"an independent online kurdish website

له‌ رۆژه‌کانی ١٩ و ٢٠ فێورییه‌ی ٢٠١٢   به‌ ده‌ستپێشخه‌ری و له‌ ژێر چاوه‌دێری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بەڕێز مەسعوود بارزانی،  رێ و ره‌سمی  رێزگرتن له‌ شه‌ست و شه‌شمین ساڵی دامه‌زرانیselah_majidpour

‘ ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان’،   له‌ هه‌ولێری پێته‌ختی باشوری کوردستان به‌ڕیوه‌ چوو. له‌و یادکردنه‌وه‌یه‌دا رێکخستنه‌ سیاسیه‌کانی هه‌ر چواربه‌شی کوردستان، نوینه‌رانی کۆمه‌ڵێک وڵاتی بێگانه‌ له‌ هه‌رێم و   که‌سایه‌تییه‌ سه‌ربه‌خۆکانی کورد به‌شداربوون.

یادکردنه‌وەی بۆنه‌ مێژوویه‌کان‌، و باسکردن له‌ مێژو خاوه‌ن دو لایه‌نی گێڕانه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌یه‌‌. لێکۆڵینه‌وه‌‌ و باس له‌ ڕابردوو هەمیشە بە مەبه‌ستی خوێندنەوەیەکی نوێیە بۆ دەرس وەرگرتن لەو ڕابردوویە، تاکوو بە  تیژبینی‌ بڕوانینە داهاتوومان و هەنگاویی بۆ هەڵێنینەوە. له‌و گۆشه‌ نیگایه‌ ڕا ده‌کرێت یادکردنه‌وه‌ی دامه‌زراندنی ‘ ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان’ له ئێستا دا، و‌ له‌ لایه‌ن به‌رزترین دزگای ده‌سته‌لاتدارێتی قانوونی باشوری کوردستان، وه‌ک په‌یامێکی به‌ هێزی سیاسی بۆ جیهانی ده‌وران پشتی کوردستان بخوێندرێته‌وە. له‌ هه‌مان کاتدا ڕێخۆشکه‌ر بێت بۆ پاڵ وێکدانی وزه‌ و تواناکانی کوردان له‌ پێناو ژیانده‌نه‌وه‌ی به‌هاکانی ‘ده‌وڵه‌تی جمهوری کردستان’. ‌ 

ساڵیادی دامه‌زرانی ‘ ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان’ له‌ هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌ت ،هه‌ستیار و پڕ له‌ هه‌ژانی ناوچه‌یی دا به‌ڕیوه‌ چوو. تایبه‌تمه‌ندی گۆرانکارییه‌‌ ناوچه‌ییه‌کان بریتین له، هه‌وڵ بۆ ژیانه‌وه‌ و‌ به‌هێزکردنی به‌ها نه‌ته‌وه‌یی، دینی و دێمۆکرا‌تیکه‌کان‌. هەر لەو سۆنگەیەشەوە کورد و‌ کێشه‌که‌ی ئێستا پتر لە هەموو کاتێک له‌ ڕیزی یه‌که‌م ئه‌وله‌ویته‌کانی ده‌ستوری کاری هیزه‌ ناونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یه‌کان دان‌. ئه‌گەر له‌ ڕابردودا کوردستان بۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌ ڕوانگه‌ی ژئێۆپۆله‌تیک ڕا جێگای سه‌رنج بوو، له‌ ڕۆژیی ئه‌ورۆدا پوتانسێلی ژئێۆئێکۆنۆمیکی کوردستانیش بۆته‌ جێگه‌ی سه‌رنج و بایخێکی بەرچاویشی پێدەدرێت.

به‌ له‌ برچاوگرتنی ئه‌و هه‌لومه‌رج‌ و ئاڵوگۆڕانە، مرۆڤ دەکارێ، خوێندنەوەیەکی دیکه‌ی لەو دەستپێشخەریەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادکردنەوەی   ‘دەوڵەتی جمهوری کوردستان’ هه‌بێت. وته‌کانی سه‌رۆکی هه‌ریمی کوردستان له یه‌که‌مین‌ رۆژی کرانه‌وه‌ی  ئه‌و یاده‌دا به‌رینایی و قولایی ڕوانگه‌ی ده‌زگای سیاسی و حکوومی باشووری کوردستانی ده‌رحه‌ق به‌ سه‌رجه‌م بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان نیشان ده‌دات. ناوه‌رۆکی وته‌کانی سه‌رۆکی هەرێم بریتی بوو له‌ رێز لێنان له‌و رۆژ و دیارده‌ میژووییه‌، به‌ سیحه‌ب کردنی ده‌سکه‌و‌ت و هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، یه‌ک نه‌ته‌وه‌بوونی کورد، له‌ سه‌ر‌ حه‌ق بوونی کوردان بۆ پێداگری له‌ سه‌ر ده‌سته‌به‌رکرده‌نی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان، شێوازی گه‌یشتن به‌ مافه‌کان و تایبه‌تمه‌ندی به‌شه‌کانی کوردستان. به‌ پێی پێگه‌ی هه‌ریمی کوردستان له‌ سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌ییدا، جێگایی خۆیه‌تی که‌ ئه‌و تێڕۆانینانەی سه‌رۆکی هه‌رێم وه‌ک به‌رزترین ده‌سته‌ڵاتی هه‌ریمی کوردستان به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ده‌سته‌ڵاتدارێتی هه‌رێمی کورستان خاڵێکی ئه‌رێنیه،‌ که‌ ده‌کرێ هانده‌رێکی مەزن بێت بۆ پێکهێنانی ئێتلافێکی نه‌ته‌وه‌یی له‌ گوێن سەردەمی پێکهێنانی ‘ ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان’ ‌. شتێک کە لە ژێر تیشکی ئاڵوگۆرە یەک لە دوایەکانی ناوچە، و گرینگی و سەقامگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ،هەتا دێت وەک پێداویستیکی حاشاهەڵنگەریی لێدێت. ئیتلافێک که‌ له‌ گه‌ڵ دیاری کردنی به‌رژوه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، نه‌خشه‌ی رێگای بۆ به‌ره‌و پێشبردنی بزو‌تنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد دیاری بکات.

هەر بۆیە یادکردنەوەی ‘دەوڵەتی جمهوریی کوردستان’ بە دەسپێشخەریی و ئیبتکاریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سەرەتایەکی بەهێز بێت  بۆ ئەوە کە دەنگۆی پێک هێنانی کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له‌ حاڵەتی ده‌نگۆ بوون بێنێته‌ده‌ر و هەنگاوەکان بۆ بە کردەوەیی کردنی ئەو ئیدێە چڕ و پڕتر کاتەوە. پێک هێنانی ئه‌م کۆنگره‌یه‌ ده‌توانێ سه‌هۆڵبه‌ندانی نێوان رێکخستنه‌ سیاسیه‌کانی ناو کو‌ردستان بشکێنێت ‌و ئیتلافێکی مێللی له‌سه‌ره‌وه‌ ڕا به‌ره‌و لێک نزیک بوونه‌وه‌یان به‌رێت. له‌و حاڵه‌دایه‌ که‌ به‌ زه‌ق بوونه‌وه‌ی به‌رژه‌وندییه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان، به‌رژوه‌ندیه‌ رێکخراوه‌یەکان دەکه‌ونه‌‌ ژێر پێپه‌ست و ده‌ره‌تانی درێژه‌ پیدان به‌ ژیانی قازانجه‌‌ ناوچه‌یی و رێکخستنیه‌کان نامێنێ. ئیتلافی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رده‌می کۆماری کوردستان به‌ سه‌رۆکایتی پێشه‌وای نه‌مر ئه‌وراستیه‌ ده‌سلمێنێت که‌ ‌ئیراده‌یه‌کی به‌ هێزو رێبه‌رییه‌کی به‌بڕشت ده‌توانێ پرۆسه‌ی هاوده‌نگی و هاوبه‌رژه‌وه‌ندی وه‌پێش بخات و به‌رژوه‌ندییه‌ بچووکه‌کان داکووژێنی.

 بۆ پێکهێنانی ئیتلافێکی نه‌ته‌وه‌یی لەو چەشنە‌ جگه ‌له‌ وه‌رگرتنی ‌بڕیاراتی سیاسی و کاکه‌ و براله‌کردنی رێکخستنه ‌سیاسیه‌کان، پێویستی به‌ فه‌رهه‌نگی هاوبیری و هاوبڕیاری له‌ نێوان لایه‌نه‌ جیاوازه‌کانی ناو بزوتنه‌وه‌ی کورد هەیە. بۆ گه‌یشتن به‌وئێتلافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ پێویسته‌ له‌ چاویلکه‌ی گێروکێشەو‌ برینه‌کانی ڕابردوو و تازه‌ راگرتنیان ڕا نه‌ڕوانینه‌ مێژومان. به‌ڵکو هه‌نگاوه‌ ئه‌رێنیه‌کان ئه‌مرۆمان زه‌ق بکه‌یینه‌وه‌ و بۆ به‌هێزکردنی هاوده‌نگی و یه‌کریزی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی تێ بکۆشین. و له‌و ڕوانگه‌یه‌ ڕا بروانیینه‌ یادی دامه‌زرانی ‘ ده‌وله‌تی جمهوری کوردستان’.

به‌و هیوایه‌ که‌ هه‌موو لایه‌ک بۆ به‌ جێ هێنانی ئه‌و ئه‌رکه‌ گرینگه‌ تێ بکۆشین.       

سه‌لاح ئه‌دیین مه‌جیدپوور،

هوله‌ند 5 مارسی 2012 زایینی 

majidpour48@zonnet.nl


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی