"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی رووداوەکانی ئەم دوایی‌یەی کوردستانی رۆژئاوا، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.pdki-arm-

دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:

هاوڵاتییانی بەڕێز،

ئۆگرانی مافی مرۆڤ،

ماوەیەك لەمەوبەر لە سووریە، بەرەیەكی سەربە رەوتی بناژۆخواز ‌و توندڕەوی ئیسلامی جیهادی، لە دژی هێزە كوردییەكان پەنای بردە بەر بنەما ئایینییەكان ‌و فتوای جیهادی دژ بە نەتەوەی كورد لە كوردستانی سووریە دەركرد و بەپێی فەتواكەیان خوێنی پیاوی كورد و هەروەها ژن و ماڵ و منداڵایان بە حەڵاڵ بۆ تیرۆریستەكانیان ناو برد و هێرشێكی دڕندانەیان دژ بە نەتەوەی كورد و خەڵكی ئاسایی ‌و بێ‌چەك و بێ‌پەنا دەست پێ‌كرد.

لە درێژەی ئەو شەڕە جیهادی و بەناو موقەدەسە ‌و لەژێر ناوی ئایینی ئیسلامدا، چەكدارانی سەر بە رەوتە توندئاژۆیەكان، دەستیان دایە كۆمەڵكوژی و لە چەندین شوێنی كوردستانی سووریە وێڕای بە بارمتەگرتنی خەڵكی ئاسایی و ژن ‌و منداڵی كورد، چەندین تاوانی دژەمرۆییشیان خولقاند و خەڵكی چەند گوندیان بە تێكڕا تیبرباران كردووە و كوشتاری بەكۆمەڵیان وەڕێ خستوە كە تاوانەكانی هێزەكانی رێژیمی خومەینی دوای دەركردنی فەرمانی جیهاد بە دژی كوردمان وەبیر دێنێتەوە.

كۆڕ و كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكان،

لە كاتێكدا كە هێندێك لە رەوتە بناژۆیەكانی سەلەفی جیهادی لە سووریە تاوانی لەو شێوە دەرحەق بە نەتەوەی كورد بەڕێوە دەبەن، بێدەنگ بوون لە بەرامبەر ئەو رەشەكوژی و تاوانی شەڕەدا، سیمای لایەنگری لە تاوان بە خۆوە دەگرێ‌و داواكارین كە وێڕای مەحكووم كردنی ئەو تاوانانە، یارمەتیی مرۆیی خێرا بەو خەڵكە بگەیەنرێ ‌و لە بەرامبەر تیرۆریستان و تاوانباراندا پشتیوانی لە خەڵكی بێتاوانی كورد لە سووریە بكرێ.

هەروەها وەبیری هێزە كوردییەكان لە كوردستانی سووریە بە تێكڕا دێنینەوە كە دوژمنی كورد یەكگرتوو و یەكدەستە و تەنیا بەتاوانی كورد بوون دەیانكوژێ و بۆیە داوا لە هەموو هێزە كوردییەكان دەكەین كە بە قبووڵ كردنی یەكتر و بە هاوئاهەنگی و هاوكاریی بە رێز و حورمەتی یەكسان و هاوتاوە، بۆ پاراستنی گەلەكەمان لە كوردستانی سووریە و بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەكە هەنگاو هەڵبگرن، ئەم رووداوانە نیشانیان دا كە لە پرش و بڵاوی و قبووڵ نەكردنی یەكدی، تەنیا دوژمنان قازانجی لێ دەبەن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢
٣ی ئووتی ٢٠١٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی