"an independent online kurdish website

لە بەشی یەکەمی ئەم باسەدا ، بە کورتی باسمان لە ئەدەبی منداڵان لە چاخەکانی کۆندا کرد .. دوایش باسمان لە گەشەکردن و پێشکەوتنی رەوتی ئەدەبی منداڵان ، لە وڵاتانی فەرەنسا و ئینگلتەرادا کرد .. لەم بەشەدا ( بەشی دووەم ) ، درێژە بە مێژووی ئەدەبی منداڵان لە هەریەکە لە وڵاتانی : ( ئەڵمانیا ، روسیا ، وڵاتانی ئیسکندناڤیا ، ئەمریکا ، ئیتالیا ، ئیسپانیا ، هیندستان ، بە کورتیش ئاماژە بە چەند وڵاتێکی تر دەکەین … ) reza_shuwan

ئەڵمانیا :

بەر لە هاتنی دوو برا ( یاکوب و ولیەم کارڵ گریم ) ، لە ئەڵمانیادا چیرۆکی ئەفسانەیی تەنها بۆ گەورەکان دەنووسران .. بەڵام ئەم دوو برایە ( یاکوب و ولیەم گریم ) دەستیان کرد بە کۆکردنەوە و ، بە نووسینی چیرۆکی ئەفسانەیی و ئەندێشەیی  و فۆلکلۆریی ئەڵمانی بۆ منداڵان .. بۆ هێنانەدیی ئەم مەبەستەشیان بە درێژایی ژیانیان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تری ئەڵمانیا دەچوون و ، گوند و ماڵان دەگەڕان و ، لە دەمی دایکان و بە تەمەنەکانەوە ، لە دەمی کاسبکار و ، فرۆشیارە گەڕۆکەکانەوە ، ئەو مەتەڵ و چیرۆک و ئەفسانە و داستانە کۆنانەیان لێ وەردەگرتن ، کە شەوان لە گوێی ئاگرداندا ، بۆ منداڵەکانیان دەگێڕانەوە .. ئەمان بە دەستکاریکردن و ، بە زمانێکی ئاسان و شیرین و رەوان ، دووبارە بۆ منداڵانیان داڕشتوونەتەوە .

( یاکوب گریم : ١٧٨٥ ـ ١٨٦٣)  براکەشی ( ولیەم گریم : ١٧٨٦ ـ ١٨٥٩) ی زایینی لە شاری ( کاسل ) ی ئەڵمانیا لەدایکبوونە و ، هەرلەم شارەشدا ژیانیان بەسەربردووە .. پێکەوە لە ژوورێکدا دەنووستن و ، پێکەوەش یارییان دەکرد و ، لە قوتابخانەی بنەڕەتی و زانکۆش هەر پێکەوەبوون ، پێکەوەش لە بارەی ئەدەب دەمەتەقێیان دەکرد .. هەموو چیرۆکەکانیشیان پێکەوە کۆکردوونەتەوە و ، پێکەوەش نووسیویانن و بڵاویان کروونەتەوە .. تەنها مردن لێکی دابڕین .

ئەم دوو برایە بڕوانامەی ( لیسانس ) یان لە یاسادا وەرگرت .. ئەدەبی کۆن و ئەدەبی ئەڵمانییان لە سەدەی ناوەڕاستدا خوێند و ، وەکو دوو مامۆستای بە توانای وانەبێژیش لە زانکۆدا وانەیان دەوتەوە .

برایانی گریم زۆربەی چیرۆکە ئەفسانەییەکانیان ، لە شاری ( کاسل ) دا کۆکردوونەتەوە .. لە ساڵی (١٨١٢) دا ( ١٥٦) چیرۆکیان لە کتێبێکدا لەژێر ناوی ( چیرۆک بۆ منداڵان و ماڵان ) دا لە شاری ( بەرلین ) دا چاپیان کرد و بڵاویان کردەوە .. دەستپێکی هەموو چیرۆکەکانیشیان بە ( هەبوو .. نەبوو .. ) دەستیان پێکردوون.                            تا برایانی گریم خۆیان لە ژیاندا بوون .. شەش جار ئەم کتێبە دووبارە چاپ کرایەوە .. هەرجارەش چەند چیرۆکێکی تازەی تریان دەخستنە سەری و ، تیراژیان زیاتر دەکرد .. دیزاینی بەرگەکەیان جوانتر دەکرد .. تا ئەمڕۆش لە مۆزەخانەیەکی مێژوویی ئەدەبیدا لە شاری کاسل کە بەناوی ( مۆزەخانەی برایانی گریم )ەوەیە .. دەقی ئەو چیرۆکانەیان بە دەستووسی خویان تێدایە ، لەگەڵ ئەو کەرەستە و کەلوپەلانەی کە بەکاریان هێناون .. ساڵانە بە هەزاران گەشتیار سەردانی ئەم مۆزەخانەیە دەکەن .

لە دوای مردنیشیانەوە تا ئەمڕۆ ، لە ژمارە نایات کە چەندین جاری تر ئەم کتێبەیان بە زمانی ئەڵمانی و زمانەکانی تری جیهان چاپکراوەتەوە و بڵاویان کردۆتەوە .. ئەم کتێبە گۆڕیویانەتە سەر زیاتر لە ( ١٧٠) زمانی جیاواز لە جیهاندا ..                       زۆربەی چیرۆکەکانیشیان کروان بە فیلمی کارتۆن و ئەنیمەیشن و ، بە چەندین زمان جیهانی دۆبلاج کراون .

لە چیرۆکە خۆشەکانی برایانی گریم : ( کۆڵوانە سوور )ە کە زۆربەی منداڵانی جیهان ، بە منداڵانی کوردیشەوە ، لە رێی فیلمی کارتۆنی دۆبلاج کراوەوە ، ئەم چیرۆکە دەزانن و دیالۆژەکانی بوونەتە وێردی سەر زمانیان .. لە چیرۆکە بەناوبانگەکانی تری برایانی گریم ( ساندریلا ) ، ( پاشای چیای زێڕین ) ، ( هۆل خانم ) ، ( بووکە راستییەکە) ،

( ژنە جادووگەرەکە شەڕخوازەکە ) ، ( رابونزل ) ، ( کچەشازادەی نووستوو ) یا

( کچەپاشا و حەوت کورتەباڵا ) یا ( بەفرین ) : ( بەفرین ، کچەپاشایەکی زۆر سپی و جوان و ناسک دەبێت ، دوای مردنی دایکی دەبێتە ژێرچەپۆکەی باوەژن ، کە زۆر رقی لە بەفرین دەبێ و ئیرەیی بە جوانییەکەیدا دەبا و، هەوڵی لە ناوبردنی دەدا .. جارێکیان لە ژێر کاریگەریی جادووی باوەژنەکەیدا ، بەفرێن بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ خەو دەیباتەوە و بە خەبەر نایات .. تا بە رێکەوت کوڕەپاشایەکی لاو دەیبینێت و ، زۆر سەرسامی جوانییەکەی دەبێت .. ماچێکی بەفرین دەکا و جادووەکە بەتاڵ دەبێ و بەفرین خەبەری دەبێتەوە و .. زۆر سوپاسی کوڕەپاشاکە دەکات و ، دەبێت بە دەزگیرانی …)

برایانی گریم ، خزمەتێکی مەزنیان بە ئەدەبی منداڵان بەخشی و ، شایانی ئەوەن کە هەتا هەتایە بە نەمری بمێننەوە .. هەموو چیرۆکەکانیان تا ئەمڕۆش ، زۆر خۆشن و خۆشی و شادیان خستوونەتە دڵی هەموو منداڵانی جیهانەوە .. بوونە بە بەشێکی گرنـگ و نەمـریش لە کەلەپـووری ئەدەبیی ئەڵمـانیادا.. بۆیە ئەمسـاڵ ( ٢٠١٣)  لە ئەڵمانیادا بە ( ساڵی برایانی گریم ) ناو دەبرێ .. بە بۆنەی یادی ( چـاپی یەکەم ) ی کتێبەکەی برایانی گریم ( چیرۆک بۆ منـداڵان و ماڵان ) کە بۆ یەکەمین جار لە بەرواری ( ٢٠ ی / دێسەمبەر / ی ١٨١٢) دا چاپکرا .

یاکوب و ولیەم گریم ، نەک هەر لە بواری ئەدەبی منداڵاندا هەڵکەوتووبوون ، بەڵکو خزمەتێکی گەورەی زمان و مێژوو و کەلەپووری ئەڵمانیاشیان کرد .. مەرگ بواری نەدانێ ، کە پرۆژەی ئەو فەرهەنگە زمانەوانییە ئەڵمانییەی ، کە ماوەی چەند ساڵێک بە ئامادەکردنییەوە سەرقاڵ و ماندووبوون .. تەواوی بکەن .

لە ساڵی ( ١٨١٩) دا ، زانکۆی ( ماربۆرگ) ی ئەڵمانی ، ( بڕوانامەی دکتۆرای رێزلێنانی ) بە ( برایانی گريم ) بەخشی .

لە دوای ( رووخاندنی  دیواری بەرلین :  ١٨٨٩) دا و ، یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا .. لە ساڵی ( ١٩٩٠) دا ، لەسەر بەنرخترین پارەی کاغەزی ئەڵمانی ( ١٠٠٠ مارک )  ( وێنەی برایانی گریم ) دانرابوو .. تا ساڵی ( ٢٠٠٢) دا ، کە پارەی ئەڵمانیا و هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورپادا ، بوو بە ( یۆرۆ ) .

ئەمەو تا ئێستا چەندین جار لەسەر ( پوولی پۆست ) دا . وێنەی برایانی گریم ، یا پاڵەوانەکانی چیرۆکەکانیان دانراون .. هەروەها وەکو رێزلێنان و هەمیشە بەرزڕاگرتنی ناوی برایانی گریم .. چەند قوتابخانە و شەقامێکیش ، چەندین کۆگای فرۆشیاری لە شارەکانی ئەڵمانیادا  بە ناوی( برایانی گریم ) ەوە ناونراون .

ئەمڕۆ لە ئەڵمانیادا ، بزووتنەوەی ئەدەبی منداڵان لە گەشەکردن و پێشکەوتندایە ، زیاتر لە سێ هەزار نووسەری ئەدەبی منداڵان هەیە .. پانگزە دەزگای چاپکردن و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە کتێبی منـداڵان هەیە .. بۆ نموونــە : لە ساڵی ( ٢٠٠٥ ) دا ، ( ١٨٠٠) کتێبی چیرۆک و هۆنراوە و ، ( ٥٥٩) رۆمان ، بۆ منداڵان لە زمانەکانی ترەوە گۆڕییانە سەر زمانی ئەڵمانی .

لەپاڵ نووسەرە کلاسیکییەکاندا ، کە لە دەرەوەی ئەڵمانیاشدا ناوبانگیان هەیە .. کۆمەڵیک نووسەری بە توانای تریش هاتنە بواری نووسین بۆ منداڵان .. کە بە ژمارەی کتێبە فرۆشراوەکانیان ، توانیان نومرەی تازەی باڵای جیهانی تۆماربکەن ..    لە سەروی هەموویانەوە ، نووسەری بە ناوبانگ خاتوو ( کۆرنیلــیا فۆنــکە ) یە ، کە نووسەرێکی بەتوانای بواری ئەدەبی منداڵانە ، لە کتێبەکـانی ( ئەژدیهای شـاسوار ) و ( مەرەکـــەبی دڵ ) کە گۆڕیویانن بۆ سەر زمانی ئێنگلیزی و ، زۆرتــرین ژمـــارەیان لێ فرۆشراون .

هەروەها کەڵەنووسەری کۆچکردووی ئەڵمانی ( ئۆتۆ گرید برۆیسلیر ) کە لە ساڵی

( ١٩٢٣) لەدایک بووە ، یەکێکە لە نووسەرە مەزنەکانی بواری ئەدەبی منداڵان لە جیهاندا .. ( ٣٢) کتێبی بۆ منداڵان چاپکردووە .. تا ئێستا گۆڕیویانن بۆ سەر ( ٥٥) زمانی جیهانی و ( ٥٥) ملیۆن دانەیان لێ فرۆشتوون .. گرنگترین کتێبی چاپکراویشی : ( دزەکە تیسنبلوشە) و ( پیاوە بچکۆلەی ئاو ) ـە .

برویسلیر دەڵێ : ” هەندێ جار لێم دەپرسن : بەڕێز برویسلیر بۆ بۆ منداڵان دەنووسی؟ بە ساکارییەوە وەڵامیان دەدەمەوە : چونکە خۆشیی لێ دەبینم .. ئێوەش ئەی منداڵانی خۆشەویست ، هیوادارم وەکو چۆن من لە نووسینەکانمدا بۆ ئیۆە چێژیان لێ وەردەگرم .. هیوادارم ئێوە لە خوێندنەوەیاندا ، چێژێکی زیاتریان لێ وەربگرن .. ” 

 

روسیا :

یەکەمین کۆمەكە چیرۆک کە لە رووسیادا بۆ منداڵان چاپکرا و بڵاوکرایەوە ، لەژێر ناوی ( داستانەکانی روسیا ) دا بوو .

چەندین چیرۆکنووس و رۆماننووس و شاعیری بەناوبانگی روسی ، منداڵانیان فەرامۆش نەکردوون و بەشێک لە نووسینەکانیان بۆ منداڵان تەرخان کردووە .. وەکو:

( پۆشکین : ١٧٩٩ ـ ١٨٣٨) ز . رۆماننووس و شانۆنووس و ، شای شاعیرانی روسیا بوو .. پۆشکین کۆمەڵێک هۆنراوەی شیرین و ناسکی بۆ منداڵان هۆنیوەتەوە . یەکێک لە هۆنراوەکانی  ( راوکەر و ماسی ) یە .

( مەکسیم گۆرگی : ١٨٦٨ ـ ١٩٣٦) رۆماننووسێکی بەناوبانگی جیهانییە و ، خاوەنی رۆمانی بە ناوبانگ ( دایـک ) ـە .. مەکسیم گۆرگی ، رۆڵێکی گرنگی لە گەشەکردن ئەدەبی منداڵان لە رووسیادا هەبوو .. گۆرگی دەڵێ : ” منداڵ لە هەموو سەردەمێکدا هێمای بێتاوانی و پاکی و خێر و راستی و جوانییە .. ”

گۆرگی ، گەورەترین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبی منداڵا نی لە روسیادا دامەزراند .. ماڵەکەشی کردبووە ژوانگەی نووسەران .. زۆر جار لە ماڵەکەیاندا لەگەڵ نووسەرانی ئەدەبی منداڵاندا دادەنیشت و ، گوێی لێیان دەگرت و ، ئامۆژگاری و رێنمایی دەکردن .. چەند جارێکیش کێبڕکێی بۆ ئەدەبی منداڵان سازدا .. خەڵاتی رێزلێنانیشی بە نووسەرانی تێکستە سەرکەوتووەکان دەبەخشی .

لە تێڕوانینی گۆرگی یەوە ، پێویستە ئەدەبی منداڵان هاوڕەوت بێ لەگەڵ پەروەردەی نوێدا ، پەروەردەش پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی بێ ، پەروەردەی کۆمەڵایەتیش بەلای گۆرگی یەوە ، ئەنجامدانی کاری شۆڕشگێرانە و ، رزگارکردنی مێشکی منداڵانە لە خەیاڵپووچی و لەداب و نەریتی سواو .. دەبێت منداڵان بە شێوەیەک گۆش و پەروەردە بكرێن ، کە زیاتر لە داهاتوو بڕوانن ، وەک لەوەی کە ئاوڕ لە رابردوو بدەنەوە .. مەبەستی گۆرگی ئەوەش نییە کە هێڵی راست و چەپ بەسەر رابردوودا بهێنین و ، لەبەرچاوی منداڵانی بخەین ، یا لە رەگەوە بەها نەتەوەییەکانمان رەگکێش بکەین .. بەڵکو پێویستە بە شێوەیەکی راستگۆیانە و روون و بێ ئارایش ، باسی رابردوویان بۆ بکەین .. لەم رووەوە گۆرگی دەڵێ : ” پێویستە زانیاری لە خزمەتی ئەندێشەی منداڵاندا بێت .. منداڵانیش وا رابهێنین کە بیر لە داهاتوو بکەنەوە .. ”

گۆرگی جەخت لەسەر بایەخی چیرۆکە کۆنە میللییەکان دەکاتەوە ، لە گەشەکرنی هۆش و هزری منداڵان و ، لە هەست کردن بە داهێنان لە هونەر و ئەدەبدا و دەوڵەمەندکردنی زمان .. گۆرگی تەنها پێبەندی ئەم بیروباوەڕانە نەبوو ، بەڵکو لەگەڵ منداڵان خۆشیاندا دادەنیشت و ، لە را و بۆچوونەکانیانی دەپرسی ، تا بزانێ کە چییان بۆ بنووسرێت .. گۆرگی پێشنیاری خۆی لە دوو وشەدا چڕ کردۆتەوە : ” هەمــوو شــتێ ”

( تۆڵستۆی : ١٨٢٨ ـ ١٩١٠ ) ز . بیرمەند و چاکسازێکی کۆمەڵایەتی و داواکەرێکی سەرسەختی ئاشتی بوو ، فەیلەسووفێکی بلێمەت و کەڵەڕۆمانووسێکی جیهانی بوو ،  یەکێک بو لە کۆڵەکەکانی ئەدەبی رووسی لە سەدەی نۆزدەمیندا  ، گرنگترین کاری ئەدەبی ، دوو رۆمانی بەناوبانگن ( شـەڕ و ئاشـتی : ١٨٦٩)  و ( ئانـا کـارنینا : ١٨٧٣) یە .. تۆڵستۆی نزیکەی نەوەت چیرۆکی خۆش و ئاسان و مەبەستداری بۆ منداڵان نووسیوە و چاپی کردوون ، ئامانجی چیرۆکەکانیشی بەرجەستەکردنی خۆشەویستی و ئاشتی و دڵسۆزی و هیوایە لە دڵی منداڵاندا .. ئەمانەش ناوی هەندی لە چیرۆکەکانیێتی : ( مراوی و مانگ) ، ( سێ هاوڕێ ) ، ( دوو بـرا ) ، (بەردەکە ) ، ( ئەسپە پیرەکە) ، (سەگە پیرەکە ) ، ( مریشک و جووجەڵەکانی ) ، ( جووتیارەکە و خەیارەکانی ) ، ( سەرەتایەکی زەحمەت ) ، … هتد .

 ( ێیڤان کریلۆف : ١٧٦٩ ـ ١٨٦٦) ز . شاعێرێکی ناسراوی روسییە ، کۆمەڵەڵێک چیرۆکی بە زمانی ئاژەڵەوە بۆ منداڵان نووسیوە .. کە گوزارشت لە باردۆخی روسیا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی  قەیسەرەکان دەکەن .

( مایکۆفسکی : ١٨٩٣ ـ ١٩٣٠) شانگزە هۆنراوەی بۆ منداڵان نووسیوە .

ئەمڕۆش لە رووسیادا ، بە سەدان کتێبخانەی تایبەت بە کتێبی منداڵان هەن ، ساڵانەش  بە سەدان کتێب و گۆڤار بۆ منداڵان چاپ دەکرێن و بە نرخێکی هەرزان دەیان فرۆشن.

 وڵاتانی ئیسکندناڤیا ( دانیـمارک ، سـوید ، نەرویـج ) :

زۆربەی چیرۆکنووسان و رۆماننووسان و شاعیران و شانۆنووسە ناسراوەکانی وڵاتانی ئیسکندناڤیا سوودیان لە کەلپوور و فۆلکلۆر و لە داستان و مەتەڵ و ئەفسانە کۆنەکانی وڵاتەکانیان وەرگرتوون ، لە نووسینەکانیاندا رەنگیان داونەتەوە .. بۆ نموونە خێو و دیۆدرنج ، پەری ، بووکی دەریا ، پیرێژنی جادووگەر ، جنۆکە ، جانەوەر و دەعبا و ، خەیاڵئامیزی پانتاییەکی زۆریان لە ئەدەبی منداڵاندا گرتۆتەوە .

ئەگەر چیرۆک و شانۆگـەرییەکـانی ، کەڵە شانۆنووسی ناسـراوی نەرویــجی و جـیهانی ( هێنریک ئەبسن : ١٨٤٨ ـ ١٩٠٦) بخوێنیەوە ، کاریگەریی ئەفسانەییان پێوە دیارە .. بە تایبەتیش لە شانۆگەری ( ماڵێک بۆ بووکەڵە) دا .

دانیمارک :

کەڵەنووسەری بەناوبانگی دانیمارکی و جیهانی ، چیرۆکنووسی منداڵان ، شانۆنووس ، رۆماننووس ، شاعیر ( هانز کریستیان ئەندەرسن : ١٨٠٥ ـ ١٨٧٥) لە شاری ئۆدنیز لە دانیمارک لەدایک بووە ، تاقانەی خێزانەکەی بوو .. منداڵێکی لەڕ و لاواز و هێمن بوو .. لە قوتابخانەدا ، لە وانەی وەرزشدا ، لە ترسی ئەوەی هانز نەکەوێتە بن دەست و پێی هاوڕێکانییەوە ، مامۆستاکەی دەستی دەگرت و ئاگای لێ دەبوو .. بەڵام تا بڵێی منداڵێکی خەیاڵ بڵاو و بیرتیژ و سەرنج وورد بوو .. باوکی شەوانە چیرۆک و مەتەڵ و ئەفسانە کۆنەکانی بۆ دەگێڕایەوە .. لە دار شانۆیەکی بچووک و چەند بووکەڵەیەکیشی بۆ دروست کردبوو ، کە بەنی پێوە بەستبوون و دەیبزواندن و دەیدواندن .

هانز کریستیان ئەندەرسن ، تەمەنی سیانگزە ساڵان بوو کە باوکی مرد ، بۆ یەکجاری دایکی و شارەکەیان بەجێ دەهێڵێ و روو لە ( کۆپنهاگن )ی پایتەختی دانیمارک دەکا .

بۆ مێردمنداڵێکی رەشوڕووتی گیرفان بەتاڵ ، برسی و بێکار ، بێ شوێنی حەوانەوە .. ژیان زۆر سەخت بوو .. بەڵام هانز ئەندەرسن ، بڕوابەخۆ و ، گەشبین و خۆڕاگر و کۆڵنەدەر بوو .. هەلی خوێندن و کارکردنی لە بواری شانۆدا بۆ رەخسا .. توانی بگات بە هیوا و ئامانجەکانی .. دەستی بە نووسینی چیرۆک کرد .. خۆی بە قەرزاری چیرۆک و ئەفسانە و داستانە کۆنەکان دەزانێت ، ئەو چیرۆک و ئەفسانە کۆنانە ، بوونە هەوێنی نووسینی چیرۆک و شانۆگەرییەکانی بۆ منداڵان .

لە ساڵی ( ١٨٣٥) دا ، هانز ئەندەرسن یەکەمین کتێبی خۆی بە ناوی ( چیـرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان ) چاپکرد و بڵاوی کردەوە .. ژمارەی ئەو چیرۆکانەی کە هانز بۆ منداڵانی نووسیون ( ١٥٠)  چیرۆکن .. ژمارە هەموو کتێبە هەمەڕەنگە چاپکراوەکانیشی (١٦٨) کتێبن .. ئەم ژمارەیەش بۆ ئەو سەردەمە ، ژمارەیەکی پێوانەیی باڵا بووە ، لە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبدا .

هانز کریستیان ئەندەرسن ، بیرەوەرییەکانی ژیانی رۆژانەی خۆشی ، پێش مردنی  لە سێ بەرگدا لە ژێر ناوی ( داستانی ژیانم ) دا ، چاپکرد کە تێکڕای ژمارەی لاپەڕەکانیان ( ٤٥٠٠)  لاپەڕن .. ئەمانەش ناوی هەندی لە چیرۆکەکانی (هانز ئەندەرسن ) ـە بۆ منداڵان : ( تۆمالیزا ) یا ( پەنجەباڵا ) ، ( شازادەی بەفر ) ، ( دەریاچەی قازەکان ) ،

( کچە شوانەکە ) ، ( گوڵەکانی ئیڵدای بچکۆلە ) ، ( بێچوە مراوییە لاسارەکە ) ،

( قالۆنچە ) ، ( کراسە تازەکەی ئیمبراتۆر ) ، ( پەرییە بچکۆلەی دەریا ) ، ( داری سەروو ) ، ( رۆژنامەنووس ) ، ( دوو خۆشەویستەکە ) ، ( بولبولەکەی ئیمبراتۆر ) ،

( پاککەرەوەی کوڵبێنە ) ، ( پێڵاوی سوور ) ، ( خێزانکی بەختەوەر ) ، ( زەنگ ) ،

( کچە شقارتەفرۆشەکە ) ، ( سەربازی تەنکە ) ، ( قازە کێوییەکان ) ، ( سێبەر ) ،

( چیرۆکی دایکێک ) ، ( شازادە و دەنکە فاسولیا ) ، … هتد .

چیرۆکی ( پێڵاوی سووور ) لە ساڵی ( ١٩٨٥) دا وەکو شانۆگەرییەک بۆ منداڵان ، لە تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمار کرا ، کە هونەرمەندی بە توانا کاک ( رزگار کەریم سەعید) کە ئيستا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی ، گۆڕیبووی بۆ سەر زمانی کوردی و ، دەریهێنابوو ، هۆنەرمەندی گەورەی گەلەکەشمان ، خاتوو ( گەزیزە عومەر ) رۆڵی پێڵاوفرۆشەکەی تیدا دەبینی .. من لە هەمان رۆژی تۆمارکردنی پێڵاوی سووردا ، لە تەلەفزیۆنی کەرکوک بووم و ، بەرنامەی  ـ جیهانی منداڵان ـ مان تۆماردەکرد ، کە من ئامادەکەری ئەم بەرنامەیەم بووم .. لە بەرنامەکەماندا هەر ئەو رۆژە ، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەو کوڕە منداڵەی کە رۆڵی تامەزرۆی پێڵاوی سووری دەبینی ، سازکرد .. بۆ دڵنیابوون لە ساڵی تۆمارکردنی ئەو شانۆگەرییە ، پەیوەندیم بە مامۆستا ( گەزیزە ) وە کرد ، دیارە ئەویش ساڵی تۆمارکردنی لە تەلەفزیۆندا ، لەیاد نییە کە بە تەواوی چ ساڵێک بوو . 

چیرۆکەکانی هانز ئەندەرسن بۆ منداڵان ، ئەگەر نەڵێم بۆ هەموو زمانەکانی جیهان ، گۆڕیویانن بۆ سەر زۆربەی زمانەکان و ، کراون بە فیلمی کارتۆن و ئەنیمەیشن و ، بە چەندین زمانی جیهانی دۆبلاج کراون ، چەند چیرۆکێکیان بە کوردیش دۆبلاج کراون ، لەوانەش ( تۆمالیزا ـ پەنجە باڵا ) .. منداڵان خۆشی و چێژێکی زۆریان لێ وەردەگرن .

لە ساڵی ( ١٨٣٨) دا ، وەکو رێزلێنان و پێزانین بۆ ئەو خزمەتە پیرۆزەی پێشکەشی منداڵانی دەکرد ، ( خەڵاتی شاهانەی دانیمارک ) بە ( هانز کریستیان ئەندەرسن ) یان بەخشی .. خەڵاتەکەشی ئەوەبوو ، کە تا لە ژیاندایە ، لەسەر ئەرکی حکومەتی دانیماک هەر کاتێک خۆی بییەوێت و ، ئارەزووی سەردانی هەر وڵاتێکی لە ئەوروپادا بکات .. گەشتکردنەکەی کراوەیە و ، هەموو خەرجییەکی دانیمارک بۆی دەدا .. هانز سەردانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای کرد و ، سوودیکی زۆری لەو گەشتانەی بینی و ، چی جێی سەرنج راکێشان و دڵخۆشیی بووایە ، بە هۆنراوە و پەخشان و وێنەکێشان گوزارشتی لێکردوون و ، لە ( داستانی ژیانم ) دا ، تۆماری کردوون .

هانز ئەندەرسن لە ( ٤ی / ٨ /ی ١٨٧٥)  دا ، لە کۆپنهاگن ، کۆچی دوایی کرد .. دوای ئەوەی کە سامانێکی زۆر بەنرخی بە منداڵانی جیهان بەخشی .. دوای مردنیشی هەموو چیرۆکەکانی بۆ منداڵان لە کتێبێکدا لەژێر ناوی ( چـیرۆکەکـــان ) دا چاپکرا .. شایانی خۆشێتی هەتا هەتایە دانیمارک شانازی بەم کەڵە نووسەرەیەوە بکات .. کە پێشەنگی هەموو نووسەرانی ئەوروپا بوو لە بواری ئەدەبی منداڵاندا .. هانز ئەدەرسن ئەوەشی شایانە کە بە ( باوکی ئەدەبی منداڵان ) ناویان دەبرد .

بۆ هەمیشە بەرزڕاگرتنی یادی هانز ئەندەرسن .. وڵاتی دانیمارک ، هەر دوو ساڵ جارێک خەڵاتێک ، بە ناوی ( خــەڵاتی هانــز کریســتیان ئەنـــدەرسن ) ، یا بە خەڵاتی ( نوبڵی بچوک ) یش ناودەبرێت کە خەڵاتێکی جیهانییە و لە لایەن شاژنی دانـیمارکەوە خاتوو ( مارگـرێت ) لە ئاهەنگێکی فەرمیدا .. دەبەخشرێت بە نووسەرانی ، ( باشترین تێکست بۆ منداڵان )  و .. بە ( باشترین وێنەکێشی بواری کتێبی منداڵان ) ش .

چەندین ساڵیش ( وێنەی هانز ئەندەرسن لەسەر پوولی پۆست ) دا دانراوە .. شەقامێکی سەرەکی لە کۆپنهاگن بە ناوی ئەمەوە ناونراوە و پەیکەرێکی شایستەشیان بۆ دروست کردووە .. ساڵی بە هەزاران کەسیش سەردانی ماڵەکەی دەکەن .

سـوید :

لە وڵاتی سوید دا ، کەڵەنووسەری بەناوبانگی سویدی و جیهانی ، رۆمانووسی ناسراو خاتوو ( سەلمە لاگەرلۆف : ١٨٥٨ ـ ١٩٤٠) جێ پەنجەی لە ئەدەبی منداڵاندا دیارە .

سەلمە لاگەرلۆف ، یەکەمین نووسەری ئافرەت بوو لە سوید دا ، یەکەمین نووسەری سویدیشە کە ( خەڵاتی نۆبڵ ) ی وەرگرت ، ( یەکـەمین ئـافرەتیشە لە جیـهان ) دا ، کە ( خەڵاتی نۆبڵ ) ی وەرگرت .

سەلمە لاگەرلۆف ، لە شاری(موریکا ) لە هەرێمی ( ڤارملاند ) ی سەر سنووری سوید و نەرویج لەدایک بووە و ، لەوێدا ژیاوە .. بەشێکی زۆری رووداوەکانی چیرۆک و رۆمانەکانی ، بۆ ئەم دەڤەرە دەگەڕێنەوە .

سەلمە لاگەرلۆف ، ماوەی دە ساڵ مامۆستا بووە و وانەی دەوتەوە ، دوایی وازی لە وانە وتنەوە هێناو و ، خووی بە نووسین و چاپکردنی نووسینەکانی دا .

یەکەمین رۆمانی لە ساڵی ( ١٨٩١) دا لەژێر ناوی ( داستانی گۆستابرلینگ)دا چاپکرد. بە ناوبانگترین نووسینەکانی سەلمە : ( گەشتەکانی نیڵز ) ، ( پەیوەندییە نهێنییەکان ) ، ( ماڵە کۆنەکە ) ، ( قودس ) ـە.

( گەشتەکانی نێڵز ) ، یەکێکە لە رۆمانە نەمرەکانی سەلمە لاگەرلۆف ، کە تا ئەمڕۆش منداڵان ، بە کارە سەرکێشییەکانی نێڵز سەسام و دڵخۆشن .. ( نیـڵز ) ی پاڵەوانی گەشتەکانی ئەم چیرۆکە ، کوڕە منداڵێکی چەتوون و لاسارە ، گێچەڵ و تەڵفیسی بە کورتە باڵایەک دەکا .. سزاکەی ئەوەیە ئەميش دەبێت بە کوڕێکی ( بستە باڵا ) و ، نایناسنەوە ، نێڵز زمانی ئاژەڵ و باڵندەکان فێردەبێت و ، لەگەڵ پۆلێک قاز و مراویدا ، کە لەوەپێش لە کێڵگەکەیاندا دەنيشتنەوە و ،  نیڵز ئازاری دەدان .. دڵیان پێ دەسووتێ و سواری سەر پشتی یەکێک لە قازەکان دەبێت و ، بۆ گەشتەکانیان هەڵدەفڕن .. تووشی گەلێ سەرکێشی و هەڵوێست و رووبەڕووبوونەوەی سامناک دەبن و دەربازیان دەبێت .. لە کۆتاییدا دەگەڕێنەوە و ، نێڵز دەبێتەوە بە کوڕە ئاساییەکە و بە نیشمانەکەی خۆێ شاد دەبێتەوە .. ئەم چیرۆکە کراوە بە فیلمی کارتۆن و ، بە زۆربەی زمانەکانی جیهان دۆبلاج کراوە .

وەکو رێزلێنانێک بۆ خزمەتەکانی ئەم نووسەرە ، حکومەتی سوید ، وێنەی سەلمە لاگەرلۆف ی ، لە سەر پارەی (٢٠ کرۆن ) ی سویدی داناوە .

نووسەر و سیناریۆنووسی بەناوبانگ خاتوو ( ئەسترید لیندگرین : ١٩٠٧ ـ ٢٠٠٢) ز یەکێکە لە نووسەرە ناسراوەکانی سویدی و جیهانی لە بواری ئەدەبی منداڵاندا .. خاتوو ئەسترید لیندگرین ، لە ریزبەندی هەژدەمیندایە لە جیهاندا ، لە رووی ژمارە زۆری گۆڕینی کتێبەکانی بۆ سەر زمانەکای جیهان .. نزیکەی ( ١٤٥) ملیۆن دانە کتێب لە کتێبەکانی بۆ منداڵان لە هەموو جیهاندا فرۆشراون ..  خاتوو ئەسترید لیندگةرین بە زنجـیرە کتێبی ( پیـپی ی گــۆرەوی درێــژ ) بە ناوبانگە .. خاتوو ئەسترید چەندین خەڵاتی رێزلێنانی سویدی و جیهانیان پێ بەخشی .

نەرویــج :

لە نەرویجدا ، لە هاوشێوەی (  برایانی گریم ) ی ئەڵمانی ، دوو نووسەری هاوڕێی دڵسۆزی یەکتری ( پێتەر کریستن ئاسبیورنسن : ١٨١٢ ـ ١٨٨٢) و ( یورگن موا : ١٨١٣ ـ  ١٨٨٥ ) لە سەدەی نۆزدەمیندا دەستیان بە کۆکردنەوەی ئەفسانە و مەتەڵ و داستان و چیرۆکە میللییەکانی نەرویج کرد ، بە شێوەیەکی هۆنەری و ئەدەبیی گۆنجا ، دووبارە بۆ منداڵان دایان ڕشتوونەتەوە و ، لە چەند بەرگێکدا چاپیان کردوون ، دەستپێکی چیرۆکەکانیش بە دەستەواژەی و  بە ( جارێک لە جاران …  ) دەستیان پێکردوون .. ئەوچیرۆکەکانیش هەربە ناوی ئەم دوو هاوڕی یەوە بڵوکراونەتەوە ، بە ناوی ( چیرۆکەکانی ئاسبیورنسن و موا )  ناودەبرێن ، کە بە بەشێک لە کەلەپووری ئەدەبیی نەروىج دەزانرێن .. چیرۆکەکانیان گوڕیون بۆ سەر چەندین زمانی جیهانی .

( جۆنستاین گاردەر )  لەدایکبووی ساڵی ( ١٩٥٢) ز ، لە ژیاندایە ، مامۆستایەکی فەلسەفە و مێژووە لە زانکۆدا .. لە بواری فێرکردن و ئەدەبدا ، پێکەوە کاردەکات . نووسەرێکی بەناوبانگی نەرویجییە ، لە بواری نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان .

 

ئەمریـکا :

وەکو دەزانین ، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، لە کۆتایی سەدەی پانگزەمیندا ، لە ساڵی ( ١٤٩٨) دا ، لە لایەن گەڕیدەی بەناوبانگی ئیتالی ( کریستۆف کۆڵۆمبس ) ەوە دۆزرایەوە .. بەڵام ( هیندییە سوورەکان ) زیاتر لە ( دە هەزار ساڵ )ـە لەوێدا دەژین و خەڵکی رەسەنی ئەو کێشوەرەن .. ئێمە لێرەدا مەبەستمان لەو نەتەوەانەی ترە ، کە لە دوای دۆزینەوەی ئەمریکادا ، لە وڵاتانی ترەوە کۆچیان بۆ کرد .. بۆیە دەتوانین بڵێین داب و نەریتی ئەدەبی لە ئەمریکادا ، لە چاو وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقاوە .. رەگ و ریشە و ، سیمایەکی تایبەتمەندی و مێژووییی ئەوتۆی نییە .. بەڵکو ئەمریکا پشتی بە وڵاتانی تر دەبەست ، کە لە هونەر و لە ئەدەبدا ، زۆر پێشی کەوتبوون و ، لەو پێشکەوتووتر بوون .

ئەدەب بە گشتی و ، ئەدەبی منداڵان بە تایبەتی زۆر بە خێرایی و بە باشی لە ئەمریکادا گەشیان کرد ، ئێستا ئەمریکا زۆر لە پێشی ئەو وڵاتانەوەیە کە پێشتر پێشی کەوتبوون .

نووسەر ( سمۆئیل جۆد ریتش ) رۆڵیکی باڵای هەبوو ، لە پێشخستنی ئەدەبی منداڵان لە ئەمرکادا ، ئەوەبوو ( چیرۆکەکانی پێتەر بیلی ) ی بڵاوکردەوە .

لە ساڵی ( ١٨٧٦)  بەدواوە ، گرنگییەکی زیاتر بە گەشەکردنی ئەدەبی منـداڵان درا ..  لە نووسەرە بەناوبانگەکانی ئەدەبی منداڵان لە ئەمریکادا :

خاتوو ( لویزا مەی ئالکۆت ) و ( فرانک تۆم ) و ( ئیلیانور پۆرتەر) ، ( جۆل هاریس) ، ( مارگرێت وایز براون ) ، ( راندال بنیان ) ، ( هاربێت بێتشەر ستاو ) و ، چەند نووسەرێکی تری ئەم بوارە .

( پۆل بنیان ) کۆمەڵێک چیرۆک و مەتەڵی میللی بۆ منداڵان نووسیوە ، زۆربەی چیرۆکەکانیشی گۆزارشت لە پاڵەوانێتی و هێز و ئازایەتی دەکەن  .. یەکێک لە چیرۆکە ناسراوەکانی ( ئەمریکییەکی دارەوان ) ـە .

( جۆن هاریس) یش ( سەرکێشییەکانی مامە ریمۆس ) ی نووسیوە .

( هاربێت پێتشەر ستاو ) ، بەناوبانگترین نووسەری ئەدەبی منداڵانە لە ئەمریکادا .

نووسەری ناسروای ئەدەبی منداڵان خاتوو ( سارا کۆن برنات ) بوو ( وانەی چیرۆک ) یا ( کاتژمێرێک بۆ چیرۆک ) ی داهێنا .. وانەی چیرۆک بە فەرمی بوو بە بەشێک لە بەرنامەی پەروەردەیی لە قوتابخانەکانی ئەمریکادا .. هەفتانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە پۆلدا ، یا لە ژوورە تەرخانکراوی کتێبخانە تایبەتییەکانی منداڵاندا .. منداڵان بە جۆش و پەرۆشەوە لە دەوری مامۆستاکەیان ، یا لە دەوری چیرۆکخواندا دادەنیشن و ، گوێ لە چیرۆکێکی تازە دەگرن .. دوایش دەمەتەقێی لەسەردەکەن و ، هەریەکەشیان سەرنج و رای خۆی دەربارەی چیرۆکەکە دەردەبڕێت .. بە پراکتیکی ئەوەش ساغبۆتەوە ، بەلای منداڵانەوە ، چێژی گوێگرتن لە چیرۆک ، لە چێژی خوێندنەوەی کەمتر نییە .

شایانی باسیشە لە ساڵی ( ١٩٦٤) ەوە ، لە کۆنگرێسی ئەمریکادا ، راوێژکارێک بە ناوی ( راوێــــژکاری کتـــێبی منـــداڵان ) ەوە دانرا .. یەکەمین راوێژکـاریش ، خاتــوو ( زیــلا جـاکۆیش ) بوو .. کە بەڕێوەبەری بەشی منداڵان بوو لە کتێبخانەی گۆنگرێسی ئەمریکادا .

ئەمڕۆ لە ئەمریکادا ، ساڵانە چەندین کتێب و گۆڤاری بابەت هەمەڕەنگە بۆ منداڵان دەردەکرێن و ، بە ملیۆنان دانەیان لێ چاپ دەکرێن و بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشرێن ، بایەخێکی زۆریش بە رەنگ و دیزایین و لایەنی هونەرییان دەدەن .. بە سەدان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤاری منداڵان لەم بوارەدا خزمەت دەکەن .. بەشێکی زۆری ئەم گۆڤار و رۆژنامانەی منداڵان ، منداڵان خۆیان سەرپەرشتییان دەکەن و ، دەریان دەهێنن .. ئەمریکا بایەخێکی زۆریشی بە کتێبخانەی تایبەت بە منداڵان داوە ، بە سەدان کتێبخانەی گشتیی منداڵان ، لە ئەم پەڕ تا ئەوپەڕی ئەمریکادا هەن .. بە زۆریش منداڵان خۆیان بەڕیوەیان دەبەن .

پێویستە ئامەژەش ، بە کەڵە هونەرمەند و داهێنەری فیلمی کارتۆن و ئینیمەیشن ، دەرهێنەری بلیمەت و فیلمساز ( واڵت دیزنی : ١٩٠١ ـ ١٩٦٦) بکەین .. کە رۆڵێکی باڵای لە پێشخستن و بە نەمری کردنی چیرۆک و رۆمان و ئەفسانە نووسراوەکانی نووسەران هەبوو .. چەندین چیرۆکی ئەفسانەیی ، بە فیلمی کارتۆن دەرهێناوە .

ئیتالـیا :

بەشێکی زۆری نووسەرانی ئیتالیا ، لە نووسینی چیرۆکی ئەفسانەیی و داستان دوورکەوتنەوەوە .. بەڵام لە ئەمڕۆدا  ، چەند ئاراستەیەکی نوێ لە ئارادایە بۆ بوژاندنەوەی کەلەپووری ئیتالی .. پێشەنگی ئەم ئەم هەوڵەش ، نووسەری ناسراو

( ئیتالۆ کالفینۆ ) یە ، کە لە هەموو دیالیکتە جیاوازەکانی ئیتالیاوە ، چەندین چیرۆکی ئەفسانەیی و میللی وەرگرت و ، لە فۆرمێکی تازەی ئەدەبی و هۆنەریدا ، بە زمانی نوێی ئیتالی دایڕشتوونەتەوە .. ئیتالۆ ئەو راستییەی خستۆتە بەرچاو ، کە ئادەمیزاد پێش ئەوەی ببنە نەتەوەی جیاواز و ، سیما و تایبەتیی خۆیان هەبێ ، لە کۆمەڵێک خەسڵەتی  گشتیدا هاوبەشن .

ئەدەبی منداڵان لە ئیتالیادا ، بەوە ناسراوە کە پەیوەندییەکی تەواوی بە راستییەکانی سەردەمەوە هەیە  .. بە ناوبانگترین نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان لە ئیتالیادا

( جین روداری) یە . ئەم نووسەرە کتێبیێکی بۆ منداڵان هەیە لەژێر ناوی ( گیرفانێک لە ئامێری تەلەفزیۆن ) دا .. کە کۆمەڵێک چیرۆکی خۆشی بۆ منداڵان لەخۆگرتووە .

نووسەرێکی کەی ئیتالی لە بواری ئەدەبی منداڵاندا ( داڤـیدی کـالی ) یە ، خاوەنی کتێبی

( مالینا بالینا ) یا ( نەهەنگی مالینا ) یە ، کە کتێبێکە بۆ منداڵان ، بێجگە لەم کتێبە داڤیدی ، چەند کتێبێکی تریشی بۆ منداڵان چاپکردووە .

یۆنـان :

یۆنان ، لانکی شارستانی و ، وڵاتی فەیلەسووفان و بیرمەندە مەزنەکانی جیهانی .. لە ساڵی ( ١٤٨٤) دا ، لە ژێر ناوی ( ئەفسانەکانی ئێسوب ) دا ، کە بریتییە لە کۆمەڵێک چیرۆکی ئەفسانەیی و ئەندێشەیی  .. لە لایەن ( ولیام کاکستۆن ) ەوە ، چاپکرا و بڵاوی کردنەوە .. لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا ئاماژەمان بە ئێسوب بەم چیرۆکانە کرد .

یۆنانییەکان بەو ئاراستەیە منداڵیان پەروەردە دەکرد ، کە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و پشت بە خۆیان ببەستن و ، ببنە دەربەری ئایندە .

هیندستان :

هیندییەکان ، بایەخێکی زۆریان بە منداڵان و بە ئەندەبی منداڵان دەدا .. ( چیرۆکەکانی پەنجا کنتا ) کۆمەڵێ چیرۆکی میللی بوون بۆ منداڵان .. پێشتر ئاماژەمان بە چیرۆکەکانی ( کەلیلە و دیمنە ) کرد ، کە لە نووسینی فەیلەسووفی هیندی ( بەیدەبا ) ن .

ئێـران :

لە کۆندا لە ئێران ، لەسەر بنەمای ئەم سێ پرانسیپە منداڵانیان فێردەکردن و ، رایان دەهێنان : ( ئەسپ سواری ، تیرهاویشتن ، راستگۆیی ) .. دوایش وەکو جەنگاوەرێک دەخرانە ریزی جەنگاوەرانەوە و ، لە تەمەنی پانگزە ساڵیشدا ( پشتێنی پیاوانە ) یان لە پشتی منداڵ دەکرد .. ناسراوترین و بە ناوبانگترین نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان لە ێێراندا ، چیرۆکنووسی منداڵان و شاعیر ( سەمەدی بەهرەنگی  : ١٩٣٩ ـ ١٩٦٣) یە کە لە شاری تەورێز لەدایک بووە ، نووسەرێکی بە رەگەز ئەزەری یە .. یەکێک لە چیرۆکەکانی بۆ منداڵان ( ماسییە رەشە بچکۆلەکە ) یە ، ئەم چیرۆکە گۆڕیویانەتە سەر زمانی کوردیش ، سەمەدی بەهرەنگی چەند کتێبیکی تریشی نووسیوە ، یەکێک لەو کتێبانەی ( ئەفسانەکانی ئازربیجان ) ە .

( هۆشەنگ مرادی کرمانی ) نووسەریکی ناسراوی ئێستای ئێرانە ، لە ( ١٩٩٠) ەوە لە بۆرای نووسین بۆ منداڵاندا ، دەستی بە نووسین کردووە .. چەند کتێبێکی بۆ منداڵان چاپ کردووە .. کتێبەکانی گۆڕیویانن بۆزیـاتر لە ( ٢٠) زمانی جیهانی .

ژاپـۆن :

ژاپۆنییەکانیش شوێن پەنجەیان لە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵاندا دیارە .. گەلێ نووسەری باشیان لەم بوارەدا هەیە .. ناسراوترینیان ، خاتوو ( کیوکو ئیواسکی )یە ، کە چەند کتێبێکی دەربارەی ئاژەڵ و باڵندە و گوڵ بۆ منداڵان چاپکردووە .. ئامانجی خاتوو کیوکو بایەخدانە بە سروشت .

ئیسپانیا :

نووسەرانی ئەدەبی منداڵان لە ئیسپانیادا ، بۆ دابین کردنی بابەتی هەمەڕەنگەی ئەدەبیی پێویست بۆ منداڵانی قوتابخانەکانە بنەڕەتییەکان و، بۆ دەرەوەی قوتابخانە ، بە لێشاو دەیانووسی .. بۆ داهێنانی و گەشەکردنی ئەم جۆرە ئەدەبەش ، چەند یانەیەکی رۆشنبیریی ئیسپانی ی بەتەنگەوەهاتووی منداڵان ، هانی نووسەرانیان دەدا و خەڵاتیان بۆ باشترین تێکست بۆ منداڵان تەرخان کردبوو ، لەوانەش : ( خەڵاتی یانەی کریکۆ ) کە ( ٩٣) کتێبخانە ئەندامی ئەم یانەیەن .. ( خەڵاتی یانەی کاڵتۆ ) بۆ داهێنانی ئەدەبی منداڵان ..( خەڵاتی كۆمەڵەی رۆشنبیری ) ی ناسراو بە ( قەڵای دێرین ) .

نووسەری ئیسپانی ( خستیە میرینۆ ) خاوەنی رۆمانی ( فرمێسکەکانی خۆر ) چەندین نووسینی جوان و بەسوودی بۆ منداڵان نووسیوە .

هەریەکەش لە وڵاتانی ( بولگاریا ، چین ، رۆمانیا ) رۆڵیان لە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵاندا هەبووە ، بە تایبەتیش لە ( بولگاریا ) دا ، ئەدەبی منداڵان پێشکەوتووە .

 

(*) لە ( بەشی سێیەم ) دا ، باس لە مێژووی ئەدەبی منداڵان ، لە چەند وڵاتێکی عەرەبی و لە عێراقدا دەکەین .. لە ( بەشی چوارەم ) يشدا ، باسی مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد لە کوردستاندا دەکەین .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی