"an independent online kurdish website

لیستی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، كێشەیەكی 17 ساڵە لەگەڵ حیزبی دیموكرات زیندوو دەكاتەوە. پاڵێوراوێكی بزووتنەوە بەنێوی حاجی ئەنوەر عەنەبی لەلایەن حیزبی دیموكراتەوە بە رادەستكردنەوەی حەوت پێشمەرگەی ئەو حیزبە بە حكومەتی ئێران تۆمەتبار دەكرێت.anwer-anebi-ke-6-pm-pdki-tehwil-dayewe-0


لە 19/10/1996 حەوت پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) بە نێوەكانی ئەرشەد رەزایی، داریوش ئیسلامدۆست، محەممەد عەزیز قادری، یونس محەممەدپوور، عەدنان ئیسماعیلی، مزەفەر كازمی و مەعروف سوهرابی كە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەرەو بنكەكانی حیزب لە باشووری كوردستان دەگەڕانەوە، لە گوندی عەنەب لە نزیك شاری هەڵەبجە دەستبەسەر دەكرێن و بە دەست و چاو بەستراوی رادەستی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە شاری پاوە دەكرێنەوە. دواتر شەش لەو پێشمەرگانە لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارە دران و یەكێكیشیان توانی خۆی رزگار بكات.
anwer-anebi-ke-6-pm-pdki-tehwil-dayewe-


داریوش ئیسلامدوست، رزگاربووی ئەو رووداوە لەبارەی چۆنیەتی دەستگیركردن و رادەستكردنەوەیان بە (رووداو)ی گوت “ئەوكات بەهۆی نیشتەجێبوونی سەركردایەتی حیزبی دیموكرات لە باشووری كوردستان، هێزی پێشمەرگە بەشێوەی مەفرەزە بۆ ئەنجامدانی كاری حیزبی دەگەڕانەوە نێوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان. ئێوارەی رۆژی 19ی تشرینی یەكەمی 1996 كە ئێمە لە ناوچەی پاوە بەرەو بنكەكانی حیزب لە تانجەرۆ و سلێمانی دەگەڕاینەوە، لە گوندی عەنەب تووشی بازگەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامی بووین كە فەرماندەكەیان كەسێك بوو بەنێوی ئەنوەر عەنەبی”.


ئیسلامدۆست درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت “ئێمە پێشتر سەركردایەتی حیزبی دیموكراتمان ئاگادار كردبوو، ئەوان پێیانگوتین كە لەو ناوچەیە تەنیا هێزی چەكداری بزووتنەوەی ئیسلامی لێیە و بەهۆی ئەوەی كە حیزبی دیموكرات و بزووتنەوە هیچ كێشەیەكیان پێكەوە نییە، دەتوانن داوای یارمەتییان لێبكەن”.


داریوش ئیسلامدۆست دەڵێت كە ئەوان داوای یارمەتییان لە چەكدارانی بزووتنەوە كردووە و لە بەرامبەردا ئەوانیش قبووڵیان كردووە و گوتوویانە كە بەهۆی لە ئارادابوونی شەڕی براكوژی ناتوانن ئەو پێشمەرگانە بە چەكەوە بگوازنەوە بۆ سلێمانی. بەوشێوەیە چەكەكانیان لێوەردەگرن و شەویش لە قوتابخانەیەكی گوندی عەنەبدا دەیانهێڵنەوە.


ئەو ئەندامەی حیزبی دیموكرات لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت “تاریك و روونی بەیانی بانگیان كردین و داوایان لێكردین كە یەك بە یەك لە ژوورەكە بچینە دەرێ. هەر كە لە ژوورەكە چووینەدەرەوە لە پشت سەریان داین و بێهۆش كەوتین. دواتر دەست و پێ و چاومان بەسترابوو، كاتێك چاویان كردینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە بووین”.


شوان قەڵادزەیی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان ئەو قسانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت “هیچ بەڵگەیەك نییە كە ئەو قسانە بسەلمێنێ و ئێمە هەمیشە داوامان لە حیزبی دیموكرات كردووە ئەگەر بەڵگەیان هەیە با لە دادگا لە دژی بزووتنەوە سكاڵا تۆمار بكەن”.
ئەو پێیوایە كە ئەم باسە بۆ ناشیرینكردنی بزووتنەوەی ئیسلامی بڵاوكراوەتەوە. قەڵادزەیی هەرچەندە ئەوە رەتناكاتەوە كە ئەوكات پەیوەندی لەنێوان بزووتنەوە و حكومەتی ئێراندا هەبووبێ، بەڵام دەڵێت هیچكات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی پارچەكانی دیكەی كوردستان پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ نەبووە.


هەردوو باڵەكەی دیموكرات (حدك) و (حدكا) هەمیشە لە بەیاننامەكانیاندا بزووتنەوەی ئیسلامی بە ئەنجامدانی ئەو كارە تۆمەتبار دەكەن و دەڵێن هیچ بەڵگەیەك لەوە باشتر نییە كە یەكێك لەو كەسانە ئێستا زیندووە و رووداوەكە دەگێڕێتەوە.


بنەماڵەی قوربانیەكانیش دەڵێن كە ئەو دۆسیە بەرلەوەی یاسایی بێ، بابەتێكی سیاسییە و هەركات لەوە دڵنیا بوون كە گوشاری سیاسی كاریگەری لەسەر بڕیاری دادگا نابێ، سكاڵا تۆمار دەكەن.


رابیعە رەحیمی، هاوسەری یەكێك لەو شەش پێشمەرگەیەی لەسێدارە دراون بە (رووداو)ی گوت “ئەو كارەی بزووتنەوە بە پێچەوانەی بەها نەتەوەیی، ئەخلاقی و ئایینیەكانە و هەروەها پێشێلكردنی دابونەریتی كۆمەڵگای كوردستانە كە كەسێكی هاونیشتمانی خۆت لە كاتێكدا میوانت بێ بە فێڵ دەستبەسەری بكەی و رادەستی دوژمنەكەی بكەیەوە”.


رابیعە رەحیمی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دۆسیەی رادەستكردنەوەی ئەو پێشمەرگانە هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی كە دەرفەتی گونجاو بۆ سكاڵا تۆماركردن دەڕەخسێت. چونكە وەكو ئەو دەڵێت، ئەگەر سكاڵا تۆمار بكەن و گوشاری سیاسی كاریگەری لەسەر بڕیاری دادگا هەبێ، بۆ بزووتنەوە دەبێتە بەڵگە. بۆیە دەڵێت ئێستا نایانەوێ سكاڵا تۆمار بكەن.


جگە لە حیزبی دیموكرات، حكومەتی ئێرانیش بزووتنەوەی ئیسلامی بە كوشتنی ئەو پێشمەرگانە تۆمەتبار دەكات. باڵیۆزی ئێران لە لەندەن، ساڵی 2004 لە وەڵامی بەدواداچوونی جێرێمی كۆربن، سەرۆكی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند ئەو 6 كەسە لە تێكهەڵچوونێك لەگەڵ چەكدارانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە ناوچەی هەورامان كوژران.
نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی