• ئەو كاتەی كە خۆپێشاندانەكانی شوباتی 2011 لە هەندێك شوێنی هەرێمی كوردستاندا بەڕێوە دەچوو، وای لێهات كە ئیسلامی سیاسی بەخۆیان و دروشمەكانیانەوە لەسەر ئەو خۆپیشاندانانە زاڵ ببوون،
لە بەرامبەردا خەڵكانی دیموكراتخواز و ئازادیخواز و عەلمانی دەیانگوت ئەمانە مەترسین بۆ سەر دیموكراسی و ژیانی مەدەنیی كوردەواری، هەندێك خۆبەڕۆشنبیرزان دەیانگوت ئێوە بۆ لەخۆتانەوە بە ئیسلامییە سیاسییەكانی كوردستان دەڵێن ئەوانە مەترسین؟ هەروەها دەیانگوت خۆ جارێ ئەوان نەهاتوونەتە ناو دەسەڵاتی سیاسی ئیتر بۆچی حوكمی پێشوەختیان لەسەر دەدەن و وەك مەترسی بۆ سەر ژیانی مەدەنی دەیانناسێنن؟ بەڵام:-
• ئەوە مانگێك و سێ ڕۆژە و لەژێر فشاری لانی كەم 20 ملیۆن خەڵكی میسردا “محەمەد مورسی”ـیان لەسەر كار لادا، لەو كاتەوە هەتا ئێستا ئەوەی بە وردی موتابەعەی كەناڵە جیاجیاكانی ڕاگەیاندنی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان كردبێت بە تیڤی و ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و ماڵپەڕ و فەیسبووكیانەوە بەتایبەتی ڕاگەیاندنەكانی ئیخوانەكانی كوردستان بە شێوەیەك نیگەرانن لە لادانی محەمەد مورسی كە هەر دەڵێی بە ڕاستی لەوان قەوماوە (خۆ بەڕاستیش هەر وایە!) ئەمە بە لایەك، بەڵام ڕاگەیاندنەكانی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان بە تایبەتی ڕاگەیاندنەكانی ئیخوانەكانی كوردستان هێرش و پەلامارەكەیان بۆ سەر خەڵكی مەدەنی و ئازادیخواز و دیموكراتخواز و عەلمانی گەیاندووەتە ڕادەی جنێودان و بە ئاشكرا و بە بیانوو بە ناوی گواستنەوەی هەواڵەكانی ئێستای میسر وای دەخەنە ڕوو كە خەڵكی عەلمانی (سەگن)! خۆ مەعلومیشە سەگ لای ئەوان گڵاوە! لێرەوە دەتوانرێت چەند ئەنجامێك دەربهێنرێت ئەوانیش ئەمانەن:-
1. لای ئیخوانەكانی كوردستان خەڵكی عەلمانی بەسەگ دەناسرێنرێن، كەواتە لێرەدا خەڵكی عەلمانی لەوە دەردەچن كە هاووڵاتی بن ئێ خۆ كە هاووڵاتیش نەبن كەواتە مافی هاووڵاتیبوون نامێنێت، كە مەفهوومی هاووڵاتی و مافی هاووڵاتیبوونیش نەما ئەو كاتە یەكێك لە پایە سەرەكییەكانی دەوڵەتی مەدەنی نامێنێت و ئەوەی كە دەمێنێتەوە دابینكردنی مافە بۆ سەگ جا ئیتر مافەكانی سەگ لای ئیسلامی سیاسی چییە و چەندە و چۆنە ئەوەیان خۆیان دەیزانن، بەڵام منیش ئەوەندەی لێدەزانم كە سەگ مافی خۆپاڵاوتن و دەنگدان و بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكان و دروستكردنی بڕیاری سیاسی لەناو كۆمەڵگەدا نییە! كەواتە لێرەشدا دیموكراسی فت! كەواتە لێرەشدا پایەی دووەمی دەوڵەتی مەدەنی كە دیموكراسییە، نامێنێت.
2. كاتێك لای جەماعەتەكەی ئیخوان خەڵكی عەلمانی بە بیانووی گواستنەوەی هەواڵەكانی میسرەوە پێیان دەگوترێت سەگ، كەواتە ئیتر لێرەشدا پایەیەكی تری گرنگی دەوڵەتی مەدەنی نامێنێت كە ئەویش عەلمانییەتە ئەوە بە مەرجێك خەڵكی عەلمانی خەڵكی مولحید یان موشركیش نین، بەڵكو تەنها خەڵكێكن كە دەڵێن پێویستە هیچ دینێك تێكەڵ بە سیاسەت و كاروباری گشتی كۆمەڵگە نەكرێت ئیتر نازانم بۆچی ئەم جۆرە خەڵكانە وەكو سەگیانیان لێبكرێت؟ باشە ئیتر كاتێك ئیسلامی سیاسی ئابەو شێوەیە لە ڕاگەیاندنەكانیدا و بە بیانووی گواستنەوەی هەواڵەكانی میسرەوە ناڕاستەوخۆ لە هەر سێ بنەماكەی دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی بدات كە ئەوانیش بریتین لە (عەلمانییەت و هاووڵاتیبوون و دیموكراسی) ئیتر چۆن ئەم ئیسلامە سیاسییە مەترسی نین بۆ سەر ژیانی گشتی و ژیانی ئازاد و مەدەنیانەی كوردەواری؟
ئێستا پرسیارێك ڕووبەڕووی ئەو خۆبەڕۆشنبیرزانانە دەبێتەوە كە لە خۆپیشاندانەكانی 17ـی شوباتی 2011ـدا تێكەڵ بە ئیسلامی سیاسی ببوون و دەیانگوت بۆچی لە خۆتانەوە دەڵێن ئیسلامی سیاسی مەترسین بۆ سەر كۆمەڵگا؟ پرسیارەكەش ئەوەیە ئایا دوای دەركەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان و لەناو ڕاگەیاندنەكانی خۆیانەوە و لە دوای لەسەركارلابردنی محەمەد مورسی، ئایا ئێستاش هەر دەڵێن بۆچی لەخۆتانەوە ئیسلامی سیاسی بە مەترسی بۆ سەر كۆمەڵگە دەزانن؟ ئەمە پرسیارێكی جدییە ئەگەر وەڵامیان هەبێت!
سەرچاوە: دەستگای مێدیایی هەولێر