"an independent online kurdish website

لە گوندێکی جوان و قەشەنگی کوردستاندا ، کۆمەڵێک چۆلەکە دەژیان .. لە خانووەکانی گوندەکەدا هێلانەیان کردبوو .. بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەستان،reza_shuwan

لەگەڵ مریشکەکاندا چینەیان دەکرد و تێردانیان دەخوارد ، لە ئاوی چەمەکەی نزیک گوندەکەش تێر ئاوی ساردیان دەخواردەوە .. ژیانخۆش و شادبوون .. چەمەکە جێژوانی رۆژانەیان بوو .. لەسەر لق و پۆپی دارەکانیدا دەنیشتنەوە ، یاریان دەکرد و یەکتریان راودەنا .. بە جریوە جریوی خۆشیان ، خۆشییانە خستبووە دڵی خەڵکی گوندەکەوە ، کەس ئەزێتی نادان .. منداڵانی گوندەکەش چۆلەکەیان خۆشدەویست .. دارلاستیک و فاقە و داو ، لەو گوندەدا قەدەغە کرابوون .. پێش خۆرئاوابوونچۆلەکەکان دەگەڕانەوە بۆ هێلانەکانیان .

رۆژێک کۆمەڵێک قەلەڕەشی نامۆ ، کە لە بیابانەوە هاتبوون .. لەپڕێکدا دایان بەسەر چەمەکەدا و ، بە ناڕەوایی ئازارێکی زۆری چۆلەکەکانیان دا و .. چەمەکەشیان لێداگیرکردن . 

چۆلەکەکان زۆر خەمبار و دڵتەنگ و بێدەنگ بوون .. بە شەرمەزارییەوە ئاو و دانی گوندەکەیان دەخوارد .. دامان و بیریان لە چەمەکەیان دەکردەوە .

دوای چەند رۆژێک ، گەورەی چۆلەکەکان بانگی هەموو چۆلەکەکانی کرد و کۆبوونەوە .. پێی گوتن : ” خوشک و برا چۆلەکە دڵسۆزەکانم ، بەخەم و بێدەنگی و ترس هیچمان پێ ناکرێت .. بە هەر نرخێک بێت پێویستە چەمەکەمان لەو قەلەڕەشە داگیرکەرانە رزگاربکەین .. ئێوە چی دەڵێن ..؟ ”

چۆلەکەیەک : جا چیمان پێدەکرێت ؟

چۆلەکەیەکی تر : ئەو قەلەڕەشانە لە ئێمە گەورەترن ، خاوەنی دەنووک و چڕنووکی لە ئێمە بەهێزترن .. لە هەقیان نایەین ؟

چۆلەکەیەکی تر : بەڵام نابێت ملکەچیان بین و لێیان بترسین و هیچ نەکەین .

گەورەی چۆلەکەکان : دەمخۆش .. ئەگەر بترسین هيچمان پێ ناکرێت و دۆڕاوین .. راستە قەلەڕەشەکان لە ئێمە گەورەترن و بەهێزترن ، بەڵام ئەگەر ئێمە یەکبین و هاوڕا و یەکبڕیار بین، بە دڵنیاییەوە دەتوانین لە چەمەکەماندا دەریان بکەین .. ئەوان ژمارەیان پانگزە قەلەڕەشن .. ئێمە سەد و پەنجا چۆلەکەین .. دەبین بە پانگزە گرووپەوە .. هە گرووپێکمان لە دە چولەکپێکدەهێنین ..هەر دە چۆلەکەمان پەلاماری قەلەڕەشێک دەدەین .. ئەگەر ئامادەبن،لە بەرەبەیانی ئەمشەودا هێڕش دەکەینە سەر قەلەڕەشەکان .

چۆلەکەیەک : من ئامادەم لە پێناوی چەمەکەماندا خۆم بەخت بکەم .

چۆلەکەکان (پێکەوە ): هەر هەمووان ئامادەین .

گەورەی چۆلەکەکان : هەر بژین .. ئەم یەک دەنگی و یەک هەڵوێستییەمان .. مایەی سەرکەوتنمان دەبێت .

لە بەرەبەیانی ئەو شەودا ، هەموو چۆلەکەکان بەرەو چەمەکە هەڵفڕین .. لە هەموو لایەکەوە هێڕشیان کردە سەر قەلەڕەشەکان .. تا قەلەڕەشێک دەنووکێکی لە چۆلەکەیەک دەدا .. چۆلەکەکان دە دەنووکیان لە قەلەڕەشەکە دەدا .. پەڕێکی زۆریان لە قەلەڕەشەکان هەڵکێشا .. قاغ .. قاغیان پێکەوت .. زۆری پێنەچوو هەموو قەلەڕەشەکان بەزین و هەڵفڕین .. لە کوێوە هاتبوون روویان لەو شوێنە کرد .. چۆلەکەکان دوایان کەوتن .. تا بە تەواوی هەموویانیان لە سنووری خۆیان دەرکردن .. ئینجا بە ئەوپەڕی خۆشی و ، بە سەربەرزییەوە ،گەڕانەوە بۆ چەمەکەی زێد و نیشتمانی خۆیان و ،هەزاران ساڵەی باب وباپیرانیان .. چۆلەکەکان بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنە مەزنەیانەوە .. پیرۆزباییان لە یەکتری کرد و .. ئاهەنگی سەرکەوتن و رزگاریان سازکرد .

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی