیستا بە بڕیاری مێژوویی ناویان لێ دەبەن و نانیان پێوە دەخۆن!

ئەڵبەت کەسێک کە جەوهەری رێبەری و شۆڕشگێڕی تێدا نەبێ، بەهاکانی بۆ دەگۆڕدرێ و تێ دەکۆشێ چەمکە بەهادارەکان و بایەخە شۆڕشگێرانەکان بە قازانجی تاکە کەسی خۆی بگۆڕێ. ئیتر باس لەوە ناکرێ کە دۆکتور قاسملو کاتێک کە ریسکێکی گەورەی لە پێناو گەیشتنی نەتەوەی کورد بە مافە نەتەوەییەکانی کرد و تیرۆر کرا، حیزبێکی بە جێ هێشت کە چەندین هەزار چەکداری بە ورە و قارەمانی هەبوو و یەکێک لە بەهێزترین حیزبە چەکدارەکانی ناوچە و دنیا بوو، حیزبێک بوو کە لە ئاستی نێو نەتەوەییدا ناسراو بوو و هەموان بە باوەشی کراوەوە بۆ باس و دیالۆگ وەریان دەگرت، ئەدی بۆچی کاتێک کەوتە دەستی ئەوان، ئەو حیزبە وای لێ هات؟ ئەویش لە بەر کەمتەر خەمی قاسملو بوو؟ (ئەڵبەت ئەم باسە سەردەمی شەهید دۆکتور شەرەفکەندی ناگرێتەوە، چونکە ئەوە مێژوویە و سەلماندوویە کە ئەو رێبەرە گەورە چلۆن حیزبی پاراست)

 بەڵام ئاخۆ ئەوانە مەبەستیان لە کەمتەر خەمی چیە؟

ئەگەر بە ورد بینییەوە بڕۆیینە نێو مانای ئەو پێناسەیەی کە ئەوان بۆ دۆکتور قاسملوی دەکەن، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە پێناسەی ئەوان لە کەمتەر خەمی ئەوەیە کە لە شوێنی خۆتدا دابنیشی و هیچ چەشنە جووڵەیەک نەکەی، نەکا بتکوژن! ئاخۆ لە زەینی ئەواندا قارەمانەتی و ریسک کردن لە پێناو گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکان یانی هەڵەو پەڵە و کەمتەر خەمی و لە بەرانبەردا ، خۆ شاردنەوە و بەزاندنی شۆڕشی نەتەوەیەک کە بە خوێنی دەیان هەزار رۆڵەی ئەو نەتەوەیە گەشەی کردووە، یانی هەڵوێستی نەتەوەیی و پاراستنی دەسکەوتەکانی پارچەیەکی دیکەی کوردستان!         

مەبەستی ئەوان لە کەمتەر خەمی ئەوەیە کە دەبوا دۆکتور قاسملوش وەک ئەوان گەورەترین حیزبی نەتەوەیی کە خاونی هەزاران پێشمەرگەی بە ورەیە لە سەر چیاکان بەرەو پێدەشتە گەرم و وشک و تەقەکانی کۆیە رابکشابا و لە قەفەزی بکردبا و بیخنکێندبا و ناوی “بڕیاری نەتەوەیی” لە سەر دانابا. شەهید کردنی کادر و پێشمەرگەکانی لە ژێر ناوی “پاراستنی دەسکەوتەکانی حکوومەتی هەرێم”! پەردە پۆش بکردبا و بیگۆتبایا پارەمان نیە بە دوادا چونیان بۆ بکەین! پێشمەرگەی لە شکڵی چەکدارێکی نەتەوەیی دەربهێنابا و بیکردبایەتە کرێکار و خەمی سەرەکی بکردبایەتە خەمی نان! لەو لاشەوە دوایین مۆدێلی ماشینی بۆ خۆی و منداڵەکانی بکڕیبا و هەموو ساڵێك خۆشی بۆ هەڵهاتن لە تاو گەرمای دەشتی کۆیە هاوینان هاتبا بۆ دیپلۆماسی لە گەڵ دنیای دەرەوە! لە دوایشدا لە پێناو گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکان! ئەو حیزبە چوار دەور بەستراوەی ناو ئەو سەحرا وشک و بێ ئاوەی بۆ رزگار بوون لە تینوویەتی دەسەڵات، وەک شووتی بکردبایە بە دوو لەت و هەر کەسەو لەتی خۆی! تا گریانەکانی نەتەوەیەکی رەنج بە خەساری بە قەولی خۆیان بکردبایەتە قاقا! 

کاتێک چاو لە دیمانەکانتان دەکەم خەمێکی گەورە دامدەگرێ، بۆم دەر دەکەوێ کە بەڵێ دۆکتور قاسملو هەڵە و کەمتەر خەمی هەبووە، بەڵام ئەو هەڵەیە بێ گومان ریسکە جۆراوجۆرەکانی لە سەر گیانی خۆی بۆ دۆزینەوەی رێگا چارە بۆ نەتەوەیەکی بێ بەش نەبووە، بەڵکوو ئەوە بووە کە بەرهەمی خوێنی خۆی و هەزاران شەهیدی ئەو وڵاتەی سپاردە دەستی کەسانێک کە نە تەنیا نەیانتوانی شتێکی لێ زیاد بکەن بەڵکوو وردە وردە کردیان بە پاشکۆی بێ پرەنسیپ ترین لایەنەکان و لە هەمبەر هەر چەشنە سووکایەتی و هێرش و هەڕەشە و کوشتن و بڕینێک دا سەریان دانەواند و مل کەچ بوون و بە ناوی ئیحتیات و پرستیژی حیزبی، حیزبێکی شۆڕشگێڕی ناوداریان کرد بە ئەو شتەی کە ئێستا خۆیان لە لێدوانەکاندا بە سەرشۆڕی باسی دەکەن. راستە لە شوێنێکدا بێ گومان هەڵەیەک و کەمتەرخەمییەک رووی داوە، ئەگەر نەبوایا ئێوە نەدەبوون بە خاوەنی حیزب و نەتەوەیەکتان رەنج بە خەسار نەدەکرد.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی