"an independent online kurdish website

پێوەندی گرتن لە شاری لێکسەلەوە
هەر وەک پێشتر باسم کرد پاش ئەوەی  کە لە لیکسەلە جێگیر بووین و تا ڕادەیەک ئیش و کارە سەرەتاییەکانمان جێ بە جێ بوون، ئەوسا ئیتر نۆبەی پیوەندی گرتن لە گەڵ نوێنەرایەتی کۆمەڵە، کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کومونیستی ئێران و پێوەندی گرتن لە گەڵ فدراسیونی شۆرای پەنابەرانی ئێرانی بووali_qenberi1

هەر وەها پێوەندی گرتن لە گەڵ ئیدارەی کۆچبەرانی سوید، کۆمیتەی خاچی سوور لە وڵاتی سوید و ڕێکخراوی داکۆکی کار لە مافی منداڵان لە سوید بەشێکی تر لە ئەو کار و چالاکییانە بوون کە هەستام بە ئەنجامدانیان. بەشێک لە ئەو ئیدارانە لە شاری لیکسەلە بیرۆ و نوێنەرایەتییان هەبوو و لە ڕێگەی ئەوانەوە لە سەر وەزعی ژیانی خزمان و خەڵکی ئۆردووگای ڕومادی نامە دەنووسرا بۆ ئەو ئیدارانە و داوایان لێ ئەکرا کە هەنگاوی پێویست هەڵبگرن. یەکێک لە ئەو پێوەندییانەم لە گەڵ دوکتورێکی بە ناو بانگی سویدی بوو بە ناوی لارس هویگۆ گوستافسۆن (دوکتوری منداڵان) و هاوسەرەکەی خانمی ئاگنێتا کە ئەویش هەر دوکتور بوو و لە ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافی منداڵان کاریان ئەکرد.
 دوکتور گوستافسۆن بەشێکی زۆری ژیانی خۆی لە سەر پارێزگاری لە منداڵان و بە تایبەت منداڵانی ئەو وڵات و نەتەوانە سەرف کرد بوو کە گیرۆدەی شەڕ و کارەساتی سروشتی هاتبوون.  هەر وەها خاوەنی چەن ها کتێبە کە زۆربەیان لە سەر منداڵانە.
 من تا ماوم مەمنوونی ئەو دوو کەسەم کە زۆر بە هانای ئێمەوە هاتن و چەن جار لە سەر ئۆردووگای ڕومادی و ژیانی ماڵی باوکم و خوشکان و براکانم نامەیان بۆ ئیدارەی کۆچبەرانی سوید و خاچی سوور نووسی و داواکاری ئێمەیان بە ئەوان گەیاند.

 بێجگە لە ئەو پێوەندییانەش، جارێکیان لە سەر داوای مامۆستایەکی بەشی کۆمەڵناسی لە مەدرەسەیەکی دواناوەندی (دبیرستان) ئەو شارە، لە سەر ناساندنی کورد بە گشتی و پەنابەرانی ئۆردووگای ڕومادی و ژیان و گوزەرانیان بە تایبەتی، کۆڕێکم بەڕێوە برد کە زۆر کاریگەری باشی هەبوو. هەر وەها  لە چەن مناسبات و بۆنەی تردا  کە لە لایەن ئیدارەی سەلیبی سوور (خاچی سوور) و ڕێکخراوی منداڵپارێزی سوید لە ئەو شارە بەڕێوە چوون وەک میوان بانگهێشت کرام و زانیاریم لە سەر پرسی کورد و پەنابەرانی ئۆردووگای ڕومادی بە نوێنەران و بەشداربووانی ئەو کۆڕانە دەبەخشی.

 جارێکیشیان لە گەڵ کاک ئەکرەم ئیسمائیل، وەرگێڕ چاومان بە نوێنەری ئل ئۆ (یەکییەتی گشتی کرێکارانی سوید) کەوت و لە ئەو دیدار و چاوپێکەوتنەدا من خۆمم وەک ئەندامێکی حیزبی کومونیستی ئێران و تێکۆشەرێکی کۆمەڵە ناساند و زۆر باسی ژیان و خەباتی کرێکارانی ئێران و کوردستانم بۆ کردن. باسی سیاسەتی دژی گەلی و دژی کرێکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بێ مافی کرێکارانی ئیڕان و کوردستانم بۆ کردن. هەر وەها داوای پشتگیریم لێ کردن و پێم وتن کە سەرمایەداران لە هەموو جیهاندا پشتگیری لە یەکتر ئەکەن و هەر بۆیە ئێوەش پێویستە کە لە هاوچینەکانتان لە ئێران و لە کوردستان پشتگیری بکەن.
کاتێک کە لە دوای کۆبوونەوەکە لە گەڵ کاک ئەکرەمی وەرگێڕ هاتینە دەر، بە زاراوە شیرینەکەی خۆی پێی وتم، کاک عەلی ئەتۆ چیت داوە لە کرێکاری ئێران و ما ئێران، برام باشترە ئێمە بەس باسی کێشەو و مشاکیلی (گیر و گرفتی) گەلی خۆ بکەین.
 ئەو پێوەندی گرتنانە کە کاتێکدا ئەنجام ئەدران کە هێشتا خۆم نەچوو بوومە مەدرەسە بۆ فێربوونی زمانی سویدی. هەمووی ئەو پێوەندییانە لە زستان ١٩٩٠ بۆ تەواوی ساڵی ١٩٩١ ئەنجام دران. مشاورەکەمان و بەشی پەنابەرانی کومونی شارەکەم  لە ئەو بارەوە زۆر یارمەتیدەرم بوون. هەر کاتێک کە داوای گرتنی پێوەندی و کۆبوونەوەم لە گەل هەر کام لە ئەو ئۆرگانە نێودەوڵەتی و سویدییانە بکردایەت، هەر زوو کارەکەیان بۆ جێ بە جێ ئەکردم. وەرگێرە سەرەکێیەکەش (موستەفا) لە بەر ئەوەی کە خۆی پێشتر پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو، بە باشی لێم تێدەگەیشت و یارمەتی زۆری ئەدام. لە ئەو کومونەی ئێمە دوو وەرگێڕی کورد هەبوون کە ئەوانیش کاک موستەفا جەلالی خەڵکی حمامیانی بۆکان و پێشتر پێشمەرگەی کۆمەڵە و کاک ئەکرەم ئیسمائیل خەڵکی ناوچەی بادینان بوون.
هەدەفی من لە ئەو پێوەندی گرتنانە ئەمانە بوون:
یەکەم، ناساندنی ڕەنج و ئازارەکانی گەلی کورد بە گشتی و رەنج و ئازارەکانی کوردی ڕۆژهەلات و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کورد و ئێرانی بە تایبەتی، بە گەلی سویدی لە ئەو شارەدا بوو.
دووەم، ناساندنی کۆمەڵە و حیزبی کومونیستی ئێران وەک هێزێکی چەپ و شۆڕشگێڕ بە نوێنەرانی ئەو ڕێکخراوە  سویدییانەی کە لە ئەو شارەدا بیرۆ و مەقەڕیان هەبوو.
سێیەم، ناساندنی ڕەنج و ئازارەکانی پەنابەرانی کوردی ئێرانی لە عێراق و بە تایبەتی ناساندنی ڕەنج و ئازارەکانی پەنابەرانی ئۆردووگای ڕومادی بە ئەو ڕێكخراوانەی کە لە ئەو شارەدا نوێنەریان هەبوو. هەوەها نووسینی نامە بۆ پشتگیری کردن لە پەنابەرانی ئەو ئۆردووگایە.
چوارەم، هەوڵدان بۆ ڕزگار کردنی ماڵی باوکم و ماڵی کاک مەجیدی قەنبەری، وەک خزمی نزیک، لە ڕێگای پێوەندی خانەوادەگی و خزمایەتییەوە.  ئەوانەی کە لە سەرەوە باسم کردن بەشێک لە ئامانجەکانی ئەو پێوەندی گرتنانە بوون.
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە هەر دوای چەن مانگ لە نیشتەجێ بوونم لە وڵاتی سوید، شەڕێ ئامریکا و هاوپەیمانانی  بۆ دەرپەڕاندنی سوپای بەعسی عێراق لە کوەیت دەستی پێکرد و ژیانی خەڵکی ناوچەکە و پەنابەرانی ئۆردووگای ڕومادیش کەوتە بەر مەترسی ئەو شەڕ و ئابڵۆقانەی کە ڕوو بە ڕووی خەڵکی ستەملێکراوی عێراق دەبوونەوە.
لە زۆربەی ئەو پێوەندی گرتنانەدا باسی مەترسییەکانی ئەو شەڕە و کاریگەرییە خراپەکانی لە سەر ژیان و ئاسایش و باری دەروونی خەڵکی عێراق بە گشتی و پەنابەرانی کەمپی ئەلتاش بە تایبەت ئینفۆرماسیونم (زانیاریم) بە ئەو شوێنە پێوەندیدارانە دەبەخشی.

پێوەندی گرتن لە گەڵ فدراسیونی شۆرای پەنابەرانی ئێرانی، لە وڵاتی سوید
 لە ڕێگای ئەو ژمارە تەلیفوونانەوە کە لە سەر لاپەڕەکانی گۆڤارەکانی کومونیست، پێشڕەو و هەمبەستەگی (همبستگی) هەبوون، پێوەندیم کرد بە نوێنەرایەتی کۆمەڵە، بە کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حکا و بە فدراسیونی شۆڕای پەنابەرانی ئێرانییەوە. سەرەتای ئەو پێوەندی گرتنانە دەگەڕێنەوە بۆ مانگی ئۆکتووبری ساڵی ١٩٩٠ زایینی . یانی دوای مانگێک لە نیشتەجێ بوونمان لە وڵاتی سوید.
بە تەلیفۆن چەن جارێک لە سەر وەزعی کەمپی ئەلتاش لە گەڵ بەڕێز فەرهادی بەشارەت (بەرپرسی ئەو کاتی فدراسیون) قسەم کرد و داوام لە بەڕێزیان کرد کە نامەیەک لە سەر وەزعی ئۆردووگای ڕومادی بۆ لایەنە پیوەندیدارەکانی وەک کومیساریای بەرزی پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەلیبی سووری نێو دەوڵەتی، ئیدارەی کۆچبەرانی وڵاتی سوید، ڕێکخراوی مناڵ پارێز (سازمانی دفاع از حقوق کودکان) بنووسن و پێداگری بکەن کە ئەگەر هەر چی زووتر ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو خەڵکە لە ئەو ئۆردووگایە نەبیینەوە، ئەوا ژیانی ئەو ٤٠ هەزار پەنابەرە ڕوو بە ڕووی مەترسی جیدی ئەبێتەوە.
 کاک فەرهاد کەسێک لە هەڵسووڕاوانی فدراسیونی نارد بۆ لام، نازانم کاک خەلیلی کەیوان بوو، یان کەسێکی تر. منیش  هەموو زانیاری پێویستم لە سەر ئۆردووگای ڕومادی بۆ باس کردن. دواتریش هەر بە هەمان شێوە چەن جارێک لە سەر ئۆردووگای ڕومادی پێکەوە قسە و باسمان کرد و ڕاپۆرتمان نووسی. دواتر بەرپرسی فدراسیون نامەیەکی بە زمانی ئینگلیزی بۆ بەشی پەنابەرانی یوئن نووسی و وێنەیەکیشی بۆ خۆم نارد. وێنەی (کۆپی) ئەو نامانەی کە سکرتێری ئەو کاتی ئەو فدراسیونە (بەڕێز فەرهاد بەشارت) بۆ کومیساریای بەرزی پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی نارد بوو تا ئەم ساڵانەی دواییەش هەر لە لام ما بوون.

زۆربەی هەڵسووڕاوانی  ئەو کاتی فدراسیون لە کادیر و ئەندامانی کۆمەڵە و حیزبی کومونیستی ئێران بوون
جێگەی باسە کە زۆربەی هەرە زۆری هەڵسووڕاوانی فدراسیونی شۆرای پەنابەران لە سوید و لە وڵاتانی تریش لە ئەو کاتانەدا لە کادر و ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵە وحیزبی کومونیستی ئیران پێکهاتبوون. دوای جیابوونەوەی ڕوتی کومونیزمی کرێکاری (ساڵی ١٩٩١ زایینی) لە حکا زۆربەی هەڵسووڕاوانی ئەو فدراسیونە لە گەل ئەو ڕەوتەدا ڕۆیشتن. فەرهادی بەشارتیش هەر لە گەڵ ئەو ڕەوتە ڕۆیشت کەهەر هەمان ساڵ (١٩٩١) حیزبی کوموننیستی کڕیکاری ئێرانیان لە ئورووپا پێکهێنا. بەڵام ناوبراو ساڵی ١٩٩٩زایینی لە گەڵ ئیرجی ئازەرین، ڕەزا موقەدەم، بەهمەنی شەفیق و دەیان کادیری دیکەی ئەو حیزبە، کە لە گەڵ مەنسووری حکمەت کێشە و جیاوازی بیر و بۆچوون لە نێوانیان درووست بوو لە حیزبی کومونیستی کرێکاری وازیان هێنا و دواتر یەکێتی سوسیالیستی کرێکارییان (اتحادیە سوسیالیستی کارگری) پێکهێنا. پاش دەرچوونی ئەو کۆمەڵە کەسە و پاش مردنی مەنسووری حکمەتیش (ساڵی ٢٠٠١ زایینی) تا ئێستە حیزبی کومونیستی کرێکاری ئێران چەند جاریتر تووشی دابڕان و لە یەکترازان هاتووە و لە حاڵی حازردا سێ لایەن بە هندێک پێشکۆ و پاشكۆی جیاوازەوە بە ناوی کومونیزمی کرێکاری لە دەرەوەی وڵات بوونیان هەیە و خەبات ئەکەن. بەشێک لە ئەندامان و هەڵسووڕاوانیان لە کادیر و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە پێكهاتبوو کە ساڵی ١٩٩١ زایینی (١٣٧٠ هەتاوی) پشتیان لە کۆمەڵە کرد و لە گەڵ مەنسووری حکمەت ڕۆیشتن.

پێوەندی گرتن لە گەڵ نوێنەرایەتی کۆمەڵە و کۆمیتەی درەوەی وڵاتی حیزبی کومونیستی ئێران
هەر وەک پێشتر باسم کرد ماڵی ئێمە لە شاری لیکسەلە لە باکووری  وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو و بۆ ماوەی ساڵێک و چەن مانگ لە ئەو شوێنە ماینەوە. ئەو کات پەنابەری کورد بەگشتی و پەنابەری کوردی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی لە وڵاتی سوید زۆر نەبوون. لە شاری لیکسەلە تەنیا ٥، ٦ ماڵ کوردی لێ بوو. تەنیا من و موستەفای وەرگێڕ لە بەشی ڕۆژهەلاتی کوردستان بووین. جێگەی خۆیەتی  کە سوپاسی ئەو کەسانەش بکەم کە لە ئەو شارە دوور دەستە، و لە ئەو کات و ساتەدا  هاتن و سەردانی ئێمەیان کرد. واتە بەڕێزان حەبیبی عارفی، حاتەم کاکایی و عیسای برای و مارفی ئامۆزای و خانەوادەکەیان. هەر وەها ئەکبەری قەنبەری پوورزام.
 لە ڕێگای تەلیفونەوە پیوەندیم گرت بە تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتەوە.  ئەو کاتەی کە من هاتم بۆ سوید تا دەست پێکردنی شەڕی ئامریکا و هاوپەیمانانی بۆ دەرپەڕاندنی سوپای عێراق لە وڵاتی کوەیت، چوار، پێنج مانگێک درێژەی کێشا.
بە باشی لە بیرم نەماوە، بەڵام وەها بزانم ئەو کاتە ( تا پێش لە دست پێکردنی شەڕێ  کوەیت لە لایەن ئامریکاوە) خەتی تەلیفون بۆ عێراق ئیشی ئەکرد. ئەوەی کە لە تەشکیلاتی  دەرەوە داوام کرد، ئەوە بوو کە ئەگەر کەسێک بچێتەوە بۆ کوردستان، بڕێک یارمەتی ماڵی (پارە) و نامە بنێرمەوە بۆ ماڵی باوکم و باقی خزمان و هاوڕێیان.
 
تا ئەو کاتە تەنیا چەن سەد خانەوادەیەک لە پەنابەرانی کەمپی ئەلتاش هاتبوونە دەرەوەی وڵات و بە زۆری لە وڵاتانی سوید و نورویژ نیشتەجێ ببوون. لە ڕێگای پێوەندی گرتن لە گەڵ بەشێک لە ئەو پەنابەرانە، بۆم دەرکەت کە زۆربەیان هەر وەک من بە پرۆشن بۆ کەس و کاریان لە ئۆردووگای ڕومادی. لە ئەو کاتەدا بێجگە لە کۆمەڵە و هەر دوو بەشی حیزبی دیموکرات نەبێت کە جار و بار کەسەکانیان هاتووچۆیان بۆ کوردستان و دەرەوە ئەکرد، هیچ ڕێگایەکی تر نەبوو کە مرۆڤ بتوانێت یارمەتی بۆ کەس و کاری لە کەمپی ئەلتاش بنێرێتەوە.
بۆ ناردنی نامە لە ڕێگای پۆستەوە تا ئەو کاتەی کە شەڕی هاوپەیمانان لە دژی عێراق و دەرپەڕاندنی لە کوەیت دەستی پێ نەکرد بوو، زۆر ئاسایی بوو. ئێمە زۆربەی ئەو خەڵکەی کە لە دەرەوە بووین بە ئادرەسی دەرمانخانەیەک (صیدلیە) کە هاوڕێ خالیدی عەلیپووڕ و کوڕێکی خەڵکی باشوور بە ناوی حەمید لە ئەوێ کاریان ئەکرد نامەمان دەناردەوە بۆ کەس و کارمان لە ئۆردووگای رومادی. ئەو نامانە کە لە ڕێگای پۆستەوە دەمانناردنەوە لە نێوان دوو هەفتە تا یەک مانگ کاتی ئەبرد تا بگەیشتایەنە دەستی خاوەنەکانی. هەر وەها جێگای خۆیەتی سوپاسی کاک خالید و کاک حەمید و باقی ئەو کەسانەی تریش بکەین کە ئەو کات لە ناو شاری ڕومادی کاریان ئەکرد، بە تایبەت ئەوانەی کە وەک وەرگێڕ لە لای دوکتورەکانی ڕومادی کاریان ئەکرد کە ئەرکی وەرگرتن و ڕادەست کردنی ئەو هەموو نامانەی ئەو خەڵکەیان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بە ئەستۆ گرت بوو. دواتر کە شەڕەکە لە مانگی ژانویەی ١٩٩١ دەستی پێکرد، هەموو پێوەندییەکان ( هەم لە ڕێگای پۆست و هەم لە ڕێگای تەلیفۆن) بۆ ماوەی چەن مانگێک بچڕان.
ئەو جارە ئیتر هیچ ڕێگایەکم بۆ پێوەندی گرتن لە گەڵ ئۆردووگای ڕومادیدا نەمابوو، بێجگە لە هاتووچۆکانی کەسەکانی کۆمەڵە نەبێت.

ناردنەوەی کۆمەک و یارمەتی خەڵکی دەرەوە بۆ کەس و کاریان لە ئۆردووگای ڕومادی
 بە درووستی لە بیرم نەماوە کە بۆ یەکەم جار کەی بوو کە لە ڕێگای کۆمەڵەوە پارە و یارمەتیم بۆ کەس و کارم ناردەوە. بەڵام ئەوەم لە بیرە کە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٠ تا ١٩٩٦ و تانانەت دواتریش جیاواز لە ئەوەی کە خۆم چەن ها جار یارمەتی کەم یان زۆر، بۆ ماڵی باوکم و کۆمەڵێکی تر لە خزمان و هاوڕێ و کەس و کارم ناردووەتەوە، بەڵکوو لە ئەو کات و ساتە دژوارانەدا دەیان جار و هەر جارە هەزاران دۆلاری کەس و کاری ئەو خەڵکەم لە ڕێگای تەشکیلاتی کۆمەڵەوە ناردووتەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی و هاوڕێیان لە ئەو پەڕی ئەمانەتداریدا ئەو یارمەتییانەیان گەیاندووەتە دەستی خاوەنەکانیان. تەنانەت جاری وەها بووە بۆ گەیاندنی ئەو پارە کۆکراوانە ناچار بووم کە ڕێگای ٥٠٠ کیلومتری ببڕم و لە باکووری سویدەوە خۆم بگەیەنمە ئۆپسالا و ستوکهوڵم، بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بگەیەنمە دەستی تەشکیلاتی کۆمەڵە.
ئەوەی کە بۆ من و بۆ کۆمەڵەش وەک شانازییەک و وەک خزمەتێکی بچووک ماوەتەوە، ئەوەیە کە لە ئەو هەموو ساڵانەدا کە ئەو هەموو یارمەتی ئەو خەڵکانەمان ناردەوە بۆ خەزم و کەس و کاریان لە ئۆردووگای ڕومادی، چاوەڕوانی یەک کرۆن یان یەک دینارمان لە کەس نەکرد. کادیر و هەڵسووڕاوانمان بە ئەو پەڕی بەرپرسایەتی کردنەوە دولار بە دولاری ئەو ئامانەتانەیان دەگەیاندە دەستی خاوەنەکانیان و هیچ کات گلەیی و قسەی کەسمان نەهاتە سەر. ئێمە بۆ ناردنەوەی ئەو یارمەتییانە، لە ئەو کات و ساتە دژوارانەدا کە گەورەترین خزمەت بوو بە خەڵکی ئازار چەشتووی ئۆردووگای ڕومادی، هیچ سنوورێکی فیکری و حیزبیمان لە بەر چاو نەگرت و هەر کەس، هەر چەن و هەر چەشنە  یارمەتییەکی بۆ کەس و کاری هەبوایە زۆر بە خۆشحاڵییەوە بۆمان دەناردنەوە!
جێگەی خۆیەتی کە سوپاسی هەموو هاوڕێیانی کۆمەڵە بکەم کە زەحمەتی ئەو هەموو خزمەتانەیان لە ئەو ڕۆژگارە سەختانەەدا بە ئەستۆ گرت. بە تایبەت سوپاسی هاوڕێیانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی بکەم کە زۆر جار بە خەرجی خۆیان ڕۆیشتوون بۆ بەغدا و ئەو پارە و یارمەتییانەیان لە دەفتەری نوێنەرایەتی کۆمەڵە وەرگرتووە و زۆر بە ئەمانەتدارییەوە ڕادەستی خاوەنەکانیان کردووە!
 ئیدامەی ئەم باسانە هەڵئەگرم بۆ بەشەکانی داهاتوو، چاوەروان بن!

عەلی قەنبەری ٨ – ٨ – ٢٠١٣ زایینی 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی