"an independent online kurdish website

سەرەڕای پیرۆزبایی کونگرەی چواردەهەمی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران،  هیوای یەکگرتنەوەی لایەنەکانی کۆمەڵە و کاری زیاتر بۆ کرماشان و بەشی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخوازم.Faramarz-Almassy

هەروەها ئاواتە خوازم کە هەموو پارتە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتی و ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی هەرکامەیان تا ڕادەیەک بە خۆیاندا بچنەوە و دەست لە مەزنی خوازی و منێ منێ کردن هەڵگرن. لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ باش لەوە تێگەیشتبن و قبووڵی بکەن کە بەو سیاسەتەی ئەم چەن ساڵەی دوایی و بەتایبەت لەت لەت بوونیان جەماوەرێکی یەکجار زۆریان لە خۆیان دوور خستووەتەوە و بێ هیواییەکی زۆریان لە ناو خەڵکدا خوڵقاندووە. کۆنگرەى چواردەهەمی کۆمەڵە  بە کۆنگرەى پتەوى و یەکڕیزى ناوزەد کراوە و کونگرەی چوارەهەمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە سێپتامبری ٢٠٠٨دا بە کونگرەی گەشەکردن و بە جەماوەریترکردنی خەبات ناوزەد کرابوو. کونگرەی چواردەی حیزب نزیکەی ٥ ساڵی بە سەردا چووە، بەڵام بەداخەوە درۆشمی بەجەماوەریترکردنی خەبات زیاتر لەسەر کاغەز مایەوە و بەو ئاراستەیەدا نەڕۆیشت کە درۆشمەکە مانا دەگەیەنێ. هیوادارم ئەمەی کۆمەڵەش وای لی نەیەت و تەنیا تەحویل دانێ وشە و درۆشمی جوان نەبێت و وشەکان لە مانا خاڵی نەکرێن.

قەرەبووکردنەوەی ئەم هەڵەگەلە و دوبارە سازکردنەوەی دیواری بڕوا و دڵگەرمی و هیوا لە لای خەڵک کاری زۆر و بێوچان و لەخۆ بوردوویی و دووربینی زۆری دەوێ. هەر وەک ئەوەی دیوارێک کە لە کاتێکی زۆر کەمدا ڕووخاوە، کەچی ڕاستکردنەوە و نۆژەن کردنەوەکەی کاتی یەکجار زۆری دەوێ. بەڵام بەداخەوە لە تازەترین هەلی هاوکاری کردندا، واتە لە پێکهێنانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورددا، جارێکی تر بەتایبەت کۆمەڵە و دیموکرات نیشانیان دا کە هێشتا لەسەر هەڵوێستەکانی پێشوویانن و تروسکەی هیوای هاوکاری لای ئەوان نابینرێ. بەبێ ئەوەی دەنگی خەڵک وەرگیرابێ، کە لەم کاتەدا عەمەلی نییە، ئەوان تەنیا خۆیان بە نوێنەری خەڵک دەزانن و لە باتی خەڵک هەڵبژاردن دەکەن و کورسی دابەش دەکەن. ئەویش کورسییەک لە بۆ ئامادەکردنی یەکەم هەنگاوی هاوکارییە و هێشتا تا کاتی کورسی دەسەڵات زۆر زۆری ماوە. ئەگەر ئەوان بڕوایان بە خەڵک و دەسەڵاتی خەڵکی هەیە، دەبێ هەرکات لە دەسەڵات نزیک بوونەوە، ئەو کات دەنگی خەڵک وەرگرن و کەسیان هەوڵی خۆسەپاندن نەدا.

هەر لایەنێک پێی وابێ کە ئەگەر لە یەکەم هەنگاوەکانەوە بۆ دروست کردنی کونگرەی نەتەوەیی کورسی زیاتری بەرکەوت، ئەوا لە کاتی دەنگ دان بۆ کورسی دەسەڵاتیش کورسی زیاتر بۆ خۆی مسۆگەر دەکا، ئەوا ئەو دوودڵییەی لەسەر دروست دەبێ کە ئەو لایەنە لەسەرەتاوە بڕوای بە دەسەڵاتی خەڵک نییە و لە بیری فێڵ کردن و دەستە و دەستە بازی دایە. بە داخەوە ئەم شێوازە نەک لە ناو کورددا، بگرە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باوە. نموونەی بەرچاویشی ئەوەیە کە دوای ٣٤ ساڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران، هێشتای هیچ بەرەیەکی هاوکاری نە کوردی، نە ئێرانی و نە کوری ـ ئێرانی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا پێکهاتووە. بەڵام کورد ئیستە لە دۆخێک دایە کە لایەنە سیاسییەکانی دەبێ بە تەواوی خۆیان لەم کردەوەیە بپارێزن و بەوپەڕی ڕاستی و سەداقەتەوە لە بەرژەوەندی یەکگرتوویی نەتەوەیی کورددا کار بکەن.

ئەگەر ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕۆشنیرانی تێکۆشەر لەبەر خاتری سەرگرتنی هەوڵەکان، بە بەشداریکردنی تەنیا ڕێکخراوە سیاسییەکان ڕازی بن و چاوپۆشی لە مافی خۆیان بکەن، ئەوا من پێم وایە سەرەڕای ڕوون نەبوونی هەموو ئامانجەکانی بەڕێز مەسعوود بارزانی و ڕەخنەگەلێک کە لەم بارەوە لەسەریەتی، ئەو پێشنیارەی ئەو بۆ دابەشکردنی کورسییەکانی کۆمیتەی ئامادەکاری زۆر بەجێ بوو کە پێنج لایەنی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ـ لایەن لەسەر بنەمای خەتی سیاسی ـ هەرکامە یەک کورسییان بەرکەوێ. چونکە ئەم کۆمیتەیە دەبێ بە تەوافوق پێک بهێنرێ، نەک بە هەڵبژاردنێک کە دەتوانێ لە نێوان بەشێک لە لایەنەکاندا ڕێککەوتنی پێشوەختی لەسەر کرابێ. هەڵبژاردن لە کاتیکدا دەکرێ کە ڕێکخراوە سیاسییەکان دەرفەتی خۆ بە خەڵک ناساندن و پڕووپاگەندە بۆ خۆیانیان پی بدرێ و دوای ئەوە خەڵکیش دەرفەتی بەشداری کردنیان لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا پێ بدرێ. جا ئەو کات هەر حیزبێک بە پێی دەنگی وەرگیراو لە خەڵک کورسی پێ دەدرێ و ئەو حیزبەش کە دەنگی لە سنووری لانی کەم کەمتر بوو بەبێ کارشکێنی ڕێز لە دەنگی خەڵک و یاسای وڵات دەگرێ.

بە هیوای یەکگرتوویی زیاتری هەموو پارتە سیاسییەکان کوردستان و سەرکەوتنی کونگرەی نەتەوەی کورد

فەرامەرز ئەڵماسی ـ نورویژ 30.07.2013

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی