"an independent online kurdish website

بیست و یەکەم – عەلی قەنبەری
لە کەمپی ئەلتاشەوە بەرەو وڵاتی سوید
پاش ھەشت ساڵ و دوو مانگ و چوار ڕۆژ لە ژیانی پڕ لە ئازار و مەینەتی کەمپ نشینی لە لایەک و ھەوڵدان بۆ وشیار کردنەوەی جەماوەری زەحمەتکێش لە لایەکی ترەوە، سەرئەنجام ڕۆژی ٢٥ مانگی سپتامبری ساڵی ١٩٩٠ زایینی بە خۆم و خانەوادەمەوە  ئۆردووگای ڕومادیمان بە جێ ھێشت و بەرەو وڵاتی سوید بە ڕێ کەوتینali_qenberi1

جێگەی وەبیر ھێنانەوەیە کە زستانی ١٩٨٩ بوو یان بەھاری ١٩٩٠ پێش لە ئەوەی کە وڵاتی سوید وەرمان بگرێت، بڕیار بوو کە ئامریکا وەرمانی بگردایەت. ئێمە خاوەنی نزیک بە ٢٠ کەیس دراین بە سەفارەتی ئامریکا لە بەغدای پایتەختی عێراق و لە مەقەڕی خاچی سووری نێو دەوڵەتی ( مەقەڕی سەلیبی سوور) لە بەغدا کارمەندانی سەفارەتی ئەو وڵاتە لە گەڵ دانە بە دانەمان وتووێژیان ئەنجام دا. ھەفتەیەک دواتر زانیمان کە تەنیا کەیسی سێ خانەواوە لە  کەیسی ئەو ٢٠ خانەوادەیە لە لایەن سەفارەتەوە قەبووڵ کراوە کە بنێردرێن بۆ ئیدارەی کۆچبەرانی ئامریکا، بۆ وەرگرتنی پەنابەری و جێگیر بوون لە ئەو وڵاتە.
 باقی کەیسەکان وڵامی نەرێنییان وەرگرتبوو. یەکێک لە ئەو سێ کەیسەی کە لە لایەن سەفارەتی ئەو وڵاتەوە وڵامی ئەرێنی وەرگرت بوو، خانەوادەی من بوو. بەڵام دوای کەمتر لە ٤٠ ڕۆژ ئێمەیش خاوەنی ھەر سێ کەیسەکە وڵامی نەرێنیمان ( وڵامی ڕەدی) لە ئیدارەی کۆچبەرانی  ئامریکاوە بۆ ھاتەوە.
ئەوەی کە قەرەبووی ئەو ھەواڵە ناخۆشەی بۆ ئێمە کردەوە، ئەوە بوو کە  بەرپرسانی کۆمیتەی خاچی سووری نێوەدەوڵەتی لە عێراق ھەر ئەو ڕۆژە  کە ئەو ھەواڵەیان پێداین، بە خەبەڕێکی تر دڵخۆشیان کردین. پێیان وتین کە تا دوو ھەفتەی تر ھەیئەتێک (وەفدێک) لە ئیدارەی کۆچبەرانی وڵاتی سویدەوە دێن بۆ سەردانی ئەم کەمپە و دواتر کەیسەکانی ئێوەیان پێ ئەدەین بۆ ئەوەی لە سوید وەرتان گرن.
ئەوەی ڕاستی بێت من خۆیشم بۆ وڵاتی سوید زیاتر خۆشحال بووم. بە ھەر حاڵ ئێمە لە بەھاری ١٩٩٠ لە لایەن ئەو ھەیئەتەی ئیدارەی کۆچبەرانی سویدەوە وەرگیراین و بڕیار بوو کە بە سێ کاروان  بەرەو  وڵاتی سوید بەڕێمان بکەن.
ھەر کاروان تەقریبەن لە پێنج خانەوادە و کەسی سەلت پێک ئەھات. کاروانەکەی ئێمە کە بوو بە کاروانی ئاخر، بڕیار بوو بۆ ١٠ مانگی ئاگووست بەڕئ بکرێت. نزیک بە مانگێک بۆ سەفەرەکەمان مابوو کە من بەشە دووکانەکەی خۆمم بە کاک قادر و کاک مەجید و کاک ئەکبەر فرۆشت.  وەھا بزانم ٥٠٠ دینارێکم پێ بڕا. بەشی زۆری  پارە و پۆلێک  کە  بوومان دام بە جل و بەرگ بۆ سەفەری خۆمان و منداڵەکان. بڕێکێشم بە قەرز دا بە دوو بنەماڵەی تر کە پێشتر پێشمەرەگە بوون و لە گەڵ کاروانی یەکەم و یان دووھەم (پێش لە ئێمە) سەفەریان ئەکرد بۆ سوید. دواتر لە سوید پارەکەیان پێ دامەوە. یەک لە ئەو دوو خانەوادە پێشتر پێشمەرەکی کۆمەڵە و ئەوی تریان پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بوو.
   با ئەوەش لە بیر نەکەم کە ئێمە خانەوادەیەکی نۆ کەسی بووین کە لە خۆم و ھاوسەری ژیانم و حەوت منداڵ پێکھاتبووین.  منداڵەکانمان لە نێوان ساڵ و نیو بۆ ١٢ ساڵان دەبوون.
 لە ئەو ماوەیەدا کە خۆمان ئەخستە ڕی، لە ناو کۆڕی ھاوڕێ و خزماندا کەوتبووینە دەورە میوانی و میوانداری کردن. تەنیا بەشی چەن ڕۆژێک خۆراکمان لە ماڵەوە ما بوو.
لە بەد شانسی ئێمەدا شەوی دووی مانگی ئاگووست سوپای عێراق ھێرشی کردە سەر وڵاتی کووەیت و داگیری کرد. ئەگەر ئەو شەڕە تازەیە بۆ خەڵکی عێراق و کوەیت خەبەرێکی ناخۆش بوو، بۆ ئێمە ھەواڵێکی زۆر ناخۆشتر بوو.  دەوڵەتی عێراق ھەشت ساڵ شەڕی لە گەڵ ئێران کرد، بە قەد ئەو ٥٤ ڕۆژەی کە من بینیم خەڵکی ئەو ئۆردووگایە مەینەت و ئازاریان نەچێشت. لە ئەو ھەشت ساڵەدا دووکانەکان پڕ بوون لە خۆراک و ھەموو شتێک لە بازاڕدا بە نرخێکی تا ڕادەیەک گونجاو وەگیر ئەکەوت. بەڵام ھەر یەک، دوو ڕۆژ لە دوای داگیرکردنی کووەیتەوە بازاڕ و دووکانەکان لە مەوادی خۆراکی (خواردەمەنی) و پێداویستییەکانی ماڵەوە خاڵی کران. 
لە ماڵی ئێمەدا تەنیا بەشی ھەفتەیەک ئارد و برنج و ڕۆن و چای و شەکر ھەبوو. ھیچ شتێک وەگیر نەئەکەوت.
  کۆمیتەی خاچی سوور جارێک ھاتن و پێیان وتین بە داخەوە ناتوانین لە کاتی خۆیدا ڕەوانەی وڵاتی سویدتان بکەین و دەبێ چاوەروان بن.
ھەموو وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوا لە دەوڵەتی بەعسی عێراق ھاتنەوە دەنگ و ھۆشدارییان دایە سەدام، کە ئەگەر جێشەکەی لە کووەیت نەکشێنێتەوە ڕوو بە ڕووی سزای قورس و دژە ھێرش ئەبێتەوە. سەدامیش ھەر وەک ھەر دیکتاتوورێکی ملھوڕی تری ئەم جیھانە گوێی لە ئەو ھەڕەشانە نەگرت و ئامادە بوو کە خەڵکی ئازار چەشتووی عێراق فیدای پاوانخوازی و شەڕخوازییەکانی خۆی بکات.
ھەر چۆنێک بوو ڕۆێشتم بۆ لای بەرپرسی ئۆردووگاکە کە نوێنەری پارێزگار بوو لە ئۆردووگای ڕومادی. کابرا ناوی سامی بوو. لە ئەو کاتەدا ھەر وەک ھەمیشە پڕی دەوری بوو لە موختار و خەڵکانی دەست و پێونەدیان.
جێگەی باسە سامی و چەن کەسێکی تر بە سەر پەنابەرانی ئازار چەشتووی  ئۆردووگای ڕومادییەوە خۆیان دەوڵەمەند و زەنگی کرد.
 بە ھەر حاڵ چوومە ژوورەوە و سڵاوم کرد. وتم سەید سامی بڕیار وابووە من دەی مانگ سەفەرم بکردایەت بۆ وڵاتی سوید و خاوەنی عایلەیەکی (خانەوادەیەکی) نۆ کەسیم و ئێستە ھیچ شتێکی خواردن لە ماڵدا شک نابەین. ئەگەر بکرێت بڕێک شتی خواردنمان پێ بفرۆشن.
زۆر باش لە بیرم نەماوە، بەڵام وەھا بزانم دە، پازدە کیلۆیەک برنج و تەنەکەیەک ڕۆن و بڕێک چای و شەکەری بۆ نووسیم و چووم بە نرخی دەوڵەتی وەرم گرت. بەڵام لە ئەو کاتەدا ئاردیان نەما بوو.
بە گشتی لە نێوان ٢ ئاگووستی تا ٢٥ سپتامبر کە ئەکاتە ٥٤ ڕۆژ تاڵترین و پڕ ئازارترین ڕۆژەکانی ژیانی من و خانەوادەم و ئەو خەڵکەی ئۆردووگای ڕومادییە بووە کە من لە ئەو مێژووەدا تێدا بەشداربووم. زۆربەی شەوەکان کاتژمێر سێ بو چوار لە خەو ھەڵئەستاین و بۆ کڕینی چەن نانێک یان چەن دانە سەموونێک (نانی ساندوێجی) و یان تەنانەت چەن گونکە ھەویرێک کە لە ماڵەوە بکریایە بە نان، ڕوومان ئەکردە شاری ڕومادی.
گەرمای ھاوین، نەبوونی بژیوی ژیان، نەمانی پووڵ و پارە و وەدەست نەکەوتنی نان و لە دەست دانی ھیوا بە دەرچوون لە دوای ھەشت ساڵ، بێ تاقەتی و گریانی ھەموو ڕۆژەی خێزانم. داماوی و بێ کەسی دانیشتوانی ئەو ئۆردووگایە، ڕەنگ و ڕووخساری برسی منداڵی ھەژاری کوردی ئاوارە لە لایەک و ھەلپەرەستی و خۆفرۆشی ئەم و ئەویش لە لایەکی ترەوە ژیانیان لێ تاڵ کرد بووم!
ئاسەواری ئەو ئازارانە ھەتا ئێستەش  ھەر لە سەر دەروون و مێشکم قورسایی ئەکەن.

تا لە بیرم نەچووە باسی یەکێک لە پیاوانی خزمەتکاری سامی و سەیتەرەکەی ئەو کاتی ئۆردووگای ڕومادیتان بۆ بکەم. ئەو کەسە کە ئێستە لە ژیاندا نەماوە، وەختێک من چووم بۆ لای سامی بۆ ئەوەی داوای مەوادی خۆراکی لێ بکەم، چۆن دەستی کرد بە ماستاو کردن بۆ ڕژیمی عێراق. “من نازانم ئەم خەڵکە لە عێراق چی کەم و کەسرییەکیان ھەیە کە ئەڕۆن بۆ خارج”  ئەوە قسەی ئەو کەسە بوو لە ئەو کات و ساتەدا کە بە ھەزاران مرۆڤ لە ئەو کەمپەدا بۆ پاروە نانێکی وشک نیازمەند بوون!
با ھەر لە ئێرەش باسی چاکەی چەن کەسێکتان بۆ بکەم و جارێکی تر سوپاسیان بکەم.
یەکەم، بنەماڵەی بەڕێزی چراغی، بە تایبەت ھاوڕێ مەلک موحەمەد کە لە دوو مانگی ئاخری ژیانم لە ئۆردووگای ڕومادی زۆر خەمخۆر و دڵسۆزی من و خانەوادەکەم بوون! 
دووەم، ھاوڕێی دێرینم کاک عەبدولڕەحمان بابایی کە دوای دوو، سێ ھەفتەیەک لە گرفتار بوون بە ئەو وەزعەوە، نیوە فەردەیەک ئاردی بۆ ھێناین. لە ئەو ڕۆژانەدا کە برا ئاگای لە برا نەما بوو کاک عەبدولڕەحمان لە فەردەیەک ئارد کە بۆ یەک مانگ و بۆ خانەوادەیەکی ١٠، ١٢ کەسی وەریان گرتبوو نیوەیەکی ھێنا بۆ ئێمە.
سێیەم، ھاوڕێی بەڕێز کاک ئەمیری ئەحمەدی (ئەمیر باوەجانی) کە لە یەکێک لە نانەواییەکانی شاری ڕومادی نانەوا بوو. لە ئەو ڕۆژگارە سەخت و دژوارەدا کە بە دەست ھێنانی بستەیەک سەموون یان چەن گونکە ھەویرێک لە شاری ڕومادی بە دەسکەوتێکی گەورە ئەھاتە ئەژماردن، ١٠، ١٢ دانە نانی برژاوی بۆم خستە لاوە کە ھەتا ماوم لە بیرم ناچێت.
چوارەم، سوپاسی بێ پایانم بۆ ھەموو ئەو ھاوڕێ و کەس و خزمانەم کە لە ئەو ڕۆژگارە سەختانەدا سەرەڕای ھەموو ئازارەکانی رۆژانەی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، بەڵام من و بنەماڵەکەمیان تەنیا نەئەھێشت و دڵخۆشیان ئەداینەوە و ھیوایان پێ ئەبەخشین.
پێنجەم، سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە ئەکەم کە دوو، سێ رۆژ پێش لە سەفەرەکەمان تا کاتی دەرچوون لە کەمپی ئەلتاش لە گەڵماندا بوون.
با ھەر لە پێوەندی لە گەڵ ئەو وەزعە ناخۆشەدا بیرەوەرییەک بگێڕمەوە.  ڕۆژێکیان کاک ئەنوەر موحەمەدی ھات بۆ ماڵمان.  ئیتر وەک جاران قسەی خۆش و پێکەنین و زەردە خەنە لە لێوەکانمانەوە  کەمتر ئەبینرا.  ھەموومان نیگەران و خەمبار بووین. خەم و خفەت بە ڕوخساری یەک بە یەکمانەوە دیار بوو. کاک ئەنوەر  دوای ئەوەی بۆ ماوەی کاتژمێرێک لامان مایەوە، خەریک بوو ھەڵسێت و بڕوات. وتم دانیشە بۆ نانی نیوەڕۆ. وتی بۆ کاک عەلی لە ئەم زەمانەدا کەس ئەتوانێ لە ماڵی کەسی تردا بۆ نان خواردن بمێنێتەوە؟
ئەوە قسەی نزیکترین ھاوڕێم بوو کە بۆ ماوەی ٦، ٧ ساڵ لە ئەو کەمپەدا پێکەوە کاری سیاسیمان کرد بوو. بە زۆری لە گەڵ یەکتردا بووین. ماڵی من ھەر وەک ماڵی برای خۆی بوو. بەڵام لە ناکاو کەوتینە ئەو وەزعە دژوارەوە کە فاشیستەکەی بەغدا بۆ ئێمەش و بۆ ھەموو گەلی عێراق و کووەیتی خولقاند بوو.
 ڕاستیتان ئەوێت ئەو ڕۆژە کاک ئەنوەر ھات تازە لە ڕومادیش ھاتبوومەوە. نە سەموونم دەست کەوت بوو و نە نان و یان تەنانەت ھەویریش. بامیە و تەماتەمان لە ماڵەوە ھەبوو. بەڵام نانمان نەبوو. برنجیشمان تەواو ببوو.
 چوومە حەوشەکە و بڕێک نانی وشکم بیننیەوە کە لە فەردەیەکی برنجدا بوو، کە بۆ مەڕ و بزنی ھاوماڵەکان داماننا بوو. بامیە و تەماتەکمان لێنا و نانە وشکەکەمان ھێنا و وردمان کرد و چێشتەکەمان کرد بە سەریا و بەو جۆرە میوانداریشمان لە کاک ئەنوەر کرد.

دڵتەنگی کردن و ڕەنج و ئازارەکانی ھاوسەری ژیانم
ئەوەی کە زیاتر لە ھەموو شتێک منی ئازار ئەدا دلتەنگی کردنەکانی ھاوسەری ژیانم بوو. ئەو کە دەیبینی ھیچمان بە دەستەوە نەماوە و تەنانەت خانووەکەشمان فرۆشتووە  زۆر ناڕەحەتی و نیگەرانی ڕوی تێکرد بوو. ڕۆژی وەھا نەبوو کە چەن جارێک  دەست نەکات بە گریان و ناڕەحەتی کردن. تاوانی ھەموو ئەو دەربە دەری و ئەو دواکەوتنەشمان لە ئەو سەفەرەدا لە چاوی منەوە ئەیبینی. زۆریش ناھەقی نەبوو. ئاخر تا ئەو کاتە نزیک بە ١١ ساڵ ئەبوو کە لە خانەوادەی دوور کەوتبووە و لە گەڵ ژیانی سیاسی و پێشمەرگانەی مندا زۆر ئەم لا و ئەو لای کرد بوو. لە گەڵ مندا و بە خاتری من دوو جار ئاوارەی عێراق ببوو. شەش مانگ لە نێوان زستانی ١٩٧٩ بۆ بەھاری ١٩٨٠ ژیان لە ژێر چادر (خێمە) لە ئۆردووگای باریکە، لە لای عەربەت. جاری دووھەم زستانی ١٩٨١ دیسان گەڕانەوە بۆ ئۆردووگای سەنگەر، لە لای خانەقین و پاشەن بۆ ئوردووگای ڕومادی و دیسان بۆ ماوەیەکی تر ژیانی ژێر چادر و نەھامەتییەکانی تر ببوو بە بەشێک لە ژیانی ئێمە!

 ئەو کاتەی کە لە گەڵ حیزبی دیموکرات بووم ( لە سەرەتانی ھاوینی ١٩٨٠ تا دیسان گەڕامەوە بۆ عێراق)، ھەر لە بایەوە و دزڵی لە ناوچەی مەریوان تا نەوسوود و شۆشمێ و تەوێڵە لە ھەورامان و لە ئەوێنەشەوە بە پێ بەرەو ناوچەی سەلاسی باوەجانی ھەر ڕۆژە  و لە ھەوارگەیەک و دوور لە ھەر چەشنە خۆشی ژیان بووین. با غەریبی و ھەژاری و شەڕ و تۆپباران و خومپارەباران و دەنگی تەیارەی جەنگی ھەر دوو دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و عێراقیش لە ئەو لاوە بوەستێت. دواتر ھەر مانگ و ھەر ڕۆژێک لە گوندێک و لە بنەبەرد و ئەشکەوتێکدا لە بناری بەمۆ بە دوو منداڵەوە بۆ ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵان (ئەویش کە لە شاڕیکی وەک کرماشان گەورە بوو بێت) و ھاوسەرەکەی پێشمەرگە بێت، زۆر ئاسان نەبوو. دواتریش جێگیر بوون لە ئۆردووگای سەنگەر و دوای ئەوەش ئۆردووگای ڕومادی و بینینی دونیایەک لە ڕەنج و ئازار و نەھامەتی تر کە باس کردنی تەنیا بە نووسین و بە وتن ئاسانە!

کاریگەری کێشە سیاسییەکانی ناو تەشکیلاتی کۆمەڵە و حێزبی کومونیستی ئێران
ھەر لە ھاوینی ساڵی ١٩٩٠وە و چەن مانگ پێش لە سەفەر کردنم بۆ وڵاتی سوید، کێشەی سەرھەڵدانی بیر و بۆچوونی فراکسیونی کومونیزمی کرێکاری کە مێژووەکەی ئەگەڕایەوە بۆ پێشتریش بە زەقی لە ناوی تەشکیلاتی (ڕێکخراوی) ئاشکرای کۆمەڵە و حیزبی کومونیستدا سەریان ھەڵدا. ھەر لە بەھاری ئەو ساڵەوە زۆربەی ئەو کادیرانەی کۆمەڵە کە ئەھاتن بۆ ئۆردووگای ڕومادی سەر بە بیر و بۆچوونی کومونیزمی کرێکاری بوون کە مەنسووری حکمەت (ژووبین ڕازانی) نوێنەرایەتی ئەو بیرۆکەی ئەکرد. ئەو کادیرانە زۆرتر کاریان لە سەر ئێمە ئەکرد کە بکەوینە شوێنی ئەو بیرۆکەیەوە. من بۆ خۆم ھیچ شتی تازەم لە قسەکانی ئەو ڕەوتەدا نەئەبینی. تەنیا یەک شتیان ئەوت، ئەویش بە ناسیونالیست لە قەڵەمدانی کۆمەلە بوو. باسەکانی ئەوان ئەوە بوو کە گوایە ناسیونالیستەکانی ناو کۆمەڵە مانع و پێشگیرن لە ئەوەی کە کرێکارانی کوردستان بێن و حیزبی کومونیستی ئێران بکەن بە حیزبی خۆیان. ئەیانوت کە سەدان ھەزار کرێکار لە پشتی دەرگاکانی حیزبی کومونیستی ئێراندا وەستاون بۆ ئەوەی کە ئەو حیزبە بکەن بە حیزبی خۆیان و بیگرن بە دەستەوە، بەڵام بیری ناسیونالیزمی کورد و سوسیال دیموکراسی ناو کۆمەڵە سەدی سەر ڕێگای ئەوانن!
نیگەران بوون و خەم و خفەتی باسەکان و کێشەکانی ناو رێکخراوی ئاشکرای کۆمەڵە بۆ من و زۆربەی ھاوڕێکانم لە باقی ئازارەکان و نەھامەتییەکانی تری ژیانی ئۆردووگای ڕومادی کەمتر نەبوون.
 چەن مانگ پێش لە سەفەرم بۆ سوید، لە سەر ئەو کێشە و ناکۆکییانەی ناو کۆمەڵە و حیزبی کومونیستی ئێرانەوە زۆر ئازارم ئەچێشت و ڕۆژ لە دوای ڕٶژ تووشی چەشنێ لە دڵسارد بوونەوە ئەبووم. بۆ ماوەی چەن مانگێک ئەبووکە ئیتر کار و چالاکیمان ڕوو بە دەرەوە کەمتر و کزتر ببوو. ھەموو ھەوڵەکان لە لایەن کادیرەکانەوە بە ئەو ئاراستەیەدا ئەچوون کە زۆرترین کەسمان ڕوو بکەینە بیر و بۆچوونەکانی کومونیزمی کرێکاری. من بۆ ماوەیەک لە بەرپرسایەتی ئەنجوومەنی لایەنگران وازم ھێنا و ھاوڕێ بەرزوو ئەحمەدی ئەو ئەرکەی بە ئەستۆوە گرت.
بە گشتی لە ئەو کات و ساتەدا ئەو ئازارانەی کە لە سەر ئەو کێشانەی ناو تەشکیلات ئەمان کێشا، قورساییەکەی کەمتر لە باقی ئەو ئازارانەی تر نەبوو کە پێشتر باسم کرد بوون. مرۆڤ ئەگەر لە دەرەوەی ماڵی خۆی، لە دەرەوەی حیزبی خۆی و یان لە دەرەوەی وڵاتی خۆی یەک دونیا ناحەز و دوژمنی ھەبێت بە قەد یەک کێشەی بچووکی ناو ماڵەکەی خۆی، حیزبەکەی خۆی و یان وڵاتەکەی خۆی کاریگەری خراپی نابێت و پشتی ناچەمێنێتەوە! ھەر بۆیە کێشە و ناکۆکییەکانی یەک لە دوای یەکی ناو ئەو حیزبەی کە من ژیانی سیاسی خۆممی پێوە گرێدا بوو، ڕاستگۆیانە بڵێم پشتمانی چەماندەوە و تووشی دڵساردی و بێ ھیوایی کردین.
 من لە درێژەی ئەم نووسینەدا لە سەر ھەموو کێشە و ڕووداوەکانی ناو کۆمەڵە و حیزبی کومونیستی ئێران تا ئەو جێگەی کە خۆم لە نزیکەوە ئاگادار و یان بەشدار بووم بە کورتیش بووە باسی ئەکەم.
 
بەڕێ کەوتن بەرەو وڵاتی سوید
سەرئەنجام سێ، چوار ڕۆژ پێش لە سەفەرمان بۆ سوید، جەماعەتی خاچی سوور ھاتن و ھەر ماڵێک دوو جانتای گەورە (ساکی سەفەری) و دوو جانتای دەستییان بۆ ھێناین وتیان بۆ بەیانی ڕۆژی ٢٥ سپتامبر سەفەر ئەکەن و دەبێ ئامادە بن! داوایان لێ کردین کە دەوڵەتی عێراق لە بڕ و بیانوو گرتندایە. ھەر بۆیە بۆتان نییە ھیچ شتێکی گومانلێکراوی وەک کتێب و ئەو جۆرە شتانە لە گەڵ خۆتان بھێنن.
بەو جۆرە بەرە بەیانی ڕۆژی ٢٥ مانگی سپتامبری ساڵی ١٩٩٠ زایینی ئێمە ئەو چەن خانەوادەیە بە یەک، دوو مینیبووس لە کەمپی ئەلتاشەوە سوار بووین بەرە و بەغدا و لە ئەوێشەوە بە تەیارە بەرەو وڵاتی ئۆردوون. شەوێک لە عەمان لە ھۆتێلێک ماینەوە و بەرە بەیانی ڕۆژی دوایی دیسانەوە بەرەو فرۆکەخانەی عەمان و لە ئەوێنەشەوە بەرەو   سویس. لە ئەوێنەشەوە بۆ ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید. شەوێک  لە کەمپێکی نزیک لە شاری ستۆکھۆڵم ماینەوە و بۆ سبەی ئێمە تەنیا ماڵە نێردراین بۆ باکووری وڵاتی سوید. بۆ شارۆچکەیەک بە ناوی لیکسەلە.
ئەو کاروانە کە پێکەوە لە ڕومادی ھاتینە دەرەوە ئەمانە بووین:
ماڵی ئێمە، ماڵی کاک مەجید ئاڵیاوایی و ماڵی کاک حەیدەر ( ناسراو بە حەیدەر مھابادی) بۆ سوید.
ماڵی کاک عەزیزئەڵا مھرابی و ماڵی کاک کەریم حاجی حوسەین گاخۆری بۆ وڵاتی ھوڵەند.

نیشتەجێ بوون لە سوید
دوای ئەوەی کە شەوێکمان لە کەمپێکی پەنابەری لە وڵاتی سوید بە سەر برد، پێش لە نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٧ – ٩ – ١٩٩٠ زایینی بە تەیارە بە ڕێکراین بۆ شاری ئۆمیو لە باکووری سوید. بۆ نیوەڕۆکەی گەیشتینە فڕۆکەخانەی ئەو شارە. ھەر کە دابەزین مشاورەکەمان لە گەڵ وەرگێڕێکی کورد چاوەڕوانمان بوون. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە پێشدا لە سەر خانەوادەی ئێمە ھەیانبوو ھەر زوو ھاتن بە پیریمانەوە و ئێمەش خۆمانمان پێ ناساندن. بە مینیبووسیکی ٩ کەسی و ماشینێکی بچووکترەوە ھاتبوون بە شوێنماندا. لە ڕێگای وەرگێڕەکەوە، مشاورەکەمان ئاگاداری کردینەوە کە دەڕۆین بۆ شاڕیکیتر بە ناوی لیکسەلە کە وابزانم زیاتر لە سەد کیلومترێک لە ئۆمیو دورتر بوو. لە ڕێگادا لە گەڵ وەرگێڕەکە کە ناوی مستەفا بوو کەوتمە قسە کردن. بۆم دەرکەوت کە خەڵکی ناوچەی بۆکانە و پێشمەرگەی کۆمەڵە بووە کە ساڵی ١٩٨٤ بە ھۆی بریندارییەوە نێردراوەتە دەرەوە.
بۆ دوای نیوەڕۆکەی گەیشتینە لیکسەلە و لە قەراخی شاردا دوو دەزگاە خانووی تازە درووستکراوی ٥ قات ھەبوو. لە یەکێک لە ئەو ئاپارتمانەدا ماڵێکی ٥ ژوورەیان بۆ ئامادە کردبووین. ئەو ڕۆژە پێموایە ڕۆژی ھەینی بوو و شەممە و یەکشەممەکەی دەبوو بە پشووی ئیداری. ھەر بۆیە بەشی سێ، چوار ڕۆژ خواردنیان بۆ کڕی بووین و لە یەخچاڵەکەیان (سەلاجە) دانا بوو. دوکانێکیش لە ئەو نزیکانە بوو و پێیان وتین ھەر شتێکتان پێویست بوو ئەتوانن لە ئەوێ بیکڕن. بڕێکیش پارەیان پێداین. ھەموو شتێک لە ئەو مالەدا بۆ ئێمە تازە بوو. ئەوەش بڵێم زۆربەی ئەو شتانەش کە بۆ ماڵ پێویستن لە پێشدا بۆمان ئامادە کرا بوو. تەنانەت مەدرەسە و باخچەی منداڵانیش بۆ مندالەکانمان دیاری کرا بوو.
دوای جێ بە جێ کردنی ئیش و کارە سەرەتایییەکانمان، وەک تەواو کردنی کڕینی جل و بەرگ و تەکمیل کردنی شتی ناو ماڵ، سەردانی دوکتور و تاقیکاری تەندرووستی، دامەزراندنی منداڵەکان لە باخچەی ساوایان و مەدرەسە و باقی کار و باری ڕۆژانەمان، کەوتمە بیری پێوەندی گرتن لە گەڵ کۆمەڵە و ئیدامەی تێکۆشانی سیاسیم. ھەر وەھا لە بیری ئازارەکانی ئۆردووگای رومادیشدا بووم و ئەوەشم لە بیر بوو کە بۆ ئۆردووگای ڕومادی چیم پێ ئەکرێت و دەبێ چی بکەم؟
 لە کۆتاییدا دەبێ ئەوە بڵێم کە ھەموو ئازارەکانی ژیانی من و بنەمالەکەم بە بەراورد لە گەڵ کۆی ئازارەکانی ئەو خەڵکە داماو و ڕۆژ ڕەشەدا، دڵۆپەیەک بووە لە دەریایەک لە مەینەت و نەھامەتی و ھۆکارەکەشی زوڵم و زۆر و نادادپەروەری و نەزانین و فریوکاری بوون کە لە بەشەکانی ڕابردوودا بە وردی باسم لێ کردوون!
ئیدامەی ئەم باسە ھەڵ ئەگرم بۆ بەشەکانی داھاتوو. چاوەڕوان بن!
عەلی قەنبەری ٣٠ – ٧ – ٢٠١٣ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی