Hoppa till innehåll
Hem » 33 ساڵە ئەندازیارێكی تورك رادیۆیەكی كوردی بەڕێوە دەبات، فواد حەقیقی

33 ساڵە ئەندازیارێكی تورك رادیۆیەكی كوردی بەڕێوە دەبات، فواد حەقیقی

رەزا خەیاتی، 33 ساڵە بەبێ دابڕان لە رادیۆیەكی كوردی سەر بە یەكێك لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كار دەكات و هەر خۆشی دامەزرێنەری بووە،muhandis-xeyati-2013

ئەو رادیۆیەی چەندینجار بێدەنگ كراوە، بەڵام هەمیشە سەرچاوەیەك بووە بۆ گواستنەوەی زانیاری لەسەر چالاكی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان.
 رەزا خەیاتی، 35 ساڵە پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە. پێشمەرگەكان بە موهەندیس بانگی دەكەن، ئەو لە پێناو گەیاندنی دەنگی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوخۆ و دەرەوە، دەستبەرداری كەسوكار و سەروەت و سامانەكەی بووە و بووەتە یەكێك لە پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.
رەزا خەیاتی، ساڵی 1934 لە شاری خوی سەر بە پارێزگەی ورمێ لە دایكبووە، دوای ئەوەی شەشی ئامادەیی تەواو دەكات، بۆ خزمەتی سەربازی بانگ دەكرێت و لە لەشكری چواری ورمێ لە بەشی موخابەرات و ئەلیكترۆنیك كار دەكات و بەو هۆیەش پسپۆڕی لەو بوارە بەدەستدێنێ.
ساڵی 1960 دەگوازرێتەوە بۆ شاری مهاباد، لەوێ د.عەبدولڕەحمان قاسملوو، رێبەری پێشووی حدكا دەناسێت، ئەو یەكتر ناسینە دەبێتە سەرەتایەك بۆ دامەزراندنی رادیۆیەكی كوردی تایبەت بەو حیزبە. خەیاتی دەڵێت ئەوكاتەی قاسملووی ناسیوە، خۆی ئەندامی حیزبی تودەی ئێران بووە، بەڵام بەنهێنی. 
وەك خۆی دەڵێت بە گومانی پەیوەندی بە حیزبی تودە لەلایەن دەزگای پێشووی موخابەراتی ئێران (ساواك) دەستگیر دەكرێت و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام هیچ نادركێنێت و ئازاد دەكرێت. 
بڕیار بوو خەیاتی تەنیا شەش مانگ لەگەڵ قاسملوودا بمێنێتەوە تاوەكو رادیۆكە دادەمەزرێنن، بەڵام قاسلموو رۆیشت، شەرەفكەندی رۆیشت، عەبدوڵڵا حەسەن زادە، وازی لە رێبەرایەتی حدكا هێنا، حدكا باڵێكی لێ جیابووەوە، كەچی خەیاتی هەر مایەوە. مانەوەیەك بووە سەر ئێشە بۆ هاوسەرەكەی كە چەند جارێك دەستگیركرا و دواتر دوور لە مێردەكەی گیانی لە دەستدا، منداڵەكانی خەیاتیش كە ئەندازیار و پزیشكن، بە پریشكی ئاگری باوكیان سووتاون و حكومەت لە هیچ داوودەزگایەك دایاننامەزرێنێت.
خەیاتی ئاشكرای كرد، كە كۆماری ئیسلامی ئێران چەند جارێك هەوڵی لەناوبردنی داوە ”سێ جار هەوڵی تیرۆركردنیان داوم، یەكەمجار ساڵی 1984 بوو كە ژەهرخواردیان كردم، بەڵام رێكخراوی پزیشكانی بێسنوور فریامكەوتن و رزگاریان كردم”.
 
مستەفا هیجری یەكەم بێژەری دەنگی كوردستان بووە
رەزا خەیاتی باسی دامەزراندنی رادیۆی كوردستانی ئێران دەكات و دەڵێت ”رۆژێك قاسملوو بانگی كردم و پێیگوتم بۆ ئەوەی ورەی هێزەكانی پێشمەرگە بەرزبكەینەوە دەبێ رادیۆیەكمان بۆ دابمەزرێنی، كاتێك پێشمەرگە هێرشیان كردە سەر سەربازگەی مهاباد، بەو كەلوپەلانەی لە سەربازگەكە دەستیان بەسەردا گرتبوو رادیۆكەم دروستكرد”.
لە دوایین رۆژەكانی زستانی 1979، رەزا خەیاتی رادیۆكە دەخاتەكار، بەڵام پەخشەكەی لاواز بووە و تەنیا بەشێكی كەمی كوردستانی گرتووەتەوە، ئەو رادیۆیە ئێستاش لە ئەرشیفی دەنگی كوردستانی ئێران ماوە.
خەیاتی بڕیار دەدات رادیۆیەكی دیكە دابمەزرێنێ كە پەخشەكەی زۆربەی كوردستان و ناوچەكە بگرێتەوە. ئەو رادیۆیە لە 16/6/1980 بە وتارێكی د.قاسملوو لە گوندی ”باگردان”ی مەهاباد دەست بە پەخش دەكات، یەكەم بێژەری رادیۆكەش مستەفا هیجری، سكرتێری ئێستای حدكا بووە.
وایانزانی كەركووك ئازاد كراوە
رادیۆی دەنگی كوردستانی ئێران تاساڵی 1994 بێ پچڕان، پەخشی خۆی دەكات، بەڵام لەو ساڵەدا لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە دادەخرێ. بۆیە خەیاتی رادیۆكە دەگوازێتەوە بۆ شاری كەركووك و لەوێ دەست بە پەخش دەكاتەوە.
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق، رەزا خەیاتی رادیۆكە دەگوازێتەوە بۆ سەنتەری شاری كەركووك و جارێكی دیكە بەگەڕیدەخاتەوە. 
خەیاتی باسی دەستپێكردنەوەی پەخشەكە دەكات و دەڵێت ”كاتی بانگی عەسر بوو بە سروودی ئەی رەقیب دەستمان بە پەخش كرد، شەپۆڵی دەنگی رادیۆ تێكەڵ بە دەنگی بڵندگۆی چەند مزگەوتێك بوو، خەڵك وایانزانی كەركووك ئازاد بووە و كەوتووەتە دەستی پێشمەرگە”.
 بە قسەی خەیاتی، تەنیا حدكا سوودی لەو رادیۆیە وەرنەدەگرت، بەڵكو چەند حیزبێكی دیكەی نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێرانیش پەیامی خۆیان لە رێگەی ئەو رادیۆیەوە دەگەیاند، لەوانەش (موجاهدینی خەڵق، حیزبی رێگای كرێكار و چریكە فیداییەكان”.
  لەدوای ساڵی 2003، بەهۆی پرۆسەی ئازادی عێراقەوە جارێكی دیكە پەخشی رادیۆكە بۆ ماوەی چەند مانگێك دەوەستێت، خەیاتی ئەمجارە رادیۆكە دەگوازێتەوە بۆ شارۆچكەی كۆیە، ئێستا رادیۆكە لە ماوەی شەو و رۆژێكدا 2 كاژێر پەخشی هەیە، كە یەك كاژێر و نیو بە زمانی كوردییە و نیو كاژێریش بە زمانی فارسییە.
”حیزبەكانی باشووری كوردستان بێ بەڵێن دەرچوون”
رەزا خەیاتی، تەنیا خزمەتی حدكای نەكردووە، بەڵكو یارمەتی زۆر لە حیزبەكانی باشووری كوردستانیشی داوە بۆ دامەزراندنی رادیۆ ”ئەوان هەر كاتێك پێویستیان بە من بووبێت بەبێ جیاوازی یارمەتیم داون، بە دەیان جار گیانی خۆم خستووەتە مەترسی تا كەرەستە ء پێداویستی رادیۆ بە قاچاخ لە بەغداوە بۆ دەزگای رادیۆكانی حیزبەكانی باشووری كوردستان بهێنم”. 
بەڵام گلەیی لێیان هەیە و دەڵێت ”زۆر یارمەتی ئەو حیزبانەم دا كە ئێستا دەسەڵاتدارن، بەڵام زۆر بێ وەفا دەرچوون، تا ئێستا لێیان نەپرسیوم كە ئایا ماوم یان مردووم”.

رووداو-كۆیە